وتار
كورد دوای داعش بەرەو كوێ‌؟

نەوزادی موهەندیس


پێدەچێت ئەم وتەیەمان بەلای زۆرێكەوە قورس بێت، بەڵام راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە بڵێین (( كورد هێندەی زیانی لەدەستی داعش بەركەوتووە دە هێندە قازانجی لێوە دەستكەوتووە))..ئەمەش چۆن؟
بەدوو ساڵ لەمەوبەرو كاتێك داعش هێرشی كردە سەر پارێزگای موسڵ و دەوروبەری و داگیری كردو روویكردە پارێزگای سەڵاحەدین و نزیك بوەوە لە بەغدادی پایتەخت، كورد دوورە پەرێز بوو لە شەڕی داعش، بەڵام بە پیلانی دوژمنان ... یان بە پیلانی كورد خۆی بوبێت داعش لەناكاو رووی لە بەغداد وەرگێڕاو روویكردە هەرێمی كوردستان و ئەوەی توانی بیكات لە داگیركردنی شەنگال و ناوچەكانی ترو تەنانەت مەترسی گەورەشی دروست كرد بۆ سەر هەولێری پایتەخت و كەركوكیش و سەرجەم ناوچە سنوریە كوردستانیەكان لە خانەقینەوە تا شەنگال و بەدرێژایی زیاد لە 800 كم كورد و هێزی پێشمەرگە كەوتنە شەڕێكی سەپێنراوی ترسناكەوەو بەسەدان شەهیدو بەهەزاران برینداری بەخشیە ئازادی و پاراستنی كوردستان، ئەمە رووی مەترسیدارو زیانبەخشەكەی داعش بوو بۆ كوردو كوردستان ..بەڵام رووە قازانجەكەشی ئەوەبوو كە دوای بەرەنگارییە قارەمانەكانی هێزی پیشمەرگەو قوربانیدان و مقاوەمەتە بێوێنەكانیان و دواتر شكستپێهێنانی هێرش و پەلامارو پیلانەكانی داعش هەموو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و تەنانەت زلهێزەكانیشی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی كە تەنها كورد بەدڵسۆزی و راستگۆیانە رووبەڕووی تیرۆرو تیرۆریستانی داعش بۆتەوەو لەسەنگەری پێشەوەی بەرەنگاریدایەو بۆتە لەمپەڕی گەورەو بەهێز لە بەردەم پێشڕەوییەكانی داعشدا، هەربۆیە هەموانیان بە مادی و مەعنەوی كەوتنە یارمەتیدان و هاوكاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە كە ئەم هەنگاوە لە مێژووی خەباتی كوردایەتی چەندین ساڵەدا بێ وێنە بوو چونكە كوردایەتی و بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەكەی هیچ كات بە هێندەی ئەم قۆتاغە پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی نەبووەو هەمیشە بە هێزێكی نەخوازراو و بێزراو و تەنانەت تیرۆریستیش سەیر دەكرا، بۆیە ئەوەندەی داعش بوە پاڵنەری باش لەهۆكاری ناسین و بەرەو پێشەوەچوونی مەسەلەی كورد لە دونیادا هیچ كات و هیچ هۆكارێكی تر بەهێندەی داعش بە قازانج نەبوە بۆ كورد.
مایەی دڵخۆشیە كە كورد تائێستا زۆر باشی هێناوە لە بەرەنگاری و مقاوەمەتی داعشدا و خۆی سەپاندووەو جێگەو پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی شەڕو پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا كردۆتەوەو هەموان بەبێ‌ جیاوازی بە یارو نەیارەكانیشەوە هێز و توانا و گرنگی پێگەی كوردیان سەلماندوەو لە حساباتی خۆیاندا بەهەند لێی دەڕوانن، لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستان لە باشوور و رۆژئاوا و باكور و لە ئێستاشدا مەسەلەی رۆژهەڵاتیش جۆرە جموجوڵێكی بەخۆوە بینیوە.
ئاشكراشە كورد لەم قۆناغە هەستیار و زۆر ناسكەشدا بەداخەوە هەر رووی لە سەركەوتن نەبوە بەڵكو بەهۆی كێشەو ململانێ‌ ناوخۆییەكانی حیزب و سەركردە سیاسیەكانەوە لەهەر چوار پارچەكەدا زۆر هەل و هەنگاوی باشتری لەدەست داوە و هەر ئەم ململانێیانە لە ئێستادا بونەتە هۆكاری لێكترازان و لێكدووركەوتنەوە لە یەكترو زیاتركردنی مەترسیەكان بۆ سەر ئایندەی كوردو كوردستانیش،نەرمی نەنواندان و خۆ بەزلزانین و حساب بۆ یەكتر نەكردن و گوێنەدان بە گۆڕانكارییە مەترسیدارەكان و نەخوێندنەوەی راست و دروستی هاوكێشەو ململانێ‌ و رێكەوتن و لێكنزیكبونەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان لەسەر حسابی كورد، هەموو ئەمانە بونەتە مایەی هەڵەو دروستكردنی مەترسی بۆ سەر ئایندە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، كە ئایا كورد لە دوای كۆتایی هاتنی داعش چی بەسەر دێت؟ ئایا مەسەلەی كورد بەم گەرموگوڕی و پشتیوانیە زۆرەوە دەمێنێتەوە؟ ئایا قوربانیدان و مقاوەمەتی كورد ناگۆڕدرێتەوە بە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابورییەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە و دونیاش؟
لەئێستادا و دوای ئەو زنجیرە سەركەوتنانەی سوپاو حەشدی شەعبی لە عێراق بەسەر داعش و دەڕپەڕاندنیان و رزگاركردنی فەلوجەو گەیارەو ئەنبارو پلان دانانیش بۆ رزگاركردنی گەورە شاری موسڵ هەموو ئەمانە وایكردووە كە هێز و توانای سیاسی و سەربازی و ئابوری داعش روو لە پاشەكشەی گەورە و بەرچاو بكات و لە ئێستادا تەنها 12% خاكی عێراقی بەدەستەوە ماوە و داهاتی ئابوریشی بۆ 50% دابەزیوە و توانای سەربازیشی بەرەو كەمبونەوەی زیاتر دەچێت، ئەمە لە عێراقدا و لە سوریاشدا بەهەمان شێوە رۆژ بەڕۆژ بازنەی هێز و دەسەڵاتی داعش روو لە بچوبكونەوەی زیاتر دەچێت، ئەمەش بەهۆی گۆڕانكاری لە هەڵوێست و گوتار و كرداری دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتیش پشتیوانانی داعش لە سعودیە و قەتەر و توركیا دێت كە بەهەموو شێوازێكی مادی و مەعنەوی پشتیوانی داعشیان دەكرد و تەنانەت هەندێ‌ دامودەزگای جاسوسی بیانیش راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی داعشیان دەكرد، بەڵام لە ئێستادا و كاتێك داعش بوە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەكانیان و ترس و مەترسیشی خستە ناو جەرگەی ئەوروپا و ئەمریكاشەوە، ئیدی پلانیان دانا بۆ پێچەوانە مامەڵەكردنیان لەگەڵیدا و هەوڵدان بۆ بچوككردنەوە و لەناوبردنی، چونكە داعش ببوە ئەو هێزە مەترسیدارە بۆسەر بەرژەوەندیەكانیان،ئەوەتا روسیا و ئەمریكا كەوتونەتە سازشكردن لەسەر مەسەلەی ئایندەی رژێمی سوریا و بەهێزكردنەوە و مانەوەشی وبەهێندەی یەكەمجار توند نین بۆ لابردنی، ئەمەش كاریكردۆتە سەر هەڵوێستی سعودیە و قەتەر و توركیاش كە دژی مانەوەی بەشار ئەسەد و رژێمەكەی بوون بەڵام ئێستا دەڵێن دەكرێت نەرمی بنوێنین و باسوخواس لەسەر مانەوەی بكەین، هەرچی ئێران و هاوپەیمانەكانیشێتی لە سوریا و عێراق و حیزبوڵای لوبنانیش سەركەوتنیان لە مانەوە و پاراستنی رژێمەكەی سوریادا بەدەستهێنا.
دوای ئەم گۆڕانكاریانە و داننان بە واقیعی ئێستای سوریا و مانەوەی رژێمی سوریا، توركیا دەستی كردۆتە سازشكردن لەسەر زۆر مەسەلە و نەرمی زۆری نواندوە تەنانەت تاڕادەی ریسوای سیاسیش لە پێناو مانەوەی ئاكپارتی و ئەردۆگانیش خۆی لەدەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیەكانێتی لە ئایندەدا،ئەوەتا لەگەڵ ئیسڕائیل و روسیادا بە زەلیلانە رێكەوت و پەیوەندیەكانی ئایسایی كردۆتەوە و بەنهێنیش لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەدیش لە جەزائیر كۆبۆتەوە ولەگەڵ ئێرانیەكان و میسر و سعودیەكانیشدا هەنگاوی بەئاڕاستەی ئاسایبونەوەی پەیوەندیەكانیان هەڵناوە، بۆیە لەم قۆناغەدا و لەو ئاسایبونەوەی پەیوەندیانەدا مەترسی گەورە بۆسەر ئایندە و بەرژەوەندیەكانی كورد دروست دەبێت،كە پێویستە كورد زۆر بە جدی بیر لەو هەنگاو و ئاشتبونەوە و پەیوەندیانە بڕوانێت و سەرپێیانە لێیان نەڕوانێت و بێ‌ باكانەش مامەڵەیان لەگەڵدا نەكات،چونكە بە نەمانی داعش هۆكارێك نامێنێتەوە بۆ هاوكاری و پشتیوانی كورد لە هیچ پارچەیەكدا و بەدڵنیاییش هەموو ئاشتبونەوەیەكی نێوان توركیا و ئێران و سوریا و عێراق بەزیانی گەورە دەشكێتەوە بۆ سەر كورد و كوردستان، بۆیە زۆر دوور نیە بەنەمانی داعش دەوڵەتانی ناوچەكە و دونیا و زلهێزەكانیش بكەونە خۆ بۆ وەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتری ئابوری و سازشبكەن لەسەر ماف و داوا و قوربانیەكانی كورد و بیگۆڕنەوە بە بەرژوەندیە ئابوریەكانیان.
بۆیە قۆناغی دوای نەمانی داعش بۆ كورد یەكلاكەرەوە و چارەنوسساز دەبێت، ئەوەش وەستاوەتە سەر هەڵوێست و گوتار و كرداری حیزب و سەركردەكان لەهەر چوار پارچەكەدا و گەیشتن بەڕێكەوتن و بەهێزكردنی نێوماڵی كورد و وەستانەوە دژی هەموو پیلانەكان و هەوڵدان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان، چونكە بەهێزبونەوەی رژێمی سوریا و عێراق و بەهێزبونەوەی پێگەی توركیا لەناوچەكەدا بەزیانی گەورەی كورد دەشكێتەوە و مێژوو و رابوودووی هاوپەیمانیە سێ‌ قۆڵیەكانی سەردەمی دوای راپەڕینمان وەبیر دەخەنەوە و رێكەوتنی جەزائیری نوێش كارەساتی نسكۆی ساڵی 1975مان وەبیر دێنێتەوە، كەواتە ئایندەی كورد لەم قۆناغەدا تەنها و تەنها وەستاوەتە سەر كورد خۆی كە چۆن بیردەكاتەوە و پلانی چیە و چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاریەكاندا دەكات و چیش پێویستە بیكات بۆ یەكخستن و بەهێزكردنەوەی نێوماڵی كورد، خوانەكردە گەر ئەم هەلەمان لەكیسدا ئیدی هیچ پێویست بە تانە و تەشەر دان ناكات لەدوژمنان بەڵكو دەبێت هەموو رەخنە و گلەیی و ناڕەزاییەكان بكەینە خۆمان بە سەركردە و جەماوەرەوە و رازیش بین بەقەدەری نادیار و تاریك و لێڵی ئایندەمان لە پێناوەی چەند دەسكەوتێك و پلەو پۆستێكی زۆر بچوكدا بەرانبەر چارەنوسی گەورەی نەتەوە و خاكەكەماندا.

‌ 1874 جار بینراوه‌
06/08/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved