وتار
ناڕەزایی جەماوەر و بێ‌ باكی دەسەڵات تاكەی ؟

نەوزادی موهەندیس


 
زیاد لە 2 ساڵە ئەم هەرێمەو جەماوەری میلەتەكەمان لە تەنگژەیەكی دارایی توند و ناجێگیریەكی سیاسی و سەربازی مەترسیداردا ژیان دەگوزەرێنن،هەربۆیەش جەماوەر دوای بەرگریكردن و خۆڕاگرتن و پێنان بەسەر خۆشی و خۆشگوزەرانیەكانیاندا و لە خەمخۆری و دڵسۆزیانەوە بۆ كورد و كوردستان پشووی شۆڕشگێڕیان نواندوە و ئەم بێباكی و خەمساردیەی دەسەڵاتیان بەهەند وەرنەگەرتوە،چونكە لەلایەك مەترسی داعش و داگیركردنی كوردستانیان لەبەرچاوگرتوە و لەلایەكی تریشەوە ئەو راستییەیان سسلەبیر نەكردوە كە ئەم قەیرانە سیاسی و دارایی و سەربازیانە بەتەنها بەرۆكی هەرێمەكەمانی نەگرتوە و بەڵكو ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و سوریا بەكوردستانیشەوەی گرتۆتەوە. هەربۆیە دانیان بەخۆدا گرتوە و بێدەنگیەكی توڕەیان لەناخیادا حەشارداوە، بەڵام وەك دەڵێن سەبر و پشووگرتنیش سنوری خۆی هەیە، بۆیە لە ئێستادا جەماوەری گەلەكەمان كە زۆرێك لەڕاستەیەكانیان بۆ دەركەوتوە و مەترسی داعشیش بەو گەورەییەی لە پێشدا نەماوە، بۆیە ئیدی لەم دەسەڵاتەی قبوڵ ناكەن كە بە ئارەزووی سەركردەیەك یان حیزبێك یان بنەماڵەیەك یاری بە چارەنوسی خۆیان و نەوەكانی داهاتوشیان بكرێت و هەموان پێكەوە لەسەر كۆمەڵە خاڵێك رێكەوتوون كە ئەم قەیران و ناجێگریەی هەرێم لە ئەنجامی كار و كردەوە و گوتاری نا بەرپرسیارانە و گەمژانەی ئەم دەسەڵاتە هاتونەتە ئاراوە و، هیچ ئیڕادەیەكی راستەقینە و راستگۆیانەشیان نیە بۆ چارەسەر: لەو هۆكارانەی كە بونەتە توڕەبون و زویربوونی جەماوەر و دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و ناڕەزایدەربڕین بریتین لە:
•سیاسەتە هەڵەكانی دەسەڵات لەمەڕ كێشە سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتیەكانی هەرێم.
•قۆرخكردن و پاوانكردنی دەسەڵات لەیەن حیزب و سەركردە و بنەماڵەیەكەوە و دەستگرتنیان بەسەر تەواوی جومگەكانی حوكمڕانی هەرێمدا.
•ناشەفافیەت لە داهات و خەرجی و بەتایبەتیش داهاتی نەوت و فرۆشتنی و بەتاڵانبردنی بۆ خزمەتی دەستەبژێرێكی دەسەڵات و داگیركارانی كوردستان نەك جەماوەر.
•بوونی گەندەڵی و بەردەوامی بەدرێژایی 25 ساڵی رابوودوو و پێشێلكردنی مافەكانی تاك و كۆمەڵی گەلەكەمان و نەبوونی عەدالەت و دیموكراسیەت و پێشێلكردنی ئازادیەكان.
•هەڵگەڕانەوە و كودەتا كردن بەسەر شەرعیەتی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و شەلەل خستنە ناو حكومەت و بێكاركردنی دەزگای دادوەریش.
•بەبەرنامە دروستكردن و خوڵقاندنی كێشە و قەیرانەكان بۆ ئەوەی جەماوەر سەرقاڵی حاڵ و بژێوی خۆیان بن و نەپەرژێنە سەر كەمكوڕی و گەندەڵیەكانی دەسەڵات.
•بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر مەزاج و سۆزی كەسەكان و بە عەقڵیەتی شاخ و عەشرەت و بنەماڵە نەك بە عەقڵیەتی ئیدارەیەكی رەشید و سەركەوتووی بەپلان و راوێژ و كاركردن بە یاسا و هەوڵدان بۆ بە دامەزراوەیكردنی حوكمڕانی ئەم هەرێمە.
•پەنابردنی دەسەڵات بۆ سیاسەتی ترس و تۆقاندن و راوەدوونان و گرتن و كوشتنی تاكەكانی كۆمەڵگا و هەوڵی نانبڕین و برسیكردنیان كە ئەم دووكارە دوژمنانیش هەمیشە پەنایان بۆ بردوون.
هەربۆیە جەماوەری گەلەكەمان لە پای ئەم هەموو بێڕێزی و گەندەڵی و ناعەدالەتیەدا هاتونەتە دەنگ وەك مافێكی زۆر سروشتی خۆیان و داوای مووچە و خۆشگوزەرانی و لانی كەمی ژیان دەكەن و دەیانەوێت وڵات ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت نەك گەڕانەوە بۆ دواوە و كاولكاری لە ئەنجامی نەمانی پڕۆژە و خزمەتگوزاریەكاندا.ئەم قەیرانە داراییە و ئەم ناجێگیرە سیاسیە بونەتە هۆی ئەوەی كە كۆمەڵگای كوردەواری ببێتە كۆمەڵگایەكی برسی و نەخۆش و دواكەوتوو و هەژار كە رێژەكەی لەهەرێمدا گەیشتۆتە 14% و زیادبوونی تاوانەكانی كوشتن و دزیكردن و لەشفرۆشی و ..هتد. و بڵاوبونەوەی نەخۆشیە كوشندەكان و دەرونیەكان . كە گەر بەم شێوەیە دۆخەكان بەردەوام بێت ئەوا ئەم خۆپیشاندانە هێمن و ئاشتی و شارستانیانەی كە لە 27/9/2016دا سازكرا دوورنیە بگۆڕدرێن بۆ كار و كردەوەی توندوتیژی و سەقفی داواكاریەكانیش بەرزببنەوە بۆ هەڵوەشاندەوەی حكومەت و تەنانەت گۆڕینیشیان بە هێز و بازوی جەماوەر.
بەداخەوە لە ئێستادا بەهۆی زاڵبون و تۆخبونەوەی هەیمەنە و هەژموونی سەركردە و حیزب و باڵادەستیان لەناوچە جیاوازەكاندا و پەنا بردن و دەستگرتن بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی دوور لە شەرعیەتی دەنگدان و هەڵبژاردن و جەماوەر، ئیڕادەی جەماوەریش كەرت و پەرت كراوە و یەك و یەكگرتوویی لەكار و گوتار و هەڵسوكەوتیاندا نەماوە و بە كردارەكی هەرێمیان دابەشكردۆتە نەك بۆ دوو كەرت بەڵكو بۆ چەندین كەرت و ناوچەی نفوزی حیزب و سەركردەكان، هەموو ئەم هەوڵانەشیان بۆ دەستبەسەراگرتنی زیاتری قوت و نان و نەوت و داهاتی ئەم هەرێمەیە بۆ خۆیان نەك بۆ جەماوەر.
ئەم دەسەڵاتە جیاواز لەهەموو دەسەڵاتەكانی دونیا و لەكارێكی بێوینە و زۆر دەگمەندا و بەبەرنامە و بەبێ‌ هۆكارێكی دیار دەستی داوەتە توڕەكردنی جەماوەری گەلەكەمان و زۆر بێباكانەش مامەڵە لەگەڵ داواكاریە رەواكانیاندا دەكات، وەك ئەوەی لە بیری چووبێتەوە یان حساب بۆ ئیڕادەی گەل نەكات و نەزانێت كە تەنها جەماوەر سەرچاوەی رەوایی و شەرعیەتی دەسەڵاتەكانیانەو هەركات توڕەبوونی جەماوەر گەیشتە تروپك و لوتكەی ئەوا زۆر بێ‌ بەزەییانە تۆڵەی هەموو تاوان و پێشلكردنەكان و بێڕێزیەكانیان لێوەردەگرێتەوە و دەیانكاتە پەندی زەمانە و توڕیان هەڵدەدات بەرەو زبڵدانی مێژوو.
بۆیە هەق وایە ئەم دەسەڵاتە زۆر بەجدی و گەرموگوڕیەوە هەر لە ئێستاوە هەوڵ بدات بۆ چارەسەر و گەڕان بەدوای دەرچە و دۆزینەوەی رێگای دەربازبوون لەم هەموو كێشە و قەیرانەكان و هەوڵی هێوركردنەوە و رازیكردنی جەماوەر بدات، ئاشكراشە رێگای چارەسەر هەمیشە كراوە و روون و ئاشكرایە گەر نیەتێكی راستەقینە و راساتگۆیانە هەبێت و بویسترێت كار و كردەوەكان بە راستەقینە مەیسەر بكرێن، بۆ چارەسەری ئەم قەیرانانەی هەرێم دەكرێت ئەم هەنگاوانە بنرێن:
•دەستكردن بە پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی سەرتاسەری لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە،چونكە كێشە و گرفتەكانمان تەنها لەناوخۆ نەوەستاوە و بەڵكو پەیوەندیە عێراقی و ناوچەییەكانیشمانی گرتۆتەوە.
•توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندیەكان لەنێوان سەركردە و پارتە سیاسیەكانی هەرێم و تەنانەت كوردستانی گەورەش لە رۆژئاوا و باكور و رۆژهەڵاتیش. و چێكردنی كۆدەنگیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی.
•گەڕانەوەی دامودەزگا شەرعیەكانی هەرێم بۆ باری ئاسایی خۆیان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێگای یاسا و رێزگرتن لەئیڕادەی گەلەكەمان.
•هەوڵدانی جدی و پێكەوەیی بۆ دۆزینەوەی خێراترین چارەسەر و كورتترین رێگا بۆ كێشە و قەیرانی دارایی و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، كە ئەمەش تەنها بە گەڕانەوە بۆ بەغداد و ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكان و دروستكردنەوەی متمانەی نێوان هەردوولا و رێزگرتنی رێكەوتنەكان دەبێت.
•دووركەوتنەوە لە گیانی خۆبەزلزانین و غرور و كبریائی ناپێویست،چونكە حوكمڕانی میلەتێك مەسەلەیەكی كەسی و حیزبی و بنەماڵەیی نیە، و ئەو راستیەش دەبێت لە بیر نەكرێت كە ئیدارە و دەسەڵاتی ئەم هەرێمە بەتەنها بە سەركردە و حیزبێكی سیاسی نابرێت بەڕێوە و ئیدارە نادرێت و ئەزموونی چەند ساڵی رابوودرووش ئەو راستییەیان سەلماندوە، ودەبێت هەموان شەریكێكی راستەقینە بن نەك كارتۆنی بەبچوك و گەورەوە و هەموانیش پەرۆشی و خەمۆخۆریان تەنها بۆ گەل و نیشتیمان بێت و هەوڵی تۆخكردنەوەی متمانەی نێوان سەركردە و پارتەسیاسیەكان و جەماوەر و ئینتیما بۆ گەل و نیشتیمان بدەن.
بەبێ‌ ئەم هەنگاو و كار و كردەوانە مەحاڵە بتوانرێت كێشە و قەیرانەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن و نابێت چیدی دەسەڵات بێ‌ باكانە بڕوانێتە كێشەكان و داواكاریەكانی جەماوەر، و هەركاتیش دەسەڵات گەیشتە ئەو باوەڕەی كە ناتوانێت هەرێم بەڕێوە ببات بەم پێكهاتەو سیاستەوە پێویستە بیر لە دەستلەكاركێشانەوە بكاتەوەو رێگا خۆش بكات بۆ پێكەوەنانی حكومەتێكی (( رزگاری نیشتیمانی )) لە جیاتی (( حكومەتی بنكە فراوانی نیشتیمانی)) كە لە ئێستادا فەشەلی هێناوە و نەیتوانی تەنها 2 ساڵ پێكەوە كار بكەن، بەم كارەش هەنگاوێكی خەمخۆرانە دەنێت و لانی كەم تاوانەكانی سەر ئەستۆی كەمتر دەبێتەوە و وەك داننان وایە بەهەڵەدا كە بۆ خۆی (( داننان بەهەڵەدا گەورەییە)).
چونكە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەو دونیا زۆر خێران و هیچیشیان لەبەرژەوەندی كورددا نین گەر كورد نێوماڵی خۆی پتەو نەكات و یەكڕیزی خۆی گرنگی پێنەدات . بۆیە مەترسیەكان لەدوای رزگاركردنەوەی موصڵ و چارەسەری كێشەكانی سوریا هەموانیان روودەكەنەوە كورد، بۆیە ئەم دەسەڵاتەی هەرێم ئەركێكی مێژووی و گەورەی لە ئەستۆدایە لە پێش بەشەكانی ترەوە، بۆیە دەبێت هەردوو جەمسەرەكەی دەسەڵات و حوكمڕانی لە ((جەماوەر و دەسەڵات )) پێكەوە كاربكەن و تەبا و متمانەپێكەری یەكتر بن و نابێت هیچ كامیان ئەویتر پشتگوێ‌ بخات،بەپێچەوانەوە ئەوەی كەهەشمانە لەدەستمان دەچێت و ئەوكاتیش مێژوو و نەوەكانی داهاتوومان بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە.

‌ 1758 جار بینراوه‌
08/10/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved