وتار
سیناریۆی موسڵ و كەركوك

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان



هاتنی سوپای تورك بۆ باشیك بۆ هێنانەدی خەونەكۆنەكەیەتی، لە مێژوی توركیای كۆماریدا سیناریۆی گەڕانەوەی موسڵ – كەركوك هەمیشە لەخەیال وئەندێشەی سەرانی توركدا بوە، تەنانەت لەمێشكی هەر دۆستەكانی كوردیشدا بوە... تۆرگوت ئۆزال ساڵی ١٩٩٠ لە ئامەد لە كۆبونەوەی لەگەڵ سوپاسالاری ئەوسادا وتی “ئەم نەخشەیەی ئێستای توركیا هەڵەیە و تەڵەیە، دەبوایە لەولاتر بكێشرایا و كەركوك و موسڵی لە خۆبگرتایا”.. ئەویش بەو داخەوە مرد! بەڵام هەوڵیدا بەشێوەیەكی تر قەرەبووی هەژاری توركیا بكاتەوە، ئەویش ئەوە بو ئۆزال دەیزانی ناوچەی عێراق و كەنداو خاوەنی لە توركیای بە هێزتری هەیە ناچار بوو بەرنامەی ناردنەدەرەوەی دەستی كاری توركی بە وڵاتاندا بڵاوكردەوە بەتایبەتی بۆ كەنەدا و ئوسترالیا ولیبیا سعودی عەرەبستان و وڵاتانی ئەوروپی... تۆرگوت ئۆزال لەماوەی چەند ساڵێكدا توانیتی چەندین ملیۆن هێزی كاری تورك بەدونیادا بڵاوبكاتەوە، كە خۆی ناوی نابون (مریشكی هێلكە ئاڵتونی) دیارە مەبەستی لە هێلكە ئاڵتونی ئەو پارەو دراوانە بو، كە كرێكارەكان لە ئەڵمانیاو وڵاتانی ئەوروپی و كەنەدی و ئوسترالی دەیانناردەوە بۆ بانقەكانی توركیا لە مارك و دۆلار و فرەنك و شلینگ... كرانەوەی ئابوری توركیا لەسەردەستی ئۆزالدا لەم مریشكە هێلكە ئاڵتونیانەوە دەستی پێكرد و لەلایەكەوە توركی هەناردەكرد، لەلایەكی ترەوە پارەی قورسی نەختینەی هاوردەكرد،  چونكە ئۆزال پیاوێكی زۆر عاقڵ و ئابوریزان بو دەیزانی ئیتر باوی داگیركردنی خاكی وڵاتان نەماوە بۆ ئەوەی بە بەروبوومەكەی وڵاتەكەت بەڕێوەبەریت... ئەوە عەقڵیەتی سەردەمی عوسمانیەكان بو كە دەبوو هەمیشە زەوی و خاكی وڵاتانی تر داگیر بكەیت، بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتەكەیان بدەن و بژێوی بۆ پەیدا بكەن.
لە راستیشدا بەرنامە ئابوریەكەی ئەردۆغان و ئاكەپە زۆر لەوەی تۆرگوت ئۆزالیشی تێپەڕاند، چونكە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئاكەپەدا، توركیا بوو بە ژێماڵە بۆ سەرمایەی بێگانەو قیبلەی گەشتیارانی جیهان، بەڵام بەهاری عەرەبی بە ئەندازەیەك ئەردۆغانی (چەشە) كرد و بەهەڵەیدا برد، كە توركیای بۆ چەندین فرسەخ لە رووی ئابوری و سیاسیەوە بەرەوداوە گەڕاندۆتەوە... بەهۆی پێڕۆكردنی سیاسەتە چەوتەكەیەوە لە دەرەوەو ناوەوەدا سەرمایەی بێگانە بەتایبەتی ئەوروپی و كەنداو بەپەلەو بە مایەی خۆیانەوە كشانەوە.. (٦٠) ملیارد دۆلاری داهاتی ساڵانەی سێكتەری گەشتیاری بەهۆی تەقینەوە و بە ئامانجكردنی گەشتیارانی بیانیەوە لەدۆخی نەبووندایەو كۆتایی هات.. لەولاشەوە ئاكەپە جگە لە كارنامەی شەڕكردن لەناوەوەو دەرەوە هیچ پلانێكی تری نیە .
جا هاتنی سوپای تورك بۆ باشیك لەسەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپەدا بۆ گەڕانەوەی زەرەر لەنیوەیە، لەم رۆژانەدا ئەردۆغان و سەرانی ئاكەپە بەخۆیاندا چونەتەوە، كە هەڵەی ستراتیژیان كردوە لەساڵی ٢٠٠٣، دا كە بەشداری هاوپەیمانان نەبوونە لە روخاندنی رژێمەكەی سەدامدا و رێگریان كرد لە هێزەكانیان، كە خاكی توركیاش بەكار بهێنن، بۆیە ئێستا جارێكی تر ئەردۆغان دەیەوێ پشكی بەركەوێتەوە لە موسڵدا بە بێ پرس و هاتوە وەكو خاوەن ماڵ بێ ئەوەی بەشداریكردبێ لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانیدا بۆ نەمانی داعش هاتوە دەڵێ “ئێمە ئەوە دەخوێنینەوە، كە دەیزانین”.. مەبەستی ئەوەیە لە كاتی دابەشكردنەوەی عێراقدا بەسەر(٣) ببێتە فیگەری یەكەمی ناوچە سوننیەكان، كە لە بنچینەدا ئەم پرۆژەیە وەكو شەڕی عێراق و ئێران پرۆژەیەكی سعودیە.. (٨) ساڵ ئێران و عێراقی پێ شەكەت و كەلالەكرد، ئێستاش نۆرەی توركیایە . بەدڵنیاییەوە توركیا دۆڕاو و زەرەرمەندی یەكەمی ئەم شەڕە دەبێ، چونكە لەدەرەوەی سنورەكەی ئێستایەتی و گەلانی عێراقیش، جگە لە كەمایەتیەكی كەم نەبێت توركیا بەداگیركەری كۆن و نوێ دەزانن.


‌ 2363 جار بینراوه‌
22/10/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved