وتار
ترەمپ و ستراتیژیەتی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سیروان باڵەك



پێشتر لە وتارێكمدا كە لەژمارە 698 ی رۆژنامەی هەواڵ بەناونیشانی پرسی كوردو ئەمەریكای قۆناغی ترەمپ، بڵاوكراوەتەوە..تێیدا قسەم لەسەرچەند پرسێككرد، یەك لەوانە ئاماژەم بەوەدا كە پێدەچێ لەئەجێندای سیاسەتی سەرۆكی تازەی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، شەڕی داعش و تیرۆر، بەجۆرێك لەجۆرەكان باشتر بقۆزێتەوە بۆ راگەیاندن، یاخود كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ دژبە وڵاتانی ئیسلامی و گروپە ئیسلامیەكان لەناوچەكەدا..هەر زۆری پێنەچوو ترەمپ ڤیزای وڵاتەكەی لەسەرچەند وڵاتێكی ناوچەكە كە زۆرینەیان مسوڵمانن راگرت و سەردانیكردنی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی بۆ ئەمەریكا قەدەغەكرد، كە جگە لە ئێران كە ئەویش لەناو لیستە رەشەكەی ترەمپەوەیە هیچ كام لەوڵاتانەی تر دژی بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا نەوەستاونەتەوەو بگرە یەكێك لەو وڵاتانە كە عێراقە، تا ئەمڕۆش خۆی بەهاوپەیمانی ئەمەریكا زانیوە، ئەوەش كاردانەوەو ناڕەزایی توندی ئەو وڵاتانەو هەندێك لەوڵاتانی جیهانی لێكەوتەوەو بەپێی ئاماژەكانیش پێدەچێ لەداهاتوودا زیاتری بەدوادابێت و كورد وتەنی ئەم هەویرە زیاتر ئاو هەڵدەگرێت. لێرەدا پێویستە بوترێ كە چەكی گەورەی ئەمەریكاو دۆناڵد ترەمپ، لەناوچەكەدا بۆمبی ئەتۆم نییە..! بەڵكو بەردەوامی دانە بەو جەنگەی كە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەو بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ گروپە تیرۆریستیەكان و توندئاژۆكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام بن و وجودیان هەبێت..! بەوپێیەی ئەوە ئاشكرایە، ئەگەر تیرۆر بەتەواوی لەناوچەكەدا نەمێنێ و لەناوبچێ، ئەوكات ئەمەریكا هیچ بیانویەكی نییە بۆدەستێوەردان لەوڵاتانی ناوچەكەو بەتاڵانبردنی سامانە سروشتیەكانی وڵاتانی ناوچەكە.. بۆیە ئەمەریكا و ترەمپیش نایەنەوێ تیرۆر بنبڕبكرێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەخۆیان بەمەبەست دروستیان كردووە، هەم بۆهەژموونی زیاتری سیاسی ئەمەریكا بەسەر ناوچەكەدا هەم بەمەبەستی بڕو بیانودان و بەردەوامیدان بەداگیركارییەكانی ئەمەریكا، بۆ دۆشینی ئابووری ناوچەكەو هەمیش بۆ خاڵیكردنەوەی كۆگاكانی چەك و جبەخانەكانیان و ساغكردنەوەی فیشەكە ژەنگ هەڵاتوەكانیان لەبازاڕەكانی تیرۆرو رۆژهەڵاتی ناوین.. هەربۆیە من پێموایە وێڕای هەندێك جیاوازی لە رەفتارو كردارو وتارەكانی دۆناڵد ترەمپ لەسەرۆكەكانی پێش خۆی، بەڵام پێویستە هەركەس بزانێ كە لەبنەڕەتدا ئەجێندای سیاسەتی ترەمپیش دواجار بەشێكە لەوستراتیژیەت و سیاسەتە داگیركاریانەی ئەمەریكا، لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە بەڕاستی جاهیلەتە هەركەس ولایەنێك پێی وابێ ئەمەریكا ئەو جەنگە لەپێناو چەسپاندنی سیستەمی دیموكراسیەت و دژ بە تیرۆرو دكتاتۆریەت دەكات لەناوچەكەدا، بەو مانایەی ئەگەر كەمێك ژیرانەو واقعیانە، سەرنج لەسەر ئەم جەنگانەی ئەمەریكابدەین كە ساڵ بەساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرپایان دەكات و درێژەیان پێ ئەدات، بەڕونی بۆمان دەردەكەوێ كە بەڵێ ئەمە درۆیەكی شاخدارە، كە ئەمریكیەكان لەسەر ئەم جەنگانە ئەڵێن، كە گوایە ئەوان، ئەوجەنگانەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەیكەن بۆئازادی گەلانی ناوچەكەیە، یاخود لەسەر دیموكراسی و دژ بەدیكتاتوریەت و تیرۆرە.! بەبڕوای من ئەوە تێڕوانینێكی ئێجگار گەمژانەیە كە لەو رووەوە باوەڕ بەو پڕوپاگەندانەی ئەمریكیەكان بكرێ و پێشتان وانەبێ لەونوسینەدا من ناهەقیم بەرامبەر ئەمەریكا كردبێ، بەڵكو ئەوە واقیعەكەیەو پێویستە هەموولایەك ئەوە بزانن ، ئەگەر بەوردی دیقەت بدەن و لۆژیكانە بڕیاربدەن بەباشی لەوە تێدەگەین كە ستراتیژیەتی ئەمەریكا بۆناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەودوایانە دەركەوت و هیچ گومانی نەهێشتەوە كە بەڵێ سیاسەتی هەڵپەرستانەی بەرژەوەندی خوازانەو دوو رووییو ئەخلاقیاتی ئارەزوومەندانەی پێوانەیی دو فاقیەتە هیچیتر.. بەڵگەش بۆ ئەمە وەرن با چاوێك بخشێنینەوە بە بەرپاكردنی شەڕی ئەڤغانستان و عێراق و سوریاو چەند وڵاتێكی پێشووتر كە ئەمەریكا چۆن بۆبەرژەوەندیەكانی خۆی، بەقەد جەنگێكی جیهانی درێژەی بەو جەنگانە داوە لەوڵاتانە، كە رۆژانە بەدەیان و بە سەدان مرۆڤ بەهۆیانەوە لەناودەچن و بەسەدان و ملیۆنانیش ئاوارەو بێ ماڵ و حاڵ و بێ خۆراك و جێگا دەبن تا ئەمڕۆش دەبێ هەموومان دوعامان وابێ، كە ئەمریكا و هاوپەیمانانی هەرچی زووە بەرژەوەندیەكانیان لەو وڵاتانە و لەناوچەكە تەواو بێ، بۆئەوەی ئەوجەنگە ماڵوێرانی كەرەی دژ بەمرۆڤایەتی دەكرێ لەو وڵاتانەو ناوچەكە چیتر كۆتایی پێ بێت، چونكە من پێموایە” كۆتایهاتنی ئەم جەنگە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێیاندا رێك پەیوەستە بە كۆتایی هاتنی بەرژەوەندیە ئابوری و سەربازی و سیاسییەكانی ئەمەریكا، لەو وڵاتانەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی.. لەوە زیاتر پێموانیە هیچی تر لەئارادا هەبێ، كە وەك دەشزانین مەحاڵە ئەو بەرژەوەندیانەی ئەمەریكا وا زوو كۆتاییان بێت، هەر بۆیە بەبڕوای من ئەوجەنگەی ئەمەریكا، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێكی ئاسیا، وەك چۆن پێش ترەمپ هەبووەو بەرپای كردوون، لەقۆناغی ئێستای ترەمپ و دوای ترەمپیش هەردرێژەیان دەبێ و پێدەچێ تڕەمپیش ئەمجارە بیەوێ بەفۆڕمێكی جیاوازتر كارەكانی ئەمەریكا، هەربەو ئاڕەستەیە تەواوبكات و پێدەچێ لەڕێگەی چەندین سیناریۆی جیاجیادا، ئەم جەنگانە درێژە پێبدات و هی تریش بخوڵقێنێ لەناوچەكەدا بۆئەوەی ئەمەریكا بیانووی زیاتری هەبێ و بتوانێ هەرجارەو دەست بەسەر سامانەسرووشتیەكانی ووڵاتێكدا بگرێ و وڵاتێك داگیربكات، بۆ ئەو مەبەستەش هەر وڵاتێك مەبەستی بوو، گروپێكی وەك پێشتر بەناو قاعیدە، یان داعش، یاخود بەهەرناو و فۆڕمێكی ترەوەبێ دروستیان بكات و وەك هەمیشە بیانكاتە بەردەبازێك و بەكاریان بێنێ بۆبڕوبیانودان بە وڵاتكەی بەمەبەستی دۆشینی ئەو وڵات و زیاتری ناوچەكە، لەلایەك، لەلاكەی تریشەوە ، وەك ئاماژە پێدا، بۆبە بـەزاڕكردنی عەمبارە فیشەكە ژەنگاویەكانی خۆیان و تاقیكردنەوەیانە لەسەرمرۆڤی ئێرە واتا: ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.! ئەم سیاسەتەش لەبنەڕەتدا بەتەنها ترەمپ نیە و ترەمپ ناتوانێ بەتەنها ئەنجامی بدات! بەڵكو ئەوە تێڕوانینی چاوچنۆكانەی ترەمپ خۆی و سیاسەت و ستراتیژیەتی لەمێژینەی ئەمەریكایە بۆجیهان و ناوچەكە، كە ئێمە تا ئێستاش هەستمان پێنەكردووە، بۆچی؟ چونكە عەڵیەتی مرۆڤ و كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێك لەدنیای واقیعی ئەمڕۆ دوور كەوتۆتەوەو جیاوازە، جگە لەڕەخساندنی دۆخێكی لەوجۆرە بەدەستی خۆیان و بۆخۆیان، نەیتوانیوە هەزمی زیاتر بۆ تێگەیشتن لەواقعی ژین و ژیان و دین و سیاسەت و ئابووری و زانیاری و دنیا بینی بكات! ئەمەش خۆی لەخۆیدا هۆكارە بۆ لێكەوتنەوەی دەرەنجامێكی خراپی ئاوا بۆ دەوڵاتان و كۆمەڵگەكانی ناوچەكە، هەر ئەمەشە وایكردووە كە ئەمەریكاو زلهێزانی تری دنیا بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابن، كە چەند و چۆن.. غەریزە ئابووری و سیاسی و سەربازیەكانیان لەو ناوچەیەدا خاڵی بكەنەوە و تاقی بكەنەوە.

‌ 1038 جار بینراوه‌
11/02/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved