وتار
شكۆی حكومەت لە بەرانبەر نیشانەی پرسیارێكی گەورەدایە

نەوزادی موهەندیس


ئاشكرایە هەموو حكومەت و دەسەڵات و ئیدارەیەك گەورە بێت یان بچوك بەهێندەی قەوارەی سنوری جوگرافیا و ژمارەی دانیشتوان و بڕی داهات و خەرجیەكان و پێویستی بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات و هەوڵدانی بۆ پێشخستن و گەشەپێكردنی وڵات و كۆمەڵگە و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیانی، هەندێك ئەركی سەرەكی و لەپێشینەی هەیە كە ناكرێت كەمتەرخەمی بكات لە جێبەجێكردنیاندا، یان دوای بخات بۆ قۆناغ و كاتێكی درەنگتر و نادیار.
هەربۆیە حوكمڕانیەكان و دەسەڵاتەكان هەمیشە دەبێت لە پێشبڕكێیەكی نەبڕاوە و بەردەوامدا بن لەگەڵ زیادبوون و بەرزبونەوەی بنمیچی داواكاری و پێداویستیەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان و كۆمەڵگەكانیان، خۆ گەر نەتوانرا ئەو پێداویستی و داواكاریانە جێبەجێ‌ بكات ئەوا ئەو حكومەت و دەسەڵاتە شكۆ و هەیەبت و پیرۆزی لای هاوڵاتیانی خۆی نامێنێت، بۆیە گرنگە حكومەتەكان زۆر گرنگی بدەن بە شێواز و پلانی كاركردنیان تا رابگەن بە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەكانیان.
حكومەتەكان دەبنە جێگەی رێز و پێزانینی هاوڵاتیانیان و دەبنە خاوەن شكۆ و سەروەری كاتێك كە ((پارە و پلان و پاكێتی)) هەبێت ، بەو مانایەی هەر حكومەتێك خاوەن داهات و پارە و پول و بودجەیەكی ساڵانەی خۆی نەبوو ناتوانێت لانی كەمی پێداویستیەكانی كۆمەڵگە و دەسەڵاتەكەی دابین بكات، بەهەمان شێوە گەر پلانێكی زانستی و واقعی و گونجاویشی نەبوو بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و كۆكردنەوەی داهاتەكان و دواتریش خەرجكردنەوەی بەشێوەیەكی شەفاف و روون و ئاشكرا ئەوا هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێگەی رەزامەندی هاوڵاتیانی خۆی، هەردوو ئەو پایە یان كۆڵەكە سەرەكیەی حوكمڕانیش و سەركەوتنی كۆتایشی بەندە بە ئاستی پاكێتی و نەزاهەت و ئەمانەتی ئەو دەسەڵاتەوە لە چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ داهات و خەرجیەكانی وڵاتدا، گەر هەردەسەڵاتێك نەتوانێت پاكێتی خۆی لەبەردەم گەلەكەیدا بسەلمێنێت و متمانەی ئەوان بەدەست نەهێنێت ئەوا بەدڵنیایی حكومەت و دەسەڵاتێكی دۆڕاو و كەنارخراو و دواتریش بێزراو و رووخێنراو ئەنجامەكەی دەبێت.
لەبەرانبەر ئەو سێ‌ خاڵە گرنگەی سەركەوتنی حكومەتەكاندا ، سێ‌ خاڵی زۆر لاوازی هەموو حكومەتەكانیش هەیە و بریتین لە ((مایە پووچی و فەوزا و بێسەروبەری و گەندەڵی))، بۆیە هەركات حكومەتەكان بەیاسا بودجە و داهات و خەرجی وڵاتیان نەبردە رێوە و بە مەزاجی كەسی و حیزبی پاوانی هەموو ئۆرگانەكانی دەسەڵات بكەن وهیچ پلانێكیشان نەبوو بۆ ئێستا و ئایندە و پەناشیان بردە بەر دیاردەی دزی و گەندەڵی ئیداری و دارایی ئەوا بەدڵنیای حكومەتێكی بێ‌ شكۆ و بێ‌ بەها دێتە بەرچاوی هاوڵاتیانی خۆی.
لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە و بەتایبەتیش لەسەرەتای ساڵی 2014وە بۆتە حكومەتێكی بێ‌ شكۆ و پیرۆزی و گەورەیی خۆی لەدەستداوە لەبەرانبەر هاوڵاتیانیدا، بەهۆی ئەوەی كە ئەنقەست بێت یان بەبێ‌ مەبەست حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە لانی كەمی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دابین بكات هەر لە (( مووچەی مانگانە و پێداویستی و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی ژیان لە كارەبا و سووتەمەنی و 0ئاوی خاوێن و جێبەجێكردنی پڕۆە ئاوەدانیەكان و وەبەرهێنانەكان و ...هتد))، بۆیە مافی هاوڵاتیانە كە بپرسن گەر حكومەت نەتوانێت ئەو پێداویستی و خزمەتگوزرایە سەرەتاییانەیان بۆ دابین بكات ،ئیدی چ مانایەك بۆ حكومەت و دەسەڵات و شەرعیە ت و مانەوەی دەمێنێتەوە؟ حكومەتێك ببێتە مایەی برسیكردن و هەژاری و نەخۆشی و بێ‌ كاری و زیادبوونی تاوانەكان و كێشە كۆمەڵایەتی و خێزانیەكان و دەیانی تر.. ئیدی چ پێویست بەمانەوەی دەكات؟ حكومەتێك لە جیاتی خزمەتكردنی هاوڵاتیان و خۆشگوزەرانكردنی ژیانیان ببێتە مایەی سەختكردن و قورستركردنی ژیان و ئەركەكانیان بەهۆی زیادكردنی رسومات و باج و گومرك و ..هتد و قەرزاركردنی خۆیان و نەوەكانیشیان بۆ دەیان ساڵی تر بەهۆی كەڵەكەبونی قەرزی زۆری ناوخۆ ودەرەكیەوە (( زیاد لە 20 ملیار دۆلار)) و حكومەت بۆخۆی ببێتە مایەی دروستكردنی كێشە و گرفت و فێڵكردن لەهاوڵاتیانی خۆی بە كەمكردنەوەی مووچەكانیان بۆ چارەكە مووچە بەبێ‌ یاسایەكی دیاریكراو، ئیدی بوون و نەبوونی حكومەت و دەسەڵاتێكی ئاوها چ سوودێك دەگەیەنێت و چ شكۆ و هەیبەتێكی بۆ دەمێنێتەوە؟
بەداخەوە حكومەتی هەرێم و بەتایبەتیش ئەم كابینەی هەشتەمی حكومەتە ،گەورەترین ناونیشانی بریتیە لە ((شكست و كێشە و قەیران))، ئاخر حكومەتێك خاوەن داهاتێكی زۆر وزەوەندبێت و هاوڵاتیانی برسی و هەژار و بێكاربن،ئەمە چ وێژدانێك قبوڵی دەكات؟حكومەتێك لەسەر دەریایەك نەوت بێت و هاوڵاتیانی لە سەرمادا رەق ببنەوە ئەمە چ خەمخۆریەكە؟حكومەتێك تا سەر ئێسقان گەندەڵی تیاشۆڕبوبێتەوە و هەوڵی چاكسازی و گۆڕانكاری نەدات،ئەمە چ نیشتیمان پەروەری و نەتەوە پەروەریەكە؟
بۆیە حكومەتی هەرێم دوای هێوربونەوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و كەمبونەوەی مەترسیان لەسەر كوردستان و كەمبونەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان و بەرزبونەوەی نرخەكانی نەوتیش،هیچ بیانویەكی بۆ نامێنێتەوە بۆ هەوڵنەدانی بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری و گوزەرانی هەرێم و حكومەت و هاوڵاتیانیش.گەر حكومەت هەر سووربێت لەسەر گوێنەگرتن و پێشێلكردنی مافەكانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ،ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو كەمە شكۆ و هەیبەتەشی كەماوە لەدەستی دەدات و هیچ كات نابێتەوە جێگە متمانەی هاوڵاتیانی خۆی،بۆیە لە ئێستادا هەیبەت و قودسیەتەكان و شكۆی حكومەت لە دووڕیانێكی مێژوویدایە و لەبەرانبەر نیشانەی پرسیار گەلێكی گەورەشدایە لەلایەن تاك بەتاك و خێزان بەخێزانی ئەم كۆمەڵگەیەوە.

‌ 305 جار بینراوه‌
11/02/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved