وتار
میدیای كوردی و سوكایه‌تی به‌ به‌های مرۆڤ

ئارەزوو نوری

 

ماوه‌یه‌كه‌ به‌شێك له‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان دوور له‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ زانستی و پیشه‌یی و ئه‌خلاقییه‌كان له‌ به‌رنامه‌كانیان گۆشه‌یه‌كی نوێیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ئه‌ویشیان خستووه‌ته‌ سه‌ر باری نه‌نگییه‌كانی دیكه‌یان، ئه‌ویش كڕینی كه‌رامه‌تی خه‌ڵك و یاریكردنه‌ به‌ به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانیان و پیشاندانی ئه‌و دیمه‌نه‌ دزێوانه‌ و گشتاندنیانه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا.

مرۆڤ له‌ هه‌ر ره‌وش و دۆخێكی گوزه‌ران، ژیان، ژینگه‌ و پله‌ و په‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسییدا بێت، ته‌نانه‌ت هه‌رچه‌ندێكیش ساویلكه‌ بێت، به‌ڵام ده‌بێت مافه‌كانی پارێزراو بن و كه‌رامه‌تی نه‌ڕووشێندرێت.

به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌ ناوخۆیی و ئاسمانییه‌كان به‌ هه‌ندێ به‌رنامه‌ی سه‌یر، كه‌ به‌نێو خه‌ڵك بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌ بڕێك پاره‌ كاری سه‌یرو سه‌مه‌ر به‌ هه‌ندێك هاوڵاتی ده‌كه‌ن، كه‌ ره‌نگه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت، ئه‌و هاوڵاتییه‌ درك به‌وه‌ نه‌كات، به‌و كاره‌ ماف و كه‌رامه‌تی پێشێل كراوه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست لێی ریسواكردنی كه‌سایه‌تی تاك یا خانمان بێت له‌نێو خه‌ڵك! یا مه‌به‌ست لێی گۆڕینی كلتوور و به‌ها باڵاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری بێت!

به‌ڵێ له‌ پرۆگرامی شێواوی نا میدیاییدا، كه‌سێك به‌ مایك و به‌ زمانێكی ئاست نزم و فه‌رهه‌نگێكی خاڵی له‌ ئه‌ده‌ب و رێز له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌دوێت و به‌چه‌ند هه‌زارێك وا له‌خانمێك ده‌كات درۆ له‌گه‌ڵ دایكی بكات و بڵێ دووگیانم یا وای لێبكه‌ن به‌دوای كوڕان بكه‌وێت و داوای په‌یوه‌ندی سۆزداری لێبكات كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین سوكایه‌تیه‌ به‌ كه‌سایه‌تی خانمێك بكرێت له‌ نێو عه‌قڵییه‌تی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ یا وا له‌و خانمه‌ بكرێت ئه‌و ره‌فتاره‌ ئه‌نجام بدات..

 لێره‌ ئه‌زموونی به‌شێك له‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هیچ له‌باره‌ی ئه‌خلاقی پیشه‌كه‌یانه‌وه‌ نه‌زانن و ته‌نها كه‌سانێك و كۆمه‌ڵێك به‌ناو بێژه‌رو په‌یامنێر كۆبوونه‌ته‌وه‌ و به‌رنامه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕیانه‌ی ئاست نزمیان كردووه‌ته‌ تۆپی كاری میدیاییان و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ یاری به‌ كه‌رامه‌ت و ژیان و به‌های تاك و به‌ها باڵاكانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، نه‌ك له‌ پێناو ئه‌ركێكی میدیایی، به‌ڵكو له‌ پێناو گه‌رمكردنی هه‌ڕاجه‌ بازاری خۆیان و خاوه‌نه‌كانیان. ئیتر بیرۆكه‌ی به‌رنامه‌ و چ پرسیارێك ده‌كرێت و چۆن كه‌سه‌كان به‌ پاره‌ ده‌كڕن و ده‌نرخێنن ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وان چونكه‌ توانستی ئه‌وان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ له‌و بواره‌.

یا بڵاو بوونه‌وه‌ی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و توانجی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی به‌و جۆره‌ ریسواكه‌ر ئه‌بێت چی بێت؟ جگه‌ له‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك قسه‌ی نه‌شیاو به‌و خانمانه‌ ده‌كرێت كه‌ بۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجام داوه‌!

به‌جدی پێویسته‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان سنوورێك بۆ ئه‌م هه‌ڵه‌ت و په‌ڵه‌تییه‌ی نێو میدیای كوردی دابنێن كه‌ كه‌سانێك هیچ له‌بنه‌ماكانی پیشه‌كه‌ نازانن رێگه‌یان پێ نه‌درێت موماره‌سه‌ی كاره‌كه‌ بكه‌ن.. یا سانسۆر له‌سه‌ر هه‌ندێ جۆری به‌رنامه‌ دابنرێت كه‌ جگه‌ له‌ نانه‌وه‌ی كێشه‌ و قسه‌و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵكی هیچ سوودێكی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌.

‌ 324 جار بینراوه‌
19/01/2019
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved