نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
سیاسەتی وزە و گۆڕانی ئیقلیمی و جیهانی - بەشی نۆیەم

 د.مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا

ئابووری بەهێز هەمیشە سیاسەت ئاراستە دەكات، پێگەی جێگیرتر دەكات، خاوەن متمانەی دەرەكی دەبێت ئەگەر بارودۆخی ناوخۆی سەقامگیر بێت، پرۆژە و پەیوەندی و بەرژەوەندی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی هاوشێوەی خۆی یا جیاواز لە ئاستی خۆیدا بنیاتدەنێ، لەسەر ئاستی جۆراوجۆری كۆمەڵگا گۆڕان روودەدات و پتەوكردنی ژێرخان كاری لەسەر دەكرێ، سەلیقەیی و شارەزایی و تایبەتمەندێتی لە بواری كارەكاندا جیادەكرێتەوە، زانست دەبێتە چەكی شەڕ و پیشەسازی گەشە و پەرە دەسێنێ، كواڵیتێتی خۆماڵی ركابەری دەكات و ترسی لە حاڵەتی لەناكاو نابێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكەی زۆر بەهای دیكە، كە تایبەتمەندیەك دەدا بە سیمای ئەو كۆمەڵگا و دانیشتوانە.
زۆربەی وڵاتانی ئەفریقیا كە سامانی وزەیان هەیە بەڵام كۆمەڵگاكەی بە رێژەیەكی زۆر لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، یا داهاتی ئەو سامانەی دەوڵەت بە هیچ شێوەیەك لە خزمەتی خەڵك و مافەكانیاندا نەبووە، كەچی كەرەستەخاوەكانیان لە خزمەتی بەرهەمە پیشەسازییەكانی چین و ئەمەریكا و یابانن، زەوی زارەكانیان بۆ فرۆشتن و بەكرێدانی وڵاتانی وەكو سعودیە فەراهەم كراوەن، ئەوەش ئاشكرایە كە پێوەری پێشكەوتنی وڵات لە سێ رەهەندا خۆی دەبینێتەوە، لە بواری تەندروستی و رێژەی خوێندەواری و داهاتی بژێوی تاكی ئەو كۆمەڵگایە بە گشتی، لە هەر سێ رەهەندەكەشدا ئەفریقا كیشوەرێكی پڕ لە قەیرانی تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتیە.
وڵاتی چین پێنجەمین وڵاتی سەر دونیایە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا، كەچی بەرهەمەكەی بەشی پێداویستی بەرهەمهێنانی ناوخۆی خۆی ناكات، من نامەوێ بەراورد لە نێوان كوردستان و چین بكەم، بەڵام مەبەستم ئەوەیە، بۆچی ئەو وڵاتانەی پێشكەوتوون توینووی وزەن؟ چونكە پیشەسازیان هەیە، ژێرخانیان بنیاتدەنێن، فابریكی بەرهەمهێنان و كاڵا دروستكردنیان هەیە، بەرنامەیان هەیە و وزە بووەتە شادەماری كار و كارنامەیان، وزەی كوردستان وزە وەكو كەرەستەی خاو دەفرۆشرێ و كەرەستە و كاڵای ئامادەكراو هاوردە دەكات، كۆمەڵگاش بێ كار و بێزار، پەروەردە هەمووی روو لە خوێندنی تایبەت، ژێرخانت شلۆق، ئەم هەرێمە ستراتیژی پلان و بەدواداچوون و بنیاتنانی دەوێت، دەبێت كەسانی لێهاتوو بێنە مەیدان و ئەم كۆمەڵگایە بشڵەقێنن، حیزب ناتوانێ هۆشمەندی دروست بكات بە بێ رایەڵكردنی كۆمەڵگا بە داهێنان و بەرهەمهێنانەوە، دەبێ بازنەی تێگەیشتن لە ئەركی حیزب بەرەو ئەركی تاكی بێ لایەن براوانتر ببێتەوە.
ئەو كاتەی هەولێر كەوتە حاڵەتی ئامادەباشی و ترسی هاتن و گەیشتنی ئەو گروپە تیڕۆرستەی داعشی بوو، هەموو لایەكی تووشی دڵەڕاوكێ كردبوو، ئوبامای سەرۆكی ئەمریكا وتارێكی پێشكەش كرد و وتی : هەر كاتێ بەرژەوەندیەكانمان بكەونە ژێر هەڕەشەوە، ئێمە لەو شوێنەدا دەست بەكار دەبین و داكۆكی دەكەین، دیارە ئێمە هەموو لایەك ئەم قسەیەمان بە پڕاكتیكی بینی، ئەوەشمان لەبیر نەچێت نائارامی ئۆكرانیا و روسیا و سەرقاڵی ئەوروپا و ئەمریكا بەو كێشەیەوە، یا شەڕی درێژخایەتی سوریا یا روخانی قەززافی و سەددام، وەڵامی زۆر پرسیاری ستراتیژی دەدەنەوە، هەرچەندە لە ئێستادا یارییە سیاسییەكان ئاڵۆزتر بوونە بەڵام كۆمپانیا گەورەكانی دەرهێنانی نەوت وەكو ، ئێكسۆن مۆبیل، تۆتال، شیڤرۆن و گازپرۆم، كە كار و بەرنامەكانیان لە كاتێكدا دەست پێ دەكەن كە ئارامی و ئاسایش لە هەرێمدا چەتری خۆی هەڵدا و دڵەڕاوكێ و شڵەژانی تووش نەبێ، لەبەر ئەم هۆیە و لەبەر ئەوەی وزە بڕبڕەی پشتی ئەمریكا و وڵاتە پیشەسازیەكانی ئەوروپا و چین و هەموو وڵاتەنەیە كە لە ریزبەندی سەرەوەی بەرهەمهێنان و كێبڕكێدان، هیچ دوور نییە كە بەرنامەیەكی هاوبەشی درێژ خایەن هەبێ بۆ قۆزتنەوەی وزەی هەرێمی كوردستان، كوردستانیش دەبێ وەكو خاڵێكی بچوكی نێو گۆڕەپانی ململانێی ئابووری جیهان تەكتیكی گونجاو و سەردەمی هەبێ بۆ ستراتیژی چارەنووسەكەی، بەڵام ئەمە بە سەپاندنی بڕیاری حزبی نابێ ئەگەر نیشتیمان وەكو یەكەیەكی گشتی لەبەر چاو نەگرێ، سیاسەتی وزە سیاسەتی نێونەتەوەیی دەوێ، لە سیاسەتی ئیقلیمیدا وریا و لە نێو دەوڵەتیدا یاریكەرێكی زرنگ بێت، گەمەی سیاسەتی وزە ئاڵۆزە بەڵام مەعاڵ نیە، هەرچەند ئەوروپا دەمێكە لە ئەلتەرناتیڤێك دەگەڕێت بۆ وزەی روسیا، بەتایبەت غازەكەی، ئەمریكاش لە هاوپەیمانیەكی درێژخایەنی وەكو سعودیە دەگەڕێ، تا بتوانێ لەبەر كێبڕكێی لەگەڵ چیندا سەركەوتوو بێت، ئەمانە هەمووی فاكتەرن بۆ چاو بڕینە وزەی كوردستان، بەڵام ئایا كوردستان چۆن و بە چ نرخێك خۆی دەفرۆشێت بە سیاسەتی ئەوان و چ گەمەیەكی شایستە دەكات؟
ئێستا بەهۆی كیشەی ئەتۆمی ئێرانەوە و قەیرانی روسیا لەگەڵ سوریا و ئۆكرانیا و ئەوروپا لەلایەكەوە و سەرقاڵی ئەمریكا بە سێكوچكەی ئێران و چین و روسیا و بە كێشەی ڤێنزوێللاوە، جیهانی ئابووری و وزە لە ململانێیە، كاتی ئەوەیە كوردستان لەم گۆڕەپانەدا چەمكی دواڕۆژ و بڕیاری ئێستای بە جۆرێك پێكەوە گرێ بدات كە لە خزمەت ستراتیژی سەربەخۆیی ئابووری خۆی بێت، چەكی دەستی كوردستان كە وزەیە، باشترین چەكی خۆسەپاندنە بەسەر توینێتی جیهان بۆ وزە، نەك ببێتە خزمەتكاری ئەو دەوڵەتانەی بڕیاریان بەدەستە، یا تەنها بۆ زەوتكردن و قۆرخكردنی داهاتەكەی بن وەكو ئەوە سیاسەتەی لەگەڵ توركیا دەیكات، گرێبەستی پەنجاساڵەی كوردستان لەگەڵ توركیا زۆر زیان لە لۆژیكی پۆزەتیڤی مەسەلەی سیاسەتی وزەی كوردستان دەگەیەنێت بۆ ئەمڕۆ و داهاتووش.
بوونی سەرچاوەی وزە تەنها لە چوارچێوەی بواری ئابووریدا سەنگی خۆی داناكوتێ، پێگەی وزە و سەرچاوەكانی لە هەر وڵاتێكدا، پەیوەندیە دیپلۆماتی و بەرژەوەندیە هەمەلایەنییەكانی ئەو وڵاتە و پلانی شیرازەی داهاتووی دادەڕێژێت، دڵنیابوون لە هەبوونی وزە بۆ بەرهەمهێنان، واتە دڵنیابوون لە بەردەوامیدان بە بەرهەمهێنان، بوونی وزە بواری سیاسی و ئابووری و پەیوەندیە ستراتیژیە نێودەوڵەتیەكان و بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەكان و وابەستەیی بڕیاردان و پاشكۆیی هەر یەكەیان بەویترەوە دەبەستێتەوە، بە بەردەوامی ئەگەر بە نادادپەروەریش بێت، لە كوردستاندا سیاسەتی وزە لە چوارچێوەی سەپاندن و پتەوكردنی پێگەی حیزبی و لەسەر بناغەی قۆرخكردنی دەنگی خەڵكە بۆ بەرژەوەندی حیزب و بەرژەوەندی حیزبیش بۆ دەسەڵاتی ئابووری و دەسەڵاتی ئابووریش لە پێناو داكوتانی بنجی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری رەهای سیاسیە.

‌ 412 جار بینراوه‌
20/04/2019
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved