وتار
خۆرئاوای كوردستان و پاراستنی كورد له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێكی ناڕۆشندا

هه‌وراز شوانی

  گۆڕانكارییه‌كانی خۆرئاوای كوردستان به‌ تایبه‌تی دوای شكستی داعش و كۆنترۆڵكردنی سێ یه‌كی خاكی سوریا له‌ لایه‌ن كورد و دواتریش بایه‌خی ئه‌مریكا به‌و ناوچه‌یه‌ و دامه‌زراندنی زیاتر له‌ (20) بنكه‌ی سه‌ربازی له‌و هۆكارانه‌ بوون كه‌ توركیا به‌ چاوی گومانه‌وه‌ بڕوانێته‌ ستراتیژی ئه‌مریكا و ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان، به‌ ڕاده‌یه‌ك راشكاوانه‌ بوونی قه‌وه‌رایه‌كی كورد به‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی لێكبداته‌وه‌، پێشی ده‌چێ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ له‌م بوارانه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا شكستیان هێنا بێ و چیتر توركه‌كان متمانه‌یان به‌ به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مریكا نه‌مابێ.

كاتێ سه‌رۆك ترامپ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوودا كشانه‌وه‌ی كتوپڕی هێزه‌كانی ئه‌مریكای راگه‌یاند، رۆژنامه‌ی (یه‌نی شه‌فه‌ق)ی سه‌ر به‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا گومانی له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌ربڕی، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چ كه‌لێنێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌یه‌.

دواتر لێدوانه‌ ڕه‌سمیه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ هه‌موویان پاراستنی كوردیان له‌ رۆژئاوا دووپاتكرده‌وه‌، زیاتر توركیایان نیگه‌ران كرد.

 له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ته‌نانه‌ت له‌ گه‌رمه‌ی هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ شه‌رڤانان هیچ كاتێك وه‌ك ئه‌م رۆژانه‌ی دوایی به‌رپرسانی ئه‌مریكا ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر پاراستنی كورد نه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش بێگومان بۆ كورد جێی دڵنیایی و بۆ توركیاش مایه‌ی شڵه‌ژان بوو.

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ئه‌مریكا وتی، ده‌بێ كورد له‌ هێرش و قڕكردن له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ ببپارێزرێ، ئه‌م لێدوانه‌ ڕه‌هه‌ندی زۆری هه‌یه‌ لێكدانه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵئه‌گرێ، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ لێپرسراوێكی گه‌وره‌ی وڵاتێكی گه‌وره‌ به‌مشێوه‌یه‌ باسی توركیا ده‌كات، ڕه‌نگه‌ له‌ ئاینده‌شدا ده‌ركه‌وته‌كانی زیاتر سه‌ر هه‌ڵبده‌ن .

هه‌ندی سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆڵتۆن له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ كاربه‌ده‌ستانی توركیای وتووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی پاراستنی كورد مسۆگه‌ر نه‌كرێ له‌ سوریا ناكشێنه‌وه‌ .

ڕه‌نگه‌ دیوێكی گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر توركیا ناچاركردنی ئه‌نقه‌ره‌ بێ به‌وه‌ی دان به‌ دیفاكتۆی خۆرئاوای كوردستاندا بنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هاته‌ دی ئه‌و كات زمینه‌یه‌ك ده‌ره‌خسێ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ش له‌ باره‌ی باكوره‌وه‌ بكرێ .

به‌ كورتی ده‌كرێ بڵێین لێدوانی ئه‌م دواییه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا : “دڵنیایه‌كه‌ بۆ پاراستنی كورد له‌خۆرئاوایی كوردستان، ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌كی راسته‌وخۆشه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ توركیا، به‌ڵكو بۆ حكومه‌تی سوریا و لایه‌نی دیكه‌ش بۆ هه‌ر هێرشێك بۆ خۆرهه‌ڵاتی فوڕات “.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا چاره‌سه‌رێكی سیاسی و بنه‌ڕه‌تی بۆ قه‌یرانی سوریا دانه‌رێژرێ و مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر نه‌كرێ، نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی كورد له‌ خۆرئاوای كوردستان له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مڕۆی نا ڕه‌وێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش تا ئێستا ئه‌مریكا له‌ سوریا خاوه‌ن سیاسه‌تێكی روون وئاشكرا نیه‌، هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌كانی ساڵانی رابردووی واشنتۆن ئه‌زمونێكی به‌ كورد به‌خشی كه‌چۆن له‌ ئه‌گه‌ره‌ جیاوازه‌كاندا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، باشترین نمونه‌ش له‌م رووه‌ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی و دانوستانه‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق دا.

‌ 423 جار بینراوه‌
19/01/2019
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved