وتار
پێكەوە بین یان لێكەوە بین ؟

نەوزادی موهەندیس


بەداخەوە ئەم دۆخە شەڵژاو و لێكترازاوەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە بەهۆكاری لێكتێنەگەیشتن و پێداگیری و سووربون و چەقبەستنی بیركردنەوەكانی سەركردەو پارتە سیاسییەكانەوە، هەرێمی كوردستانی خستۆتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی گەورەی پەلكێشكردنی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان بۆ ناو هەرێم و سڕینەوەی یەكتری و دووبارەكردنەوەی ئەزمونی دووئیدارەیی و تەنانەت شەڕی ناوخۆش.. كە بەداخەوە هەموانیان بەدروشم و گوتار نەفرەتی لێدەكەن بەڵام كردار و مامەڵە و نیەت و پشتپەردەكان بەپێچەوانەی دروشمەكانەوە هەنگاو و پیلانیان هەیە بەو ئاڕاستە قێزەونە.
هیچ كاتێك دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و دووركەوتنەوەی هێزە سیاسییەكان لە یەكترو سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لە هەرێمدا لە قازانجی هیچ لایەك نەكەوتۆتەوە و تەنها بەقازانجی دوژمنان تەواو بووە، بۆیە هەر هێزو لایەنێك بەئاڕاستەی لێكجیابوونەوەو دروستكردنی دوو هەرێمی پلان و بەرنامەی هەبێت، ئەوا بیەوێت یان نا ئەو هەوڵانەی دەچێتە خانەی دوژمنایەتیكردنی بەرژەوەندی میللەت و خەونی گەورەی پێكەوەنانی دەوڵەتی كوردی ودەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو هێز و لایەنانەشە بۆ زیاتر بچوككردنەوە و قەتیسكردنی هەرێمەكەمان و مەسەلەی گەورەی میللەتەكەشمان، هێزو لایەنێك بەو ئاڕاستانە كاردەكەن كە تەنها بەرژەوەندی و دەسكەوتی حیزبی و سەركردەكانیان لێكدەدەنەوە دوور لە بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمان، هێزگەلێك بەو ئاراستەیە كاردەكەن كە ناوچەگەری و بیری تەسكی حیزبایەتی زاڵە بەسەر بیر و بەرنامەیاندا.
لە ئێستادا دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی هەرێم بەعێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەنانەت ململانێ‌ نێونەتەوەیەكانیش لە ئاستێكدان كە هەموان پێكەوە مەترسییەكی دونیایی و ناوچەیی و هەرێمیشیان لێ‌ چاوەڕِوان دەكرێت، گۆڕِانكارییەكان و ڕووداوە تراژیدییەكانی عێراق و سوریاش بوونەتە بەهانەو بیانووی زلهێزەكانی دونیا بۆ دەستوەردانە ناو كاروباری وڵاتانی ناوچەكەو جێبەجێكردن و چەسپاندنی پلان و نەخشەكانیان كە هەمووی لەبەرژەوەندی خۆیاندایە نەك بەرژەوەندی گەلانی ناوچەكە، هەموانیشیان بەپێچەوانەی عەقڵ و ژیرییەوە لەجیاتی پەنا بۆ ڕێگاچارەی سیاسی و دایەلۆگ و دانوسانی ئاشتیانە بەرن، پەنایان بردۆتە بەر بەكارهێنانی هێز و تاقیكردنەوەی چەك و چۆڵە نوێكانیان لەسەر خاك و گەلانی بێ‌ گوناهی ناوچەكە و هەریەكەیان ئەسپی خۆی تاوداوە بەناوی پارێزگاریكردن لە دەسەڵات و حوكمڕانان و لەوبەریشەوە بۆ پارێزگاری لە گەلان و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتە تاكڕِەو و خۆسەپێنەكان..
لە ئێستادا ململانێ‌ ناوچەییەكان لەبەرامبەر ململانێی زلهێزەكاندا كاڵبونەتەوە و بەهۆی درێژەكێشانی قەیرانی سوریا و عێراق لەم ناوچە پڕ گرنگی و چڕبونەوەی بەرژەوەندییە زلهێزییەكان بەهۆی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بەهۆی پشتیوانیكردنی وڵاتانی ناوچەكە و هەندێ‌ زلهێزی دونیاش، وایكردووە كە ڕیزبەندییەكی نوێی جیهانی دروست ببێت و هەریەكەشیان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی زۆرو زەوەندە ئابورییەكانیان و وەدەستخستنی سەرچاوەكانی وزە لە نەوت و غازی سروشتی ناوچەكە نزیكبوونەتەوە لە پێكادان و هەڵایسانی جەنگی گەرم، هاتنە كایەی رووسیا بۆ ناو كایەكە بە هێزو خورتیەوەو كۆكردنەوەی هاوپەیمانیشی لە چین و كۆریای باكور و ئێران كە وڵاتانێكن بە درێژایی مێژووی كۆن و نوێ‌ دژایەتی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاو ڕۆژئاوا دەكەن و گەرەكیانە لەم سەدەی بیست و یەكەمەدا بە شێوازێكی نوێ‌ درێژە بەو ململانێ‌ نێودەوڵەتییە بدەن.
لەبەرانبەریشدا بەڕابەرایەتی ئەمریكا و هاوپەیمانی بەریتانیاو فەڕەنسا و زۆرێكی تر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و توركیا و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی خۆیان ڕێكخستووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هاتنە پێش و سنگدەرپەڕاندنەی رووسیا و هاوپەیمانەكانی كە پێشبینی ناكرێت بۆ ماوەیەكی دووروودرێژ بەردەوام بێت و بتوانێت ئەو خەرجییە زۆرە بكێشێت كە بۆخۆی ڕووسیا لە بنچینەدا ئابورییەكی بەهێزی نیە و تەنانەت ناگاتە بێهێزترین ئابوری ئەوروپا كە وڵاتی ئیسپانیایە.
هەردوولایان لەسەر خاك و گەلانی ناوچەكە جەنگ و ململانێكانیان درێژە پێدەدەن و ناوچەكەیان كردۆتە گۆڕەپانی سەرەكی ململانێكانیان بەمەش تەنها گەلان و خاكی ناوچەكە دەبنە سووتەمەنی هەروەكو هەموو جەنگە نێونەتەوەییەكانی سەدەی ڕابردوو.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، لەم ناوچە گەرم و پڕ ململانێ‌ و گۆڕانكاریانەدا، كوردو كوردستان لەكوێی نەخشەكەدان؟ ئایا كورد دەتوانێت خۆی بپارێزێت و لایەنگری هیچ بەرەیەكیان نەكات؟ئایا كورد بەلای چ بەرەیەكدا دایبشكێنێت سەركەوتوو دەبێت؟ و خۆی و مەسەلەكەی دەسكەوتی گەورە وەدەستدێنن؟ئایا دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كورد بەگشتی ئامادەیە بۆ خۆ خستنە ناو ئەو ڕووداو و ململانێ‌ نێونەتەوەییەوە؟
وەڵام كورد بەهۆی جەنگ و بەرگریكاری لە دژی داعش و تیرۆریستان بۆ ماوەی 2ساڵ زیاترە لە ڕۆژئاواو باشوری كوردستاندا بەهێز و بازوی پێشمەرگە قارەمانەكان بۆتە سەرەڕِمی بەرگریكاری و جێگەی شانازی و سومبولی ئازادی و ڕزگاری و پێگەیەكی گرنگی لای زلهێزەكانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆخۆی مسۆگەر كردووەو هەموانیان كۆكن لەسەر هاوكاری و یارمەتیدانی كورد بە چەك و تەقەمەنی و هاوكاری سەربازی و لۆجستی، بەڵام بەهۆی ململانێ‌ ناوخۆییە خۆخۆری و بەرژەوەندپەرستی و تۆخكردنەوەی حیزبایەتی بەسەر كوردایەتیدا خاڵی لاوازی خۆی پیشانی هەموو دونیا داوە، بەم دۆخەیەوە كورد و كوردستان نابێتە پنتێكی سەرەكی لەنەخشەی ئەو ململانیێ‌ نێودەوڵەتیەدا و نابێتە یاریزانێكی سەرەكیش بەڵكو تەنها دەبێتە ئامرازێكی دەستی زلهێزەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.
كورد و كوردستان بەهۆی هەڵكەوتەی پێگە جیۆسیاسییەكەی لەناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەوڵەمەندی بەسەرچاوەكانی وزەی نەوت و غازی سروشتی و ..هتد. و لەبەرئەوەی تائیستاش نەبۆتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و تەنها هەرێمێكە لەچوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا كە بەداخەوە لەژێر نفوز و هەژموونی دراوسێكانیدایە و بەتایبەتیش كۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی پێكهاتەی مەزهەبی شیعەوە كە زۆرینەی عێراقن و باڵادەستی حوكمڕانیشن، بۆیە كورد ناتوانێت تاسەر بەسەربەخۆیی و خاوەن بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆی بێت بەڵكو دەبێت بەناچاری لابداتە لایەك و بكەوێتە بەرەیەكی ململانێ‌ و جەنگەكەوە، ئالێرەدا بڕِیارە قورس و سەختەكە دەدرێت كە ئەویش بیرتیژی و سیاسەتزانی و باش هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی هاوكێشە و ڕووداوەكان و حساباتەكان ڕۆڵی گەورەیان هەیە كە ڕاست و دروست بدرێن لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردەوە، چ لە باشوور چ لە ڕۆژئاواش، بەڵام ئەوەی دیار و شاراوە نیە دەبێت كورد درێژە بە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش بدات و پارێزگاری لەخاك و گەلی خۆی بكات و لەسەر زەمینەی واقیع بوون و هێز و توانای خۆی پیشانی هەموان بدات، بۆئەوەی نەك كورد لابداتە لایەكیان بەڵكو هەردوولا ناچار بكات ئەوان كورد هەڵببژێرن و بیكەنە دۆست و هاوپەیمانی خۆیان، بەم شێوەیە كە تاكە ڕێگایە كورد و مەسەلەكەی هێندەی دی گرنگ و كاریگەر دەبن و دەتوانن دەسكەوتی زیاتر وەدەستبێنن.
بەڵام بەداخەوە لەباشووردا سەركردایەتی سیاسی كورد و پارتە سیاسییەكان لەم دۆخ و قۆناغە پڕ مەترسیەدا لەوپەڕی دڕدۆنگی و دووركەوتنەوە ولێكجیابونەوە و لێكترازاندان، لە حاڵێكی ئاوهاشدا ناتوانن نە بڕیاری ڕاست و دروست بدەن و نەدەتوانن پارێزگاری لە پێگە و هێزی كورد و مەسەلەكەی بكەن و نەدەشتوانن كورد بكەنە یاریزانێكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی سەركەوتوو كە هەموان ناچاربكەن لە هاوكێشە و حساباتەكانیاندا پێگەی شیاوی كورد دیاری بكەن.
بۆیە سەركەوتن و زامنكردنی بەرەیەكی سەركەوتووی ململانێكان بۆ كورد تەنها بە یەكویەكگرتویی ڕیزەكان و گوتار و كردار دەبێت نەك لێكجیابونەوە و تۆخكردنەوەی بەرژەوەندی سەركردە و حیزب بەسەر بەژەوەندیە باڵاكانی گەل و نەتەوەدا.
 هەربۆیە دەبێت هەموان پێكەوە و یەكرگتوو شان بدەنە بەر ئەم دۆخە پڕ مەترسیدارە و هیچ كات بیر لە لێكجیابونەوەی هەرێمەكە نەكەن و و گرەوی سەركەوتنەكان وابەستەی پێكەوەییمانە نەك لێكجیابونەوەمان.


‌ 2828 جار بینراوه‌
26/10/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved