وتار
پێگەی هەرێمی كوردستان دوای ریفراندۆم

هه‌وراز شوانی


ئەگەرچی دەستوری عێراق پێگەیەكی تا رادەیەك بە هەرێمی كوردستان بەخشی، بەڵام دوای ریفراندۆم كورد بەشی زۆری فاكتەرەكانی هێزی لەبەرامبەر عێراقدا لە دەستداو لە پێگەیەكی لاوازەوە دانوستانی كردو بەغداش لە روانگەی مەنتیقی دۆڕاو و براوە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمدا كردو لە بوارەكانی فڕۆكەخانەو خاڵە سنورییەكان و هتد.. مەرجەكانی بەسەردا سەپاند.
سەرەڕای كارەسات و لێكەوتە خراپەكانی ریفراندۆم بەداخەوە تا ئێستاش كەسانێك هەن نەك هە دان بەو هەڵە سیاسییە كوشندەیەدا نانێن، بەڵكو بە (دەسكەوتی مێژوویی) لە قەڵەم دەدەن.
یەكێك لەو دەرەنجامە خراپانە پاشەكشێی بەرچاوی هەرێمی كوردستان بوو لە رووی دیبلۆماسی و مامەڵەكردنی وڵاتانی دنیا بە تایبەتیش وڵاتانی بڕیار بەدەست.
لە رۆژانی پێش ریفراندۆمو بە تایبەتیش لەماوەی شەڕی داعشدا هەر وەزیرو لێپرسراوێكی بێگانە سەردانی بەغدای بكردایە دەهاتە هەولێرو كورد لە جەنگی دژە تیرۆردا پێگەیەكی بەدەستهێناو بوو بە بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
هەر لە سەرەتاوە دژایەتی هەموو دنیا بۆ پرۆسەكە زەنگێكی مەترسیدارو بەڵگەی شكست بوو، دۆستانی كورد ئامۆژگاری بارزانیان كرد لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە (نامەكەی تیلەرسۆن و پەیامەكەی ماكگۆرك)، بەڵام ئایا بارزانی لە پەیامەكە نەگەیشت یان مەسەلەیەكی شاراوە لە ئەنجامدانی پرۆسەكەدا هەبوو؟
دواتر وەك ئاشكرایە بارزانی لەژێر گوشاری ئەمریكا دەستی لە سەرۆكایەتی هەرێم كێشایەوە، بەغدا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم دەستی واڵا كرا، كوردستان لە پەیوەندییەكان پەراوێزخرا، ئەمریكاش بەساردی مامەڵەی لەگەڵ حكومەتی نێچیر و قوباد دەكرد.
ئێستا ناوچەكە بە جموجۆڵێكی سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسی چڕدا تێپەڕ دەكات، وەك دەردەكەوێ ئەمریكا دەیەوێ دەسەڵاتی ئێران و گروپە چەكدارەكانی سەر بە تاران لە عێراق نەهێڵێ و ئیتر بەغدا نەتوانێ لەسەر پەتی ئەمریكا- ئێران یاری بكات، واتە بۆ بەغدا كاتی بڕیارە قورسەكە هاتووە، عێراق دەبێ لە هەڵبژاردنی ئەمریكا یان ئێران بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات، رەنگە سەردەمی هاوسەنگی پەیوەندییەكانیش بەسەر چووبێت، لەلایەكی دیكەوە سەرەتای كۆتایی قەیرانی سوریایە.
هەموو ئەم گۆڕانكارییانە پێمان دەڵێن هەرێمی كوردستان لەبەردەم پێشهاتی تازەدایە كە رووەكانی شاراوە نین.
ئەگەرچی هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كاتی سەردانی هەرێمی كوردستاندا زیاتر باسی مەسەلەی نەوت و نەفرۆشتنی بە ئێران كردووە، بەڵام هەر خودی سەردانەكەو دواتر سەردانی وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنساو ئێران هەواڵی دڵخۆشكەرن بەوەی دەكرێ هەرێمی كوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەكەو جیهان پێگەی پێش ریفراندۆم بەدەستبهێنێتەوە بەمەرجێ سەركردایەتی كورد جارێكی دیكە هەڵەی ستراتیژی هاوشێوەی ریفراندۆم دووبارە نەكاتەوەو خۆی لە ململانێیە تایەفییەكان بە دوور بگرێ كە سەرتاسەری ناوچەكەی گرتۆتەوە.
بەڵام بە بوونی سەركردایەتی ئێستا كە هەل و هەرێمی كوردستانی دووچاری شكستی سیاسی و ئابوری گەورەكردۆتەوە كەس ناتوانێ گرەنتی ئەو ئەركە بكات.
كورد لەناوخۆدا لاوازەو بنەما سەرەكییەكانی فاكتەری هێزی لەدەستداوە، هێزە سیاسییەكانی كورد لەباشور پەرتەوازەن و ستراتیژی هاوبەشیان نییە، سیاسەتی پارتیش لەبەرامبەر یەكێتی و هێزەكانی دیكەو پرسی كەركوكیش ئەوەندەی دیكە پێگەی كورد لاواز دەكات.
بەردەوامی ئەم رەوشە لە ناتەبایی سیاسی و ململانێی نادروست هۆكاری هاندەرنین كە كورد بتوانێ هاوتەریبی پێشهاتەكان هەنگاو بنێت، ئەمەش ئەو گومانە زیاتر دەكات كە ئەو پیلانە ئیقلیمییەی لە ساڵی 1991ەوە لە دژی ئەزموونی باشور بەڕێوەدەبرێ هەر جارەی بەشێوەیەك بەردەوامە، وەك هەستیشی پێدەكرێت هەرچەندە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە خێراتر بن، مەودای پیلانەكەش زیاتر دەبێت.



‌ 93 جار بینراوه‌
09/02/2019
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved