وتار
نان و ئازادی یا هیچیان یان پێكەوە...

نەوزادی موهەندیس


ئاشكرایە هیچ كۆمەڵگایەكی مرۆڤایەتی بەبێ‌ بوونی  دوو هۆكاری سەرەكی بۆ بەردەوامبوونی ژیان و گوزەران و پێشكەوتن و داهێنانەكان ناتوانێت هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی گەشتر هەڵبنێت، ئەو دوو هۆكارەش بریتین لە دابینكردنی نان و ئازادیەكان بۆ تاك بە تایبەتی و كۆمەڵگاش بەگشتی . تاكی مرۆڤ  بەردی بناغەی پێكەوەنانی خێزان و كۆمەڵگایە،هەربۆیە تاك هەمیشە میحوەر و تەوەری سەرەكی پلان و بیركردنەوەكان بوە، و بەبێ‌ گرنگیدان بەتاك و پێداویستیەكانی  ژیانی ناتوانرێت نە خێزانێكی ساغڵەم و نە كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوش پێكەوە بنرێت، چەندە تاك خۆشگوزەران و كەشوهەوای تەندروستی بۆ بڕەخسێت هێندەش دەبێتە تاكێكی بە بەخشش و بەخشندە و داهێنەر، بە پێچەوانەشەوە هەر تاكێك سەرەتاییترین مافەكانی لێ‌ زەوت بكرێت كە بریتین لە نان بۆ بەردەوام بوونی گەشەی لاشە و جەستە و ئازادی بۆ گەشەی بیر و هۆش و هزر، ئەوا تاكێكی سست و بێ‌ بەرهەم دێتە بوون و ئەنجامیش كۆمەڵگایەكی مێگەل ئاسا دەكەوێتەوە كە دەسەڵاتداران و تاكڕەوانی حوكمڕانی بە قازانجی بەردەوامبوونی ستەم و زوڵم و زۆری و چەوساندنەوەكانی خۆیان سوودی لێدەبینن. بۆیە هەمیشە كۆمەڵگا ناهوشیار و برسیەكان دەبنە نێچیرێكی سانا ودەستەمۆی دەسەڵات و بەپێچەوانەشەوە كۆمەڵگا خۆشگوزەران و رەفاه و پڕ ئازادیەكان هەمیشە كۆمەڵگایەكی هەڵشاخاو وخاوەن بیرو را و رەخنە و هەڵوێست و سركی لێدەردەچێت و بە ئاسانی رامناكرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. جا ئەم راستیانە لە ناوچەیك بۆ ناوچەیەك و لە كۆمەڵگاو تاكێكەوە بۆ كۆمەڵگاو تاكێكی دی گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
كۆمەڵگای كوردەواریش بەگشتی و تاكی كوردیش بە تایبەتی  تاك و كۆمەڵگایەكی رامنەكراون بۆ دەسەڵاتدارە داگیركەرەكان و خۆماڵیەكانیش، چونكە كۆمەڵگاو تاكێكن كە هەمیشە حەز بە خۆشگوزەرانی و ئازادیەكان دەكەن و گەرەكیانە  هەمیشە خاوەنی بیر و هۆش و پلان و رەخنە و گوتەی سەربەخۆی خۆیان بن. بەڵام دوژمنان و بەداخیشەوە  دەسەڵاتدارە خۆماڵیەكانیش لەو راستی و سروشتەی كۆمەڵگا و تاكی كورد تێگەیشتوون، هەربۆیە لەهەر قۆناغێكدا كە بۆیان گونجاو بوبێت رووبەڕووی ئەو هەڵشاخان و سركیەی كورد بونەتەوە بەوەی هەر جارەی یان نانیان لێبڕیوە یان ئازادیەكانیان لێ زەوتكردوە.
چونكە باش دەزانن كە كۆمەڵگاو تاكی كوردی بێ‌ ئەو دووانە هەڵناكەن و تەواوی ژیانیش بەبێ‌ بوونی ئەو دووجمكە هیچ مانایەكی نامێنێتەوە، كورد لەم هەرێمەدا لەسەردەمی دەسەڵاتدارانی داگیركاراندا هەر لە ئیگلیزەكانەوە تا حكومەتە عەرەبیەكان بەسونە و شیعە و بە پاشایەتی و كۆماریەكانیانەوە هەر جارەی بەشێوەیەك رووبەڕووی بەرگری و گیانی قوربانیدان و خەباتی كوردایەتی بونەتەوە و  لەو پێناوەشدا هەمیشە چەكی دەستیان بۆ چۆكدادانی كوردان یان گەمارۆی ئابوری بوە یان كۆت وبەند خستنە سەر ئازادیەكانیان بوە لە رادەربڕین و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و شۆڕشكردن. بەڵام كوردیش دەستەوستان دانەنیشتوە و بەو هۆكارە سادە و ساكارانەی لەبەردەستیدابوە بەرەنگاری پیلانی داگیركاران بۆتەوە و هەمیشە گیانی بەرخۆدان و قوربانیدانی  لە درەوشاندنەوە و گەشانەوەی بەردەوامدابوە، هەربۆیەش نەك لەم هەرێمەدا لەتەواوی بەشەكانی تری كوردستانیشدا بەدرێژایی مێژووی داگیرو دابەشكردنی كوردو كوردستان توانیویەتی بەرگری لەمان و ژیان و بونی خۆی بكات و دوژمنان و داگیركاران وەڕس و جاڕس بكات و ناچاریان بكات دان بە لانی كەمی مافە رەواكانیدا بنێت.
كورد لەسەردەمی داگیركاراندا بۆئەوەی هۆش و بیر و هزی گەشە نەكات  و بیری خەبات و شۆڕش نەكەوێتە كەڵكەڵەیەوە رێگەی لە ئازادیەكانی گرتوە بەڵام نانی داونەتێ‌ و تاڕادەیەك كێشەی نان و خۆشگوزەرانی نەبوە،بەڵام كورد هەر بە دابینكردنی پێداویستیە مادیەكان رازی نەبوە و هەوڵی دابینكردنی ئازادیەكانی داوە و لەو پێناوەشدا خەباتی ئاشتیانە و شۆڕشی چەكدارانەشی بەرپاكردوە.
لە ئێستادا بەداخەوە  ولەسەردەمی دەسەڵاتی كوردی خۆماڵیدا،گەرەكیانە بە ناوی بوونی ئازادی و نیمچە سەربەخۆی لەم هەرێمەدا، گیانی رەخنە و ناڕەزایی جەماوەری گەلەكەمان بمرێنن و شكستی پێبێنن بە برسیكردن و نانبڕین و بێ‌ مووچەیی و دابینەكردنی سەرەتاییترین پێداویستیەكانی ژیانی رۆژانە.
ئەوەتا بۆ ماوەی زیاد لە 3 ساڵ دەچێت جەماوەری گەلەكەمان رووبەڕووی توندترین قەیرانی دارایی بۆتەوە لە سایەی سیاسەتی هەڵە و نەزانین و شكستخواردووی حوكمڕانانی ئەم هەرێمەداو تا ئێستاش نەیانتوانیوە كە بچووكترین و سەرەتایترین پێداویستی و خزمەتگوزرایەكانی كۆمەڵگایەكی سەردەمیانە بۆ ئەم هەرێمە دابین بكەن، نا لە بەرئەوەی وڵاتەكەمان هەژار و نەبوو و دواكەوتوو  وبێ‌ سەروەت و سامان و نەوتە، بەڵكو بەهۆی سیاسەتێكی خێڵەكی و دواكەوتوو كە حەزی دونیای لە پاوانخوازی و قۆرخكاری و بەمیراتگرتنی دەسەڵاتێتی لەم هەرێمەدا، ئەوان لەبیریان چوە كە ئەم هەرێمە و جەماوەری میلەتەكەشمان نەهێندە دواكەوتوون و نە هێدەش كاڵ فامن و تێنەگەیشتون لە رووداوەكانی دونیا و دەوروبەر كە بەئاسانی بچنە ژێر باری عەقڵیەتێكی كۆن و داڕزاو و دواكەوتوی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و مافیا ئاسای ئەم هەرێمەوە. بۆیە گەر لە ئێستادا ئازادیەكان تاڕادەیەك بەرقەراربن بەبێ‌ بوونی نان و خۆشگوزەرانی، ئەوا هیچ مانایەك بۆ بوون و مانی ئەم دەسەڵاتە نامێنێتەوە، لە رابووردودا كورد هەرچەندە نانی هەبوو بەڵام خەباتی بۆ ئازادی و سەربەستی كرد و وەدیشیهێنا، ئێستاش بە پێچەوانەوە گەرچی ئازادی هەیە بەڵام باش دەزانێت ئازادی بێ‌ نان و خۆشگوزەرانی مانایەكی نابێت هەربۆیە كەوتۆتە خۆ بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم دەسەڵاتە بێ‌ باك و بێ‌ بەرنامە خۆماڵیەی كە هیچ شەرعیەتێكی جەماوەری و یاسایی نەماوە تەنها پشتی بەستۆتە سەر شەعیەتی شۆڕشگێڕی كە لە ئێستادا زۆر كاڵبۆتەوە و ئەو پیرۆزییەی جارانی نەماوە، و ئەو مامەڵە و خوێنساردی و بێ‌ باكیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم رێك لە هەنگاو و سیاسەتەكانی  دەسەڵاتدارە تاكڕەو و دیكتاتۆر و ملهوڕەكانی پێشخۆیان دەچێت و ئەمانە بەبەراوورد بەوان تەنها دووبارە كەرەوەی تاقیكردنەوەیەكی شكستخواردوون كە هەموانیان چوونەتە زبڵدانی مێژووی مرۆڤایەتیەوە و لەگۆڕنراون، بۆیە بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتەش لەكوردستاندا و پیادەكردنی ئەو هەنگاوانە رێك چارەنوسیان بە ئاڕاستەی هەمان چارەنوسی تاكڕەو و دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە و دونیاش دەچێت. بۆیە جەماوەری میلەتەكەمان گەرەكیانە هەردوو هۆكارە سەرەكیەكەی ژیانێكی سەردەمیانە و پێشكەوتوخوازانە بۆخۆیان دابین بكەن لە نان و ئازادیەكان بۆئەوەی كۆمەڵگای كوردەواریش بەرەو ئاست و هەنگاوی پێشكەوتووتر و رۆشنتر ببەن و بتوانن وەڵامیان هەبێت بۆ هەموو ئاڵنكاریە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەكانی دەوروبەر و بتوانن ئەم هەرێمە و ئایندەكەشی مسۆگەر بكەن،  هەروەكو چۆن دوانەی قەڵەم و چەك جمكی خەباتی شاخ و شۆڕش بوون لە رابووردوودا ئاوهاش نان و ئازادیش بكەنە جمك و دوانەی خەباتی ئەم سەردمەی حومكڕانی و خۆشگوزارانی و هەردووكیان وەكو چەكێكی كاریگەر بۆ لاشە و هزر بە قازانجی ئێستا و ئایندەی گەل و وڵاتەكەمان بشكێننەوە،.
بۆیە ئەركی حیزب و سەركردە و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەیە كەباش لەم نامەی بێزاری و ناڕەزایتیانەی جەماوەری گەلەكەمان تێبگەن و هەوڵی جدی بدەن بۆ وەدیهێنانی داواكاریەكانیان  و رازیكردنیان،دەنا بە شێوەیەكی زۆر مەترسیدار دەكەونە بەر توڕەیی جەماوەری راپەڕیوی برسی و پشوودرێژی جەماوەریش سنورێكی دیاریكراوی هەیە و لەكاتی هەستانی لافاوی توڕەیی و بێزاریاندا هیچ هێز و دەسەڵاتێك خۆی لەبەرامبەریان راناگرێت و جەماوەریش ناچارمەكەن كە بۆ نانێك ئازادیەكەیان بگۆڕنەوە و قەدەریان تەسلیم بەداگیركەران بكەنەوە.  

‌ 2461 جار بینراوه‌
24/12/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved