وتار
دواڕۆژی توركیا تاریكە .. هۆكارەكان چین؟!

عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ




جیدی سمیر


 و:عەبدوالڕەحیم سەرەڕۆ

غەزال ئۆڵمەزی ژنە رۆژنامەنووس هاوینی پارساڵ لەناوجەرگەی شاری ئەستەنبوڵ لەلایەن چەند كەسێكی توندڕەوەوە هێرشی دەكرێتەسەرو بە چەپۆك لێی دەدرێت چونكە جلێكی كورتی لەبەركردبوو، ئۆڵمەز وتی: سێ كەسەكە دوو ژن و پیاوێك بوون، جلی مەدەنییان لەبەربوو، لە كاتی گەڕانەوەی لە كارەكەیەوە بۆ ماڵەوە بەڕیزە لێیاندەدا بەو پاساوەی جلەكەی نەریتی نییەو دەیانكێشایە سەر سكی لەكاتێكدا ئەو مانگی شەشەمی دووگیانی بوو.
 گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكان و بەرزبوونەوەی رەوتی جیهادییەكان لەسەر سنوری توركیا لە دیوی عێراق و سوریا رەنگدانەوەی بەسەر پێكهاتەی كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگەی توركیدا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا جێهێشتووەو بریتییە لە چەندین ئیتنی جیاجیا كە توندڕەوی فیكرییان لەخۆگرتووە. بە تایبەت ناوەڕاستی ئەنادۆڵی دوورە دەست لە شارە پێشكەوتووەكان، لەسایەی دابەشبوونی میللی و هەوڵدان بۆ بەرتەسكردنی ململانێكانی نێوان حكومەتەكەی ئەردۆگان و لایەنگرانی گویلەن لەناو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەدا زەمینەیەكی باشی رەخساند تا گروپە جیهادی و توندڕەوەكان لەناو كۆمەڵًگەی توركیدا تەشەنە بكەن. دواتر كۆمەڵگەی توركی پڕكرا لە جیهادییەكان و بەرەی نوسڕەو لایەنگرانی بیرۆكەی دەوڵەتی عوسمانی كە دواجار رێگەی بە لایەنگرانی دا چەك هەڵگرن، هەروەك رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی بەو هۆیەوە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی خوێناوی و سەرهەڵدانی میلیشیای چەكداری هاوڵاتیانی لەناو توركیا پێشبینی دەكرد، پێشبینی سامناكییەكان لەوەدان كە كۆمەڵگەیەك روو لە توندڕەوی ئایینی دەكات سێ بەشیان چەكیان هەیە، هەر وەك گۆرسەل تەكین نوێنەری حیزبی جەماوەری لە ئەستانبوڵ ئامارێكی ئاشكرا كردووە بەوەی ساڵی 2012 نزیكەی (17) ملیۆن كەس چەكیان هەبووە.. بەڵام ساڵی 2016 ژمارەكە گەیشتۆتە سەرووی (25) ملیۆن كەس و زۆربەیان مۆڵەتی چەك هەڵگرتنیان نییە. سەبارەت بە دیاردەی بڵاوبووەوەی توندڕەوی كۆمەڵایەتی جەنگیز سەمەرچی نووسەری توركی لەرۆژنامەی (حوریەتدا) دەڵێت: ململانێی بەردەوامی هەندێك لە موحافیزكاران و توندڕەوەكان دژی سیكۆلارەكان لە توركیا بۆتە هەواڵێكی زۆر ئاسایی لە تیڤی و رۆژنامەكانیشدا دەبینرێن، ئێستا راهاتووین لەسەر بیستنی هێرشكردنە سەر ژنان لە زۆر شوێنی توركیا بەوەی جلەكانیان نانەریتیە، بەڵام ئەم دیاردەیە لەماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا تەواو پەرەی سەندووە. بەپێی ماڵپەری (الزمان)ـی عەرەبی شەوقی یەڵماز پەرلەمانتاری پێشوو سەر بە حیزبی روفاه و هاورێ و هاوبیری سەرۆك ئەردۆگان لە راگەیاندراوێكدا باسی ئوسامە بن لادن وەك پاڵەوانێك دەكات و دەڵێت:”ئوسامە موجاهیدەو جەنگی دژی روسیا هەڵگیرساندو لە ئەفغانستانەوە وەدەریانی نا، یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترینی كەسانی جیهان و هەموو خێرو خۆشییەكی جێ هێشت و رووی كردە چیاكانی ئەفغانستان تا ژیانی سادەی جیهادییانە بژیت!! هەموو خۆشییەكانی ژیان و دەسەڵاتی وەلاناو بڕیاریدا لە دژی سوپای سوری شیوعی بجەنگێت”. هاوكات لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە راگەیاندنەكان رووناكی زۆریان خستۆتە سەر؛ لە رۆژی 31ـی دیسەمبەری2016.. دوو گەنجی ریشدار لە بەردەم كامێرایەكی تەلەفزیۆنی لە ئەزمیر لە وێَستگەیەكی میترۆ بە مەبەستی بەحەرامكردنی بۆنەكانی سەری ساڵ پۆستەری ئیسلامییان دابەشدەكردە سەر هاوڵاتیان. یەكێكی تر لە دیاردەكانی توندڕەوی ئیسلامی لە توركیا بە ئامانجكردنی شوێنە گەشتیاری و بیانیەكان و یانەی شەوانەیە كە لە رێگەی چەند گروپێكی تیرۆرستیەوە ئەنجامدەدرێت و دوایینیان لە یانەی (رینا)ـی ئیستانبوڵ بوو لە شەوی سەری ساڵدا. داعشیش لە مەیدانی سوڵتان ئەحمەد لە سەرەتای مانگی كانونی دووەمی 2016 هێرشی كرۆدتە سەر بیانیەكان و لە مانگی تەموزیش تەقینەوەیەكیان لە گەڕەكی بایەزید لە ناوەڕاستی ئەستانوڵ ئەنجامدا. هاوبار فڕۆكەخانەی ئەتاتۆركیان بە دوو تەقینەوەو هێرشێكی چەكداری تێكهەژاندووە، هەروەها فیلمێكی دیكۆمۆنتاری كە ماڵپەڕی (دویچە ڤیللە)ـی ئەلمانیا بەناونیشانی”چاودێری توركیا بۆ رێكخراوی داعش”بڵاویكردۆتەوە، لە رێگەی ئیفادەی چەند هاوڵاتی و بەرپرسێكەوە پەردە لە رووی بڵاوبوونەوەی بیری جیهادی و توندڕەوی لەناو پێكهاتەكانی توركیا هەڵدەدات و بە تایبەت ئەو گەنجانەی لە كوشتارگەی سوریا گەڕاونەتەوەو ئێستا شانەی نهێنی لە توركیا پێكدەهێنن و هەڕەشە لە سەقامگیری وڵاتەكە دەكەن. هۆكاری توندڕەوی كۆمەڵایەتی و تەشەنەكردنی بیری دەقبەستووی فیكری لەناو كۆمەڵگەی توركی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین فاكتەر، هەندێكیان مێژوویین و هەندێكیان هەنوكەیین، هیشام سروجی توێژەر لە كاروباری كۆمەڵەكانی ئیسلامی دەڵێت:”چەندین فاكتەر هەن ئەم رەوشەیان گەرمتر كردۆتەوە، وەك دزەكردنی داعش بۆ هەندێك ناوچەو شاری بچوكی توركیا، هاتنی بە لێشاوی مەدەنیە ئاوارەكان و تێكەڵبوونیان بە كۆمەڵگە، تێكەڵبوونی بیری ئایینی بە بیری سیاسەوە”، هاوكات وتیشی:”چۆنیەتی تیرۆرو رۆچوونیان بۆ ناو توركیا بەندە بە چۆنییەتیەكانی كۆمەڵگەو ئامادەگییان بۆ ئەو بیرۆكانە، ئاشكرایە میللەتی توركیا مێژوویەكی خوێناوی هەیە لە توندوتیژی و تاوانی جەنگ و دڕندەیی كە لەسەردەمی عوسمانییەوە پێی ناسراوە”. وەك بوونی باوەڕی تەواو بەبەكارهێنانی توندڕەوی ئایدیۆلۆجی ئایینی، بە تایبەت دوای هاتنی نەجمەدین ئەرباكان لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو شوێنكەوتنی بیرۆكەی ئیخوانییەكان بووە هاندەرێك بۆ گۆڕینی كۆمەڵگەی توركی، ئەم گۆڕانكارییەش پاڵپشتی لە روبەروبونەوەی سكۆلارەكان دەكات، بە تایبەت لە (25) ساڵی رابردوو، ئەوەش ئەو سەردەمەیە كە نەوەیەكی پڕ لە بیری داعشی و توندرەوی خوڵقاند، بە نمونە بكوژی بالیۆزی رووسیا لە توركیا لە مانگی دێسەمبەری رابردوو.
سروجی روونی دەكاتەوە پێگەی جوگرافی توركیا رۆڵی یارمەتیدەری بووە لە پێگەیاندنی توندڕەوی ئایینی و لە دوای ساڵی 2011ـەوە كە بەهاری عەرەبی هەڵگیرسا توركیا بەهۆی پێگەی جوگرافیەوە زۆرترین كاریگەری تیرۆریستی بیری جیهادی لە رێگەی سوریاو توركیاوە لەسەر بووە”، .گروپە تیرۆرستیەكان بە زۆری بە ستراتیژیەتی ناوچەكەو هەژمونەكەی پشت دەبەستن، كە خۆی لە توركیادا بینیەوە بەتایبەت ناوچەی سنووری لە باشووری رۆژاوای وڵاتەكە، بێگومان ئەو جەنگەی كە هاوپەیمانانی جیهانی و روسیاو ئێران لە موسڵ و سوریا هەڵیانگیرساندووە هانی توندڕەوەكان دەدات لە رێگەی موسڵ و ناوچە سنوریەكانی سوریاوە دزە بكەنە ناو خاكی توركیاو جەنگی خوێناوی لەگەڵ هێزەكانی توركیا بۆ مانەوەی خۆیان بەرپا بكەن، واتا ئەگەری هەیە توركیا لە دوارۆژی نزیكدا ببێتە گۆڕەپانی جەنگ لەنێوان خۆی و ئەو جیهادیانەی كە دەیانەوێت كاری تیرۆرستی لەناوچەكە ئەنجامبدەن كە ئێستا وڵاتێكە دەست و بازووی لە سیاسەتی نێو دەوڵەتی تەواو ساردبۆتەوە.
هاوكات ئەگەری زۆری هەیە لە دوارۆژدا داعش و لایەنە توندڕەوەكان لەگەڵ كوردەكانی باشورو رۆژهەڵاتی توركیا یەك بگرن و لە زنجیرە چیاكانی سنوردا پێكەوە هێڕشیی چەكداری بكەنە سەر هێزەكانی حكومەتی توركیا، بەوەی كوشتنی دوڕوو (منافق) پێشترە لە كوشتنی كافر، ئێستا لە دیدی ئەوان حكومەتەكەی ئاكپارتی بە حكومەتێكی لادەری دوڕوو لە قەڵەم دەدرێت؛ چونكە لەگەڵ دوژمنانی وەك روسیاو ئێران رێككەوتنی كردووە.
هەر لە هەمان رێچكەدا نووسەرو توێژەری كاروباری توركی بڵاوبووونەوەی توندڕەوی لەناو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی توركی دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆكار یەكەم: هەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەلات لەلایەن حیزبی دادو گەشەپێدانەوە ساڵی 2002 ئەو حیزبە لە سیاسەتەكانیدا بەزۆری تیشكی خستۆتە سەر بنكەیەكی جەماوەری ئیسلامی كە وردە وردە پەرە دەسەنێت و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم بنكە جەماوەرییە چاودێری و پاڵپشتی زۆری لە لایەن حیزبی حاكمەوە پێی درا كە بەناوی پاڵپشتی كۆمەڵگەی مەدەنی وەری دەگرت و بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی بەناوی كۆمەك و پاڵپشتی ستەملێكراوان بوار لەبەردەم دەیان رێكخراوی ئیسلامیدا بكرێتەوە، ئەو رێكخراوانە ئێستا بیروباوەڕی توندڕەوی ئایینی بڵاودەكەنەوە. دووەم: دووەمیان پێگەی جوگرافی و قەیرانە سیاسیەكانی سوریاو بەشێك لە عێراق بوونە هۆی ئەوەی وەك قیبلەیەك رووی تێبكرێت و ببێت بە رێرەوێك تا جیهادییەكان لەو خاكەوە خۆیان بگەیەننە سوریا و عێراق، ئەمەش بە بێ باجی سیاسی قورس بەسەر توركیادا تێنەپەڕی چەندین ناوچەیان لە توركیادا كردۆتە مۆڵگەو حەشارگە. سێیەم و دوایینیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدان یان گەڕاندنەوەی لایەنە توندرەوەكان بەتایبەت گەڕاندنەوەی (حزب الله)ـی توركی بۆ مەیدانی سیاسی بەناوی حیزبی (هودەباڕ) ئەو رێكخراوەیە كە بە دەیان كردەوەی كوشتن و رفاندن و لەناودانی رۆشنبیران و ماف پەروەران و چالاكوانانی  لە ماوەی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی بیستەم ئەنجامداوە.
پرۆفیسۆر گوینەش موراد تێزجۆر بەرێوەبەری سەنتەری جەلال تاڵەبانی بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسەتی كوردی سەر بە زانكۆی فلۆریدای ئەمریكی لە وتارێكدا بەناونیشانی (داعش لە توركیا: موجاهیدەكانی رێگەی خەلافەت) موهاجرەكانی كە لە توركیاوە دەچنە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست پۆلین دەكاتە سەر سێ بەش.. ئەو گەنجە كوردانەی دەچنە ریزی هێزەكانی كوردەوە بۆ جەنگین دژی سوریا، دووەم ئەوانەن كە دەچنە ناو جەنگاوەركانی داعش، سێیەمیان كە سامناكترینە گەنجی توندڕەو كە دەچنە ناو جیهادییەكان لە سوریاو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، موراد تیزجۆر تەئكیدیشی كردەوە ئەم گەنجانە كەسانی ئاسایی ناو كۆمەڵگەی توركین و باوەڕی تەواویان بە بیروباوەڕی ئیسلامی رادیكاڵی هەیەو ناوە بەناوە دەگەڕێنەوە بۆ توركیا بۆ ئەوەی بیروباوەڕە توندرەوەكانیان بڵاوبكەنەوە.

“غازی عەنتاب”قەندەهاری داعشە
رێكخراوی داعش یەكێكە لە بەهێزترین نمونەكانی توندڕەوی فیكری كە چۆتە ناخی كۆمەلگەی توركیەوە، هاوشێوەی شاری قەندەهار كە لانكەی بزووتنەوەی تاڵیبان بووە لە ئەفغانستان، داعش  ئێستا پارێزگای غازی عەنتابی باشوری رۆژاوای هەڵبژاردووە تا بیكاتە مۆڵگەیەكی دوورەدەست و دوای بەرتەسكبوونەوەی شوێن پێی لە سوریاو عێراق خۆی تیادا مەڵاسبدات.
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا چەندین گرتە فیدیۆو وێنەیان پەخشكردووە كە كەسانی سەر بەو رێكخراوە ئاشكرادەكەن لە كاتێكدا بە ئاشكرا ئاڵا رەشەكەی رێكخراوە تیرۆرستییەكەیان بەرز كردۆتەوە.
ماڵپەڕی”دیكین”ـیش وێنەی چەندین كەسی گرتووە بە سواری ماتۆرسكلەوە ئاڵای رەشی داعشیان بەرزكردۆتەوەو بە دەیان ئۆتومبیل لە كاروانێكدا بە دوایانەوەن و خەڵكیش لە هەردوو لای شەقامەكەوە بە تەكبیر پێشوازییان لێ دەكەن.
ئەلیف دۆگن توركمان ژنە ئەمینداری حیزبی (میللی كۆماری) لە ئەدەنە دەڵێت:”رێكخراوی داعش لە سێ تا چوار گەڕەكی گەورەی شارەكەی بە بەرچاوی حكومەتەوە خستۆتە ژێر ركێفی خۆیەوە”، رێكخراوی داعش دەكارێت شاری غازی عەنتاب و دەوروبەری هاوشێوەی قەندەهار بكاتە مۆڵگەیەك بۆ تیرۆرستان، هاوبار چالاكیەكانی داعش لە گەڕەكی (كارشی كایا)ی شارەكە بە زۆری دەبینرێت كە شوێنێكی بەربڵاوی هەژارنشینە لە هەمان شار، بەپێی ماڵپەڕی (الزمان العربی) ئەم رێكخراوە چەندین كۆگای بازرگانی كردۆتەوەو لەرێی رێكخراوی كۆمەكەوە هەلی كاری بۆ خێزانەكان رەخساندووەو بەمەبەستی چەكداركردنی گەنجان بانگهێشتی مزگەوتەكانیان دەكەن و وانەی ئایینیان بۆ دەڵێنەوە، ئێستا داعش لەو شارە تەواوی بۆشایی نەمانی (حزب الله)ـی توركی پڕدەكاتەوە كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو زۆرترین پێگەی هەبوو.

دوارۆژی توندڕەوی لە توركیا
سەبارەت بە دوارۆژی توندڕەوی و دەمارگیری لە توركیا، ئیسحاق ئینجی بەرێوەبەری نووسینی ماڵپەڕی (الزمان العربی) جەختدەكاتەوە كۆمەڵگەی توركی بە هۆی لێكهەڵوەشانەوەی میللیەوە هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی تیرۆرو توندڕەوی ئاینی لەسەرە كە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك و حكومەتەكەی بانگەشەی بۆ دەكەن.   
ئینجی دەڵێت:”پەیڕەوی سیاسی ئەردۆگان بە سێ قۆناغی حوكمڕانی جیاجیادا تێپەڕیوە، لە هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەمدا تێكڕای كۆمەڵگەی لە خۆگرتوە، كە چەپڕەوەكان و مەدەنی و ئاینزاو سەربازی و سیكولاریزمەكانن، بەڵام لە ماوەی سێیەمی حوكمڕانیدا گەڕایەوە سەر خووەكانی گەنجێتی و دژایەتی هەموو ئەوانە دەكات كە هاوڕاو هاوبیری نین”.
وتیشی:”توركیا بەهۆی بیری نەزۆكی توندڕەوی كە ئێستا لەناو كۆمەڵگەی توركیدا بڵاوبۆتەوە بە سەختترین قۆناغدا دەگوزەرێت، دوژمنایەتیەكی سەرسەختانە كەوتۆتە نێوان خەڵكە سادەكە، تەنانەت لە نێوان خزمان و تاك بە تاكی خێزانەكانیش رق بەرقێ سەریهەڵداوە، هاوكات لە دەرەنجامی ئەو تاكڕەوییەی ئەردۆغان گرتوویەبەر رێژەی هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری و تاوانەكان و پێشێلكردنی یاسا رووی لە زیادبوون كردووە”.    
سەبارەت بە میكانیزمی روبەروبونەوەی توندڕەوی و بیری جیهادی لە توركیا كە دەرهاویشتەكانی لەناو كۆمەڵگەكەدا دەركەوتوون سروجی دەڵێت:”تا ئێستا لەسەر نەخشەی زەوی هیچ وڵاتێك نییە ئەزموونێكی ئەوتۆی هەبێت بۆ تێكشكاندن و لەناودانی تەواوی بیری تیرۆرستی، هەروەك قەڵاچۆكردنی ئەم فیكرە تا ئێستا لە خانەی خەیاڵی سیاسیدایە، بەڵام دەكرێت لە رێگەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیەوە بەرتەسك بكرێتەوەو هاوبیری و كۆدەنگیەك بۆ روبەروبونەوەی لەناو كۆمەڵگەدا هەبێت، ئەمەش لە سیاسەتی ئێستای توركیادا بە هیچ شێوەیەك جێی ئومێد نییە”.

‌ 1680 جار بینراوه‌
04/02/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved