وتار
شیعەو سەربەخۆی كوردستان

لەتیف فاتیح فەرەج



سەرانی شیعەی عێراق نزیكەی زۆربەیان لە گەڵ سەربەخۆیی كوردستاندان، تا ئێستا زۆرێك لە كادیرە باڵاكانی حزبی دەعوە، مەجلیسی ئەعلا و خەڵكی دیكەشیان لێرەو لەوێ‌ ڕێگەی سەربەخۆیی نیشانی كورد دەدەن، بەڵام كورد لەناو خۆیدا ئەو بابەتە وەك بانگەشەو ڕیكلام بەكار دێنێ‌، نەك ئەوەی پڕۆژەی هەبێت، ئێستا هەر یەك لە حەیدەر عەبادی و تەنانەت نوری مالكیش دەیانەوێ‌ كورد دەوڵەتی سەربەخۆ لە باشوری كوردستان ڕابگەیەنێ‌، بەڵام رەنگە گرفتیان لەسەر هەندێ‌ شوێن و ناوچە هەبێت، پێشتر نوسەرو سیاسەتكاری شیعە حەسەن عەلەوی كە خاوەنی دەیان كتێب و نوسینە لەسەر شیعە لە عێراقدا و چەوسانەوەی شیعەو ستەمی بەعس، بە ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ دەوڵەتی كوردستان راگەیاندووە، عەلەوی ماوەیەكی زۆریشە سەرقاڵی كتێبێكە لە سەر سەربەخۆی كوردستان، من وای دەبینم ئەم هەوڵە گرێدراوی دیدو بۆچوونی سەرانی شیعەیە .
شیعە لە عێراقدا نزیكەی لە 55% بۆ 60% رێژەی دانیشتوان پێكدێنن، ئەم رێژەیە لانی كەم تا بابل هیچ كێشەیەكی ئەو تۆیان نیەو لە بابل بەو لاوە ڕێژەی شیعە لە 90% زیاترە، لە بەغداش تارادەیەكی زۆر ئەگەر ژمارەكەیان لە نیوە تێنەپەڕاندبێت، ئەوە ئێستا نیوە پێكدێنن، لە سنوری پارێزگاكانی دیالەو تكریت و كەركوك و موسڵیش كەم و زۆر هەن، بە جیابوونەوەی كورد لە عێراق ڕێژەی شیعە نزیكدەبێتەوە لە 80% ئەمەش دەوڵەتێكی زۆرینە شیعە پێكدێنێ‌، بۆیە شیعەكان هەوڵی زۆر ئەدەن بۆ سەرخستنی ئەم بابەتە، ئەگەر لەو بارودۆخەشدا سونەش لە پارێزگاكانی ئەنبار، تكریت، موسڵ،دیالە، نەیانتوانی لەگەڵ شیعە بژین ئەوانیش بیر لە خود خاوەنی خۆیان بكەنەوە، هەڵبەت سونەكان ئەگەر هیچ رێگەیەكی تریان لە بەردەمدا نەمێنێ‌، لە ئەگەری جیابوونەوەی كورد لە عێراق ناچارن بەو بابەتە رازیبن كە لەگەڵ شیعە نەژین، ئەو كاتە سعودیەو قەتەریش كە دوو دەوڵەتی پاڵپشتی سونەی عێراق و بەرهەمێنی توندڕەوی سونەشن بۆ دەرەوەی خۆیان مل بەو كارە ئەدەن .
شیعەكان، كوردیان سەر پشك كردووە لەوەی لە عێراق جیا بێتەوە، كێشە ئەوەیە كورد ئامادەیی ئەوەی تیا نیە، لە حاڵێكدا ئەگەر شیعە بەو جۆرەی دەیانەوێت پڕۆژەكەیان بچێتە پێشەوە، ئەوە ئێرانیش لاری نابێت لەو جیابوونەوەیە، یان دژایەتی ناكات ئەگەر لە گەڵیشی نەبێت، ئەو دەم ئێران دەوڵەتێكی هاوپەیمانی شیعەی بۆ دروست دەبێت، بە بێ‌ ئەوەی سعودیەو قەتەر بتوانن نەیاری بكەن، لە هەموو بارێكدا هێشتا توركیا سەرسەختانە دژایەتی خۆخاوەنی كوردی باشور دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا كە پارتی رێكەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵی هەیەو تارادەیەكی زۆریش ئەو بەشەی سەرزەمینی باشوری كوردستان كە پارتی دەستی بەسەردا ڕادەگات خراوەتە خزمەت توركیاوە،هەروەها پەیوەندیەكی زۆر قوڵ لە نێوان پارتی و ئاكەپەو ئەردۆغاندا هەیە، لێ‌ لەوە دەچێت توركیا زۆرتریان لە كوردی باشور بووێت تا ئەوەی بە خودخاوەنی كوردو ئەو پڕۆژە رانەگەیەنراوە ڕازیبن كە شیعە كاری لەسەردەكات .
ئەوەی مایەی هەڵوەستەیە لە نێو ئەم كەش و هەواو بارو دۆخەسیاسیەدا، شیعە پڕۆژەی خۆی هەیە، سونە پڕۆژەو پاڵپشتی هەیە، ئەگەر چی باجی ئەو نەیاریەیی بە زیادەوە دایەوە كە لەگەڵ ئەمەریكا كردی، ئەوەی پڕۆژەی نیە، ئەوەی دەوڵەتی كوردی وەك ریكلام بەكاردێنێ‌، ئەوەی لە ناوخۆیدا دەوڵەت و ریفراندۆم بۆ بانگەشەی لێدانی ئەوانی تربەكار دێنێ‌ كوردە، كورد هیچ ئامادەكاریەكی بۆ ئەو بابەتە نەكردووە، ئێستا باشوری كوردستان زۆر زیاتر لە ناوچە سونیەكان لە قەیراندان، هەر ئەوەیە كەشەڕیان تیا نییە وەك ئەو ناوچانە، هیچ پڕۆژەیەكی دروست لە بەردەستا نیە بۆ دەوڵەتداری، حكومەت موفلیسەو شكستی هێناوەو ودەرچەیەكی نیە بۆ دەرباز بوون، ئەمە هەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان وتیان، لایەنە سیاسییەكان ناجۆرو ناتەبان، پارلەمان پەكخراوەو هیچ رۆڵێكی نیە، سەرۆكایەتی هەرێم كە هۆی سەرەكی قەیرانە سیاسییەكەی هەرێمە بێ‌ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی دروست، قۆرخ كراوە، لە سەركردە دیارەكانی حزبە سیاسییەكانی كوردستان، نەوشیروان مستەفا كە دەتوانێ‌ رۆڵی گەورە بگێڕێ‌ لە وڵات نییە، جەلال تاڵەبانی نەخۆشەو كاریگەریەكی ئەو تۆی لە گۆڕەپانەكە نەماوە، جێگرەوەكانیشی هەریەكەو لە ئاوازێ‌ دەخوێنن، بارزانی كە لە كوردستانەو تاڕادەیەكی زۆر لە دیدی وڵاتانی دەوروبەرو دەرەوە وەك مەڕجەع سەیر دەكرێت، خۆی لە سەرو كێشەكانەوە دەبێنێت، نایەوێت لە بەرگ و كاڵای حزب بێتە دەرەوە، نەیتوانیوە سنورێك بۆ ستەمكاری حزبەكەی بەرانبەر ئەوانی تر دابنێت .
بەم بارو دۆخەوە مرۆڤ دەكارێ‌ بڵێ‌ ئەوە تەنیا كوردە بۆ ئایندەو سبەی هیچ پڕۆژەیەكی نییە، لە كاتێكدا زیاتر لە 5 ساڵە شیعە هانماندەدەن لە عێراق جیابینەوە و بۆ ئەو كارە ئامادە سازی بكەین، ئێمە ئەوەندەی دەمانەوێ‌ بانگەشەی دەوڵەت بۆ ناوبانگی كەس و لایەنێ‌ بەكار بێنین، ئەوەندە لە بیری ئەوەدانین نەخشەڕێی بۆ دابنێین، دڵمان بەوە خۆشە سیاسەتمەدارێكی پیری ئیسرائیل، یان كۆڵۆنیالێكی خانەنشین، یاخود نزیكەكانی ترەمپی سەرۆكی ئایندەی ئەمەریكا لە تەك سەربەخۆیی كوردان !!








‌ 2126 جار بینراوه‌
03/12/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved