وتار
توركیا دەیەوێ‌ شەڕی داعش دواخات

لەتیف فاتیح فەرەج



هەڵوێستە توندەكانی ئەردۆگان لە هەمبەر هاوكاری ئەمەریكا بۆ یەپەگەو شەڕوانە دلێرەكانی رۆژاوا، شەڕ فرۆشتنەكانی بە عێراق و هەڕەشەكردن لە عەبادی، بەردەوام هەڕەشەو گوڕەشەكانی ئەردۆگان لە ناوخۆی توركیاو گرتنی خەڵكانی مەدەنی و سڤیل، هەموو ئەمانە شیوەنی ئەردۆگانن بۆ مانەوەی داعش یان لانی كەم بۆ ئەوەی داعش بۆ ماوەیەكی درێژتر بەردەوام بێت، هەزاران داعشی بیانی كە لەئەوروپاوە گەیشتونەتە سوریاو عێراق، جگە لە ڕێگەی توركیاو ئاسانكاری ئەردۆگان و ئاكپارتی بۆ پەڕینەوە هیچ دەرچەیەكی دیكەیان نەبوو، ئەردۆگان و داعش تەواوكەری یەكن، كێشە ئەوەیە ئەمەریكاو ناتۆ یان نایانەوێ‌ ئەم راستیە ببینن، یان خۆیانی لە ئاست كوێر دەكەن، لە رابردوودا سەدان بەڵگە لەو بارەیەوە ئاشكرا بوو، پرسی ئیزندانی دیبلۆماتەكانی توركیا لە موسڵ پاش گرتنی شارەكە لە لایەن داعشەوە، پرسی هەوڵدان بۆ كەوتنی كۆبانی، ئاشكرابوونی چارەسەركردنی بریندارەكانی داعش لە عەنتاب و شوێنەكانی تر، سیناریۆكەی جەرابلوس، هەموو ئەمانە بەسن بۆ سەلماندنی ئەو راستیەی ئەردۆگان و ئاكەپە نایانەوێ‌ داعش لە ناوبچێت.
بیانووی بەشداریكردنی سوپای توركیا لە شەڕی موسڵداو كێشكردنی سوپا بۆ برایم خەلیل و سنورەكانی رۆژاواو باشور بۆ دوو مەبەست زیاتر نییە، یەكەم بۆ ئەوەی هەرچۆنێكە و بە هەر ڕێگایەكە فریای داعش بكەوێت و خەڵكانێكی رزگار بكات، ئەگەر هیچ بوارێكیان بۆ نەمایەوە لە موسڵ، دووەم بۆ ئەوەیە پەكەكە بەشداری نەكات، ئەردۆگان ئەمەی نەشاردوەتەوەو بۆ ئەمەش ئامادەیە هەموو ڕووپارماییەك بكات، هەڵبەت لە دواجاردا ڕەنگە هەمان ئەو كارەی بۆ ڕوسیا كردی بۆ عێراقیشی بكات و لە بەردەم عەبادیدا بچەمێتەوە “ ئەمەیان ئەگەرەو هیچی دی “ پێشتر هەمان كاری بۆ پۆتن كردو بۆی چەمایەوە، ئەوەش كاتێك كە هەموو لامان وابوو توركیاو رووسیا لە كەناری پێكدادانان، بۆ توركیا كەوتنی داعش شەرمەزاریەكی گەورە دەبێت، هەر نا لە بەر ئەوەی داعش لەم چەند ساڵەدا خێرو بەرەكەتێكی گەورە بووە بۆ ئاكەپەو ئەردۆگان، هەر نا لە بری ئەوەی ئاكەپەو ئەردۆگان لە دەرەوەی توركیا خۆیان شەڕی كورد بكەن داعش ئەو كارەی بۆ كردوون، جگە لە داهاتی نەوت و بازرگانی دیكەی نێوان ئاكەپەو داعش.
ئەوەشمان بیر نەچێت ئەگەر داعش لە موسڵ و رەقە كۆتاییان بێت، ئەوا زەمینەیەكی لەبار بۆ هەناسەدانی كورد لە باشورو رۆژاوا دەڕەخسێت، بە تایبەت لە رۆژاوا، ئەمەش هەرگیز بە دڵی ئاكەپەو ئەردۆگان نابێت، بۆیە بە هەر ڕێگەیەكە دەیەوێت بەر بە گۆڕانكاریەكان بەو جۆرە بگرێت كە بە بەرژەوەندی كورد یەكلابێتەوە، تەنانەت لە ئێستادا ملدانی بۆ روسیا، هەوڵدان بۆ ئەوەی سعودیەش لە چارەنووسی سوریاو ناوچەكەدا رۆڵیان هەبێت، بەشێكن لەو سیناریۆیانەی توركیاو ئاكەپەو بە تایبەت ئەردۆگان، كێشە لێرەدا ئەوەیە لەم نێوانەدا ئاكەپەو ئەردۆگان بتوانن هەندێك گروپ و لایەنی كوردی لە باشورو رۆژاوا بە لای خۆیاندا رابكێشن، كە ڕەنگە ئەمە روداوی ناخۆش و نەخوازراوی لێبكەوێتەوە، بە تایبەت لە بارو دۆخێكدا كە هێشتا لایەنە كوردییەكان دەستیەرداری ئاوەزی شەڕی ناو خۆ نەبوونە.
ئایە ئەردۆگان و ئاكەپە لەم یارییەدا سەردەكەون، ئەمە ئەو پرسیارەیە كە گرێدراوە بە هەڵسوكەوت و ملدانەكانی ئەردۆگانەوە، نەك سەركێشی و خۆخاوەنیەكەی، چونكە ئەردۆگان نەپیاوی سەركێشیە، نەپیاوی خۆخاوەنی.

‌ 1987 جار بینراوه‌
15/10/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved