وتار
دەست لەكاركێشانەوەی دوو بەڕێوەبەری ناحیە و چەند سەرنجێك

كەریم عەبدوڵڵا هەرتەلی


 چەند رۆژێك لەمەبەر، دوو بەڕێوەبەری ناحیە كە بریتی بوون لە بەڕێوەبەری ناحیەكانی (چوارقوڕنەو سەركەپكان) لە ناوچەی راپەڕینی سەر بە قەزای رانیە دەستیان لەكاركێشایەوەو ئەم هەنگاوەی ئەو دوو بەرێزەش زۆر ماناو لێكدانەوە هەڵدەگرێت كە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكەین.
پێشەكی پێویستە سوپاسی بەڕێوەبەری ئەو دوو ناحیەیە بكرێت، جا ئەو دوو بەڕێوەبەرە لەسەر پشكی هەر حیزبێك بن كە نازانم پشكی كام حیزبن، چونكە ئەوان دەڵێن ئێمە راستگۆین و درۆ لەگەڵ خەڵك ناكەین نە دەستەڵاتمان هەیەو نە دەتوانین لەئاستی داواكاری خەڵكدا بین، ئەمەش سەر راستی و راستگۆیی ئەو دوو بەرێوەبەری ناحیەیە كە نایانەوێت راستی لەخەڵكی خۆیان بشارنەوە, بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەموو ئەو بەرپرسانەی كە لەئیدارەدان و دەستەڵاتیان نیەو لە پۆستدان و كە كوردستان پڕە لەم جۆرە كەسانە دەست لەكار بكێشنەوە بەڕێوەبەری ناحیەیەك یان قائیقامێك یان بەڕێوەبەری گشتی ئەگەر دەستەڵاتی نیەو ئەگەر هیچی لەبەردەستدا ناڕوات بۆچی خۆی ناشیرین بكات و فێڵ لەخەڵك بكات، باشتر وایە وەك ئەو دوو بەڕێوەبەری ناحیەیە دەست لەكاربكێشنەوە، لەكاتێكدا هەموو بەڕێوەبەرە كۆنەكان لە (10 تاكو 15) ساڵ زیاتر لە پۆستەكانیاندا ماونەتەوە، بەڕای زۆرینەی خەڵكیش مرۆڤ پێویستە لەهەموو كاتێكدا لە چوار ساڵ لەپۆستەكەیدا نەمێنێتەوە هەروەك ئەو دوو بەرێوەبەرە ئاماژەیان پێدا، یەكێكیان حەڤدە ساڵ و یەكێكی تریش نۆزدە ساڵە لەو پۆستەدا ماونەتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەندێ‌ پۆستی زیادی هەیە پێویستە وەك چاكسازیەك لایان ببات و كەمیان بكاتەوە چونكە لەلایەك دەستەڵاتیان نیەو، لەلایەكی ترەوە پۆستی تر هەیە لەهەمان شوێن هەمان رۆڵی هەیە ئیتر بوونی پۆستی زیاد بۆچی یە، بۆنموونە لەناحیەیەك بەڕێوەبەری ناحیە هەبوونی هەیە چ سوودی هەیە كە سەرۆكی شارەوانی دەستەڵاتی زیاتری هەبێت و هەموو پرۆژەكان لای ئەوبێت و بەرێوەبەری ناحیە دەستەڵاتی هیچی نەبێت بۆیە كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی هەرێم لە هەنگاوەكانی چاكسازیدا ئەگەر نیەتی هەبێت هەستێت بەلابردنی پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەكان و چڕكردنەوەی ئیشەكان لەدەستی سەرۆكی شارەوانییەكان بەمەش پۆست و بودجەیەكی زۆر لە خەزێنەی حكومەت ئەگەڕێتەوە ئەو هەموو پۆست و پۆستكاریش كۆتایی دێت.
حكومەت لەرێگای خۆیەوە یان لەرێگای پەرلەمانەوە هەوڵبدات هیچ كەسێك لە (4 تاكو 8) ساڵ زیاتر لە پۆستەكەیدا نەمێنێتەوەو دوای ئەو ماوەیە بیگێڕێتەوە سەر ئیشی خۆی، چونكە ئێستا زۆرێك لەپۆستی وەك بەڕێوەبەری ناحیەو قائیمقام چەند پۆستێكی هاوشێوەیان لەیەكێك لە قۆناغەكانی ژیاندا ئەو پۆستەی هەبووە، بەڵام ئێستا دەبێت حكومەت هەمان مووچەیان بداتێ‌ یان ناتوانێت دەستی لێبدات چونكە ئەو كەسە پێی وایە ئەگەر لابچێت لە پۆستەكەی یان بیگێڕێتەوە سەر كارە ئەسڵكەی غەدری لێكراوە ئەمەش كارەكە و ئیشی حكومەتی ئاسانتر ئەكات.
دواجاریش حكومەت هەموو ئەو بەڕێوەبەری ناحیانەو قائیمقام و بەڕێوەبەرە گشتیەكان، كەماوەیەكی زۆرە لە پۆستەكانیاندا بەتایبەتی هەیانە بیست ساڵە لەیەك پۆستدان دوای دەست خۆشیان خانەنشینیان بكات و خەڵكی تر ئەگەر ئەو پۆستانە ئەمێنن لە جێگایان دانێت و رۆحێكی تر و خوێنێكی تری نوێ‌ بخاتەوە بەبەر ئیدارەدا ، دەست خۆشیش لە هەموو ئەوانەی رابردوو بكات بەتایبەتی بەهەڵسەنگاندنێك كە هەندێك لەو بەرپرسانە لەتەمەنی كاری خۆیاندا خزمەتی زۆر باشیان كردووەو دەستخۆشیش لەو دوو بەڕێوەبەرو هەموو ئەو بەرێوەبەرانە بكرێت كە دەست لەكار دەكێشنەوەو راستی بەخەڵكەكە ئەڵێن و دەست لە ئیمتیازی خۆیان هەڵدەگرن لە پێناوی خەڵكدا، هەردوو بەڕێوەبەرە دەست لەكاركێشاوەكەش لەبەردەمی كەناڵەكان وتیان لەم وڵاتەدا هەڵسەنگاندن نیە بۆ كاری باش و چاك كە حەقە هەبێت..


‌ 2060 جار بینراوه‌
19/10/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved