وتار
ئاقڵمەندانی یەكێتی

لەتیف فاتیح فەرەج


بە دەر لەوەی كە ئێمە چەند ڕەخنەمان لە یەكێتی هەیە ، بە دەر لەوەی كە یەكێتی لە حزبی سەرەكیەوە لە حكومەت و دام و دەزگا هەستیارەكاندا بووە بە حزبی جێگر ، بە دەر لە هەر سەرنج و تێبینیەك لە سەر پشكی یەكێتی لە تاڵانی نەوت ، گەندەڵی ، تەخشان و پەخشانی خاكی كوردستان ، قوڵكردنەوەی كێشەی چینایەتی و هتد ،  بوون و مانەوەو بەردەوامی یەكێتی " تەواوی یەكێتی بەو ناوانەشەوە كە لێی نراوە " زۆر پێویست و گرنگە، ئێمە بارو دۆخ دەبینین و مامەڵە لە گەڵ ئاوەز دەكەین و لە سۆز دور دەكەوینەوە ، یەكێتی بە بە هێزی و یەكگرتووی هەبێت باشترو پێویستە نەك بە لاوازی و تەرتەو پەرتەی ، ڕاگەیەنراوەكەی كۆبونەوەكەی  15-10 -2016 ئەو بەشەی كە پەیوەستە بە ناوكۆیی و پێكەوەیی یەكێتیەوە ژیرانە نوسرابوو ، ئێمە پێشتر پێشبینی ئەوەمان كردبوو ، لەگەڵ یاران و پرسخوازان گوتبومان كە راگەیەنراوەكە كۆكەرەوە دەبێت .
كردنەوەی دەرگای دیالۆگی هەڤاڵانە ، رستەیەكی ئاقڵانەی سیاسیە دەكرێت بەردەوامی پێبدرێت ، دەرگای دیالۆگ بەرەو داخست یان جۆرێك لە گیر بوون دەچوو ، كردنەوەی بوارێكی گەورەیە ، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەم ناوچەیە لە نێو ئەو هەموو قەیران و ستەم و نادادیەدا توشی بەڵای تر و خەمی تر نەبن ، راستی میدیای نابەر پرس و وروژێنەر بە دووی ئەوەوە بوو درز كەلێن بدۆزێتەوەو بە دڵی خۆی هەواڵی دەستكەوێ‌ ، ئەم جۆرە لە میدیا لە بری ئەوە ی كاری گەیاندنی هەواڵ بێت كاری دروستكردن و هەڵگیرساندنی هەواڵە ، ئەمە تێنەگەیشتنە لە بەرپرسیارەتی و كاری میدیایی ، ئەمەیان بە جێدێڵم بۆ شارەزاكانی ئەو بوارە ، بە تاڵكردنەوەی ئەو جادوە دروستكراوە خاڵی كردنەوەی ئەو هەوڵەیە دەیەوێ‌ تەققەكە دروستكات ، دیارە ئاقڵەكان بە كردنەوەی دەرگاكە بۆ بەردەوامی گفت و گۆ گوتیان نەخێر بۆ ترازان .
ئێستا ئیتر كاتی ئەوەیە لەو ناونانانە دوركەونەوە كە زۆر جار وەك نیشانەی جیاوازی قوڵ و لێكترازان نیشاندەدرێن نەك وەك پێكەوەیی ئاڵو واڵایی ، باشترین هەنگاویش  دەبوایە ئەوە بوایە كە ئیدی ئەندامانی نێو كۆبونەوەكە بە میدیایان گوتبا یەكێتی یەكێتیەو ناونان بە باڵی زۆرینە ، یان " باڵی دەستڕۆیشتوو" قابیلی قبوڵ نیە ، بۆ ئەمە نەگوتراو لە ڕاگەیاندراوەكەدا نەبوو ، ئەوەیان نازانم ، لێ‌ دەزانم دەكرێ‌ هەموو یەكێتی پێكەوە بەوانی نێو كۆبونەوەكەو ئەوانی داكێڵیش ، یەكێتی بڕیار بن ، بڕیار بۆ دەرچوون لەم تەنگژە ناوخۆیی و تەنانەت كوردستانیەش كە ئەو حزبەی لە خاوەنەوە كردوە بە جێگر .
ئەوانەی ئەو ڕۆژە لە كۆبونەوەكە نەبوون ، سەرنج و تێبینیان لەسەرە وەك چۆن لەسەر تەواوی ئەوانەش هەیە كە لە كۆبونەوەكە بوون ، بەڵام هەموو پێكەوە تەواوكەری یەكن و هەر یەكەش سەنگو قورسای خۆیان هەیە ، بۆیە ناكرێ‌ كار بۆ سڕینەوە یان گۆشە گیر كردنی كەس ببرێت ، كردنەوەی دەرگاكە بوارە بۆ هەناسە دانی  هەموویان ، ئێمەو مانان ئەگەر ناتوانین هاوكاریان بین و قسەی دروستیان بۆ بكەین ، هەق نیە برینەكانیان بكولێنینەوە .یان قسەی باش یان خۆ دور گرتن لەوەی چۆن دەكرێت ئەم هاوڕێ‌ و هەڤاڵانەی یەكتر لە یەكتر دابڕێنرێن .
‌ 1789 جار بینراوه‌
26/10/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved