وتار
گرنگی و كاریگەری رزگاركردنەوەی موسڵ بۆ كورد...

نەوزادی موهەندیس


 
دوو ساڵی تەواوە كەوا پارێزگای موسڵ بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش ناو شاری موسڵ كەوتۆتە ژێر دەستی چەتەكانی داعشەوە و لەو ماوەیەشدا دەیان كارەساتی مرۆیی جەرگبڕ لەسەر دەستی داعشدا دژ بە دانیشتوانی سیڤڵی ئەو ناوچانە ئەنجامدراون هەر لە كوشتن و گرتن و راوەدوونان و بەدیلگرتن و بێسەروشوێنكردن و هەڵگرتنی كچان و ژنان و فرۆشتنەوەیان وەك بەندە و سەبایا. كوشتوكبڕین و دڕندەیی مامەڵەی داعش لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا بێ‌ جیاوازی بوە لە نەتەوە و ئاین و مەزهەبدا و هەموان وەكو یەك رووبەڕووی مەرگ بونەتەوە و ماڵوحاڵیان كاولكراوە و بەزۆرەملێ‌ و لەترسی گیانی خۆیان گوند و شار و شارۆچكەكانیان چۆڵكردوە و ئاوارەی هەرێمی كوردستان و توركیا و وڵاتانی تری ناوچەكە بوون.
موسڵ چ وەك شار و چ وەك پارێزگاش گرنگی و كاریگەری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی خۆی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراقیش، چونكە پارێزگای موسڵ سێیەم شاری گەورەی عێراقە لەدوای بەغدا و بەسرەوە لە ژمارەی دانیشتوان و گەورەیی جوگرافیاو دەوڵەمەندی لە سامانەسروشتیەكانی و كشتوكاڵ و مەڕوماڵتدا و كەوتوشەتە سەرسنوری هەرسَی وڵاتی عێراق و سوریا و توركیا و شارێكی دێرین و مێژوویە و لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە تێكەڵەیەكە لەنەتەوەی كورد و عەرەب وتوركمان و ئاینەكانی ئیسلام و مەسیحی و یەهودی و مەزهەبەكانی شیعەو سونەو ئێزیدی و كاكەیی و شەبەك و ئاشوری و كلدان و..هتد.
بەهاتنی داعش و داگیركردنی موسڵ و شەنگار و خازەر و بەعشیقە و...هتد. تەواوی ئەو تێكەڵاوی و تانوپۆیە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و سەربازیانەی تێكداو لە شارێكی برایەتی و پێكەوەژیان و دەوڵەمەند و زیندوو كاریگەرەوە كردیە شارێكی خامۆش و وێرانە و دوژمن بەیەكتری، داعش بۆخۆی بەڵایەكی ترسێنەر و تۆقێنەرە لەهەر جێگەیەكدا بێت و هیچ كات بڕوای بە مافەكانی مرۆڤ و ژنان و ئازادی و دیموكراسی نیە و تە نها بیر لە جێبەجێكردنی پیلانی ئەو وڵات و دەزگا جاسوسیانە دەكاتەوە كە هانی دەدەن و هاوكاری و پشتیوانی مادی و مەعنەوی دەكەن، ئاشكراشە كە وڵاتانی ناوچەكە لە توركیا و ئێران و سعودیە و قەتەر و...هتد.هەریەكە بەشێوەیەك و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا هانی داعشیان داوە و پیلان و مەرامەكانی خۆیان پێ‌ جێبەجێكردوە لەسەر حسابی گەلانی بەشمەینەتی عێراق و سوریا كە بونەتە دوو گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ ناوچەیی ونێودەوڵەتیەكانیش. بەهەمان شێوە دەزگا جاسوسیەكانی زلهێزەكانیش لە ئەمریكا و روسیا و فەڕەنسا و بەریتانیاو...هتد.دەستیان هەبوە لەگەشەكردن و دروستبونی داعش و هاوشێوەكانی تری لە قاعیدە و جەبهەی نوسرە و ئەوانی تریشدا. خۆشبەختانە داعش چەندە دوژمنی گەلانی ناوچەكە بوە و بۆتە مۆتەكە و مڵۆزمیان بەهەمان شێوەش لە ئێستا و دوای كۆچكردنی زیاد لە 3 ملیۆن كەس لە سوریا و عێراقەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریكا و ئوستروڕالیاو..هتد. شانە نوستوەكانی داعش گوازرانەوە بۆ ناوجەرگەی ئەو وڵاتانە و ئێستا بۆخۆیان كەوتونەتە بەر مەترسی داعشەوە و ئەو زنجیرە تەقینەوە خۆكوژیانەی كە روویاندا لە هەریەكە لە بەلچیكا و فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریكادا نمونەی زیندوو بوون و كاریگەری داعشن لەولاتانەدا.
ئەو وڵاتەی كە زۆر هاوكاری و یارمەتی داعشی دەدا بە ئاشكرا و بەنهێنی بریتی بوو لە توركیای ئەردۆگان كە تائێستاش بەجدی كاردەكات بۆ گەشەكردن و بەردەوامبوونی داعش، تەنهاو تەنهاش لە پێناو وەستانەوەیەتی دژ بە خواست و ویست و مافە رەواكانی كورد لە باشوور و رۆژئاوای كوردستاندا، توركیا رۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕێت لەو نێوەندا و گەرەكێتی بەهەر شێوەیەك بوە كورد نەگاتە سەركەوتن و خواست و ئاواتەكانی لە پێكەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیدا لەهیچ پارچەیەكی كوردستانی گەورەداو لەو پێناوەشدا بە ئاشكرا و بێ‌ سڵەمینەوە و راستەوخۆ بە سوپا بەشداری ئەو دژایەتی و پیلانە دەكات لە رۆژئاوای كوردستان بە داگیركردنی جەڕابلوس لە 24/8/2016 و لە باشووریشدا و زیاد لە 3 هەزار سوپا و چەك و تەقەمەنی و زریپۆشی هێناوەتە باشوری كوردستان هەر لەساڵی 1996 وە و تاكو ئێستاش لەناچەی بادینان لە بامەڕنێ‌ و بەعشیقە جێگیركردوون بۆئەوەی لەكاتی پێویسدا بوونی هەبێت و هەژموون و دەسەڵاتی خۆی و پیلانەكانی بسەپێنێت و بەشی خۆی هەبێت لەدەسكەوت و قازانجی دوای شەڕەكاندا و پارێزگاریش لە ئەمنی نەتەوەیی و سنورەكانی خۆی بكات.
لە ئێستادا هەموو هەوڵەكان بۆ رزگاركردنی موسڵ خراونەتە گەڕ بەسەركردایەتی ئەمریكا و هێزە هاوپەیمانەكان و جموجۆڵ و كۆبونەوەی هەماهەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان ئەمریكیەكان و سەرانی عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا، چونكە گرتنەوە و رزگاركردنی شاری موسڵ هێندە ئاسان و سانانیە و ناشبێت، چونكە داعش لەدوای شاری رەقەوە لە سوریا موسڵی وەكو پایتەختی دووەمی خۆی حسابكردوە و زۆرینەی هێز و دەسەڵاتەكانیشی تیادا كۆكردۆتەوە.
هەربۆیە رزگاركردنی موسڵ هەمئاهەنگی گەرموگوڕ و ووردی لەنێوان هەمواندا گەرەكە، لە ئێستادا ئەو هێزانەی بونیان هەیە لەسەر زەوی موسڵ و پارێزگاكە بریتین لە سوپای عێراق و حەشدی سونی و حەشدی شەعبی شیعەی عێراق لەلایەك و هێزە هاوپەیمانەكان لەلایەكی ترەوە و لەلای سێهەمیشەوە هێزی پیشمەرگەی كوردستان و هێزی چەكدارانی ئێزیدی كە لەدوای داگیركردنی شەنگالەوە و جینۆسایدكردنی ئێزیدیانەوە دامەزراوە و مەسیحیەكان و هەروەها هێزی گەریلای پەكەكەش بونیان هەیە، بۆیە كارێكی ئاسان نیە كە هەموان پێكەوە رێكبكەون لەسەر پلانەكانی رزگاركردن و هەموانیش بەمافی خۆیان دەزانن كە بەشداربن چونكە هەموانیان ماوەی 2 ساڵە بەرگری و مقاوەمەتێكی گەورەیان نواندوە لە رزگاركردنی شەنگال و ناوچەكانی تردا و تەواوی بەرەكانی جەنگەكەدا و قوربانی بێوێنەیان پێشكەشكردوە، بۆیە ناكرێت هیچ لایەك بكرێتە دەرەوەی بازنەكە و حسابی بۆ نەكرێت، بە تایبەتیش هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە رۆڵێكی گەورەو و بەرچاوی بینیوە لە رزگاركردنەوەی زۆر ناوچە و بەدەستهێنانی سەركەوتنە بەردەوامەكان لەتەواوی بەرەكانی جەنگدا، هەر لەو پێناوەشدا ئەمریكا و هەرێم رێكەوتنێكی سەربازیان واژۆكرد بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی مادی هێزی پێشمەرگە لە پێناو بەشداری پێكردنی لە پڕۆسەی رزگاركردنەوەی موسڵدا.كەهەرچەندە ئەوەیان سەپاندوە كە نابێت بچنە ناو شاری موسڵەوە و لەدوای پڕۆسەی رزگاركردنەكەش دەبێت بكشێنەوە كە ئەمە بۆخۆی مانایەكی نابەجێ‌ دەگەینێت بۆ رۆڵ و قوربانیەكانی پێشمەرگە وكورد و لەم رێگەیەوە گەرەكیانە كە رێگە لە كورد بگرن لە گێڕانەوەی خاكی مێژوویی كوردستان بۆسەر هەرێمی كوردستان.
توركیاش بەهەمان شێوە گەرەكێتی بەشداربێت و بەشی هەبێت لە غەنیمەكانی دوای رزگاركردندا هەروەك چۆن ماوەی 2 ساڵە بە ئاشكرا و بەنهێنی لەگەڵ داعش و هێزێكی كوردی باشووردا بەشدارن لە بەتاڵانبردنی نەوت و غازی سروشتی كێڵگە نەوتیەكانی زومار و عەینزالەو..هتد.
رزگاركردنی موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش گەلێك گرنگ و كاریگەرە و دەبێتە هۆی دەركردنی داعش لە تەواوی عێراق و بچوكردنەوە و نەمانی بۆ هەتاهەتاییە و لاوازبوونی بەشێوەیەكی بەرچاو و بەرتەسككردنەوەی جوگرافیای چالاكی و دەسەڵاتەكانێتی و دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە هەرێم و عێراقیشدا تاڕادەیەكی باش جێگیر و ئاسایی دەبێتەوە و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانیش دەگەڕێنەوە و خەرجی گەورە و گران لە ئەستۆی هەرێم و عێراق كەمدەبێتەوە و داهاتی نەوت و غازی سروشتی ئەو ناوچانەش دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و كاریگەری ئابوری باشی دەبێت بۆ ئایندە و لەگەڵ بەشی رۆژئاوای كوردستانیشدا دەروازەی زیاتر دەكرێتەوە و دەتوانرێت هاوكاری مادی و مەعنەوی ئەو بەشەش بكرێت و لەلایەكی تریشەوە هیچ بیانویەك بۆ توركیا نامێنێتەوە كە ئەو هێزانەی هانیویەتیە ناو خاكی كوردستان و عێراقەوە بمێنێتەوە. بەڵام ئەو راستیەش لەبیر نەكەین بە رزگاركردنەوەی موسڵ هێز و توانا و مەترسیەكانی سوپا و حەشدەكانی سونە و شیعە بۆ ناوچە كوردیەكانی هەرێم زیاتر دەبێت و مامەڵە و گوتار و كرداری بەغدادیش لەگەڵ هەرێمدا بەو نەرمیەی ئێستا نامێنێتەوە.
هەربۆیە سیناریۆكانی دوای رزگاركردنەوەی موسڵیش بەهێندەی ئێستا ئاڵۆزی و تێكچڕژاون و بەرژەوەندیەكانی زلهێزەكان و وڵاتانی ناوچەكە و ئاین و مەزهەبەكانیش زیاتر توند دەبنەوە و هەریەكەیان هەوڵی پاراستنی بون و بەرژەوەندیەكانی ئێستا و ئایندەی خۆی دەدات.بۆیە دەبێت سەركردایەتی كوردیش زۆر ووردبین و دووربین بێت و هاوهەڵوێست و یەك و یەكگرتوو بێت و دوور بكەوێتەوە لە خۆخۆری و ناتەبایی و دوژمنایەتی یەكتر كردن، چونكە ئیدی مەترسیەكان دێنە بەردەركی ماڵی كورد و بواری بیركردنەوە و نەخشەدانان نامێنێتەوە گەر لەئێستاوە نەكەونە خۆ بۆ پتەوكردنەوە و رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد بە تایبەتی لە باشوور و دواتریش لەگەڵ رۆژئاوا و باكوردا لەم قۆناغەدا.

‌ 2045 جار بینراوه‌
24/09/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved