وتار
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ... هەمیشە ئومێدێك بۆ چارەسەر

نەوزادی موهەندیس

كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە 11/2/2017دا لە لەماڵی بەڕێز مام جەلال،  كۆمەل گەلێك مانا و ئاماژەی گرنگی دا بە یار و نەیارەكانی یەكێتی و كوردایەتی ڕاستەقینەش، لە پێش هەموانیشەوە ئەوەبوو كە سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگران و تەنانەت جەماوەری یەكێتیش هەمیشە دڵسۆز و بەوەفای ڕێبازەی مام جەلالن و هەر ئەویش بە سایە و سێبەر و ڕێپیشاندەری خۆیان دەزانن و هەر ئەویشە كە بۆتە ((صمام الامان))ی ناو یەكێتی و كوردایەتی و كوردستانیش.
بۆیە دوای ئەو كۆبونەوەیە كەهەرچەندە گەلێك دواكەتووش بوو، بەڵام چرۆی ئومێدەكان زیندوو بونەوە و جەماوەری پان و پۆڕی كوردستانیش جگە لە یەكێتیەكانیش هەستێكی ئارامی دەروونیان لا دروست بوو، چونكە هەموان باش دەزانن هەر كاتێك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەك و یەكگرتوو و ساغڵەم بوو ئەوا بەدڵنیایی هیوا و ئومێدەكان بە چارەسەریەكان دەبوژێنەوە، چونكە یەكێتی هەمیشە بەشێك بوە لە چارەسەر نەك پیلانگێڕان دژی هیچ لایەك، یەكێتی هەموو كات دروشم و خەباتی خۆی  سەر ڕاستانە و بوێرانە و بێسڵكردنەوە و دوور لەشەرم و دڵڕازیكردن جێبەجێكردوە ئەگەرچیش زۆر جاران باجی گەورەشی داوە و خۆشی توشی شكست و بەلاڕێدابردن بردوە و تەنانەت مەترسیشی لەسەر دروست بوە.
یەكێتی و خەبات و كار و كردەوەكانی زۆر ئاشكرابوە و نەخۆشیەكانیشی و  ململانێ ناوخۆییەكانیشی لای هەموان ئاشكرابوە و توانیویشێتی هەموو قۆناغە سەخەتەكانیش بەڕێبكات و بەرگەی هەموو ناوناتۆرە و رەخنە و دوژمنایەتی وپیلانگێڕیەكان و پەنجە شكاندنەكانیش بگرێت لە دۆست و براو هەڤاڵەكانی خۆی پێش نەیارەكانیشی.
بەڵام هەموو كات یەكێتی و خەباتە ڕاستوڕەوانەكەی چیان ویستوە هەرئەوەیان جێبەجێكردوە، بۆیە هەركات هەموان هەستیان بە پەرێشانی و لاوازی یەكێتی كردبێت ئەوا هەستیشیان بە مەترسیەكانی ناوخۆ و دەوروبەریش زیادی كردوە، چونكە دڵنیان لەوەی كە بێ‌ یەكێتی هیچ پڕۆژەیەك بۆ چارەسەریەكان لەناوخۆدا سەرناگرێت و  دوور لە یەكێتیش ناتوانرێت شكۆ و دەسكەوت و خەباتی كوردایەتیش بپارێزرێت، هەروەها  باشیش ئەو ڕاستیە دەزانن كە بەبێ‌ بوونی یەكێتی یان بچوكبونەوە و ناكارایی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراقیشدا ئەوا پڕۆسەی دیموكراسیەت و ئازادیەكان و عەدالەت و یەكسانی و كاری پێكەوەیی و ئاشتی و خۆشگوزەرانیش مەحاڵ دەبێت.بۆیە پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی لە پێش یەكێتیدا بەسوودو قازانج بۆ هەموان دەشكێتەوە  و هەركات یەكێتی بەهێز وتۆكمە و یەكگرتوو بێت هەمووان هەست بە ئارامی و ئومێد و ڕۆشنایی دواڕۆژیش دەكەن.
شاراوە نیە كە یەكێتی لەماوەی 4 ساڵی ڕابووردوودا و دوا غیابی هەڤاڵ مام جەلال لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بەشێوەیەكی كارا و ئاكتیڤ، ڕووبەڕووی  ململانێیەكی ناوخۆیی ناڕەوا و  ڕەخنەی توندی یار و نەیارەكانیشی ببوەو لەكاتی تەنگانە و ناخۆشیەكاندا هەموان چاویان دەبڕیە هەڵوێست و بڕیار و گوتاری یەكێتی و گەر بیانزانیایە كە هەڵوێستەكانی یەكێتی لەهێزەوە سەرچاوەی گرتوە هەموان كەیف خۆش و ئاسودە ویژدان دەبوون، بەڵام زۆرجارانیش یەكێتی لەئاستی ئەو تێڕوانین و بینین و خۆزیایانەی یار و نەیارەكان نەبوە چونكە خۆی گیرۆدەی دەرد و دیاردەیەكی ململانێی ناوخۆی ناڕەوا ببوەوە كە نەیدەپەرژایە سەر چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی  خۆی وكوردستان و عێراق و ناوچەكەش، زۆر جاران لەبەر دڵڕازیكردنی جەماوەر و بنكەی ڕێكخراوەی خۆی و هەندێك جارانیش لەبەرنەبوونی یەك ناوەندی بەهێز و مەركەزی بڕیار و هەندێك جارانی تریش لەبەر ترس و نەبونی بوێری سیاسی لەبەرامبەر هەندێك سەركردە و پارتی سیاسی تردا،هەڵوێستەكانی یەكێتی لەئاست مێژوو و پێگەی بەهێزی خۆیدا نەبوە.
هەربۆیە لە ئێستادا  هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی  یەكێتی تێكڕا گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی كە بەبێ‌ چارەسەركردنی كێشە و گرفت و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی یەكێتی ،ناتوانن هیچ هەنگاوێك بۆ پێشەوە بنێن و دڵنیاشن لەوەی كە ناكرێت تاسەر یەكێتی بەم قۆناغە پڕ مەترسیەدا تێپەڕ بكات و بشمێنێتەوە،چونكە لە پێش هەمواندا زیانی گەورە بەر خۆی دەكەوێت ئەوساش بۆ هەموو پارت و سەركردە و جەماوەر و مەسەلە گەورەكەی كوردایەتیش شۆڕدەبێتەوە. بۆیە درێژەدان بە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و دواتریش بینینی هەموو لایەنەكان و چڕكردنەوەی هەوڵ و هیمەتەكانی یەكێتی هەموان توشی شاگەشكە كردوە و هەموان پەرۆشن بۆ دەستپێكردنەوە و ئارام و ئاسایی بونەوەی دۆخی ناو یەكێتی چونكە هەموان چارەسەری كێشەكان و تێپەڕاندنی قۆناغەكە لە چاو و لەسەر دەستی یەكێتیدا دەبیننەوە.
بۆ بەردەوامبوونی ئەم پڕۆسەی ئاشتبونەوەیە ناوخۆییەی یەكێتی و بەردەوام بوونی و هەنگاو تەكانی زیاتریش بۆ پێشەوە هەڵنان پێویستە یەكێتی ، ئەم جارە بە جورئەت و بوێری زیاترەوە بێتە پێشەوە و سەرەتا لەسەر ئاستی  ناوخۆی خۆیدا بڕیار بدات كە هەموو كێشەكان بە گفتوگۆو ڕاوێژ چارەسەر بكات و دواتر دیسپلینی حیزبایەتی ببوژێنێتەوە و سەرجەم ئۆرگانەكان كارا بكاتەوە و كار بە پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆیی بكات  و پلان و بەرنامەی داهاتوو دابڕێژێت و مەكتەب و مەڵبەند و كۆمیتەكان و هێزی پیشمەرگە هەریەكە كاری خۆی بكات و دوای ئاسایبونەوەی دۆخەكەو هێوربونەوەی دەروون و پەیوەندیەكان لە نێوان هەڤاڵانی سەركردایەتیدا كاری جدی بكات بۆ بەستنی كۆنگرەی گشتی  چوارەم.
لەسەر ئاستی حكومەتیش پێویستە یەكێتی مافەكانی خۆی چ حیزبی بێت چ لەناو حكومەتی هەرێم و بەغدادا بێت داوابكات و وەربگرێتەوە و ئەندام و كادرە بەتوانا و خاوەن لێهاتوەكانی كاندید بكات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆست و پلانە و هیچ ڕێگەش نەدات و سازشیش لەسەر هیچ كادرێكی خۆی نەكات لەبەرامبەر هیچ حیزب و سەركردەیەكدا. هەروەها هەموو هەوڵ و هیمەتی خۆشی بۆ باشتركردن و ئاسایكردنەوەی گوزەران و ژیانی جەماوەری میلەتەكەمان بێت و هەڵگری دروشمەكانی چاكسازی و گۆڕانكاری و دژایەتی گەندەڵی بێت و داواكاری سەرسەختی گەڕانەوەی سەروەت و سامانی میلەت بێت و داوای ئاشكراكردنی داهات و خەرجی حكومەت بێت و هەوڵی جدیش بدات دام و دەزگا شەرعی و جەماوەریەكانی پەڕلەمان و حكومەت و دادوەری ئاكتیڤ بكاتەوە .
لەسەر ئاستی حیزب و سەركردە سیاسیەكانیش پێویستە یەكێتی هەوڵی چارەسەری كێشە و ناكۆكیە سیاسیەكان بدات لەنێوان پارت و سەركردە سیاسیەكانیشدا وئیلتیزاماتی خۆشی بەرامبەر هەموو ئەو ڕێكەوتنانەی كە كردویەتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا جێبەجێبكات . و بتوانێت لەلایەك متمانەی نەماوی نێوانیان دروستبكاتەوەو لەلایەكی تریشەوە كۆدەنگیەكی نیشتیمانی و جەماوەریش لەمەڕ مەسەلە گرنگەكان و جێگای بایەخی هەموان دروست بكاتەوە  تایبەت بە پەیوەندیەكان لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی ناوچەكە و براكانیشمان لەبەشەكانی تری كوردستاندا.
لەكۆتایدا هەمیشە حیزبی سیاسی و سەركردایەتی سیاسی پێشڕەو و خاوەن دەستپێشخەری سیاسی و جەماوەری میلەت و بنكەی ڕێكخراوەیی خۆی بوە, بەڵام بەداخەوە لەناو یەكێتی و زۆربەی حیزبە سیاسیەكانی كوردستاندا لەبەر ترس و دڵڕازیكردن زۆرجاران  بوێری بڕیاری سیاسی كاڵبۆتەوە و جەماوەر و بنكەی ڕێكخراوەیی حیزب یان پارتە سیاسیەكانی تر كەمەركێشی بڕیارە سیاسیەكانیان كردوە ، هەربۆیە هەموو جوڵەیەكی سیاسی لەناوحیزبە سیاسیەكان و بەتایبەتیش لەناو یەكێتیدا ئومێدەكان زیندوو دەكەنەوە و دۆخی قەتیسی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و بازاڕ و..هتد. دەبزوێننەوە و دەیانبوژێننەوە، بەتایبەتیش لەم قۆناغە پڕ مەترسیەی كە كوردستان و عێراق و ناوچەكەشی پیادا گوزەر دەكات ، كە گەر كورد نێوماڵی خۆی ڕێكنەخاتەوە و پتەو ویەك و یەكگرتووی نەكاتەوە ئەوا زۆر زەحمەتە بتوانین وەڵامی هەموو ئەو ئاڵنگاریانە بدەینەوە كە ڕووبەڕوومان بونەتەوە.


‌ 2354 جار بینراوه‌
18/02/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved