وتار
رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان لەنێوان تاكتیك و ستراتیژی سیاسیدا

نەوزادی موهەندیس


رۆژی 17/5/2016 رۆژی واژۆكردنی رێكەوتنامەكە رێك 6 ساڵ و 8 مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە 25/7/2009دا لەو ماوەیەدا گرژی و ئاڵۆزیەكی توند و گەرم كەوتە نێوان ئەو دوو هێزەوە كە هەردووكیان سەر بە یەك قوتابخانەی سیاسی و فكری و ئایدۆلۆژین و یەك ناوچە و پێگەی جەماوەری و یەك تێڕوانین و تاكتیك و ستراتیژی سیاسیان هەیە و مێژوویەكی 36 ساڵەی خەباتی شاخ و شاریان پێكەوە هەیە، سەرەڕای جیاوازی لە بیروبۆچون و نەخشە رێگا و كارەكتەرە سیاسیەكانیان، هەرئەم خاڵە كۆك و هاوبەشانە بونە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر و لەم ماوە كورتەی دابڕانەدا هەست بە پێویستبونی كاری هاوبەش و لێكنزیكبونەوە و تەنانەت لە ئایندەشدا یەكگرتنەوە و تێكەڵاوبونەوەش بكەن  بەهەردوولایان بتوانن كە ئەم قۆناغە سەخت و دژوارەی كە بەسەر مەسەلەی كوردا هاتوە و بەتایبەتیش لە باشووری كوردستاندا تێبپەڕینن.
ئاشكرایە ئەم دۆخە سیاسیەی ئێستای باشووری كوردستانی پیادا گوزەر دەكات هیچ مایەی دڵخۆشی نیە، بەڵكو گەر بەراوورد بكرێت بە گەورەیی و مەترسی تەحەدا سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازیەكان ئەوا زۆر مەترسیدار و تاریك دەبینرێت، هەربۆیە وەك وەڵامدانەوەیەكی ووردبینانە و دووربینانە بۆ ئێستا و ئایندەی مەسەلەی كورد لەم بەشەدا دەبوو كاردانەوەیەكی بەهێز و ستراتیژی بنوێنرێت كە وەڵامدەرەوەیەكی راستەقینە و بەهێز بێت بۆ هەموو ئەو تەحەدایانە، كورد لە رووی سیاسیەوە ماڵێكی لێكترازاو و دوور لەیەك و دڕدۆنگی سیاسیدایە و هیچ لێكتێگەیشتنێكی سیاسی و هیچ ئیجماعێكی سیاسی نیە لە نێوان سەركردە و پارتە سیاسیەكاندا لەسەر مەسەلە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكان، لەڕووی ئابوریەوە هەرێم لە دۆخێكی زۆر دژواری دارایی و ئابوری و بی بازاڕی و بازرگانیدایە .زۆر گەڕاوەتەوە بۆ دواوە و بێكاری و هەژاریەكی توند بەرۆكی تاك بەتاك و خێزان بەخێزانی میلەتەكەمانی گرتوە، هەرئەم هۆكارەش بۆتە هۆی تێكچوونی باری كۆمەڵایەتی و ئاشتی كۆمەڵایەتی خستۆتە مەترسیەوە، ئەمە سەرەڕای مەترسیە گەورەكەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و كاریگەریە خراپەكانی لەسەر كۆی ژیان و گوزەرانی میلەتەكەمان و تێكچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لەلایەك و لەگەڵ دەرودراوسێكانیشدا لەلایەكی ترەوە و كاریگەری هەموو ئەم دۆخە ئاڵۆزانە و تێڕوانینی زلهێزەكانیش بۆ چارەنوس و ئایندەی هەرێمەكەمان لێڵ و تاریك ببون.
ئەم رێكەوتنە بۆ خۆی هۆكاری خۆیی و بابەتی هەبوە و هەردوولا لە پلەی یەكەمدا پێویستیان بەم رێكەوتنە هەبوە، چونكە هەردوولایان لەناوخۆی خۆیاندا لەدۆخێكی سیاسی و ئابوری باشدا نەبون و گیردۆدەی ململانێی سیاسی و باڵباڵێنە ببون وتاڕادەیەك نەیاندەتوانی درێژە بەو دۆخەی خۆیان بدەن هەربۆیە هەردوو لا بە تێگەیشتن و تێڕوانینێكی ستراتیژیانە هاتونەتە پێشەوە نەك وەك تاكتیكێكی سیاسی و یەكتر فریودان و بەدەستهێنانی دەسكەوتی بچوكی حیزبی لەسەر حسابی لایەنەكەی تر.
بۆیە ئەم رێكەوتن و نزیكبونەوەیەی ئەم دوو هێزە سیاسیە گەورە و كاریگەرەی هەرێم و عێراق و ناوچەكەش هۆكارێكی باش بوو بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەكە و شڵەقاندنی گۆمی مەنگ و چەقبەستوی هەموو دۆخەكان هەربۆیە ئەم رێكەوتنە كاریگەری باشی دەبێت لە ئایندەدا لەسەر هەمو ئاستەكان لەناوخۆی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و تێڕوانینی زلهێزەكانیش، چونكە دابەشبوونی گوتار و كرداری كورد و نەبوونی یەكهەڵوێستی پتەو و بەهێزی ناوخۆیی لەبەرامبەر بەغداد و دەوروجیرانیش پێگەو گوتاری كوردی لاواز كردبوو، ئەم رێكەوتنە بەدڵنیایی دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی كوردستان دەگۆڕێت و دەیباتە قۆناغێكی هەڵكشاوترەوە و نزیك لە چارەسەریەكان.
ئایندەی ئەم رێكەوتنامەیە و سەركەوتنیشی بەندە بە نیەتی راستەقینەی هەردوولاوە بۆ سەرخستنی و ئەمەش پەیوەستە بە متمانە بەیەكتر كردن و هەوڵدانێكی لێبڕاوانە و خەمخۆرانە بۆ گەیشتن بەمەبەستە رایستەقینەكانی كە هەموو خاڵەكانی ناو رێكەوتنەكە لە خزمەتی بەهێزكردنی حكومەت و دەسەڵاتی كوردیدایە لەم هەرێمەدا، كە حیزب و لایەن و سەركردە سیاسیەكان ئەركیانە كە ئەم دەسەڵاتە تۆكمەتر و بەهێزتر بكەن و درێژە بەمانەوەشی بدەن.
ئەم رێكەوتنامەیە و ئاینەدەكەشی لە دووریانێكدایە لەنێوان دژەكان و لایەنگرانیدا، لەناوخۆی دوو حیزبەكە و لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەكەش كە هەریەكەیان بە هۆكارێكەوە نایەنەوێت ئەم رێكەوتنامەیە سەركەوتووبێت.
هەربۆیە ئەركی هەردوو حیزبە كە هەوڵی جدی و گەرموگوڕ بدەن بۆ تێگەیاندن و روونكردنەوەی مەبەست و نیەتەكانی پشت رێكەوتنەكەو بۆئەوەی متمانەی هەموان بەدەستبێنن و لەبەرەی دژەوە بیانكەنە بەرەی لایەنگرو پشتیوانی رێكەوتنامەكە و تێیان بگەیەنن كە ئەم رێكەوتنامەیە دژی هیچ حیزب و سەركردەیەك نیە و تەنهاوتەنها لە پێناو بەرژەوەندی باڵای میللەت و نیشتیمان و نەتەوەدایەو بریتیە لەستراتیژێكی دووربینانەو كوردانەی راستەقینە نەك تاكتیكێكی رۆژانەی سیاسی.

‌ 2209 جار بینراوه‌
04/06/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved