وتار
بەرەو بە لوبنانیكردنی عێراق و رۆڵی كورد لەو نێوەندەدا !

نەوزادی موهەندیس




ئاشكرایە كێشەی وڵاتی لوبنان كێشەیەكی ئاڵۆز و تێكڕژاو و درێژخایەنەو لەمێژینەیەو هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو وڵاتەوە 1920و سەربەخۆبوونی لە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسادا لە ساڵی 1943وە دەستیپێكردوە، بەڵام لەساڵی 1975وە ململانێكان سەریان دەركرد بۆ شەڕی ناوخۆیی و تایەفی و ئاینی (( 15 ساڵەی )) و ئیدی تا ساڵەكانی 1989 بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی رێكەوتننامەی تائیف لە نێوان سەرجەم لایەنە ناكۆكاندا لەژێر چاودێری سعودیەكاندا واژۆكراو هەموانیش پابەندبون پێوەی و بەم شێوەیە كۆتایی بە شەڕێكی خوێناوی ناوخۆیی تایەفی و ئاینی لەو وڵاتەدا هات .
لوبنان بۆ خۆی وڵاتێكی بچوكی 10452 كیلۆمەتر چوارگۆشەی 5ر4 ملیۆن كەسیە، بەڵام لەڕووی ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ و وەرگێڕان و چاپەمەنیی و ئازادی رۆژنامەوانیەوە یەكەم وڵاتی عەرەبی و ناوچەكە بووەو مێژوویەكی زێڕینی هەیە. لوبنان لە چەندین ئاین و مەزهەب ((18 مەزهەب)) ی جیاواز پێكدێت هەر لە ئیسلام (( سونەو شیعە))و مەسیحی (( دورزی و ئەرسۆدۆكس و كاسۆلیك و ئەرمەن و ئاشور و كلدان و سریان و..هتد )) و چەندین سەركردە و رەوت و پارتی سیاسی لەهەموو ئاین و مەزهەبەكانی تیادایە.
خاڵی هەرە لاوازی سیستەمی حوكمڕانی لوبنان هەر لەسەرەتاوە تاكو ئێستا بریتی بووە لە دابەشكردنی دەسەڵات و پۆست و پایە سیادی و گرنگەكان لەسەر بنەمای تایەفی و دینی لەنێوان موسڵمان و مەسیحیەكانداو لەناو ئەوانیشدا دابەشكراوەتە سەر مەزهەبە جیاوازەكان، كە هەمیشە ئەم خاڵە جێگەی ناكۆكی و ململانێكان بووەو وەكو پشكۆیەكی گەشاوەی ژێر خۆڵەمێش وابووە كە چاوەڕوانی كاتی دیاریكراوی كردووە بۆ تەقینەوەو هەڵایسانی جەنگی ناوخۆ و هەر ئەم هۆكارەش بووە كە لوبنان بە هەمیشەیی بۆتە جێگەی ململانێ‌ ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتیەكانیش، لەلایەك فەلەستینیەكان و سوریاییەكان و عێراقی و ئێرانی و كەنداویەكان و لەولاشەوە ئیسرائیل و فەڕەنسا و ئەمریكاو وڵاتانی تریش.
هەڵكەوتەی جوگرافیای لوبنان بەشێوەیەكە كەوتۆتە چەقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەر دەریای سپی و دراوسێی سوریا و ئیسرائیل كە دوژمنایەتی مێژووییان هەیەو لوبنانیش بەو توانا مادی و مرۆییە كەمەی كە هەیەتی هەمیشە بۆتە جێگەی چاوتێبڕینی سوریا لەلایەك و ئیسرائیلیش لەولاكەی ترەوەو لەساڵانی هەشتاكانیشەوە ئێرانیشی هاتۆتە سەر.
ئەوەی گرنگە كە باس بكرێت سوریای گەورە لەمێژوودا هەمیشە لوبنانی بەبەشێك لەخۆی زانیوەو ئێرانیش لەم دواییانەدا بەهۆی بوون و گەورەبوونی رۆڵ و كاریگەری شیعەكانی ئەو وڵاتە لوبنانی كردۆتە پێگەیەكی گەورەو سەنگەری یەكەمی ململانێكانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكاو رۆژئاواداو گەرەكێتی خەونە مێژووییەكەی شیعە بێنێتە دی بەوەی كە ناوچەی (( هیلالی بەپیت)) یەكپێبگرێتەوەو شیعەشی تیادا زاڵ بكات لەڕێگەی حیزبوڵای لوبنانیەوە كە لەساڵی 1982وە دامەزراوە كە لە ئێستادا بە رابەرایەتی حەسەن نەسڕوڵا بۆتە باسكی بەهێزی مقاوەمەتی لوبنانیەكان لەبەرامبەر ئیسرائیل و بۆ ناوخۆش لەبەرامبەر سونەو مەسیحیەكانیشدا و لەسەر زەمینی واقیعیش باڵادەستی سەربازی و چەكداری و سیاسیشە لەگەڵ حیزبی ئەمەلی نەبیە بەڕیدا .لە كێشەو راپەڕینەكانی گەلانی سوریاشدا ماوەی 5 ساڵە بە گەرمی بەرگری لە رژێمی بەشار ئەسەد دەكات . بەم شێوەیە لوبنان بە پراكتیكی وڵاتێكی یەكو یەكگرتو نەماوەو هەمیشە ئامادەیە بۆهەڵایسانی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە ناكۆكەكان و ململانێ‌ تایەفی و دینیەكان هێندە تۆخ بونەتەوە كە ئومێدیان بەچارەسەر نەهێشتۆتەوەو نزیكەی ساڵێكیشە ئەو وڵاتە بێ‌ سەرۆكە.
لە ئێستاشداو دوای 13 ساڵ لە رووخاندنی رژێمی بەعسی سەدامی لە عێراقیشدا ئاڕاستەكان بە شێوەیەكن كە عێراقیش هەمان كارو كردەوەی لوبنانی بەسەر بێت و بەپراكتیكیش لە ساڵی 2003وە هەموو پۆست و پایە سیادی و گرنگەكانی عێراق لەسەر بنەمای تایەفی و دینی و نەتەوەی دابەشبوونەو ئەوەی لایەنی زاڵ و باڵادەستیشە بریتییە لە مەزهەبی شیعەی عەرەب و لەناویشیاندا حیزبی دەعوە كە بەگشتی شیعەكان سەر بە ئێرانن و لەخولگەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسوڕێنەوەو هەمان سیاسەت و ستراتیژی شیعە مەزهەبیان هەیە كە ناوچەی هیلالی بە پیت لە لوبنان و سوریا و عێراق و ئێران و كەنداویەكان لەیەك بدەنەوە لە ژێر باڵادەستی شیعە مەزهەبدا.
لەماوەی 13 ساڵی رابردودا عێراقێكی خاوەن مێژووی زیاد لە 3 هەزار ساڵەو جوگرافیایەكی گرنگ و دەوڵەمەندو بەپیتی ژێر خاك و سەرخاكەكەی و فراوانی و گەورەیی رووبەر 437000 كیلۆمەتر چوارگۆشەو ژمارەی دانیشتوانی 35 ملیۆن كەس بونەتە جێگەی یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لە نێوان عەرەب و تورك و فارس و كورداو لەولاشەوە لە نێوان عەرەبی سونەو شیعە مەزهەبداو لەلای سێهەمیشەوە لەنێوان ئیسلامی سەلەفی و توندڕەو و میانڕەوەكانداو لەلای چوارەمیشەوە لەنێوان تورك و فارسداو لەلای پێنجەمیشەوە لەنێوان زلهێزەكانی دونیاشدا، بەهۆی ئەم هەموو پیلان و چاوتێبڕین و تەماعكاریانە لە عێراق و خاك و گەلانیدا عێراقێكی بە پراكتیك دابەشكراو و هەژار و چەقبەستوو دروست بووەو هیچ ئومێدێك نیە بە چارەسەرو دواڕۆژێكی روون.
كێشە گەورەكەی گەلانی عێراق لە سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیدایەو هەموانیان لەهەوڵی بچوككردنەوەی بەرانبەر و زاڵكردنی خۆیاندان و و هیچ بڕوایەكی راستەقینەیان بە دەستور و دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بنەماكانی پێكەوە ژیان و كاركردن و سیستەمی حوكمڕانی پەڕلەمانی و فیدڕاڵی نیە، بەو پێیەی كە شیعەش زۆرینەو باڵادەستن هەموو كێشەو كەموكوڕییەكان روودەكاتەوە ئەوان، بەهۆی ناكۆكی و هەمە چیزەیی لەناو خۆیاندا، بۆیە شیعە خۆیان بونەتە هۆكاری سەرەكی بۆ دابەشبوون و لێكترازانی گەلانی عێراق و زەمینە خۆشكەری دابەشبوون و هێنانە ئارای شەڕی ناوخۆی تایەفی و دینی و نەتەوەیی و هێنانی هەموو رێكخراوە ئیسلامییە سەلەفییە توندڕەو و جیهادییەكان بۆ ناو عێراق هەر لە قاعیدەو داعش و ئەوانی ترەوە.
بۆیە لە ئێستادا و دوای 13 ساڵی حوكمی سەرنەكەوتوی شیعەكان و بەتایبەتیش دەعوەییەكان، پێدەچێت ئێرانیەكان لەهەوڵی گۆڕٍینی كاراكتەر و هێز و هاوكێشەكان بن وگەرەكیان بێت نمونەی حیزبوڵای لوبنانی لە عێراقیشدا دووبارە بكەنەوەو هەمان رۆڵی حەسەن نەسروڵاش بدەنە رەوتی سەدر و موقتەدا سەدر لەبەرامبەر حیزب و سەركردەكانی دەعوەداو لەهەمان كاتیشدا مەرجەعیەتی نەخۆش و بەتەمەنی ئایەتوڵا عەلی سیسانی لە نەجەفیش تەسلیم بە نەوەیەكی نوێ‌ و گەنج و گوێڕایەڵتر بۆ قوم و مەشهەد بهێننە سەر گۆڕەپانی سیاسی و دینی و مەزهەبی لە عێراقدا.
ڕەوتی سەدر و سەدر بۆخۆشی رەوتێكی توندڕەوو دەمارگیر و گوێڕایەڵترن بۆ مەزهەبی شیعەو ئێران و بێئەزمون و شەڕفرۆش و بوێرتریشن بە بەراوورد بە جەماوەری دەعوەو مەجلیسی ئەعلاو ئەوانی ترو بەپراكتیكیش خاوەنی هێزێكی چەكداری (( میلیشیای سەدر)) شەقامی زۆرینەی شیعەشن لەباشورو ناوەڕاستی عێراقداو لە ناو حكومەت و پەڕلەمانیش خاوەن وەزیرو فراكسیۆنێكی گەورەو كاریگەرن و ماوەی 3 مانگی رابووردوو چەند هەفتەی رابردووش و ئامادەبوونی ملیۆنان كەس بەڕابەرایەتی سەدر بۆ خۆپیشاندان و داواكردنی چاكسازی و لێپرسینەوەی گەندەڵكاران بەڕاستی بونەتە جێگەی متمانە و بڕوای زۆرینەی شەقامی شیعە مەزهەبی عێراق و لەهەمان كاتیشدا بونەتە مایەی مەترسی و هەڕەشە و خاوەن هەژموون وفشاریش و بە هەقیقەتیش سەدر و سەدریەكان بونەتە رابەرو دەستپێشخەرو وەك دەڵێن (( رەشمەی ئیشوكارەكانیان گرتۆتە دەست خۆیان)).
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دۆخی سیاسی عێراق بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێت و لە كۆتاییدا بە چ ئاڕاستەیەكدا دەشكێتەوە و لەنگەر دەگرێت؟ ئەی دۆخی هەرێمی كوردستان و كورد لەو عێراقەی ئایندەدا بەكوێ‌ دەگات؟
ئەوەی پێشبینی دەكرێت دۆخی سیاسی عێراق گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت بەهۆی فشارو كاریگەری ئەم رەوتە توندەی سەدریەكان بۆ سەر حكومەت و لەكۆتاییدا وەكو شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ساڵی 1979 پیاوانی ئاینی شیعە مەزهەب كۆنتڕۆڵی هەموو كاروبارەكان و جومگەكانی دەسەڵات بكەن و هەمان ئەزموونی سەركەوتوی ئێرانی 37 ساڵە لە عێراقدا دووپات بكەنەوە لە رێگەی بەهێزكردنی حەشدی شەعبی شیعە مەزهەبەوە.
ئا لەو كاتەشدا كورد پێگەو سەنگینی خۆی لەدەستدەدات كەبەداخەوە لەدوای چەند ساڵێك لە بەهێزی پێگەی كورد لە بەغدادو عێراقدا ئێستا كورد نەشەریكی راستەقینەو نەهاوبەشی گوێلێگیراو و نەدۆستی راوێژپێكراو ماوەتەوەو تەنانەت لەو گۆڕٍانگارییە نزیكەی حكومەتی عەبادیشدا بەجدی و بەگەرمی پرس و را بە سەركردایەتی كورد نەكراوەو پێشدەچێت ئەوەی گەرەكیان بێت جێبەجێیی بكەن و لەمەشدا دەسەڵاتێكی تاكڕەوی شیعە مەزهەبی بەهێز دادەمەزرێت بەبێ‌ بەشداریەكی كارای كورد. كە بەداخیشەوە لە ئێستادا نێو ماڵی كورد بۆخۆی لێكترازاو و دوور لەیەك و دڕدۆنگن و یەك و یەكگرتوو نەماونەتەوە، كە ئەمەش خاڵی لاوازی كوردەو لەنێوان بەرداشی بەهێز بوونی بەغداد بەپشت ئەستوری بە ئێرانی زلهێزی ناوچەكەو توركیاو عەرەبی سونە مەزهەبی ناوچەكە و گۆڕانكاریە گەورەكانی دونیاو ناوچەكەش كورد دەستەپاچە وەستاوەو ئامادە نیە بۆ دوای ئەو گۆڕانكاریانە و بەرچاوو نەخشە رێگایەكی روونی لەبەردەستدا نیە. هەربۆیە دۆخی عێراق و كوردستان بەرەو ئاقاێكی تاریك هەنگاو دەنێت و هەموو ئەگەرەكانیش هەر لە كودەتای سەربازیەوە بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و دامودەزگاكان و هەڵپەساردنی دەستوور وهەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی و تایەفی و دینی و پەلاماردانی هەرێمی كوردستان و ..هتد. بەكراوەیی ماونەتەوەو كە هیچیان بە قازانجی كورد ناشكێنەوە بەتایبەتیش لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە. بۆیە دووبارەكردنەوەی ئەزمونی سیستەمی حوكمڕانی لوبنان لە عێراقدا سەرەتاو ئاسۆكانی وەدەركەوتوون كە بەداخەوە مژەدەبەخشی ئایندەیەكی تاریكتر و وێرانتر و شڵژاوتر دەبەخشن.


‌ 2639 جار بینراوه‌
09/04/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved