وتار
بەرەو رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد

نەوزادی موهەندیس


بەداخەوە لە ئێستادا و ماوەی ساڵێك زیاترە نێو ماڵی كورد لەم بەشەی كوردستاندا و تەواوی كوردستانی كەورەشدا لەوپەڕی دۆخی ناجێگیری و شڵەژاوی و لێكترازان و دڕدۆنگی و دوور لەیەكە، بەهۆی ناكۆكی و ململانێ‌ سیاسیە ناڕەواكانەوە لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازات و دەسكەوتی كەسی و حیزبی بچووك بەرانبەر نەبوونی پەرۆشی و خەمخۆری بۆ مەسەلە گەورەكەی نەوتەوە و نیشتیمان، بەتایبەتیش لەم قۆناغە هەستیار و پۆِ لە مەترسی و گۆڕانكاریەدا كە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینی پیادا گوزەر دەكات، بەرەو داڕشتنەوەیەكی نوێ‌ و خۆڕێكستنەوەی نێو ماڵەكان و گۆڕانكاری لە سنور و جوگرافیاكان و پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكان، كە هەریەكە لەوڵاتانی ناوچەكە هەوڵی بۆ دەدەن و هەموان سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەی نێو ماڵی خۆیەتی بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ رەوتی گۆڕانكاریە سەپێنراوەكاندا خۆی بگونجێنێت و تا ئەوەندەی پێی دەكرێت بەرژەوەندی وڵات و كۆمەڵگە و دەسەڵاتەكانیان بپارێزن و مانەوەیان بۆ كاتێكی درێژتر مسۆگەر بكەن.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە تەنها كوردە نێومالێكی شەپڕیوو تێكچووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی هەیە و هەوڵێكی جدیش هەستپێناكرێت بەرەو چارەسەر و دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ ئەم دۆخە قەتیس و پڕ مەترسیانە.بەڵام خۆش بەختانە هەموان بەسەركردە و حیزبەسیاسیەكان و خەمخۆری جەماوەری گەلەكەشمانەوە هەست بەوە دەكەن كە چیدی ئەم دۆخە نابێت بەردەوام بێت و پێویستە لەسەر هەموان هەریەكە لە پێگە و قورسایی خۆیەوە هەوڵی لێكنزیكبونەوە و خۆڕیًكخستنەوە و پێكەوەنانی هاوپەیمانی و تەكەتولی سیاسی گەورە و بەهێز و پتەوتر بنێن، بۆئەوەی لانی كەم بتوانرێت لەم رێگەیەوە ئەو دابەشبونە زۆرەی جەماوەر و نێوماڵی كورد بەسەر ئەو هەموو ئاڕاستە و بۆچوونە سیاسیە جیاوازانەدا وەلاوە بنێت كەتەنها مەسەلەی میلەتەكەمان زیانی پێدەگات لەبەرامبەر هەندێ‌ دەسكەوتی بچوكی كەسی و حیزبیدا بۆ سەركردە و دەستڕۆیشتوەكانی ناو حیزبەكان.
 بەڵام خۆشبەختانە لەئێستادا ئەو ئاڕاستە بیركردنەوەیە زاڵە كە دەبێت چیدی ئەو دابەشبونە لانیكەم بچوكبكرێتەوە بەقازانجی میلەتەكەمان و رێكخستنەوەی نێوماڵەكەی. ئەوەتا لە 17/6/2015دا یەكەم هەنگاوی پراكتیكی بەو ئاڕاستەیە هەڵنرا لەنێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕاندا لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنە سیاسیەی كە واژۆیان كرد، كە ئەم هەنگاوە بۆخۆی هەنگاوێكی گەلێك كاریگەری هەبوو لەسەر تەواوی دۆخەسیاسیەكەی كوردستان و هەموانیشی هاندا بۆ ئەوەی هەمان هەنگاو هەڵنێن لەنێوان ئەو لایەنە سیاسیانەی كە مێژوو و خەبات و بۆچوونی فكری و ئایدۆلۆژیان لێكەوە نزیكە و دەتوانن پێكەوە كاری هاوبەش و گەورەو كاریگەر بكەن بۆ خزمەتی مەسەلە گەورەكەی نەتەوەكەمان. ئەم رێكەەتنە سیاسیە جوڵەیەكی باشی سیاسی خستە نێو كوردستان و بوە هۆی كردنەوەی دەرچەیەكی روونتر بەرەو چارەسەریەكان.ئاشكرایە هەموو رێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەردوو لایەنێكی سیاسیدا بچووك یان گەورە كاریگەری باشی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی درز و لێكترازانەكان و جیاوازیەكان و بەپێچەوانەشەوە دەبێتە مایەی توندوتۆڵكردنەوەی ریزەكان و زیادكردنی ئومێدەكانیش بە ئایندە.
لەئێستاشدا لێكتێگەیشتن و نزیكبونەوەو یەكگرتنەوەی هەردوو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و حیزبی ئایندە جارێكی تر و هێندەی تر بە قازانجی رێكخستنەوە و پتەوكردنەوەی نێوماڵی كورد تەواو دەبێت، بۆیە بەڕای بەندە لەم قۆناغەدا زۆر پێویستە هەموو حیزب و رەوت و بزوتنەوە سیاسیەكانی تریش هەمان هەنگاو بنێن، بۆ نمونە چەپەكان لەیەك بەرەدا كۆببنەوە و راستڕەو كۆنەپارێزەكانیش لەبەرەیەكی تردا و لیبڕاڵ و دیموكراتو سۆسیالیتەكانیش لەبەرەیەكی تر و ئیسلامیەكانیش لەبەرەیەكی خۆیاندا كۆببنەوە، بەم شێوەیە كۆمەڵگەی كوردەواری لەم بەشەدا لانی كەم دابەش دەبنە سەر چەند بەرەیەكی كەمی پوخت و بەهێز نەك وەك ئەمەی ئێستا زۆر و بۆری و جیاوازی زۆر كە بونەتە زیاتر تێكدان و لێكترازانی نێوماڵی كورد.
دواتریش دەكرێت هەریەكە لەو بەرانە خۆیان ساغ بكەنەوە و زیاتر نزیكببنەوە لە بەرە گەورە و بەهێزەكانی تر كە خاوەن دەسەڵات و نفوزن و لە قۆناغی سێهەمیشدا بەڕای بەندە پێویستە لە باشووری كوردستاندا دووبەرەی گەورە و بەهێزی سیاسی هەبێت و لە نێوانیشیاندا بەرەیەكی هاوسەنگ راگر هەبێت بۆ ئەوەی رێگە لە تاكڕەوی و بۆمانەوەی زیاتر لە پێویستی ئەو دووبەرەیە لەدەسەڵاتدا بگرێت و كاریگەری خۆی هەبێت لەسەر رەوتی گۆڕانكاری و بڕیارەكاندا، وەك هاوشێوەی سیستەمی دیموكراسی بەریتانی كە تاڕادەیەك سیستەمی دوو حیزبی پیادە دەكات و لەنێوان ئەو دووحیزبەشدا چەند حیزبێكی بچووك هەن كە دەتوانن ببنە هۆكاری راگرتنی بەڵانس لەنێوانیاندا و هەمیشە بونەتە هۆكاری گۆڕانكاری لەدەسەڵاتدا و گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا.
لەئێستادا لەباشوری كوردستاندا ئەوەی دەبینرێت بەرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئایندە و لەبەرامبەریشدا پارتی و ئەو هێزانە دەبینرێت كە لە خولگەی ئەودا دەسوڕێنەوە و بەمەش دوو حیزبی سیاسی گەورەی جیاواز لە فكر و ئایدۆلۆژیا خۆیان ساغ كردۆتەوە، ئەوەی ماوەتەوە بەلای بەندەوە گرنگە خۆساغكردنەوە و كۆكردنەوە و خۆڕێكخستنی بەرەی حیزبە ئیسلامیەكانی كوردستانە لە بەرەیەكدا وەك بەرەی سێیەمی هاوسەنگی راگر لەنێوان ئەو دوو هێزە گەورەیەدا و بەم شێوەیە دەكرێت بناغەیەكی ساغڵەمی سیاسی لەسەر بنەمایكێبڕكێی دیموكراسی و هەڵبژاردنی پیادە بكرێت و هەنگاوی دڵخۆشكەرانەش بنرێت بەرەو ئایندەیەكی گەشتر و نێوماڵی كورد بەم هەنگاوە زیاتر تۆكمەتر و پتەوتر دەبێت و دەتوانێت رووبەڕووی هەموو مەترسیەكان ببێتەوە و لەم قۆناغە راگوزەرەدا بتوانێت بەرژەوەندیەكانی كوردەوای بپارێزێت، بەپێچەوانەوە نابێت چاوەڕوانی فریادڕەسێكی دەرەوەی كورد بین بۆئەوەی یەك و یەكگرتویی نێوماڵی كوردمان لەسەر سینیەكی زێڕێن پێشكەش بكات،چونكە هیچ كەس و لایەنێك هێندەی كورد خۆی دڵسۆز و خەمخۆر نیە بۆیە ئەركی لە پێشینەی كورد خۆیەتی بەسەركردە و حیزب و رێكخراوە مەدەنیەكان و جەماوەریشەوە كە هەموان هەوڵی ئەم رێكخستنەوە و یەك و یەكگرتوەی كورد بدەن و باشووری كوردستان بكەنە نمونەیەكی زیندوو بۆ بەشەكانی تریش و دواتریش خۆڕێكخستنەوەی نێو ماڵە گەورەكەی كورد و كوردستان لەسەر ئاستی نەتەوە و نیشتیمانی كوردستانی گەورە، ئاشكراشە تەنها بەیەك ویەكگرتووی كورد هەمیشە گرەوی بردۆتەوە و بەپێچەوانەوە هەمیشە گەورەترین زیانی پێگەیشتوە لە ئەنجامی لێكترازان و دور لەیەكتری و شڵەژاوی نێو ماڵەكەیەوە.

‌ 2692 جار بینراوه‌
13/08/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved