وتار
ئەردۆگان هیتلەری سەدەی بیست و یەكەم !

نەوزادی موهەندیس





ئاشكرایە كە توركیای عوسمانی لەكۆتاییەكانی تەمەنیدا لە ساڵانی 1914-1918دا بوە لایەنگر و هاوپەیمانی وڵاتانی میحوەر بە رابەرایەتی ئەڵمانیا و ئەنجامیش شكست و لەناوچوون و دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی نەخۆشی عوسمانی لێكەوتەوە . بۆ دووەم جاریش لەسەدەی بیستدا جارێكی تریش توركیای ئەتاتوركی بوەوە لایەنگر و هاوپەیمانی ئەڵمانیای هیتلەری و ئیتالیای مۆسۆلینی لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە 1939-1945 و بەهەمان شێوەش جارێكی تر شكست و سەرشۆڕی سیاسی و ئابوری توشی توركیا هاتەوە.
هەردوو ئەو ئەزمونە شكستخواردوەی توركیا لە ئەنجامی غرور و خۆبەزلزانین و توشبونی بە شێتێتی گەورەیی و داگیركردن و خۆفراوانكردن لەسەر حسابی خاك و گەلانی ناوچەكەبوو، بەهەمان شێوە باكگراوندە دڕەندەیی و خۆشی بین لە توندوتیژی و رشتنی خوێن و فرمێسك لەلای تاك و سەركردەی توركەكان هەمیشە بە زەقی و تۆخی ماوەتەوە لەهەموو قۆناغ و سەردەمەكاندا.
هەربۆیەشە لە ئێستادا حكومەت و دەسەڵاتی توركیا كە لەلایەن تاكڕەوی سەدەی بیست و یەكەم و سەركردەی ئاكپارتی لە 2002وە بەتەنها و بێ‌ ركابەر و هاوبەش هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی دەوڵەتی توركیای گرتۆتە دەستەوە و بەهیچ جۆرێك نەرمی نانوێنێت و بەهەموو پەنجەكانیەوە و بەوپەڕی توندیەوە دەستی بەدەسەڵاتەوە گرتوە و لە پێناو مانەوەی خۆی بەپلەی یەكەم و حیزبەكەشی بە پلەی دووەم هەموو رێگاكانی گرتۆتە بەر هەر لە دوژمنایەتی و دەركردنی هەڤاڵەكانی دوێنێی و دوژمنایەتی تەواوی حیزبە سیاسی و سەركردەكانی توركیا و دوژمنایەتی سەرجەم گەلانی توركیا بە عیلمانی و ئیسلامی و نەتەوەیی و مەزهبیانەوە و دوژمنایەتی دەنگ و رەنگە ئازادی و دیموكراسیخوازەكان و میدیا و رۆژنامەگەری ئازاد، دوژمنایەتی ئاشتی و پڕۆسەی ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ هەمواندا..بەم جۆرە ئەردۆگان و حیزبەكەی كە دروستكراوی خۆیەتی بونەتە مۆتەكەیەك و نزیكەی 14 ساڵە خۆیان سەپاندۆتە سەر سنگ و نەفەسی دەوڵەت و دەسەڵاتی توركیا.
ئەردۆگان لەدوای 14 ساڵی دەسەڵاتی رەهای لە توركیادا هەر لەسەرۆك حیزب و سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماریەوە لەسەرەتاوە بیرۆكەی زیندووكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سوڵتانە عوسمانیەكانی لە مێشكدا بوە و بەرنامە و پیلانی بۆ داناوەو لە ئێستادا گەرەكێتی كە سیستەمی حوكمڕانی لە توركیادا بگۆڕێتە سەر سەرۆكایەتی و بەمەش خۆی دەكاتە بكوژ و ببڕ لە توركیای بەناو عیلمانی و ئەتاتوركی و دیموكراسیدا و بەمەش جارێكی تر توركیا دەگەڕێتەوە بۆ سروشتە دڕندەیی و خوێنڕێژ و زاڵم و چەوسێنەرەوەی هەموو گەلانی ناو توركیاو دەست دەكاتەوە بە قاتوقڕ و جینۆسایدی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانی ئەرمەن و كورد و عەلەوی و چەركەس و عەرەب وئاشوری و ...هتد. ئەردۆگان گەرەكێتی لەسەدەی بیست و یەكدا ئەزمونە شكستخواردوەكانی سەردەی بیست دووبارە بكاتەوە بەوەی كە ببێتە هیتلەری سەردەم و لە لێدوانێكی خۆیدا نەیشاردەوە كە ((هیتلەر جێگەی سەرنج و ئیعجابێتی و دونیای ئێستا پێویست بە چەند هیتلەرێكی نوێ‌ دەكات بۆ بەڕێوەبردنی)). بەم شێوەیە باكگراوندە تۆرانی و توندوتیژیە توركیەكەی تۆخ بۆتەوە و لەماوەی ئەم دووساڵەی رابردوودا و لەوكاتەوەی چەتەكانی داعش بەرۆكی ناوچەكەیان گرتوە لە سوریا و كوردستان و عێراق، ئەردۆگان گەرەكێتی خەونە زڕەكانی لە رێگەی پاڵپشتی و لایەنگیری داعشەوە بێنێتەی دی و خۆی بكاتەوە بە دەمڕاست وخەلیفەی ئیسلام و مسوڵمانان، لە پێناو گەیشتن بەو ئاواتەشیدا پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەكانی لەگەڵ دەرودراوسێ‌ و وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت روسیا و ئەمریكاشدا تێكداوە و بەهەموو لایەكدا هەڕەشە و گوڕەشەی كوشتن و خوێنڕشتن دەكات، و تەقینەوە خۆكوژیەكانی پاریس و بەلجیكا و سوید و نەرویج و ئەڵمانیا و ..هتد. و دوژمنایەتی كورد لە باشوور و باكور و رۆژئاوای كوردستانیش كە بونەتە سیمبولی ئازادی و دیموكراسی و قەڵغانی هەموو جیهان بەرامبەر تیرۆری چەتەكانی داعش و بەمەش ئەردۆگان توشی نەخۆشی (( دژە كورد)) بوە و هەر ئەم دژایەتیەشی بۆ كورد كردویەتیە دڕندەیەك لای ئەمریكی و ئەوروپیەكانو پەیوەندیەكانیانی لاواز كردوە،نمونەی زیندوون بۆ دەستێوەردان و هەڵخلیسكانی ئەردۆگان و حیزبەكەی بۆ كاری تیرۆریستی و تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و دونیاش و كاركردن بۆ گەورەكردنی شەڕەكە و دەرچوونی لەچوارچێچوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەردۆگان و توركیا لە ئێستادا لە خراپترین دۆخی سیاسی و ئابوریدان چونكە هەڵەكانی ئەردۆگان لەگەڵ دەرودراوسێدا و لەگەڵ گەلانی ناوخۆی و بەتایبەتیش كورد و مەسەلەكەیدا و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشدا وایانكردوە كە سەرەتا ئاكپارتی رووبەڕووی ململانێی باڵەكانی ناوخۆی ببێتەوە و نمونەی دەرچوونی عەبدوڵا گویل و داود ئۆغڵو و سەركردەكانی تریش سەرەتای كۆتایی دەسەڵات و یەكگرتویی و بەهێزی ئاك پارتیە و پاشگەزبونەوەشی لە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورددا(( هەدەپە و پەكەكە))دا سەرەتای گەڕانەوەیە بۆ دۆخی نەوەدەكانی سەدەی رابوورد و دەسەڵاتی عەسكەر و تێكدانی پەیوەندیە سیاسی و سەربازی و ئابوریەكانیشی لەگەڵ سوریا و عێراق و روسیا و میسر و ئیسڕائیلیش توركیای لەناوچەكە دابڕیوە و قەتیس و لە قالبَی داوە، پشتیوانی ئاشكرا و نهێنی لە چەتەكانی داعش و تیرۆریستان پەیوەندیەكانی ئەوروپا و ئەمریكاشی لەرۆزك كردوە . بۆیە بەردەوامبوونی ئەردۆگان لە سەر سەركێشی و سەرەڕۆیی و خۆبەزلزانین و هەڵەكانی، بەدڵنیای ئاكپارتی و توركیا بەرەو خوێنڕێژی زیاتر و دابڕان و پەراوێزخستنی زیاتر دەبات وئایندەشی بەرەو تونێلێكی تاریك ئاڕاستە دەكات و دواتر ناوچەكەش گیرۆدەی جەنگێكی درێژخایەن دەكات و دووریش نیە ئەم جەنگە درێژەی هەبێت و زلهێزەكانی دونیاش بەشدار ببن و هەموو دونیاش بگرێتەوە, بەمەش ئۆباڵی هەڵگیرسانی جەنگێكی نوێی جیهانی دەكەوێتە ئەستۆی ئەرۆگان و توركەكان (( هیتلەری سەدەی بیست و یەكەم))، هەروەك چۆن جەنگی جیهانی دووەم ئۆباڵی هەڵایسانی و زەرەرو زیانە مرۆیی و مادیەكانی كەوتۆتە ئەستۆی هیتلەر و ئەڵمانیای نازیەوە.

‌ 2189 جار بینراوه‌
11/06/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved