وتار
هەندێ‌ كەناڵی ئاسمانی هەوڵی تێكدانی كوردستان دەدەن

كەریم عەبدوڵڵا هەرتەلی


ماوەی چەند ساڵێكە هەندێ‌ كەناڵی ئاسمانی لە كوردستان  بەناوی كەناڵی ئەهلی و سەربەخۆ  پەیدا بوون كە لەسەتەلایتەوە پەخش دەكرێن، هەندێكیشیان لە ئامێرەكانی پەخشی  ناوخۆیەكاندا بەرنامەو بابەتەكانیان پەخش دەكەن، ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو دوو جۆرە تەلەفزیۆنانەی (ئاسمانی و ئامێرەكانی پەخشی ناوخۆ) چەندین سەرنج و تێبینی لەسەر ئەوانەدا دێتە  دیتن و مەگەر كەسێك زۆر نەزان بێت ئەگینا تێدەگات ئەو كەناڵانە بە پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی كارەكانیان دەكەن و پەخشەكانیان خستۆتە خزمەت  دوژمنانی گەلەكەمان، چەندین شەڕی دەروونی و ئایدۆلۆژی فەسادی ئەخلاقی بڵاو دەكەنەوە بێئەوەی هیچ سانسۆرێك لەسەر ئەو كەناڵانە هەبێت و وەك ئەوەی كوردستان بێ‌ حكومەت و بێ یاساو بێ خاوەن بێت كە لە راستیشدا وایە.
گومانی تێدا نیە هیچ كەناڵێكی ئەهلی و سەربەخۆ لە كوردستاندا نیەو هەر كەناڵێك بەو ناوەوە قسە بكات ئەسڵ و ئەساسی نیە، هەموو رووداوەكانی رابردووش هەر لە رووداوەكانی حەڤدەی شوباتەوە تا هەڵبژاردنەكانی كوردستان و شەری داعشەوە  دواتریش  تێكچوونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كەناڵەكان دەركەوتن كەلەم كوردستانەدا شتێك نیە بەناوی كەناڵی سەربەخۆ و ئەهلی جا خاوەنی ئەو كەناڵانە هەر چەند بێنە سەر شاشەكانیان بڵێن خاوەنی پارەی زۆرین پێویستیمان بەكەس نیە ئەوە  دوورە لە واقیع و هەموو كەناڵێكی ئاسمانی  لە كوردستان لایەنگری حیزبێكە یان سێبەری حیزبێكەو ئەمەش لای خەڵك بەتەواوی روون بووەتەوە.
لە رووداوەكانی حەڤدەی شوباتدا زۆرێك لەكەناڵە بەناو ئەهلییەكان هەندێ‌ گرفتیان دروست كردو و ئاژاوەكەیان زۆرتر قوڵكردوەو رۆژانە وێنەی شەهیدەكانی حەڤدەی شوبات و رۆژانی دواییان لە شاشەكانیان بڵاودەكردووەو رۆژ نەبوو برینی كەسوكارەكانیان نەكولێننەوە و كێشەكە چەند گەورەبوو ئەو كەناڵانە هێندەی تر گەورەیان كردەوە، سەرچاوەی سەرەكی بوون لە دروستكرنی كەلێن لە نێوان كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لایەنەكان، كە پێویستە رۆشنبیرەكان ئەمە لەبەر چاو بگرن و هیچی تر بەناوی رۆژنامەگەری ئازاد  ماندوونەكرێن و خەڵك بیئومێد نەكرێت، خەڵك لەیەكتر هان نەدرێت چونكە ئەوانە بەباشیان  نەوتووە باش و بە خراپیشیان  نەوتووە خراپ، بەدەر لەوەی تۆوی دووبەرەكی و نائومێدی ئەچێنن لەناو خەڵكدا، كە دڵنیام خەڵك رۆژێك دادێ‌ دەیانداتە دادگای گەل.
لەمەسەلەی قەیرانی داراییەوە رۆلێكی خراپ دەگێرن و شەوانە فەردە پارەو دۆلار لە شاشەكانیان پیشانی خەڵك ئەدەن و خەڵكیش فلسێكی لە گیرفان دانیە، ئەمەش وایكردووە خەڵك لە حكومەت  هانبدەن و گەنج نائومێد بكەن و بەرەو هەندەرانەوە رەوانەیان بكەن بێئەوەی چارەسەرێكی نیشتیمانیان پێبێت.
لەشەڕی دژ بە داعش سەنگەری پێشمەرگەو گیرفانی پێشمەرەگەو شین و رۆڕۆی بنەماڵەی شەهیدان و نائومێدی پێشمەرگە بەداعش دەگەینن و ئەمەش هێندەی تر  ریگا خۆش دەكات كە داعش بە ورەو بە بێمنەتی هێرشی سەر پێشمەرگە بكات و وەك ئەوەی ئەوان بێئەوەی خۆیان ماندوو بكەن زانیاری بەرەكانی شەڕیان  بۆ دەچێت، تەنانەت رۆژێكیان كەناڵێك سەنگەری پێشمەرگەی پیشانی دوژمن ئەدا ئەو كاتەی  پیشمەرگەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لەسنوور بوون دەیوت ئەمانە سەنگەری پارتی كرێكارانی كوردستانە بۆ حیزبەكانی رۆژهەڵاتیان جێهیشتووە بۆ ئەوەی شەڕ  دژی ئێران بكەن، دوای بیست وچوار كاتژمێر كۆماری ئیسلامی ئەو سەنگەرانەی بۆردومان كرد، نازانم ئەگەر ئەمە خیانەت نەبێت چ خیانەتە بەناوی رۆژنامەگەری ئەهلی ئازاد.
 لە كێشەی پارتی و گۆراندا ئەو كەناڵانە زۆرترین رۆڵی ئاژەوەگێڕیان بینیووەو بە تایبەتی لەم كارەساتانەی قەڵادزێ‌ و سەید سادق و گەرمیان وەك سەردەمی راپەرینی /1991 رەفتاریان دەكردو خراپترین رۆڵیان بینی و منداڵی خەڵكیان بەكوشت دەدا، ئەمە كەی راگەیاندنی ئازادە ئەمە راگەیاندنی شەڕو خزمەتكاری دوژمنانە.
لە كێشەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەماندا، شەوانە كادیری لایەنەكان دەهێننە سەر شاشەكانیان و لە بێبەرنامەیی  خۆیاندا كاتیان پێ پڕدەكەنەوە و بەگژ یەكتریانەوە دەنێن و ئاگری شەڕیان پێخۆش دەكەن؛ لەجیاتی هێوركردنەوەی دۆخەكە ، دۆخەكەیان زۆر خراپ و ئاڵۆز كردووە، خەریكە شەڕی ناوخۆ دروست دەكەنەوە كە بەرنامەكانیان شەوانە ئەبینی تەنها دەهۆڵی شەڕو بێئومێدی پیشانی خەڵك ئەدەن.
جۆرێكی تر لەو كەناڵانەی تر كە هەندێكیان ئاسمانی و  هەندێ‌ تریان لە ئامێری پەخشی نێوخۆیەكاندا بەرچاو دەكەون ئەوانەش كەس نازانرێت هی كێن؟ سەر بەكێن؟ كێیان لەپشتە؟ دوژمن ئاسا فلیمی توركی و كۆری و هیندی و بیانی بە دۆبلاژكراوی و ژێرنووسی كوردی دەرخواردی گەنجەكان و  خەڵكی دەدەن، وای لێهاتووە ئەو جۆرە دەیان كێشەی بێ رەوشتی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و نەشازی لەناو گەنجاندا بڵاوكردۆتەوە، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی هیچ پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی و دۆستایەتی و خزمایەتی لە نێو خەڵكی كوردستاندا نەمێنێ‌، تۆ بێنە پێش چاوی خۆت، هەندێ‌ لەو فیلمانە ئەڵقەكانیان لە لەسەدو پەنجای تێپەڕاندووە، لە چوار كەناڵیش رۆژانە لەچوار كاتی جیاوازدا پەخش دەكرێن و گەنج و خەڵكی هەیە بە زۆرینە  تەماشای هەر هەموویان دەكات، ئەی كەی كاتی سەعیكردن و سەردان و خوێندنە ؟ بۆیە پێویستە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان هۆشیار بن، ئەوانە دوژمنانی گەلەكەمانن لە جیاتی شەڕی مادەهۆشبەرەكان ئەو شەڕانەمان لە رێگای ئەو كەناڵانەوە پێدەفرۆشن و بیری نەتەوەیی و  پەیوەندی و كۆمەڵایەتی و هاوهەڵوێستی لە نێوانماندا لادەبەن، كاتی ئەوە هاتووە سنورێك بۆ ئەو كەناڵە بەناو ئەهلی و سەربەخۆیانە دابنرێت و بخرێنە ژێر چوارچێوەیەكی یاسایی بەناوی میدیای ئازادەوە، هیچی تر گەلەكەمان ماڵ وێرانەكرێت، دیاری بكرێن سەر بەكێن و بۆ وادەكەن و بەرنامەیەكی نیشتمانیان بۆ دابنرێت كە بكەوێتە خزمەت گەل و وڵاتەوە.

‌ 2085 جار بینراوه‌
17/11/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved