وتار
دۆخی قەتیسی هەرێم و لێكەوتە سیاسی و ئابورییەكانی

نەوزادی موهەندیس


 ئاشكرایە دوای مانگێكی تر تەمەنی ئەم حوكمڕانی و دەسەڵاتە كوردیە لەم بەشەی باشوری كوردستان دەبێتە 26 ساڵی رێك، كە ئیدی ئەم تەمەنە رێگرە لەوەی كە بوترێت ئەزمونەكەمان ساوایە و تائێستا لە قۆناغی راگوزەریداین و بەو بیانوانە كاتی زیاتر بەسەربەرین و خۆمان بدزینەوە لەوەی كە چیدی كەمتەرخەم نەبین لە پێكەوەنان و جێگیركردنی بنەماكانی حوكڕانیەكی كامڵ و پێگەیشتوو لەسەر بناغەیەكی تۆكمەی سیستەماتیكی پتەو و دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكان لەلایەن گەلەوە كارابكرێتەوە و رێزیشیان لێبگیرێت و ناو و ناتۆرەی حیزبایەتیان لێدووربخرێتەوە، پێویستە سەركردە و پارتە سیاسیەكان چیدی خۆ غافڵنەكەن و پەنا نەبەنە بەر شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخ،بەڵكو سەرەتایترین سیماكانی حوكمڕانی مەدەنی و دیموكراسی بریتیە لە هەڵبژاردن و رێزگرتن لە دەنگدەران و ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دوور لە خۆسەپاندن و قۆرخكاری لە پێناوەی مانەوەی زیاتر لەدەسەڵاتدا.
حیزبە سیاسیەكان دەبێت بە تێوری و پراكتیكی بیسەلمێنن كە حیزبی سیاسین و خاوەن بەرنامە و دیسپلین و تێڕوانین و ئایدۆلۆژیایەكی روونی خۆیانن لە چەپەوە بۆ راست بە ئیسلامی و سۆسیالیستەكانیشەوە،بەنەتەوەیی و لیبڕاڵ و دیموكراتەكانیشەوە، نابێت جیاوازی ئایدۆلۆژیا و باكگراوندی سیاسی و بیروبۆچونە جیاوازەكان ببنە هۆكاری زیاتر درزخستنە ناو ریزەكانی گەلەوە و نابێت ببنە هۆكاری لاوازبوونی دەسەڵات و حوكمڕانی و ئۆرگانەكانی دەسەڵاتەوە.پێویستە حیزبە سیاسیەكان بە دەسەڵاتدار و ئەوانەشی لەدەرەوەی دەسەڵاتن،دوور بكەنەوە لە سیمای چەكداری و عەسكەرتاریەت و خۆیان مەڵاس نەدەن لەدوای هێز و تۆقاندن و خۆسەپاندنەوە و هەموان پێكەوە بڕیارێكی یەكلا كەرەوە بدەن كە هێزێكی نیشتیمانی یەك و یەكگرتووی دوور لە دەسخستنە ناوەوەی حیزب لە كاروباری پێك بێنن و بیكەنە كرۆكی هێزێكی نەتەوەییش لەداهاتوودا. چونكە لە ئێستادا ئەو حیزبانەی خاوەن هێزی چەكدارن هیچ حسابێك بۆ حیزبەكانی تر ناكەن كە پەنایان بردۆتە بەر خەباتی سیاسی و پەڕلەمانی و مەدنی و هیچ رێزێكیش لە جەماوەری دەنگدەرانیان ناگرن. كە بۆخۆی ئەمە بۆتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ نەگەیشتن بە هیچ رێكەوتن و دانیشتن و گفتوگۆ و ئاسایكردنەوەی ئەم دۆخە قەتیسەی هەرێمی تێكەوتوە زیاد لە ساڵ و نیوێكە و تا ئێستاش ئومێد و خواستەكان روون نین.
زۆر هۆكار بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و بەردەوام بوونی ئەم دۆخە قەتیسە، لەوانە:
•جیاوازی ئایدۆلۆژیاو بیركردنەوەی حیزبە گەورەكان و خاوەن كورسیەكانی پەڕلەمان لە كوردستان و لە عێراقیشداو هەریەكەیان لە روانگە و بینیی خۆی بۆ ئایندە و مەسەلەكان هەڵوێست وەردەگرن.
•هەڵسوكەت و مامەڵە و تێگەیشتنی حیزب و سەركردەكان بۆ تەواوی چارەسەریەكان جیاوازن و هەریەكەیان لە بەرژەوەندی حیزبی خۆیەوە دەِوانێت.
•زۆرێك لە حیزبەكان گەرەكێتی كە بەتەنها خۆی باڵادەست بێت و هەژموونی خۆی بسەپێنێتە سەر ئەوانی تر كە ئەمەش جێگەی قبوڵكردن نیە لە هیچ لایەكەوە.
•زۆربەی حیزب و سەركردەكان گەرەكیانە بەشداریبكەن لە حكومەتدا بەمەبەستی چێژ وەرگرتن لە خۆشی و ئیمتیازاتەكانی دەسەڵات و سوودمەندبوونی كادر و چالاكوان و هەڤاڵاكانیان و كار دۆزینەوە بۆیان،نەك خزمەتكردنی راستەقینەی زۆرینەی جەماوەری گەل. هەر ئەمەش وایكردوە ئەو حیزبانەی كە بۆ یەك جار بەشداری دەسەڵات بكەن ئیدی ناتوانن و بوێری ناكەن بڕیاری پاشەكشە و دووركەوتنەوە و هاتنە دەرەوە لە دەسەڵات بدەن و ببنەوە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كارا و بنەمای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ململانێیەكی سیاسیانەی شەریفانە دابڕێژن لە كوردستاندا.
•حیزب و سەركردەكان لەئێستاداو دوای ئەم 26 ساڵەی تەمەنی حوكمڕانی كوردی،هێندەی بونەتە مایەی كێشە و گرفت و نەهامەتیەكان بۆ سەر جەماوەر نیو هێندە نەبونەتە مایەی خۆشگوزەرانی و دەستخستنی دەسكەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەمەش بەهۆی گرنگیدانیان بە خۆدەوڵەمەندكردن و پێكەوەنانی سەرمایە و بازرگانی و قۆرخكاری ئابوری و بازاڕەكان نەك خزمەتی میلەت.
•هۆكارێكی تری ئەم دۆخە ململانێ‌ مێژوویە كلاسیكیەكانە لە نێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكانەوە و تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی كە مەسەلەكان بچوكراونەتەوە بۆ رق و كینی كەسی كۆن و لە ئێستادا خوێنیان بەبەردا دەكەنەوە.
ئەمانەو كۆمەلێك هۆكاری تریش بونەتە هۆی دروست بوونی ئەم دۆخە قەتیسەی هەرێم و لەماوەی ساڵ و نیوی رابووردودا نەتوانراوە ئەم بەستەڵەكەی نێوان هەموان بتوێنرێتەوە،بەهۆی لەلایەك نەبوونی سەركردەیەكی خەمخۆر و دڵسۆز و خاوەن دەستپێشخەری مێژووی (( ئەزمەی سەركردە)) كە دەبوایە لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بەرژەوەندی میلەت و وڵات زۆر نەرمی بنوانرایە لەهەموو لایەكەوە،بەڵام نەكراوە، لەلایەكی تریشەوە هەندێك حیزب و سەركردە گەرەكێتی كوردستان بەرەو دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی ببات و لە جیاتی سیستەمێكی دیموكراسی سیستەمێكی پۆلیسی و توتالیتاری تیادا بچەسپێنێت و هەموانیشیان ئەو كارەی كە بەرژەوەندی و سوودی حیزبەكەی خۆی تیادا نەبێت رازی نیە بەهیچ دەستپێشخەریەكی تر.و لەخاڵێكی زۆر شەرمهێنەریشدا و لەم سەردەمەدا زۆرینەی حیزبەكان بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێن كە ببنە حیزبی تاكە كەسی و بنەماڵەیی و نوخبەیەكی كەمی جەماوەر و دوور دەكەونەوە لەدەسەڵاتێكی میللی و خاكی. كە لەدونیای پێشكەوتوودا مۆدێلی ئەم جۆرە حیزبانە بەسەر چووە و تەنها لە وڵاتانێكی دواكەوتوودا ماون.
كاتێك لە 23 حوزەیرانی 2015دا زۆرینەی پەڕلەمان كۆبۆوە وبڕیاریاندا كە هەمواری یاسای ژماری 1ی سەرۆكایەتی هەرێم بكەن چونكە بەڕەسمی لە 19/8/2015دا ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو دەبوو،ئیدی دەرگای جەهەنەم بەسەر هەموو كورد و كوردستاندا كرایە و دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و حیزبایەتی لەهەرێمدا ئاڵۆزكا و بە ئینقلابی سەربازی ناودەبرا و دوای چەندین پڕۆژە و دانیشتن و كەوتنەخۆ بۆ سازدانی نیشتیمانی بێ‌ ئەنجام مایەوە و تائەو كاتەی كە لە 12/10/2015دا بە ئەنقەست رێگری كرا لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان بۆ شاری هەولێر و دەركردنی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت و شەلەلكردنی حكومەت . لە ئێستاشدا كە كەمتر لە 8 مانگ ماوە بۆ چێكردنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم، هیچ تروسكایەك نابینرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، سەرەڕای دەستپێشخەری بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 20/12/2016دا بەڵام ئەوە زیاد لە مانگ و نیوێكە هیچ هەنگاوێكی كردارەكی نەنراوە بۆ جێبەجێكردن و ووردكردنەوە و لێكتێگەیشتن لەسەر ئەو خاڵانەی كە هاتوون لەو دەستپێشخەریەدا،هەموو بۆچونەكانیش لەسەر ئەوە كۆكن كەئەم دەستپێشخەریە زۆر درەنگ هاتە بوون و تەنها بۆ كات كوشتن و ئیستیهلاكی ناوخۆییە و پێش هەموانیش پارتی دیموكرات بۆخۆیان لەباریان بردوە نەك لایەنەكانی تر.
لە ئێستادا هەوڵێك هەیە كە لەنێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتیدا جۆرە رێكەوتنێكی ستراتیژی نوێ‌ یان كۆنە نوێكراوە بخەنەوە گەڕ بەمەبەستی تەكاندانێك بەم دۆخە، بەڵام هەر لەئێستاوە هەموان دژین و هیچ لایەكیشیان بوێرانە ناتوانن خۆیان بكەنە خاوەن،چونكە ترسی جەماوەر و بنكەی رێكخستن و ئەندامانیان و ترسی هەڵبژاردنی داهاتووشیان هەیە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئەو راستیە دووبارە بكەینەوە كە حیزبی سیاسی دەبێت رابەرایەتی جەماوەر و ئەندامانی خۆی بكات و خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوە بێت، بەڵام لەكوردستاندا سەركردایەتی حیزبەكان لەلایەن شەقام و ئەندامانیانەوە پەلكێشدەكرێن كە ئەم كارە پێچەوانەی كاری حیزبی سیاسیە لەدونیای پێشكەوتوو وساغڵەمدا. ئەمەش خاڵێكی لاوازی حیزبی سیاسیە لە كوردستاندا.
ئەوەی راستی بێت، لەم هەرێمەدا ئەوەندی پێویست بەكاری پێكەوەیی و راستۆگایەنە وپڕ متمانەیە هێندە پێویست بە رێكەوتنی ستراتیژی و دووقۆڵی و زیاتر نیە، گەر هەموان رێكن لەسەر رێزگرتن لە ئیستیحقاقی هەڵبژارندن ئیدی بەشێوەی تاك حیزب یان ئیئتیلافی سیاسی حكومەت پێكەوە بنێن و ئەوانی تریش گەر ویستیان بەشداربن و گەریش نا ئەوا ببنە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كارا و شەرعی و كاری سیاسی و پەڕلەمانی خۆیان بكەن.ئیدی چ پێویست بەم هەموو رێكەوتنە دووقۆڵیانە دەكەن كە تەنها دەبنە هۆی رق ئەستوور بونی ئەوانی تر و دروستكردنی گومان و پیلان داڕشتن لە یەكتری و نەهێشتنی متمانەی سیاسی بەیەكتری.
چونكە دەركەوتوە كە ئەنجامی رێكەوتنەكانیش هەمیشە كۆت و بەند و رێگری زۆری بۆ پەیدا دەبێت و زۆر جاران لایەنێك زیاتر سوودمەند دەبێت،لەبەرئەوە لە جیاتی ببێتە هۆكاری پێشخستنی دۆخەكان و ئاساییكردنەوەیان دەبێتە هۆی زیاتر تێكدان و دووركەوتنەوە و دڕدۆنگی.
لە ئەنجانی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە قەتیسەدا هەرێم كەوتۆتە ژێر كاریگەری خراپی سیاسیەوە لەوانە:
•متمانەی سیاسی و جەماوەری بونیان نەماوە.
•كۆدەنگی نیشتیمانی پەكخراوە.
•نێوماڵی كورد پەرش وبڵاوە.
•مەترسی گەورە لەچواردەورە (( توركیا و ئێران و عێراق))
•دامودەزگا شەرعیەكانی حوكمڕانی پەكخراون.
•پەیوەندیە نێوخۆی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان خراپتر بوون.
بەم شێوەیە دۆخی سیاسی هەرێم زۆر خراپە و هەر ئەم دۆخە سیاسیەش كاریگەر و لێكەوتەی خراپی ئابوریشی بەدوای خۆیدا هێناوە و هەرێم لەئێستادا و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە كەوتۆتە ژێر كاریگەری خراپی ئابوریەوە لەوانە:
•نەبوون و بڕینی بودجەی ساڵانە و پشكی 17% لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە.
•نەتوانینی حكومەتی هەرێمیش یان بەئەنقەست ناتوانێت كە تەنانەت چارەكە مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بكات لەكاتی خۆیدا. سەرەڕای فرۆشتنی نەوت و غازی سروشتی سەربەخۆیانە لە 15/6/2015وە.
•ناشەفافیەت و ونبونی داهاتی نەوت و غازی سروشتی و داهاتە ناوخۆییەكانی تر.
•بەردەوامبوونی دیاردەی گەندەڵی.
•چەقبەستن و راوەستانی پڕۆسەی چاكسازی و نوێبونەوە و رێكخستنەوە بەدەستی ئەنقەست.
•تێكچوون و هەڵتەكاندنی ژێرخان و سەرخانی ئابوری كوردستان لە نەبوونی پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریەكان و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی و ..هتد.
•زیادبوونی دیاردە مەترسیدارەكانی هەژاری و بێ‌ كاری و نەخوێندەواری و برسێتی و سەرهەڵدانی و تاوانەكان و نەخۆشیەكان.
•كەڵەكەبوونی قەرزی زۆر دەرەكی و ناوخۆیی لەسەر ئەستۆی حكومەت و تاك بەتاكی ئەم میلەتە،لە ئەنجامی سیاسەت و ئیدارەی هەڵەی حیزبی دەسەڵاتدارەوە.
جابۆ ئاساییكردنەوەی ئەم دۆخە قەتیسە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیانەی هەرێم گەرەكە كە هەموان پێكەوە هەستن بە:
•چێ‌ كردنی هەوڵی جدی و گەرموگوڕ و خەمخۆرانە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە و تێپەڕاندنی بەبەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
•پێش هەموو هەوڵێك پێویستە ئەولەویەت بدرێتە باشكردن و ئاساییكردنەوەی دۆخی ژبیان و گوزەرانی خەڵكی.
•كاراكردنەوەی دامودەزگا شەرعیەكانی لە پەڕلەمان و حكومەت و ....هتد.
•وازهێنان لە بەرزكردنەوەی دروشمی بێ‌ ناوەڕۆك و بەتاڵی وەك ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ،هەرچەندە سەرەتایترین مافی گەلەكەمانە بەڵام دۆخەكانی ناوخۆ و ناوچەكە ئەوكارە قبوڵ ناكەن.
•چاكردنەوە و بەهێزكردنەوەی تۆڕی پەیوەندیە ناوچەیی و جیهانیەكان و پێش هەموانیش لەگەڵ بەغدادا چونكە كورتترین و راستترین رێگای چارەسەرە تا ئەوكاتەی وەك هەرێمێكی فیدڕاڵ لەناو سنوری دەوڵەتی عێراقیدا بمێنینەوە.نەك رووكردنە وڵاتانی دەرودرواسێ‌ كە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكارمان دەهێنن.
•خۆ ئامادەكردن بۆ دوای قۆناغی نەمانی داعش و بەهێزبونەوەی سوپا و هێزەكانی عێراق.كە دەبنە مەترسی گەورە لە ئایندەدا.
لەكۆتاییدا، هەموو ئەم هەنگاوانە تەنها بەیەك و یەكگرتووی ریزەكانی كورد و رێكخستنەوە و پتەوكردنی نێوماڵی كورد دەبێت لە حیزب و سەركردە و جەماوەر. بەبێ‌ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە مەحاڵە كورد بگاتە دوا مەنزڵ لەگەڵ بوونی ئەم دۆخە قەتیس و ئەم هەموو مەترسی و ئاڵنگاریانەی دەوروبەرمان.

‌ 1907 جار بینراوه‌
04/02/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved