نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
تاكەی توركیا درێژە بە كۆمەڵكوژی كورد دەدات؟

ئەحمەد رەجەب



لە پاش هەڵبژاردنەكانی 7ـی حوزەیرانی ساڵی 2015 ـی توركیا حزبەكەی رەجەب تەیب ئەردۆگان بەناو (دادو گەشەپێدان) دووچاری شكستهات و نەیتوانی حكومەت بە تەنها پێكبهێنێت و هەدەپە توانی بەربەستی 10% ـی تێپەڕێنێت و سەركەوتنێكی مەزن بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی 80 كورسی بۆیەئەو حزبە ئیسلامییە دۆڕاوە چەند پیلانێكی یەك لە دوایەكی دەستپێكردەوە بۆ رێگریكردن لە دووبارە سەركەوتنی هەدەپە بۆ پەرلەمان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) بەڕێوەبچێت و هەر لەو كاتەوە ناوچە كوردییەكان رووبەڕووی شەڕو نائارامی بوونەوەو مەبەستی سەرەكی ئاك پارتی ئەوەیە هەدەپە لە ژێر بەربەستی 10% بمێنێتەوەو ئۆردۆگان زۆرینە بەدەستبهێنێت و خواستی چەپەڵی بێتەدی.
لە دوای شكستەكەی حزبە ئیسلامییەكەی رەجەب تەیب ئەردۆگان ( ئاك پارتی ) لە هەڵبژاردنی مانگی 6 ی 2015 كە نەیتوانی زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و هەروا نەیتوانی لە گەڵ حزبەكانی تر بگاتە رێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەش، بۆیە كەوتە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت و بۆ ئەو مەبەستەش لەناو توركیا رۆژنامەو گۆڤارو رادیۆو تەلەفزیۆن و كەناڵەكانی سەتەلایتی سەر بە دەسەڵاتی تەرخانكرد بۆ پڕوپاگەندە، ئەردۆگان و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بە هەموو شێوەیەك درێژەیاندا بە پڕوپاگەندە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و سەركەوتن، قورئان و ئیسلامیان بەكارهێناو لە دەرەوەش دەستوپەیوەندەكانی و كەناڵەكانی میتی توركی و رابیتەی ئیسلامی كوردو حزبەكانی ئیخوان ئەلموسلمین لەو رووەوە زەلیلانەدرێخییان نەكرد، سەرەڕای هەڵگیرسانی شەڕ دژ بە ناوچەو شارەكان كۆمسیۆنی هەڵبژاردەكانی توركیا لە چەند ناوچەیەكی باكوری كوردستان بە بیانووی ئاڵۆزی سندوقی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دانەناو هەزاران كەس لە دەنگدان بێبەش بوون و مەبەست لەو هەنگاوش كوردەكان سەرنەكەون و خواستی ئەردۆگان بێتەدی و نەیارەكانی نەگەنە پەرلەمان.
لە رۆژی ( 1ی نۆڤەمبەر - تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ) هەڵبژاردنی نوێ‌ دەستیپێكردو ئەمجارەیان (ئاك پارتی) پێشكەوت و توانی بە تەنها حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام سەرەڕای فرت و فێڵ و دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان خواستی رەجەب ئەردۆگان نەهاتەدی و ئەو دەنگانەی نەهێناو، نەیتوانی سیستمی وڵات بە سەرۆكایەتی بگۆڕێ و هەر ئەو هەوڵەش بووە هۆی سەرەكی ناكۆكی نێوان ئەردۆگان و ئۆغڵۆ چونكە ئۆغڵۆ لە راستیداو لە دڵەوە ( وەك خۆی ئەڵێت ) دژی بۆچوونەكانی ئەردۆگان بوو، دیارە گرنگترین ناكۆكی و خاڵی جیاوازی نێوان ئەردۆگان و داود ئۆغڵۆ سەبارەت بەسیستمی سیاسییە، كە ئەردۆگان لایەنگری سیستمی سەرۆكایەتیو گۆڕینی دەستورە بەو ئاڕاستەیەو داود ئۆغڵۆش هەواداری سیستمی پەرلەمانیو بەهێزكردنی دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانە.
رەجەب تەیب ئەردۆگان لەو كاتەی بوو بە سەرۆك كۆماری توركیا نەیشاردووەتەوەو هەوڵیداوە دەستكاری دەستوری توركیا بكات و سیستمی سەرۆكایەتی بێنێتەدی، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ لەروو پشتگیری ئەو پرۆژەیەیكردووەو لە ناخەوە حەزو ئارەزووی لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی بووە، بە توندی دژی بۆچوونەكانی ئەردۆگان وەستاوەو نەیهێشتووە جێبەجێ بكرێن و هەر ئەوەش پاڵی پێوەناوە واز لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بهێنێت، ئەوە یەكەمجاریش نییە رەجەب ئەردۆگان لە گەڵ دۆستەكانی تێكبچێت و ئەمڕۆ لەگەڵ ئۆغڵۆ تێكچوو، دوێنی لەگەڵ كەسی زۆر نزیكی (عەبدوڵڵا گویل ) كە پێكەوە حزبی (دادو گەشەپێدان) یان دامەزراند، كار گەیشتە ئەوەی وشەی ناشیرین بەكاربهێنن و یەكتر ریسوا بكەن بە ترسنۆك و خاین، عەبدوڵڵا گویل بە ئاشكرا وتی: رەجەب تەیب ئەردۆگان زۆر بە پەلە دەبێتە دیكتاتۆر.
كیشەكانی ئەردۆگان تەنها لە گەڵ ئەندامانی حزبی( دادو گەشەپێدان) نییەو سەرۆك لە ماوەی رابردوو هێرشی راگەیاندن و دادگایی كردەسەر دۆست و هاوپەیمانی دێرینی فەتحوڵڵا گویلەن و ئەم كابرایە ناسراوە لە توركیاو دەرەوەی توركیاو، لە ئەمریكاو لە ئەوروپاو ئەفریقاو لە ئاسیاو وڵاتانی بەڵكان و خاوەنی چەندین پرۆژەی بازرگانی وە بەرهێنانی گەورەیەو كاتێ ئەردۆگان هەستیكرد فەتوڵڵا گویلەن دژ بە خواستەكانی ئەوەستێت و ئەیەوێت دەسەڵاتی لەگەڵ دابەش بكات بە تایبەتی لە دادگاو سوپاو ئاسایش و ببێتە رێگر لە جێبەجێكردنی خواستەكانی و ئاماژەپێكردنی وەك دیكتاتۆرێك كە هەمیشە لە هەوڵدایە ببێتە سوڵتان و گویلەن توانی سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ئەردۆگان ریسوا بكات و گەندەڵی ئەردۆگان و كوڕەكەی و خزمانی دەربخات.
رژێمی توركیا نزیكەی ساڵێكە بە توندترین شێواز شاڵاوی سەربازی دژ بە خەڵكی سڤیلی شارەكانی كوردستانی باكور ئەنجامدەدات و بە ئاشكراو بە بەرچاوی دونیاداو بە پێی ( دیموكراتییەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان و حزبە ئیسلامییەكەی) و بێدەنگی فراكسیۆنە سیاسییەكانی تریپەرلەمان پارێزبەندی (حصانە) لە نوێنەرانی كوردو ئەندامانی پەرلەمانی توركیا وەردەگرێتەوە، حكومەتی توركیا سەرقاڵی رەشنووسێكە بۆ گۆڕانكاری لە یاسای پارێزبەندی پەرلەمانتاران و رەشنووسەكە دەخاتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و ئەگەر دەنگی لە سەر بدرێت حكومەت دەتوانێت پەرلەمانتاران دەستگیر بكات، ئەم كردەوەیەش هەڵگرتنی پارێزبەندی و زیندانیكردنی پەرلەمانتارانی كورد كەلێنی نێوان كوردو توركیا بەرفراوانتر دەكات.
ئەم هەنگاوەی حكومەت و پەرلەمانی توركیا رەنگدانەوەی سیاسەتی حكومەتە بۆ كپكردنی دەنگی كوردانی باكوور داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی لە توركیاداو كاركردن بۆ خواستەكانی سوڵتان ئەردۆگان و جێگیركردنی سیستمی سەرۆكایەتی لە باتی سیستمی پەرلەمانی و ئەم هەنگاوانەش بۆ نەهێشتنی بنەماكانی سكۆلاریزمە لە دەستوری توركیاو هەوڵدانێكە بۆ ئاوێتەكردنی ئاین و ماددەكانی دەستور.
هەموو هەوڵەكانی سوڵتان رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەوەیە بتوانێت پرۆژەی دەوڵەتی تۆرانی گەورە Grand Turanian State لە دەریای ئەدراتیكەوە تا ئۆقیانۆسی ئارام جێبەجێ بكات و بۆ ئەو مەبەستەش لەكاتێك خەڵكی سوریا دژ بە رژێمی بەشار ئەلئەسەدو حزبی بەعس بەرەنگاربوونەوە، ئەردۆگان بە هەلیزانی و یەكسەر خۆی خزاندە ناو رووداوەكانی سوریاوە، لە پێشدا ئامۆژگاری و رێنمایی بەشاری دەكردو راكردن و هەڵاتنی زەین ئەلعابدینی تونس و دەست لەكاركێشانەوەی حوسنی موبارەكی میسری وەبیر ئەهێنایەوە، كەمە كەمە بە یارمەتی و پارەی عەرەبستانی سعودی و وڵاتی قەتەر لە گەڵ تێروریستەكان نزیك بووەوەو دەستی لەگەڵیاندا تێكەڵ كرد، بەشار ئەلئەسەد نەچووە ژێر ركێفی و سوڵتان ئەردۆگان تووڕە بوو، وەك موسلیمێك سوێندی خوارد كە بەمزووانە بە سواری ئەسپێكی سپییەوە ئەچێتە دیمەشق و لە مزگەوتی ئەمەوی بانگ دەدات و نوێژ ئەكات، بەمزووانەش لە پاش چەند رۆژێك بەشار ئەلئەسەد لە سەر حوكم لادەبرێت.
لە 18/3/2011 وە سوڵتان ئەردۆگان خۆی ئامادە كردووە بچێتە ناو سوریاوە، بەڵام نەخشەكانی لە 3/7/2013 تووشی شكستێكی كوشندە بووەوە كاتێك جەماوەرو سوپای میسر توانیان پۆخڵاواتەكانی هۆزی عوسمانی لە ( ئیخوان ئەلموسلیمین) و محەمەد مورسی سەرۆك كۆمار لە سەر دەسەڵاتی میسر لابدەن و خەونەكانی ئەردۆگان نەیەتەدی و لە باتی ( بای شەماڵ رەشەبا) هەڵیكردو سوڵتانی تووڕە كرد، كاتێك بۆی دەركەوت ئەمریكا شەڕی بۆ ناكات هەزاران توندڕەو تیرۆریستی لە ئەفغانستان و شیشان و لیبیاو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەموو وڵاتانی جیهان كۆكردەوە، ئەمانەش نەیانویست ببنە یاری و دەستكەلای ئەردۆگان، بۆیە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) یان دروست كرد، لە ئەمڕۆداو بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵێك، كە هۆریزۆن ویكلی كەنەدی (horizonweekly) بڵاویكردووەتەوە توركیا زیاتر لە ( دە هەزار ) بەڵگەنامەی گەشت (پاسپۆرت)ـی توركی داوەتە چەكدارانی داعش بۆ ئاسانكاری و هاتووچۆیان لەناوچەكەو بەپێی راپۆرتەكە ئیستەنبوڵ وەك ناوەندی پیلان بۆ داعش دادەنرێت، بەم كارەش توركیا هاتووچۆی چەكدارانی داعش، بۆ سوریاو عێراق و هەموو دنیا ئاسان دەكات، مەترسی گەورەش بۆ ئاسایشی ناوچەكە دروست دەكات.
نزیكەی ساڵێكە توركیا لە جەنگێكی ناوخۆیی سەختدایە، بە ئاگرو ئاسن وەڵامی ماف و داواكارییە رەواكانی كورد دەداتەوە، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ بە گەرمی شاڵاوی راونان و گرتن و زیندانیكردن و كوشتن دەرهەق بە رۆڵەكانی كورد درێژەی هەیە، ماڵ و سامانیان بە تاڵان دەبرێت و رەزو باخیان دەسووتێت و گوندو شارەكانیان خاپور دەكرێن، بۆیە ئازادیخوازان داوا دەكەن دەستبەجێ شاڵاوی سەربازی لە كوردستانی باكوور رابگیرێت، لەم رووەوە رەخنە لە هەڵویستیوڵاتانی ئەوروپاو ئەووڵاتانەی دیموكراتیخوازن دەگیرێت بەرامبەر بێدەنگی لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە توركیا، ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای توركیاو جەردەوانان (جاشەكان) بەرامبەر بە كوردەكان.
نووسەران و رۆشنبیران رەخنە لە رەجەب تەیب ئەردۆگان دەگرن بە هۆی سەركوتكردنی ركابەرەكانی و بێدەنگ كردنیان، ئاماژە بەوە دەكەن كە پەیوەندی نێوان ئەردۆگان و یەكێتی ئەوروپا لە دۆخێكی خراپدایە، چونكە توركیا زۆر كەموكورتی هەیە لە رووی دیموكراتی و مافی مرۆڤەوە، هەر هەموو سەرسامیی خۆیان لە هەوڵەكانی ئەردۆگان دەربڕیوە بۆ دروستكردنی سیستمێكی سەرۆكایەتی و هەوڵی گۆڕینی دەستوری وڵات و سەبارەت بە پەیوەندی نێوان توركیای ئەردۆگان و یەكێتی ئەوروپاو مافی مرۆڤەوە دەیڤید كامیرۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رۆژی یەكشەممە 22-5-2016 لە ئاخافتنێكی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی بە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند ( بە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا لە ئایندەیەكی نزیكدا روونادات)، كامیرۆن راشیگەیاند، توركیا لە ساڵی 1987ـەوە داوای بە ئەندامبوونی لە یەكێتی ئەوروپا كردووە، بەڵام بەپێی دوایین پێشبینییەكان رەنگە لە ساڵی 3000 بتوانێت ببێت بە ئەندام لە یەكێتییەكەو ئەمەش بەڕوونی توركیاو ئەردۆگان و كاربەدەستانی توركیا ریسوا دەكات.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوایین راپۆرتی خۆیدا، لە بارەی توركیاوە دەڵێت "ئەو وڵاتە سزای بە كۆمەڵی كورد دەدات و كورد دەكوژێت و رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا، دەسەڵاتدارانی توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئەمنی و سەربازی، لەناوچەكانی باكووری كوردستان تۆمەتبار كردووەو باس لەوە دەكات، كە ئەو وڵاتە لە رێگای هێزی سەربازییەوە، سزای بە كۆمەڵی كوردی داوە، ئاماژەی بەوە كردووە، توركیا پرۆسەی چەكداری لە باكووری كوردستان ئەنجامدەدات و قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە، رێگای نەداوە هاوڵاتیانی كورد دەستییان بە كەلوپەلی تەندروستی و ئاوی خواردنەوە بگات، رێكخراوەكە ئەو كردەوانەی وەك ( سزای بە كۆمەڵ ) وەسفكردووەو وتوویەتی هاوڵاتیانی باكووری كوردستان رووبەڕووی رەوشێكی سەختبوونەتەوە.


‌ 1211 جار بینراوه‌
04/06/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved