وتار
ده‌مانچه‌كه‌ی شێخ ئه‌دهه‌م

لەتیف فاتیح فەرەج



كاتێك شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی بووبه‌ به‌رپرسی پارتی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی ، من به‌ هه‌ندێ‌ دۆست و رۆشنبیری ئه‌و حزبه‌م گوت ، به‌و هیوایه‌ی ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بێت بۆ چاككردنی برینه‌ كانی نێوان گۆڕان و پارتی له‌ لایه‌ك و پارتی و سلێمانی و ئه‌م ناوچه‌یه‌ش له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ، ئاخر پارتی له‌ ماوه‌ی ڕابردودا زۆر ئازاری سلێمانی دابوو ، ئه‌م ئازاردانه‌ له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و پێویست به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ش ناكات ، گۆڕانیش پارتی سته‌می لێكردبوو به‌وه‌ی هه‌م رێگری له‌ سه‌رۆكی پارله‌مان كردبوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پایته‌خت، هه‌م به‌ بڕیاری حزبی وه‌زیره‌كانی گۆڕانی ده‌ركردبوو، من ئه‌و كاتیش له‌ گه‌ڵ دۆستێك سه‌ردانی ئه‌وێمان كرد و ویستمان به‌ شێخ ئه‌دهه‌م بڵێین با ده‌رگای په‌یوه‌ندی نێوان گۆڕان و پارتی بكاته‌وه‌ و سلێمانیش ئاشتبكاته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ یه‌ك دوو هاوڕێ‌ وا رێككه‌وتین ، ئه‌و دیداره‌ دوا بخه‌ین بۆ كاتی گونجاو ، بۆ ئه‌مه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری بزوتنه‌وه‌كه‌شم گوت . له‌و كاته‌وه‌ شێخ ئه‌دهه‌م نه‌ك هیچ هه‌نگاوێكی به‌و شێوه‌یه‌ نه‌نا كه‌ ئێمه‌ به‌ هیوابووین ، بگره‌ له‌ یه‌ك دوو بۆنه‌دا ئه‌ویش زۆر خه‌راپ هه‌ست و كه‌وتی له‌ ته‌ك سلێمانیدا كرد ، له‌ بۆنه‌ی گرتنی كادیره‌كه‌ی پارتی له‌ لایه‌ن ئاسایشی سلێمانیه‌وه‌و هه‌روه‌ها له‌ مامه‌ڵه‌شی له‌ گه‌ڵ گۆڕان ، هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا له‌ دوا ژماره‌ی ڕوداودا سلێمانی وه‌ك ئوستانێكی ئێران نیشاندا ، به‌وه‌ی گوایه‌ دڵنیاییان داوه‌ پێی ، هه‌رچه‌ند ئێرانیه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ ، نیشاندانی سلێمانی به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ك سوكایه‌تی وایه‌ به‌ هه‌موو سلێمانی و هه‌موو حزبه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌وایه‌ بڵێ‌ ی دهۆك ئه‌یاله‌تێكی توركیه‌ ، شێخ ئه‌دهه‌م سه‌ره‌ڕای وتنی ئه‌و قسه‌یه‌ ڕۆژی 27ی 9 له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بێت و داوای مافه‌كانی مامۆستاو فه‌رمانبه‌رو موچه‌ خۆران بكات، به‌ ده‌مانچه‌وه‌ ده‌ركه‌وت ، ده‌مێك بوو شێخمان به‌ ده‌مانچه‌وه‌ نه‌بینی بوو ، من سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شێخ ئه‌دهه‌م به‌ سۆفی و دوره‌ دنیایه‌كی باش سه‌یر ده‌كه‌م ، بڕواشم وابوو ئه‌و هه‌رگیز بڕوای به‌ چه‌ك و ئه‌و شتانه‌ نیه‌ ، چ جای ئه‌وه‌ی میدیاكان باسی ئه‌وه‌ بكه‌ن شێخ دۆشكه‌ی بردبێته‌ سه‌ر باره‌گاكان ، یان ده‌یان وێنه‌ی خۆی له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك چه‌كدارا لێره‌و له‌وێ‌ بڵاو بێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌ ڕۆژی 27ی 9دا . راستی من چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م له‌ شێخ ئه‌دهه‌م ناكردو چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م ده‌كرد یه‌كه‌م كه‌س بێت بانگی هێمن عه‌بدولخالق بنه‌سڵاوه‌یی بكات و به‌ ناوی پارتیه‌وه‌ داوای لێبوردنی لێبكات ، كه‌چی ئه‌ویش به‌رانبه‌ر داوای نان و ئازادی و موچه‌ ده‌مانچه‌ی به‌ستبوو.
‌ 2359 جار بینراوه‌
28/09/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved