وتار
سیاسەتی بڕوخێنەو بسوتێنەی ئەردۆگان درێژەی هەیە

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


 



ئەردۆگان لە پێش هێنانەدی ئاواتە لەمێژینەكاندا تەنها كوردو پارتە سیاسییەكانی كورد (HDP)و (DTK)و (DBP) بەڕێگر دەزانێ، بۆیە حكومەتی ئاكەپە لەسەر دوو ئاست كەوتۆتە وێزەی خەڵكی كوردستان: ئەویش بەوەی كە كوردستانی كردۆتە گۆڕەپانی شەڕو پێكادان و روخاندن و سوتاندنی شارو شارۆچكەكان و لەولاشەوە لە نێو هۆڵی پەرلەمان نوێنەرانی ئاكەپەو مەهەپە هاوڕاو هاوبیرن بۆ دژایەتی كورد تا ئەو رادەیەی مەهەپە وەكو تایەی سپێری لێهاتووە بۆ ئاكەپە! بەتایبەتی ئەگەر مەسەلەكە پەیوەندی بە دژایەتیكردنی كوردەوە هەبێت، ئەوا دەنگی مەهەپە دەنگی ئاكەپەیەو دەمێنێتەوە سەر جەهەپە ئەوانیش هەڵویستیان روون نییە دەیانەوێ باری لاری خۆیان بەكەوتنی هەدەپە راست بكەنەوە.
بە كوردی و بەكورتی ئەو سێ لایەنەی نێو پەرلەمان هەر سێ لایان هاوهەڵوێستن لەسەر سەندنەوەی مافی نوێنەرایەتی لە نوێنەرانی كورد، بەڵام بۆ دەرچەیەكی یاسایی دەگەڕێن، بۆیە دەیانەوێ دەستكاری یاسای سەرەكی توركیا بكەن بەو ئاراستەیەی، كە خزمەت بەو ئامانجەیان بكات، كە كورد لە پەرلەمان دەرپەڕێنن و پاشان ببنە زۆرینە بۆ تێپەڕاندنی هەر یاسایەك لەدەرەوەی ئارەوزو ویستی كورد.
لە نێو پەرلەماندا سەرەتا رێگە بە نوێنەرانی هەدەپە دەدرا لەكات و ماوەی دەستوری، كە پەرلەمان بۆ نوێنەرانی دیاریكردوە وتاربدەن، وەلێ چەند جارێكە رێگری لەوەش دەكرێ، كە هەر رەخنەیەك لەلایەن نوێنەرانی هەدەپەوە ئاراستەی ئاكەپەو دەسەڵات بكرێت، ئەوا شەڕە مستەكۆڵەیەك بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وەكو بینیمان ٢٠٠ نوێنەری ئاكەپەو گورگە بۆرەكان كەوتنە گیان (فەرهاد ئینجو)ی نوێنەری شرناخ، تەنها لەسەر ئەوەی پێیانی وت: "ئێمەی نوێەرانی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیادا تیرۆرست نین، دەشێ ئێوە تیرۆرست بن، كە شارو گوندو لادێكانمان دەسوتێن و تێكدەدەن".. لەم دۆخانەدا رەنگە سیناریۆكەی ساڵی ١٩٩٤ دووبارە نەبێتەوە، كە ئەو دەمە نوێنەرانی (DEP) هەر لە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە قۆڵبەستكران، بەڵام ئێستا دۆخكە گۆڕاوە، ئاكەپە ماوەیەك هەوڵیدا موچەو بودجەكەیان ببڕێت، كە گوایا ئەو پارەیە دەبێتە سەرچاوەی دارایی بۆ (PKK)و پاشان با دەریان بكەین شوێنەكانیان بەبۆشی بمێنێتەوە لەوێشدا جەهەپە لەسەر پشك لەگەڵیان رێنەكەوت ... ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە، كە بە زۆرینەی دەنگ ئەو مافی نوێنەرایەتییە لە پەرلەمانتارانی هەدەپە بسەنرێتەوە یاخود بە بڕیارێكی حكومەت پۆلیس بێتە نێو هۆڵی پەرلەمانەوەو دەریان بكات و بۆ دانیشتنەكانی داهاتوش رێگری بكرێت لە هاتنەژورەوەیان.
لە ئێستادا كاتەكەی بۆ ئاكەپە زۆر ناسكە، چونكە بۆ دانوستاندنەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا كێشەی لێدەكەوێتەوە، لەبەر ئەوەی یەكێتی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی (visa) لە 1 / 6 / 2016 نایاتە جێبەجێكردن ئەگەر توركیا لەم هەفتەیەدا ئەو ٧٢ مەرجەی، كە ستاندارتی ئەوروپایی بوونە نەهێنێتەدی، ئەو هەموو رێكەوتنامەكان لە نێوان یەكێتی ئەوروپاو توركیادا لەسەر ئەندام بوونی توركیاو رێگری لە چوونی پەناهەندە بەرەو ئەوروپا هەڵدەوەشێتەوە!
نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت، كە ئەوەی ئێستا لە توركیادا دەگوزەرێت بەرەنجامی هەڵبژاردنەكەی یەكی نۆڤەمبەرە، كە ئاكەپە لەو هەڵبژاردنەدا هەموو نەیارەكانی بەزاندو هیچی وای نەمابوو، كە بتوانێ بێپەروا و بەتەنها دەستوری وڵات بگۆڕێت و ژمارەی یاسایی نیوەی ئەندامانی پەرلەمانی توركیا تێپەڕێنێت، كە دەكاتە ٣٣٠ ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، كەلە هەردوو دەنگدەر یەكێكیان دەنگیداوە بەئاكەپە... جگەلەوە ئەگەر ئاكەپە تا دوای 1 / 6 نەتوانێ نوێنەرانی هەدەپە لەپەرلەمان دەرپەڕێنێت، ئەوا پەنا دەباتە بەر ریفراندۆم، لەم دۆخەی ئێستای توركیاشدا ئاكەپە سەركەوتن بەدەستدەهێنێت، چونكە جگە لە هەدەپەو كورد نەیارەكانی حكومەتەكەی ئاكەپە لە جەهەپەو مەهەپە هیچ توانایەكی ركابەرییان بەرانبەر بە ئاكەپە تێدا نەماوە.


‌ 2869 جار بینراوه‌
07/05/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved