وتار
كەنالە ئاسمانییەكانی هەرێم لەبەردەم هەڵەی مێژووییدا

كەریم عەبدوڵڵا هەرتەلی


ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دەیان كەناڵی ئاسمانی جۆراو جۆر ئەبینرێ‌ بە بێئەوەی سەرچاوەی دارایی ئەو كەناڵانە بزانرێت یان بزانرێت لەلایەن چ كەسێكەوە هاوكاری مادی و پشتیوانی لۆجیستی ئەكرێن، ئەم كەناڵانە ئەگەر كەناڵە حیزبیەكانی لێدەربكەین  ئەوە باسێكی ترەو ئەوانیش ئەتوانین بڵێین لە خزمەتی وڵاتەكەمان هیچ هەنگاوێكی باشیان نەنانەو ئەوانیش لایەنی چاك و خراپیان هەیە، بەڵام ئێمە لەم نوووسینەدا قسە لەسەر ئەو كەناڵە ئاسمانیانە ئەكەین كە ئەمڕۆ بوونیان هەیە سەرچاوەی داهات و پشتگیریان دیار نیەو كەس نازانێت هی كێن، كەس نازانێت لە كام حیزب نزیكن و یان كام دەوڵەتی ئیقلیمی ئاراستەیان ئەكات دژی گەلەكەمان، بەڵام بەهەر حاڵ ئەو كەناڵانە ئەمڕۆ بە نوێژی نیوەڕۆ دژایەتی گەلەكەمان ئەكەن لەهەرچوار پارچەی كوردستان كەلێرەدا تەنها ئاماژە بەچەند نموونەیەك ئەدەین.
تا ئێستا هەندێ‌ لەو كەناڵانە رۆژانە لەكاتی گواستنەوەی هەواڵدا بە بەرچاوی جیهانەوە ئەڵێن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بنكەو بارەگاكانی پەكەكەیان لەبناری قەندیل و كوردستانی باشوور بۆردومان كرد، ئەرێ‌ ئەگەر ئەمە شاهیدییەكی راستەخۆ نەبێت بۆ دوژمنانی كورد دەبێت ئەوە چیبێت، بەبەرچاوی جیهان رۆژانە فڕۆكەكانی توركیا گوندەكانی كوردستان بۆردومان ئەكات و باخ و بێستانی ئەسوتێنی و خەڵكی بێتاوان شەهید ئەكات، تۆش بەبەرچاوی جیهانەوە لە كەناڵێكی ئاسمانی دەچیتە پاڵ دوژمنێكی كوردی كە ناسنامەی كورد كوشتنەو ئەڵێی فڕۆكەكانی توركیا بنكەو بارەگاكانی پەكەكەی لە كوردستانی باشور بۆردومانكرد، جیاوازی ئەو كەناڵەو رژێمی توركی چییە لەبەرامبەر كێشەی كورد.
تا ئێستا هەندێ‌ كەناڵی ئاسمانی لەكوردستانی باشوور كە خۆیان ناوەزەد ئەكەن بە بێلایەن و سەربەخۆ، هەمیشە خەریكی گواستنەوەی وتارە ئاگرینەكانی دژ بە كوردی (ئەردۆگانن) كە لەهەر كونجێكی ئەو دونیایە قسەئەكات بە تایبەتی دژی كوردو قەتڵوعامكردنی كورد، ئەوان راستەوخۆ ئەیگوازنەوە، من تێناگەم چ سوود لەوە ئەبینن ئەردوگانێكی دژ بە كورد قسە دژی میللەتەكەمان بكات و گوندەكان و شارەكانی كوردستان تێكبدات و خەڵكی كورد جینۆساید بكات، كەناڵێكی كوردیش راستەوخۆ پەخشی بكات، ئەگەر ئەمە دژایەتی كردنی كوردو میللەتی خۆ نەبێت چ مانایەكی تر هەڵئەگرێت، مەگەر بڵێن دیارە ئەو جۆرە كەناڵانە پاڵپشتی مادی لە توركیاوە وەر ئەگرن.
هەندێ‌ كەناڵی ئاسمانی لەكاتی گواستنەوەی شەڕەكانی نێوان (داعش و پێشمەرگە)  پێشمەرگەو جۆری چەك و بەرنامەی پێشمەرگەو ناوی كوژراونی پَشمەرگەو خاڵە بێهیزەكانی پێشمەرگە ئەخاتەڕوو، ئەمەش لە رووی سەربازییەوە سوود بە دووژمن ئەگەێنێ‌ و زیانی بۆ پیلانەكانی سەربازی پێشمەرگە هەیەو بێئەوەی سانسۆرێك لەم وڵاتانەدا هەبێت لەسەر ئەو كەناڵانەو لەلایەن دەزگایەكی نیشتیمانی ئاراستە بكرێن و هەوڵ بدرێت لە بەرنامەی نیشتیمانی دەرنەچن.
زنجیرە دۆبلاژكراوەكانی ئەمڕۆ كە لە هەندێ‌ كەناڵی كوردی ئاسمانی پەخش ئەكرێن جۆرە شەڕێكی تری تایبەتە بە بەرنامە بۆ داڕێژراوی دژی گەلەكەمان پیادە ئەكرێت لەلایەن هەندێ‌ كەناڵەوە بێئەوەی بزانرێت ئەوان سەر بە كوێن و كێ‌ ئاراستەیان ئەكات لە كاتێكدا ئەو زنجیرە درامایانەی كە دۆبلاژكراون بە كوردی چەندین زیانی گەورەیان لەم وڵاتە داوە وەك  نەهێشتنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و هاتوچۆنەكردنی كۆمەڵانی خەڵك بۆ لای یەكتر بەهۆی ئەو كەناڵانەوە كە پەخشی دراماكانیان لەو كاتەدایە كە كاتی سەردانی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە، هەروەها زیانێكی زۆریان لە پرۆسەی خوێندن داوەو ئەتوانین بڵێن لەسەدا چلی ئەمڕۆی خوێندكاران و قوتابیان كە ناخوێنن و دەرناچن هەموو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زنجیرە دۆبلاژكراوانە كە گەنجانێكی زۆر خویان داوەتێ‌ و خوێندنیان بە قوربانی ئەوانە كردووەو ئەم زنجیرانەش ئەوەندە درێژن كە كۆتایان نایەت بەتایبەتی زنجیرەیەكی وەك ( وێستگەكانی تاكسی و دوو دڵ و كۆڵانەكانی پشتەوەو .. هتد) كە بەماوەی ساڵێك تەواو نابن و هەروا درێژەیان هەیە بێئەوەی سانسۆرێك لەسەر ئەو كەناڵانە هەبێت یان لێپێچنەوەیەكیان لەگەڵدا بكرێت.
هەروەها هەندێ‌ كەناڵی ئاسمانی لەكاتی روودانی قەیرانێك یان كێشەیەكی كۆمەڵایەتیدا یان كێشەی نێوان لایەنە سیاسیەكاندا رۆڵی خراپ ئەگێڕن و دەوری خۆشكردنی ئاژاوە ئەبینن بێئەوەی هەست بە خۆیان بكەن جاری وا هەیە ئەو كەناڵە ئاسمانیانە تەداخوڵ لە كاری كەسیەتی ناو خێزانەكانیش ئەكەن و رۆڵی خراب ئەگێڕن و ناوی خەڵك لەكەدارو ناشیرن ئەكەن بێئەوەی ئەو كەسە یان ئەو كێشەیە لەلایەن دادگاوە بڕیاری لەسەر درابێت بە یەكلایكەرەوە.
بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە بەرنامەیەكی نیشتیمان كە خزمەت بەگەلەكەمان بكات و بكەوێتە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەمانەوە دابنرێت لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و نوخبەی ئەو وڵاتەوە و رۆشبیران كە چاوێك بەم بێسەرو بەریەی ئەو كەناڵە ئاسمانیانەدا بهێنەوەو چوارچێوەیەكی نیشتیمانیان بۆ دابنرێت كە خزمەت بەكورد بكات نەوەك و بكەوێتە خزمەتی دژمنانی كوردەوەو ئاسایشی وڵاتی لەبەر چاو بگرێت نەوەك بەناوی ئازادی رادەربڕینەوە وڵاتمان دووچاری ئەو گێژاوە بێت كە ئێستا تێیكەوتووە بێئەوەی دوارۆژی ئەو ماڵوێرانیە بزانین كە بەسەر ئەم هەرێمەدا دێت لەسایەی ئەو كەناڵە ئاسمانییە دژ بەكوردانەی كە خۆیان بە بێلایەن ناساندووە.



‌ 1176 جار بینراوه‌
11/06/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved