وتار
حەشدی شەعبی كێن و چییان دەوێ‌ ؟

لەتیف فاتیح فەرەج


لەرۆژی 13ی حوزەیرانی 2014 مەرجەعی باڵای شیعەكان عەلی سیستانی لە بانگەوازێكی فراواندا داوای جیهادی لە شیعەكان كرد دژی داعش، بە دوای ئەوەدا زۆربەی میلیشیا شیعەكان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا یەكیانگرت، هەرچەندە یەكگرتنەكە یەكگرتنێكی فشەڵەو لە ناوخۆیاندا ناكۆكی زۆریان هەیەو هەر باڵەو بەرپرسێك و دیدێك رێبەرایەتی دەكات، باڵەكانی حەشد بریتین لە :
1 -تیپەكانی ئاشتی :
ئەمانە هەمان گروپ و یەكەكانی سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدرن، كە لە 2007وە هەموو چالاكیەكیان راگیرا بوو “ رایانگرتبوو” دوو رۆژ پێش بانگەوازەكەی سیستانی خۆیان بەم ناوە تازەیەوە راگەیاند میلیشیایەكی گەورەن و لە دەیان هەزارچەكدار پێكدێن، ئەم یەكانە پەیوەندیەكی توندو تۆڵیان بە موقتەداوە هەیەو زۆر توندوتیژن، خۆیشیان وەك حەوزەی نوێ‌ نیشاندەدەن و نایانەوێ‌ لە ژێر كاریگەری ئێران و عێراقدا بن، ئەمانە لە نەجەف و كەربەلاو شوێنە پیرۆزەكانی شیعە پارێزگاری دەكەن چەك و چۆڵی زۆریان هەیە .
2 -رێكخراوی بەدر “ باڵی سەربازی “ :
ئەمانیش لە نێو شیعەكانی عێراقدا رۆڵ و كاریگەری خۆیان هەیەو هادی عامری سەرپەرشتیان دەكات و لە 2012وە هەن و ئێستا یەكەیەكی نێو حەشدی شەعبین، دەیان هەزار كەس پێكدێنن، پەیوەندیەكی توندیان بە مالیكی و سوپای عێراقەوە هەیەو ئەمانیش هەمان توندوتیژی گروپەكانی ئاشتیان هەیە .
3 -كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق:
ئەمانە راستەوخۆ ئێران سەرپەرشتیان دەكات و لەوە دەچێ‌ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانیش پەیوەندیان هەبێت، سەركردەكانیان بە ئاسانی ئاشكرا نابن، لە 2007 دامەزراوەو دواتر بووە بە بەشێك لە حەشدی شەعبی، ژمارەیەكی یەكجار زۆرن و زۆر توندڕەون، چەك و چۆڵەكانیان زۆربەی ئێرانیە .
4 -عەسائیب ئەهل ئەلحەق :
لە 2007 دامەزراون لە هەناوی سوپای مەهدی هاتونەتە دەرەوە، قەیس خزعەلی و ئەكرەم كەعبی سەرپەرشتیان دەكرد، قەیس پیاوێكی توندڕەوی دەمار گیری شیعەیەو زۆر رقی لە سونەو كوردە، چەندین جار قسەی نەشیاوی لە سەر كورد كردووە، شەڕی ئەمەریكاشیان دەكرد لە عێراق، ئێستا خزعەلی سەرپەرشتیان دەكات، بریتین لە دەیان هەزار چەكدار، خاوەن چەك و چۆڵی زۆرن و خۆیشیان چەك دروست دەكەن، بەتایبەت موشەك، بەرپرسی سەربازیان شێخ لەیس-ە، ئەمانە ملهوڕو سەرسەختن .
5 -بزوتنەوەی حیزبوڵڵای خانەدانەكان :
حەسەن ساری سەرپەرشتیان دەكات، مێژوی دامەزراندنیان دەگەڕێتەوە بۆ 2011، بەڵام بەم ناوەی ئێستاوە لەگەڵ بانگەوازی سیستانی دەركەوتن، حەسەن ساری سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بوو، پەیوەندیەكی پتەویان بە ئێرانەوە هەیە و زۆرتوندو تیژو شەڕانین، مەزەندە دەكرێ‌ زیاتر لە سێ‌ هەزار چەكدار بن .
6 -كەتیبەكانی باڵی “ رسالی “ :
كازم حائیری سەرپەرشتیان دەكات، دوای بانگەوازەكەی سیستانی دەركەوتن، پەیوەندیەكی راستەوخۆیان بە خامنەئیەوە هەیە و چەك و چۆڵ لە ئێران وەردەگرن، زیاتر لە 2000 هەزار چەكدار دەبن و بەشداری شەڕەكانی داعشیان كرد لە گەرمە .
7 -”تیپ” سریەكانی خوراسانی :
لە 2013 دامەزراوە باڵی سەربازی حیزبی تەلیعە بوو، زیاتر لە سێ‌ هەزار چەكدارن، ئەفسەری ئێرانی سەرپەرشتیان دەكات و پەیوەندی راستەوخۆیان بە خامنەئی یەوە هەیە، زۆر توندو تیژو شەڕانین .
8 -سریەكانی عاشورا :
لە گەڵ بانگەوازی سیستانی دامەزران، باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامین، زیاتر لە 5هەزار چەكداریان هەیە شارەزایی سەربازی زۆریان هەیەو لە رێكخراوی بەدرەوە بۆیان ماوەتەوە، بەشداری شەڕەكانی داعشیان كردووە .
9 -سریەكانی پیرۆزگاكان” عەتەبات” :
ئەمانیش دوای فتواكەی سیستانی دروستبوون، باڵێكی سەربازی سەر بە پیرۆزگا شیعیەكانن، ئەمانیش كۆمەڵێك گروپن، نزیكەی”8”هەزار كەسێك دەبن، چەند سەركردەیەكی تایبەتیان هەیەوەك “ شیخ كەریم و شێخ مەیسەم و شێخ مەهدی “. ئەمە جگە لە دەیان گروپ و دەستەی بچوكی وەك “ فەیلەقی وەعد، لیوای ئەسەدوڵڵا، لیوای قاریعە، كەتیبەكانی غەزەب .... هتد .
هۆی زۆری ئەم تیپ و گروپانەش بۆ خواست و ویستی گەورەكانیان دەگەڕێتەوە كە دان بە یەكتردا نانێن سەركردەی ئەم گروپ و میلیشیایانە هیچیان وەك پێویست دان بەیەكتردا نانێن و لە توندڕەوی و توندو تیژیشدا جیاوازیان هەیە، بەڵام هەموویان شیعەگەریەكی سەرسەختانە كۆیان دەكاتەوەو هەمویان بە هەمان رق لە سونە دەڕوانن.
ئێستا حكومەتی عێراقی بە ناچاری مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانە وەك هێزی سەربازی دەكات و لە زۆربەی شەڕەكانی داعشدا ئەوان لە پێش سوپاوەن، هەرچەند زۆر جار هادی عامری وەك دەمڕاستی ئەوان دەردەكەوێت، بەڵام ئەوە رووكەشەو هەندێ‌ گروپ بە هیچ شێوەیەك مل بۆ بڕیارەكانی عامری نادەن، ئەم گروپ و میلیشیایانە بە گشتی زۆر توندو تیژن، زۆر كەم بڕوایان بە دایەلۆگ و گفت و گۆیە، دەست لە هیچ ناپارێزن.
لە نێو حەشدی شەعبیدا جگە لە عەرەبی شیعە توركمانی شیعەو كوردیش هەن، خەونی دورتری حەشد ئەوەیە دەست بەسەر بەشە عەرەبیەكەی عێراقدا بگرێت بە ناوچە سونیەكانیشەوە و بۆ ماوەیەكی دوور حكومەتێكی شیعەگەرا لە عێراق دابمەزرێنێ‌، ئەم خەونە لە گەڵ عەرەبی سونەی عێراق و سعودیەو توركیا نایەتەوەو هەمیشە لەوەدا بەریەككەوتن هەیە، لەو ناوچانەش كە توركمانی شیعە هەن و ناوچەی كوردستانین حەشدی شەعبی لە سەرەتادا داوای هاوبەشی دەكات و دواتر فراوانخوازی دەكات، هەر ئەمەش هۆی بەریەككەوتنەكانی حەشدو پێشمەرگەیە لەو ناوچانەی شیعەی توركمان یان عەرەبی تیایە.
تا ئێستا ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە حەشدی شەعبی یان روونتر سەرانی حەشدی شەعبی وا نیشاندەدەن كە ئەوان كێشەیان لە گەڵ كورد نییە، بەڵام هەركاتێك روداوێك لە نێوان كوردو ئەوان روویداوە زۆر توند مامەڵەیان كردووەو چەندین جار ئازاری ئەو كوردانەیان داوە كە سەفەری بەغدا دەكەن، یان رفاندویانن و دواتر بە پارە یان بە رێكەوتن ئازادیان كردون، یەكێ‌ لە گرفتە سەرەكیەكان ئەوەیە مرۆڤ نازانێ‌ لە ناو حەشدی شەعبیدا لەگەڵ كێ‌ گفتوگۆ بكات و كێ‌ دەتوانێ‌ كۆنترۆڵی هەموو باڵەكانیان بكات؟ چونكە نە سیستانی دەتوانێ‌ هەموویان رابگرێ‌، نە هادی عامری، نە خزعەلی و نە كەسی تر، ئەمەش یەكێكە لەو كێشانەی كە كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان، ئەو ناوچانەی حەشدی شەعبی تیایە رووبەڕووی دەبێتەوە .
ئەوە جگە لەوەی كە كوردیش تا ئێستا نەیتوانیوە بەیەك گوتارەوە مامەڵە لە گەڵ حەشدی شەعبی بكات و هەر یەكە لە یەكێتی و پارتی دیدو بۆچونیان سەبارەت بەو مەسەلەیە جیاوازە .

‌ 2122 جار بینراوه‌
30/04/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved