وتار
توركیا لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەرەو كوێ‌؟

نەوزادی موهەندیس


ئاشكرایە لە 1/11/2015دا  پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیادا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لە ئەنجامی تێكشكان و شكستی گەورەی  ئاك پارتیەوە دێت لە هەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیراندا كە نەیتوانی  زۆرینەی ڕەها بەدەستبهێنێت و بتوانێت بەتەنها حكومەت پێكبهێنێت و تەنها توانی 258 كورسی بەدەستبیهَنێت، لەكاتێكدا پێویستە 276 كورسی هەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، شكستی گەورە و دووهەمیشی بریتی بوو لەوەی كە ئاك پارتی بەسەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو و هاوكاری و پشتیوانی ئەردۆگانی سەرۆك كۆمار نەیتوانی لەماوەی 45 ڕۆژدا حكومەتێكی ئیئتیلافی پێكبهێنێت لەگەڵ پارتەكانی ((جەهەپە و  مەهەپە وهەدەپەدا)) كە هەرسێكیان وەك سێ‌ پارتی گەورە و براوەی هەڵبژاردنەكەی 7 ی حوزەیران هاتنە بەرامبەر ئاك پارتی و بەسەركەوتن و تێپەڕاندنی هەدەپە و مەهەپە بۆ ڕێژە 10%، بوونە ڕێگر و بەربەستێكی گەورە لەبەردەم خەون و خەیاڵەكانی ئاك پارتی و ئەردۆگاندا بەگۆڕینی سیستمی حوكم لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی هاوشێوەی ئەمریكا و توندكردن و چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتەكانی ئەردۆگان.
هەربۆیە بەناچاری ئەردۆگان دوای دوو شكتسی سیاسی گەورە كە لەدوای 13 ساڵی تاكڕەوی و دەسەڵاتی رەهای ئاكپارتی و ئەردۆگانەوە هەیبوو بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیدا بەو هیوایەی گۆڕانكاری لە هاوكێشەو باڵانسی هێزەكان و دەنگەكان و ژمارەی كورسییەكاندا ڕووبدات.
لەم پێناوەشدا ئاكپارتی هەوڵی زۆری داوە و پیلانی  دوژمنانەی داڕشتووە دژ بەهەریەكە لە و سێ‌ پارتە سیاسییە كە بە بۆچونی ئاكپارتی  زیاد لە 3 ملیۆن دەنگی ڕۆیشتووە بۆ ئەو سێ‌ حیزبە بەتایبەتیش هەدەپە و مەهەپە. هەربۆیە لە كوردستانی باكووردا گۆڕانكاری لە بازنەی هەڵبژارندنەكاندا كردووە و هێزی سوپا و ئاسایشی بڵاوە پێكردووە و  چەندین كاری تەقینەوە و هەڕەشە و گرتن و ڕاوەدوونانی لایەنگرانی هەدەپەی پیادەكردووە وشەڕی هەڵایساندۆتەوە دژ بە پەكەكە  بەمەبەستی گەڕاندنەوەی دەنگی توندڕەوە توركەكان و حیزبە پارێزگارەكانی (( توركیای گەورە و سەعادەت و هودا)) بەقازانجی ئاكپارتی و كەمكردنەوەی دەنگەكانی هەدەپە لە كوردستان و ناوەڕاستی توركیاشدا، هەربۆیە هەدەپە پێیوایە كە ئەم هەڵبژاردنە لە سایەی دۆخێكی ئاڵۆز و هەڕەشە و چاوسووركردنەوەدا بەڕێوەدەچێت و جێگەی دڵنیایی نیە و ترس لە فرت و فێڵ و ساختەكاریشی تیادایە، ئالێرەوە ترسی ئاكپارتیش هەیە كە ئەو سێ‌ پارتە سیاسییە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕازی نبەن و پەنا ببنە بەر ڕەتكردنەوە و جوڵاندنی شەقامی توركی و ئەمەش دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی ئاژاوە و پشێوی و كەوتنەوەی توندوتیژی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەكانی توركیاوە  و دەستێوەردان و گواستنەوەی كارە تیرۆریستیەكانی داعشیش بۆ ناو توركیا بەدڵنیایی ئەزمونی عێراق و سوریا بەخوێناویترین شێواز دووبارە دەبێتەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە چ دەبن؟ توركیا لەدوای هەڵبژاردنەوە بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێت؟كاریگەری ئەو ئەنجامانە بەسەركەوتنی ئاكپارتی یان شكستی لەسەر ناوچەكە و بەتایبەتیش هەرێمی كوردستان چ دەبێت؟
لەو ڕاپرسیانەی كە لەماوەی ئەم دوو مانگەدا كراون لەسەر پێشهات و پێشبینیەكانیان بۆ هەڵبژارنی 1/11، ئەوەیە كە گۆڕانكاریەكی گەورە ڕوونادات و وای بۆ دەچن كە  دەنگەكانی  ئاكپارتی بەڕێژەی 2% زیاد بكات و جەهەپەش بەڕێژەی 1% زیاد بكات و لەبەرامبەریشدا هەدەپە و مەهەپە دەنگەكانیان بەڕێژەیەكی كەم كەمبكات، كەواتە گۆڕانكاری گەورە ڕوونادات كەوا لە ئاك پارتی بكات بتوانێت حكومەت بەتەنها پێك بهێنێت وەكو خەونی پێوە دەبینێت و هەوڵی جدیشی بۆ دەدات ، وەك ئەحمەد داود ئۆغڵو  سەرۆكی شكستخواردووی ئاكپارتی لە كۆنگرەی پێنجەمی حیزبەكەیدا ڕایگەیاندا كە (( توركیا پێویستی بە یەك حیزب هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت تا بتوانێت دژی تیرۆریستان بوەستێتەوە كە مەبەستی كورد و پەكەكە بوو)). ئاك پارتی وای بۆدەچێت كە بەدژایەتی هەدەپە و پەكەكە و هەڵایسانەوەی شەڕ لەگەڵیاندا دەبێتە هۆكاری گێڕانەوەی دەنگی توندڕەوە توركەكان بۆخۆی و دەمارگیری و توندڕەوەكانی توركیا بەلای خۆیدا راِدەكێشێتەوەو ئەم كارەشی تەنها وەك تەكتیك و هەڵمەتی هەڵبژاردنەكە دەكات و لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیشەوە جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ لای پڕۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ كوردا بۆ ئەوەی ئارامی سیاسی و ئابوری بگەڕێنێتەوە بۆ توركیا و دڵی ئەوروپیەكانیش بداتەوە.كە پێناچێت سەركەوتنی گەورە لەم فێڵ و گەمەیەدا بچنێتەوە و هەموو گەلانی توركیا دووڕوویی و درۆكردن و بەرژەوەندپەرستی ئاكپارتی و غرورو و لەخۆبایبونی ئەردۆگانیان بۆ دەركەوتووە و باش دەزانن كە ئەردۆگان ئیخوانچێتی ئیسلامی زاڵكردووە بەسەر بەرژەوەندیەكانی تورك و توركیادا، ئەمە سەرەڕای ململانێ و ناكۆكییەكانی ناو خودی ئاكپارتی خۆی كە چەندین باڵ و بیروڕای جیاوازی تیادا دەركەوتووە و ئاشكراترینیشیان بریتیە لە لایەنگرانی عبدالله گویلی سەرۆك كۆماری پێشوو و دامەزرێنەری ئاكپارتیە، كە جیاوازی گەورەی لەگەڵ هێڵی ئەردۆگان و ئۆغڵوودا هەیە.
ئاكپارتی جگە لە مەهەپە و جەهەپە كە دوو حیزبی توركین هەریەكەیان بە شێوازێكی جیاواز بیردەكەنەوە  لەلایەك (( مەهەپە )) توندڕەوی نەتەوەین وبۆ ئەم هەڵبژاردنە پێیان باشبوە كە هەڵبژاردنەكە دوابخرێت و هێزی سوپا بڕژێنرێتەوە سەر شەقام و باری تەواری لەو ناوچانەی كە ناجێگیری سەربازین وەك كوردستان ڕابگەیەنرێت  ولەلایەكی تریش(( جەهەپە)) حیزبێكی موحافیزەكاری لەسەر ڕابووردوو دەژێت و هێندە مەترسیان لەسەر ئاكەپە نیە و لەم قۆناغەدا میانگیری نێوان ئاكپارتی و هەدەپەیە و تەنها ترسی لەدووبارەبونەوەی  ئەزمونی عێراق و سوریا هەیە بەدەستی چەتەكانی داعش و تیرۆریستانەوە.، ئەوەی كە مەترسی و هەڕەشەی گەورەیە بۆ ئاكەپە بریتیە لە هەدەپە و سەڵاحەدین دەمێرتاش چونكە تێپەڕاندنەوەی ڕێژەی 10% لەلایەن هەدەپەوە جارێكی تر دەبێتەوە ڕێگری گەورە لەبەردەم خەون و خەیاڵەكانی ئاكەپە و ئەردۆگاندا، چونكە دەمیرتاش هەرزوو بە ئەردۆگانی ڕاگەیاند كە (( ڕێگەت پێنادەین ببیتە سەرۆكێكی دەسەڵات ڕەهای جێبەجێكار)) كە هەر ئەم دروشمە بوە هۆی كۆبونەوەی دەنگی چەپەكان و لیبڕاڵە كەمینە عەلەویەكان لە دەوری هەدەپە و بەهەمان شێوەش تۆخبونەوەی بیری كوردایەتی و سەركەوتنەكانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان  لەبەرامبەر چەتەكانی داعشدا كە توركیا و ئەردۆگان بە نهێنی و ئاشكرا هاوكاری و پشتیوانی لێدەكات دژی كوردو مەسەلەكەی.
توركیای ئێستا و پێش هەڵبژاردن بە بارودۆخێكی سیاسی ناجێگیریدا تێپەڕ دەبێت كە دروشمەكەی دژایەتی كورد و لە ڕووی ئابوریشەوە  ئابوریەكی داتەپیوی هەیە و نرخی لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلار و یۆرۆدا زۆر دابەزیوە و توركیا ململانێیەكی توندی سیاسی بەخۆوە دەبێنێت.
كەواتە لەم دۆخەدا گۆڕانكاری گەورە لە هاوكێشە سیاسیەكاندا نابێت و ئاكپارتیش بۆ جارێكی تریش تووشی شكستی 7 ی حوزەیران دەبێتەوەو بەدڵنیاییشەوە هەدەپە ڕێژەی 10% تێپەڕ دەكات.. بۆیە جارێكی تریش ئاكەپە خەون و خەیاڵەكەی لە پێكەوەنانی (( توركیای نوێدا)) ناهێنێتە دی و بەناچاری دەبێت حكومەتێكی ئیئتیلافی لەگەڵ یەكێك یان دووان لەو حیزبانە پێكبهێنێت كە بەدڵنیاییەوە حكومەتێكی لاواز و كزۆڵ و فشەڵ دەبێت كە ئەمەش دەبێتە هۆكاری  تووشبوونی توركیا بە ئیفلیجی سیاسی و سەركردن بۆ خوڵقاندنی ناجێگری سیاسی و ئابوری و ئەمنی گەورەتر لە توركیادا و گەڕانەوەی توركیایە بۆ دەیەكانی نەوەدی سەدەی ڕابردوو كە دۆخی كودەتا و دەسەڵاتی سەربازی وەبیردێننەوە.
بەدڵنیاییش گەر ئەنجامەكان بە بەرژەوەندی یان دژە ئاكپارتی بێت ڕەنگدانەوە و كاریگەری پۆزەتیف یان نێگەتیفیان دەبێت بەسەر وڵاتانی ناوچەكەشدا لە عێراق و سوریا و میسر و ئیسڕائیل و ئێران و وڵاتانی كەنداو و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكادا و پشتیوانی لە تیرۆریستانی داعش، چونكە توركیا بەڕەچاوكردنی توانا سەربازی و پێگە جیۆسیاسیە گرنگەكەی لەناوچەكەدا و كاریگەری و ڕۆڵی بەرچاوی لە ڕابردوودا لە گۆڕانكاری و ڕووداوەكانی عێراق و سوریادا بەدڵنیایی گۆڕانكاری لە هاوكێشە و ململانێكاندا ڕوودەدات، بەشێوەیەك بەسەركەوتنی ئاكپارتی و پێكهێنانی حكومەت بەتەنها دەبێتە هۆكاری مانەوە و درێژەكردنەوەی تەمەنی داعش و چەتەكانی و بەردەوام بوونی تیرۆر لە عێراق و سوریا و ناجێگیری بۆ ئیسرائیل وبەهێزبونی هاوپەیمانێتی ئەمریكاش لەناوچەكەدا دژ بە ئێران و ڕوسیا و چین و كۆریای باكور.
بەپێچەوانەشەوە گەر ئاكپارتی سەركەوتنی گەورەی وەدەستنەهێنا ئەوا بەدڵنیایی هەموو پیلانەكانی ئاكپارتی لەناوخۆ و ناوچەكەدا شكست دەهێنێت و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكان و بڕینی گەورەترین هاوكاری و پشتیوانی لە داعش كە هۆكاری سەرەكی نانەوەی ئاژاوە و پشێویەكانی ناوچەكەیە و  دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بەرەی دژە داعش لە ئێران و ڕوسیاو هاوپەیمانەكانی، بەمەش ئومێدێك دەگەڕێتەوە بۆ جێگیری سیاسی و ئابوری بۆ ناوچەكە.
كاریگەریەكانیشی لەسەر هەرێمی كوردستان بە خراپ یان بە باش ئاشكرایە، چونكە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئاكپارتی و ئەردۆگاندا پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی توركیا لەگەڵ هەرێم و بەتایبەتیش پارتی و سەرانی پارتیدا زۆر تۆخ ببونەوە بەبەرژەوەندی نەك حكومەتەكان بەڵكو بنەماڵەكان دەشكایەوە و پارتی دیموكراتیش زۆرێك لە هێز و دەسەڵاتەكانی پشتئەستوور بوە بە توركیای ئەردۆگان ، بەڵام بە شكستی ئەردۆگان و ئاكپارتی لەم هەڵبژاردنەدا ئەوا پارتی دیموكراتیش شكست دەچنێتەوە لە سیاسەتەكانیدا لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوری و نەوتەوە و لەگەڵیشیدا پێداگیری و تاكڕەوی و غروری حیزبایەتی نەرم دەبێتەوە لەسەر تێڕوانین و بۆچونەكانی بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا و باكوریش، لەكاتێكدا لە ئێستادا بەهۆی سووربون و پێداگیری وداواكاری پارتی بۆ درێژكردنەوەی ماوەی 2 ساڵی سەرۆكایەتی بۆ كاك مەسعوود  كە بۆتە چەقی ململانێ‌ و خاڵی سەرەكی ناكۆكیەكانی هەرێم و لایەنە سیاسیەكان و گرێ‌ كوێرە نەكراوەكە و هەرێمی تووشی پشێوی و ئاڵۆزی و ناجێگیری سیاسی و ئابوری كردۆتەوە.
بەو هیوای هەرێمەكەمان و سەركردایەتی سیاسی كورد لە هەر بەشێكی كوردستاندا سیاسەتێكی سەربەخۆ و ئازادانەی كوردانە پیادە بكەن لەجێگەی خۆبەستنەوە و وابەستەكردنی بەرژەوەندیەكان بە حكومەتەكانی ناوچەكە كە لە بنچینەدا هیچ كات دۆستی كورد نەبون بەڵكو دوژمن و ناحەزی كورد و مەسەلەكەین.بەهیوای ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە ببێتەوە هۆكاری سەركەوتنێكی تری گەورەی هەدەپە كە بە دڵنیاییش سەركەوتنی گەورەیە بۆهەموو كوردان و شكستی گەورەشە بۆ دوژمنان.


‌ 4313 جار بینراوه‌
01/11/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved