وتار
ئەردۆگان بەرەو سەركردەی پۆپۆلیستی

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


توركیا  ئیتر وادەردەكەوێت، كە زۆر بەخێرایی و بەپەلە پروزێ بەرەو ئەو جۆرە دەسەڵات و ڕژێمە هەنگاوبنێ، كە لەگەڵ سروشت و بنەماكانی ئاكپارتی و ئەردۆگاندا بگونجێت و ڕێكبێتەوە، كە دیسپۆتی دینیە و كۆمەڵگای توركی دابەشكردووە بەسەر یار ونەیارا، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش هیچ بوارێك بۆ خەباتی سیاسی و پەڕلەمانی بۆ پارتەكانی ئۆپۆزۆسیۆن نەهێشتۆتەوە وبەدەستەجەمعی رووبەڕووی دادگاكان وزیندانەكان دەكرێنەوە، وەكو لە ئێستادا سەرەتاكەی بەئاشكرا دەركەوتووە، كە بەدرێژایی مێژووی كۆماری توركیا هیچ رژێمێك بەئەندازەی دەسەڵاتی ئاكپارتی توندوتیژو داپڵۆسێنەر نەبووە بە رۆژگاری دەسەڵاتەكەی كەنعان ئێڤرەنیشەوە.
یەكێك لەفاكتەرەكانی نواندنی توندوتیژیەكانی سەرانی ئاكپارتی دەگەڕێتەوە بۆ هەماهەنگی ودەستەچیلەیی پارتی نەژادپەرستی (مەهەپە) بۆ داپڵۆسینی سەرۆك شارەوانیەكانی (دەبەپە)و نوێنەرانی (هەدەپە)و راوەدوونانی رۆژنامەنوسان و داخستنی رۆژنامە نەیارەكان بە دەسەڵاتەكەی (ئاكەپە) و خرۆشاندنی شەقامی توركی بۆ ناردنە دەرەوەی سوپا بەئاراستەی ناوخاكی سوریاو عێراق بۆ دژایەتیكردنی هێزەكانی كورد لە باكوری سوریا و عێراق وزیندووكردنەوەی حەزی فراوانخوازی بۆ داگیركردنەوەی حەڵەب و ئەلباب و موسڵ و كەركوك بەهانەوەچوونی دۆستەكانیان لە خێڵە توركمانەكان و عەرەبی سوننەی هەردوو وڵاتانی سوریا و عیـَراق، ئۆپەراسیۆنەكانی رژێم دژ بە (هەدەپە) بەشێوەیەكی بەربڵاو دەستیپێكردووەو تا ئامادەكردنی ئەم نوسینە (١٦) سەرۆك شارەوانی (دەبەپە) زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوەو هیچ نوێنەرێكی (هەدەپە)ش نەماوە دەیان دۆسیەی تاوانی جیاجیای بۆ نەهۆنرابێتەوە... دەمێنێتەوە سەر (جەهەپە)، كە دوای هەدەپە پارتی دووەمن، كە دەبنە بەربەست لە پێش تێپەڕبوونی ریفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستورو گواستنەوەی وڵات لە سیستەمی پەڕلەمانییەوە بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی، كە لە ئێستادا ئاكپارتی لە هەوڵی مل پێكەچكردنی جەهەپەدایە هەمان چارەنوسی هەدەپە چاوەڕێی ئەوانیش دەكات،  هەرچی فەتۆچیەكانیشە رەشبگیریان درێژەی هەیە، كە هەرچی گومانی فەتۆچێتی لێبكرێت دەگیرێت ومال و موڵكەكەشی حەڵاڵی (بیت المال)ی ئاكپارتی دەكرێت.
لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنەكانی ئاكپارتی دژ بەنەیارەكانی  لەناوەوە ودەرەوەدا جێگۆڕكێ دەكەن و بەندن بە بەشداریكردنی سوپای تورك لە رەقە وموسڵدا، كە لە ئێستادا گەیشتۆتە بنبەست، چونكە وادەردەكەوێت، كە هاوپەیمانان خوازیاری بەشداری پێكردنی توركیا  نەبن لەئەجنداكانیانداو ئەلتەرناتیڤی هەرزانتریان دۆزیبێتەوە !؟ هیستریاكەی حكومەتی ئەردۆگانیش لە بێبایەخی توركیاوە لەلای هاوپەیمانان سەرچاوەی گرتووە، بەتایبەتی ئەگەری ئەوە هەیە، كە ئەلتەرناتیڤەكە كوردانی رۆژئاوابن و كورد بوبێت  بە فاكتەری كزبونی رۆڵی توركیا لە ناوچەكەدا! بۆیە ئیتر توركیا پێدەچێت رێگەی تری لەبەردەمدا نەمابێت، جگە لەوەی هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ بەهێزكردنی بەرەیەكی تۆكمە لەئاكپارتی و توركە نەژادپەرستەكان بەرانبەر بە یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، چونكە دۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتیش بەو ئاراستەیە دەڕوات، كە مۆدێلی دەسەڵاتی ئاكپارتی پەكبخات و بەرەو گرمۆڵەیی وداخراوی ببات، كە پێدەچێت مۆدیلی حوكمی ئەردۆگانی تا ساڵانی ٢٠٣٠ بڕ بكات، ئەگەر زووتر بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە لەبەریەك هەڵنەوەشێتەوە ! بۆیە ئیتر هیوایەك لە سەرمانەوەی سیستەمی پەرلەمانی لە توركیادا هەڵناچنرێ و ئەردۆگانیش لە ئێستادا سیستەمی سەرۆكایەتی بە پراكتیك پیادە دەكات و بۆتە تاكە سەركردەی بێ ركابەر وەكو سەردەمی دەسەڵاتی ئەتاتورك... توركیای ئەردۆگانی چیتر بەرگەی گەمارۆ ناگرێت، لەبەر ئەوەی دەرگاكانی ئەوروپای لێداخراوەو بەهۆی شەڕی سوریا وعێراقیشەوە دەرگای رۆژهەڵاتی دونیای ئیسلامیشی لەسەر خۆی داخستووە، بۆیە مەحكومە بە ئینتیحارێك لە ناوەوە یا لەدەرەوەی سنورە جوگرافییەكەی ئێستای.







‌ 2434 جار بینراوه‌
26/11/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved