وتار
قوتوە رەشەكانی ئەردۆگان كێن؟

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


یەكێك لە قوتوە رەشەكانی پشتی شكستهێنانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا (فەرەیدون سنرلی ئۆغڵو)ـە، كە ماوەی ١٤ ساڵە لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا وەكو راوێژكار دەستبەكارە، جگە لەوە ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٩ راوێژكاری تایبەتی  ئەردۆگان كاروباری دەرەوە بووە بۆ سوریا وعێراق و بەئاگاداری ئەردۆگان سەرپەرشتی راستەوخۆی داعش و بەرەی نوسرەو  احرار الشام و سوپای فەتح و ئەو ٣٦ لیوایەی كردووە، كەبەناوی سوڵتانەكانی عوسمانییەوە ناونراون لە لیوای (Tugay) سوڵتان سولەیمانەوە دەستپێدەكات ساڵی ١٢٩٩ بۆ  دوا سوڵتانی عوسمانی ساڵی ١٩٢٢ .
سەرجەم ئەم لیوایانە بەئاگاداری سەرۆك وەزیرانی ئەوسا ئەحمەد داود ئۆغڵو و ڕاوێژكاری هەواڵگری نەتەوەیی تورك ( میت) و سنرلی ئۆغڵو دەمەزراون وبەڕێوەبراوە، ئەم لیوا تایبەتانە دەستیان سورە بەخوێنی هاوڵاتیانی رۆژئاوا و خەڵكی سوریا، ئەركی سنرلی ئۆغڵو ئەوە بوە كە ئەو هێزانە بەهاوكاری میت ئامادەبكات بۆ لێدانی هێزەكانی یەپەگە لە رۆژئاواو میتیش ئەركی رێكخستنیانی گرتۆتە ئەستۆ، لەگەڵ كەوتنی داود ئۆغڵودا فەرەیدون سنرلی ئۆغڵوش لەكارەكای دوورخرایەوەو نێردرایە نوێنەرایەتی توركیا لەنەتەوە یەكگرتوەكان وشكستی سیاسەتی دەرەوەی بەتایبەتی لەگەڵ ئەڵمانیاو ئەوروپادا بەسەردا ساغكرایەوە، جگە لەوە ئەردۆگان زۆربەی كاربەدەستانی باڵیۆزخانەكانی توركیای لە وڵاتاندا گۆڕیوەو گەڕاندۆتەوە، لە مێژووی كۆمارەكەدا تەنها یەك كەسێك بەهەمان ئەندازەی سنرلی ئۆغڵو ماوەی ١٤ ساڵی ڕاوێژكار بوبێت لەوەزارەتی دەرەوە، ئەویش (نعمان مەنەمەنجی ئۆغڵو)ـە، كەلەساڵی ١٩٢٩ تا ساڵی ١٩٤٣ ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا بووە، سنرلی ئۆغڵو بەئەندازیاری دەركردنی ( عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە سوریادا دەناسرێت و هاوكات بەئەندازیاری گواستنەوەی شەڕی دژی كورد لەدەرەوەی سنوری جوگرافیای توركیا دادەنرێت بەتایبەتی رۆژئاوا، هەروەها بەوە تاوانبار دەكرێت، كە توركیای بەرەو دابڕان وتەنیایی بردووە، هەرچی هاكان فیدانە بەئەندازیاری ئەنتی كورد ناسراوە و شەڕی سوتماكی ئێستای شارەكانی باكوری كوردستان هاكان فیدان پاڵەوانەكەیەتی، كەبەقوتوە رەشەكەی ئاڵۆزكردنی كێشەكانی ناوخۆ ناسراوە، لێرەدا مەبەستمان لە ناسینی قوتوە رەشەكان  ئەوەیە، كە لەناو ئاكپارتی حكومەتەكەیدا ئەو كەسە گرنگە، كە گوێڕایەڵی سوڵتان ئەردۆگانە پۆستەكان بەتایبەتی پۆستە حكومییەكان ئەوەندە گرنگ نین ( موختارێك) لە ئەندام پەرلەمانێك و وەزیرێك گرنگترە، سنرلی ئۆغڵو لە مەولود چاوش ئۆغڵو  دەسەڵاتدارترە، لەكاتێكدا سنرلی ئۆغڵو راوێژكارە لای وەزیری دەرەوە مەولود چاوش ئۆغڵو، بەهەمان شێوە كێ دەزانێ وەزیری ناوخۆ كێیە ؟ ئەگەرچی ئەفكان ئاڵا بو پێشتر، بەڵام هەرگیز دەسەڵاتی راوێژكاری هەواڵگری نەتەوەیی توركی (هاكان فیدان) نەبووە، دەسەڵاتی ئەم دو قوتوە راستەوخۆ لە سوڵتانەوە شۆڕبۆتەوە بێ گوێدان و گەڕانەوە بۆ وەزیرانی دەرەوە وناوەوە ! تەنانەت سەرۆك وەزیران داود ئۆغڵوش نەیدەتوانی بەقسەیان نەكات، هاكان فیدان داڕێژەری (ماستەرپلان) شەڕەكانی  تۆڵەسەندنەوەی دوای ٧ ی حوزەیرانە لە شارەكانی باكوری كوردستان، كە ماوەی چوار مانگە درێژەیان هەیە، كەسەرەتا لە شاری جزرە – بۆتانەوە دەستیپێكرد بەرەو شارەكانی سیلۆپی و نوسەیبین و سوری ئامەدو سیلڤان و شڕناخ و ئیدل و هەكاری و گەڤەرو چنارو وێران شەهرو چیای مازی و ئوڵودەرەو بیت الشباب وگوچلوقۆناك، ئەم شەڕە شەڕێكی وێرانكارییە، شارەكان بە فاشیسترین شێواز گەمارۆدەدرێن وخەڵكەكەی كۆمەڵكوژ دەكرێن بەو ئامانجەی دەستبەرداری زێدی باوباپیرانیان بن، سەرەتا جزرەیان كردە ئامانج بۆ ئەوەی شارەكانی تری پێ بترسێنن و خەڵكی جزرەیان پاش كوشتارێكی ٣ مانگی و شەهیدكردنی پتر لە ٧٠٠ زارۆك و ژن و پیرو لاوو رووخاندنی ١٤ هەزار خانووی دانیشتوانی شارەكە، خەڵكەكەی ئاوارەی سیلۆپی و نوسەیبین و شڕناخ بوون و لەو شوێنانەش دیسانەوە كەوتنەوە بەرشاڵاوی فاشیستەكان، تا ئەم ساتەوەختە پتر لە ٣ هەزار خێزانی ئاوارەی جزرەو شڕناخ لە چادرو خێوەت دا لە نێوان چیای (گابار) وچیای (جودی) دا بەكولەمەرگی ژیان دەبەنەسەر، ئەوروپاو ئەمەریكاش بێدەنگییان نواندووە لەئاست پێشێلكردنی مافی مرۆڤی كورد بەفەرمی ورتەیان لەدەمەوە دەرنەهاتووە سەبارەت بە( تیرۆری دەوڵەتی توركی).
هەرچی قوتوی دووەمە ( فەرەیدون سنرلی ئۆغڵو) داڕێژەری ماستەرپلانی تێوەگلانی توركیایە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، سنرلی ئۆغڵو بە هەماهەنگی لەگەڵ هاكان فیداندا توانیان لەناوساڵی ٢٠١١ جگە لەهەماهەنگی لەگەڵ ئەلقاعدەو پاشان داعش و بەرەی نوسرەو ئەحرار ئەلشام وسوپای ئازادی سوریا و چەندین لیوا بەناوی سەرجەم سوڵتانەكانی دەوڵەتی عوسمانییەوە چەكدار بكەن و بیكەن بەگژی كوردانی رۆژئاواو رژێمی بەشار ئەسەدداو سنرلی ئۆغڵوش بەهەمانشێوەی هاكان فیدان نەیتوانی  یەكێك لە ئاواتەكانی سوڵتان بهێنێتەدی، ئەگەرچی هەندێكجار  ئان و ساتی كەوتنی ڕژێمیان دیاریدەكرد، بێئەوەی  لێكدانەوەیەكی عەقڵانی بكەن بۆ كێشەو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە لەجیاتی سوریا بڕوخێنن خەریكە توركیا خۆی بڕوخێت .

‌ 2468 جار بینراوه‌
25/06/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved