وتار
فیدڕاڵیەت كورد كردیە نمونەی سیستەمی حوكمڕانی لەناوچەكەدا

نەوزادی موهەندیس


 
ئاشكرایە كە فیدڕاڵیەت، یەكێكە لە جۆرەكانی سیستەمی حوكمڕانی و هەنگاوێكە لە هەنگاوەكان بە ئاڕاستەی دیاریكردنی مافی چارەنوسی گەلان و هەروەهاش شێوازێكی پەیوەندی ئیداری و خۆبەڕێوەبردنیشە لەنێوان ناوەندو هەرێمەكان لەلایەك و لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی گەلانیشدا كە جیاوازی ئیتنی و ئاینی و مەزهەبی و ناوچەییان لە نێواندا هەیەو بەهەر هۆیەك بێت بە زۆر یان بەخۆشی لە چوارچێوەی وڵاتێكی خاوەن سەروەریدا پێكەوە دەژین.
فیدڕاڵیەت هێندەی مانای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و پێدانی ئازادیی بڕیارەكانە بۆ هەرێم و ناوچەو پارێزگایەكی دیاریكراو نیوهێندە مانای جیابونەوەو جوداخوازی ناگەیەنێت، ئەم راستیە لەسەر زەمینەی واقع دەبینرێت و بەرجەستە بووە لە سەدان ساڵەوە لەو وڵاتانەی كە سیستەمی حوكمڕانیان دیموكراسیەو بەشێوەیەكی راستەقینەو راستگۆیانە چەسپێنراوە و دیموكراسیەت لە سیستەمی حكومڕانیەوە بۆتە كەلتوری وڵات و گەلەكانیشی. بەڵام بەداخەوە لەسیستەمی حوكمڕانی تاكڕەوی و شمولیەكاندا لەبەرئەوەی دیموكراسی و بنەماو دروشم و ئایدیاكەی راستۆگۆیانە نەوەرگیراوەو نە كاریشی پێكراوەو نە تێشگەیشتون لێی، هەربۆیە هەمیشەو هەموو هەنگاوێكی كرانەوەو ئازادانەو سەربەستانە لەلایەن سەركردە و حیزب و رێكخراوە مەدەنیەكانەوە بە چاوی دوژمنایەتی و ناحەزی و تێكەدەرانە لێی دەڕوانرێت و هەربۆیەش لەسەر ئاستی حیزب و سەركردەو تەنانەت تاكەكانیش هەمیشە هێندەی حەزیان بە سیستەمێكی دیكتاتۆری هەیە نیوهێندە خواستیان نیە فێری دیموكراسیەت ببن و پیادەی بكەن و بیكەنە بەرنامە و كەلتوری ژیانیان. هەربۆیەش گەلانی ناوچەكە لەپێش دەسەڵاتدارەكانیانەوە جگە لە سیستەمێكی داخراو و ناوەندی و شمولی و تاكڕەوی حەز بە سیستەمی دیموكراسی و كرانەوە و سەربەستی ناكەن و لەوپێناوەشدا فیدڕاڵیەت وەكو بنەمای پەیوەندی نێوان پێكهاتە جیاوزەكانی وڵاتەكانیشیان قبوڵ ناكەن و بەجوداخوازی و هۆكار بۆ جیابونەوە لە قەڵەمی دەدەن و بەهەموو شێوازێكیش دژایەتی دەكەن.
بەداخەوە كۆمەڵگاكان و شارستانیەتی رۆژهەڵاتی بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ‌ بیكردنەوەو تێگەیشتنی قوڵ بۆ گۆڕانكاریەكانی سەردەم و ناوچەكە راستەوخۆ دەكەونە دوژمنایەتی لەگەڵ هەر بیروبۆچونێكی نوێ‌ كە ببێتە هۆكاری گۆڕانگاری و تازەگەری لەناوچەكەدا، كە هەمیشەش بە زیانی گەورەتر تەواو دەبێت بۆ ئێستا و ئایندەی گەلان و كۆمەڵگاكانی ناوچەكە.
فیدڕاڵیەت كە كورد لە عێراقدا لە ساڵی 1992 وە بە رەسمی كردویەتیە شێوازی پەیوەندی لەگەڵ بەغدادو بەوپەڕی ئازادی و سەربەستیەوە ئەم هەنگاوەی هەڵناوەو بەنیەتێكی پاكەوە بۆئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە و پێكەوە ژیانێكی ئاسایی پیادە بكات و خۆشگوزەرانی دابین بكات و پێشكەوتن و گیانی لەخۆبوردەیی و ئارامی بچەسپێنێت لەناو هەموو پێكهاتەكانی گەلانی عێراقدا، لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعسی سەدامیش لە ساڵی 2003دا بەهەمانشێوە توانی كە ئەو جۆرە لە شێوازی حوكمڕانی لە تەواوی دەوڵەتی عێراق و دەستوری هەمیشەییشدا بچەسپێنێت، سەرەڕای هەموو دوژمنكاری و بەربەست و رێگرییەكان لەلایەن شیعەو سونەی عەرەب و كەمایەتییەكانی تریشەوە، بەڵام خۆشبەختانە دوای تێپەڕبونی شەڕی ناوخۆیی و 10 ساڵ ئەوسا هەمووان لە گرنگی و بایەخی فیدڕاڵیەت تێگەیشتن و ئێستا ئەوان لە پێش كوردا داوای چەسپاندنی دەكەن بە ناچاری و لە پێناو مانەوەو بەرژەوەندی خۆیاندا.
لە ئێستاشداو لە سوریای راپەڕیوو ماندوو و بەهیلاكچووی دەستی پیلانی تیرۆریستان و ناحەزانی گەلانی ئەو وڵاتەو دوای سەركەوتنە بێوێنەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و لەباكوری سوریادا و دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 2 ساڵ بەسەر راگەیاندنی كانتۆنە خۆبەڕێوەبەریەكانی كوردانی رۆژئاوا و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆجێیی و تاڕادەیەكیش پاراستنی ئارامی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و پێشكەشكردنی نمونەیەكی جوانی پێكەوە ژیانی گەلانی ئەو ناوچانە لە كوردو عەرەب و ئێزیدی و ئاشوری و ئەرمەن و ...هتد.هەموان پێكەوە گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە لە رۆژی 5شەممە 17/3/2016دا بڕیاریاندا كە شێوازی فیدڕاڵیەت پەسەند بكەن بۆ پەیوەندی لەنێوان ناوەندو هەرێمەكەی خۆیان و هەرێمەكانی تریش كە لە ئایندەداو لەسوریای نوێدا دێنە دروست بوون.
بەمەش كورد جارێكی تر سەلماندیەوە كە هۆكاری گۆڕانكاری گەورەن لەناوچەكەداو بەبێ‌ چارەسەری مەسەلەی كوردو گەیشتنیان بە ئامانج و دەسەڵات و حوكمڕانی ئازادانەی خۆیان ناوچەكە هێنمی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت و گەرەكیشە گەلان و وڵاتانی ناوچەكەش ئەو راستیە دانپێدابنێن كە فیدڕالێەت باشترین شێوازی پێكەوە ژیانی گەلان و مایەی ئاشتی و ئارامی و پێشكەوتنە، وەك هەموو ئەو وڵاتانەی كە پیادەی شێوازی فیدڕاڵیەت دەكەن لە دونیادا وەك، ئەمریكا و بەڕازیل و سویسرا و ئیماراتی عەرەبی و هندستان و...هتد.
بە چەسپاندنی فیدڕاڵیەت لە سوریای نوێدا، ئەوا كورد دەبێتە هۆكاری گۆڕانكاری گەورە لە سیستەمی حوكمڕانی ناوچەكەدا و وڵاتانی ناوچەكەش پێیان خۆش بێت یان نا نزیك یان دوور دەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ باهۆزی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەو دونیاشدا و ئیدی سیستەمە مەركەزی و شمولیەكان بە كۆماری و پاشایەتیەوە ناگونجێن لەگەڵ رۆحی سەردەمەكەدا كە تاكڕەوی و خۆسەپاندن و قۆرخكاری دەسەڵات و سیستەمی بنەماڵەیی و میراتگری و پێشێلكردنی مافی كەمینەكان و ناعەدالەتی لەخۆ ناگرێت.
وڵاتانی ناوچەكە هەر لە توركیا و ئێران و سعودیەو ...هتد.پاڵوێراوی بەهێزن بۆ گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانیاندا و تیرۆرو تیرۆریستان كە خۆیان دروستكەر و هاندەرو پاڵپشتی مادی و مەعنەوییان دەكردن دەبێتە هۆكار بۆ ئەو گۆڕانكاریانە لەو وڵاتانەداو لە قوڵایی جەماوەرو گەلەكانیاندا.ئیدی فیدڕاڵیەت دەبێتە سیمایەكی گەشی حوكمڕانی ئەم قۆناغ و سەردەمەو دەبێت هەموان چاوی لێبكەن و بۆ دەربازبونی خۆیان و دەسەڵاتەكانیشیان بێت و بۆ مانەوەو درێژەدانیش بە دەسەڵاتیان بێت دەبێت قبوڵی بكەن و فیدڕاڵیەت لەم قۆناغەدا بۆ هەموو ئەو سەركردەو سیستەمە حوكمڕانیە تاكڕەو و خۆسەپێنانە دەبێتە (( پیاڵە ژەهرەكەو بەناچاری دەبێت بینۆشن))و لە فیدڕاڵیەتیشدا ئەو گەل و نەتەوانەی كە كەمینەن دەتوانن بونی خۆیان بسەلمێنن و ببنە كاراكتەری سەرەكی و هۆكاری چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لەتەواوی ناوچەكەداو كوردیش لە پێش هەموانەوەیە خۆشبەختانەش دونیای رۆژئاوای بەهێزو باڵادەست ودیموكراسیش ئەم هەنگاو و مۆدێلەی حوكمڕانی لاپەسەندە.

‌ 2493 جار بینراوه‌
26/03/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved