وتار
كورد و گەلەكۆمەیەكی نوێ‌ لە ناوچەكەدا

نەوزادی موهەندیس


لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە لەساڵی 2014 بەدواوە دونیا سەرتاسەر بەگشتی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی رووبەڕووی شەپۆلێكی توندوتیژی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئەمنی بونەتەوە و هەموانی سەرقاڵكردوە و دونیا و ناوچەكەشی رووبەڕووی گۆڕانكاری و مەترسی گەورە كردۆتەوە كە پێدەچێت گۆڕانكاری لە جوگرافیاو سنورە دەستكردەكانی ناوچەكەدا بكات و هەندێك لە وڵاتان لەسەر نەخشەی ناوچەكە بسڕێنەوە و هەندێكی نوێش بێنە بون و لەدایكبوون.
مەترسیەكان تابڵێی گەورەن و بەبێ‌ جیاوازیش بەرۆكی هەموانیان گرتۆتەوە،هەربۆیە هەموانیش بە بچوك و گەورەوە لەهەوڵی خۆلادان و دوورخستنەوەی ئەو ئاگرەن لە نێو ماڵی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندیەكانێتی و مانەوەیەتی لەدەسەڵاتدا. لەو پێناوەشدا نەرمی و تەنازول و تەنانەت ریسوایش قبوڵ دەكەن.هەموان لە هەوڵی رێكخستنەوە و توندوتۆڵكردنەوەی نێو ماڵەكانی خۆیانن و هەڵپەی ئەوە دەكەن كە لەناوخۆ و دەرەوەشدا پشتیوانی و هاوكاری و هەمئاهەنگی بۆ خۆیان كۆبكەنەوە بەمەبەستی خۆگونجاندنیان لەگەڵ رەوتی رووداوەكان و گۆڕانكاریی و ئاڵنكاریەكاندا.
لەئێستادا ئەوەی بەدیدەكرێت و دەخوێنرێتەوە لە پەراوێزی ئەو گۆڕانكاریانەدا لە هاوكێشە سیاسی و هاوسەنگی هێزەكاندا ئەوەیە كە: وڵاتانی زلهێزی دونیاش بەهەمان شێوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ئێستا و ئایندەیان و رۆڵ و كاریگەریان لەنەخشی داهاتوی ناوچەكەدا،لە ململانێیەكی توندی نهێنی و ئاشكرادان و هەوڵی پێكەوەنانی هاوپەیمانی و بەرەی سەر بەخۆیان دەدەن دژ بەو بەرە و لایانانەی كە گەرەكیانە بەهەمان شێوە پشكی خۆیان بپچڕن لەو كێكە بەلەزەتەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین كە بەدرێژایی مێژووی كۆن و نوێ‌ جێگەی تەماعكاری و چاوتێبڕینی زلهێزەكانی دونیا بووە.
ئەوەتا لەلایەك ئەمریكا و ئەوروپا گەرەكیانە بەهەر شێوەیەك بوە كە رژێمی بەشار ئەسەد نەمێنێتەوە لەدەسەڵاتدا و ئامادەسازی دەكەن بۆ قۆناغی راگوزەری و رێگە خۆش دەكەن بۆ سیستەمی حوكمڕانیەكی نوێ‌ لەو وڵاتەدا لە چوارچێوەی كۆبونەوەكانی جنێڤدا، كە لەئێستادا سوریا و رووداوەكانی بونەتە چەقی گۆڕەپانی ململانێكان و هەموان لەسەر حسابی خەڵك و خاكی سوریا هێز و توانا سیاسی و سەربازیەكانیان تاقیدەكەنەوە بەبێ‌ گوێدانە زیان و وێرانبوون و سووتماككردنی خاك و كۆچپێكردن و وەدەرنانی ملیۆنان كەسی بێگوناهی ئەو وڵاتە.
لەبەرامبەریشدا روسیا كەوتۆتە خۆ و هەر لەسەرەتاوە پاڵپشتی رژێمی سوریای دەكرد لەساڵی 2011وە كە دەسپێكی راپەڕینە جەماوەریەكانی سوریا بوو و هەوڵی مانەوەی دەدا و كۆسپی دەخستە بەر هەر هەوڵێك بەرەو گۆڕانگاری لەو رژێمەدا، روسیا ناهەقی نیە چونكە سوریا تاكە پێگە و قەڵای روسیایە لەناوچەكەدا و بەنەمان و گۆڕانكاری لەو رژێمەدا روسیا بۆ هەتاهەتایی جێگە و پێگەی خۆی لەناوچەكەدا لەدەست دەدات، لەم پێناوەشدا بەرەیەكی توندوتۆڵی پێكهێناوە لەگەڵ ئێران و رژێمی سوریا و حیزبوڵای لوبنانی و دەسەڵاتدارانی شیعە مەزهەبی عێراقی كە لەئێستادا لەخولگەی سیاسەتەكانی ئێراندا دەخولێتەوە و جارجارەش بەبەرگی شیعە مەزهەب دەردەكەوێت لەبەرامبەر بەرەی سونە مەزهەبی عەرەبی سوونە لە عێراق و سعودیە و قەتەرو ..هتد.
ئەوەی جێگەی تێڕامان و تەنانەت سەیرو سەمەرەشە كە زۆر شێلگیرانە كەوتۆتە خۆی و وادەخوێنرێتەوە كە توشی هیستریاش بوبێت و توشی فۆبیای كوردیش بوبێتەوە، هەڵوێست و پەلەقاژەی توركیایە دژ بەهەموو هەوڵێك كە لە بەرژەوەندی كورد و سەركەوتنەكانی بێت و بەئاڕاستەی پشتیوانی و هاوكاری سیاسی و سەربازی كورد بێت لەناوچەكەدا، بەداخەوە هەڵوێستی توركیا دژ بە كورد و ئاواتەكانی لەهەموان دوژمنانەتر و توندترە هەرچەندە وڵاتانی تری ناوچەكە لە عێراق و سوریا و ئێران و تەنانەت سونەكانی عەرەبیش لە سعودیە و قەتەرو ..هتد. هەموانیان دژ بەخەون و ئاواتەكانی كوردن بەڵام هیچیان هێندەی توركیا دژ نین، توركیا كە خۆی بەدەم راستی ئیسلام و سونەكان دەزانێت و گەرەكێتی هەروا رۆڵی كارای هەبێت،لەنێوان بەرەی ئەمریكا و روسیادا لەهەڵپەدایە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و پشتگیری لەسیاسەتەكانی، لەو پێناوەشدا نەرمی زۆر بۆ ئەمریكا و ناتۆ دەنوێنێت و لەولاشەوە داوای لێبوردن و سەردانەواندن بۆ روسیا دەكات و لەلای سێهەمیشەوە لەگەڵ ئێرانی دوژمنی دوێنێ‌ و ئەمڕۆشی سازش دەكات و تەنانەت دروشمی گۆڕانی بەشار ئەسەدی وەلاناوە و گەرەكێتی بمێنێتەوە و لەگەڵ عێراقیشدا لەهەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانێتی،تەنها لە پێناو لەباربردنی خەونی كورد ودژی كورد و دەسەڵات و سەركەوتنەكانێتی بۆئەوەی ئەزمونی كوردی باشوور لە رۆژئاواشدا دوبارە نەبێتەوە و ئەمەش ببێتە مەترسیەكی گەورە لەسەر توركیا و پشتیوانیش لە كوردانی باكور.
توركیا بۆخۆی لەناوخۆدا گیرۆدەی دەیان كێشە و گرفت و ململانێ‌ بۆتەوە بەتایبەتیش دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردوەكەی سوپا و گرتن و راوەدونانی رۆژنامەنوسان و بەرتەسكردنەوەی ئازادیەكان و تێكچوونی لەگەڵ ئەمریكادا لەسەر مەسەلەی فەتوحەڵا گولەن و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان...هتد.
لە چانسی كوردە كە بەهۆی ئازایەتی و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان و گەریلاوە دژی چەتەكانی داعش و شكستپێهێنانی پیلانەكانیان بە هاوكاری توركیا كە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی دونیا بەزلهێز و بچوكەكانیشەوە كێبڕكێ‌ دەكەن لەسەر هاوكاری مادی و مەعنەوی و لۆجستی بۆ هێزی پیشمەرگە و شەڕڤانان و بەرگری مانەوەیان لێدەكەن.كورد خۆشبەختانە بۆتە كارتێكی بە قازانج بۆ هەموان دژی تیرۆریست و وڵاتە كۆنەپارێز و پشتیوانیەكانی داعش و لە ئێستادا هەموو دونیا بە چاوی رێزەوە لە كورد و قوربانیەكانی و مەسەلە رەواكەی دەڕوانن و رازی نابن بە تیرۆریست لەقەڵەم بدرێت چونكە هێزێكە لەناو ململانێكان و رووداوەكاندا خۆی سەپاندوە و هەموانی ناچاركردوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
ڕاستە هەموو وڵاتان و بەتایبەتیش زلهێزەكان هەمیشە لەسیاسەتیاندا بەرژەوەندیەكانی خۆیان لەبەرچاو دەگرن و لەگەڵ دیفاكتۆ و هێزی بەهێزی سەر زەوی مامەڵە دەكەن، بۆیە گرەنتی تاسەر نیە بۆ ئەو پشتیوانیەیان لەكورد. هەربۆیە كورد و سەركردایەتیەكەی لەهەر چوار بەشەكەدا و بەتایبەتیش لە باشووردا گەرەكە هەموانیان كاری پێكەوەی بكەن و كۆبونەوەی دەوری وبەردەوامیان هەبێت و پلان و بەرنامەی عەقڵانی دابڕێژن بۆ ئیدارەدانی ململانێكان بەمەبەستی رووبەڕووبونەوەی ئاڵنكاری و مەترسیەكان و ئەو گەلە كۆمەكیەی كە توركیا گەرەكێتی پێكەوەی بنێت و كۆی بكاتەوە دژی كورد بە هاوبەشی ئێران و روسیاو تەنانەت سوریا و عێراقیش،ڕاستە عێراق لە ئێستادا بێهێزە بەڵام بەدڵنیای دوای رزگاركردنی موصڵ هەڵوێستی بەرامبەر كورد دەگۆڕێت.
بۆیە گرەنتی سەرەكی و هەتاهەتایی بۆ پشتیوانی كورد، كورد خۆیەتی ئەوەش بە یەكڕیزی نێوماڵی كورد و و پێكەوەكاركردن و ولانانی ناكۆكیەكان و دەستخستنە ناو دەستی یەكتر و نەچوونە ژێر باری پیلانی دوژمنان و هەڵنەخەڵاتاندنیانە بە بەڵێنی درۆ و دۆڕاوی دوژمنانی ناوچەكە كە ئەوانیش بۆخۆیان داشی دامە و یاریە گەورەكەی ناوچەكەن كە زلهێزەكان بڕیاردەری كۆتاین نەك ئەوان، لە پێناو دەسكەوتی كەمی مادی و حیزبیدا.نابێت كورد چاوەڕوانی دوژمنانی بكات گوڵی پێشكەش بكەن و دەوڵەتی كوردی لەسەر سینیەكی زێڕێن پێشكەش بكەن، گەر نا ئەوا مەترسی دووبارەبونەوەی مێژووی 41 ساڵ لەمەوبەری جەزائیرێكی تر لەئارادایە كە جارێكی تر كورد و مەسەلەكەی دەگێڕنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و 100 ساڵی تر بەداگیر و دابەشكراوی دەیهێڵنەوە.

‌ 2566 جار بینراوه‌
27/08/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved