وتار
جەنگی ئەمریكا ئێران و ئەگەری (ئەم نانە بەو رۆنە)

عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ


لەمیانی دەنگۆی قوڵبوونەوەی دژایەتی و هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و تۆمەتباركردنی بەوەی یەكێكە لەو حكومەتانەی پەیوەندی بە توندوتیژیەوە هەیەو  تیرۆر لەدژی نەیارانی بەكاردەهێنێت و هاوكات دەستی ناوەتە ناو كاروباری وڵاتانی دەوروبەر وەك: عێراق، ئەفغانستان ، لوبنان و سوریاو جگە لەوەش بەرپرسە لە رشتنی خوێنی بەهەزاران سەربازی ئەمریكی و هاوپەیمانانی لەو وڵاتانە، ئەوەی جێی سەرنجی وردە لەم ماوەی دواییەدا ئەمریكا كەشتی جەنگی گەورەی بەناوی (جۆرج بۆش)ـەوە لەگەڵ چەندین پارچەی تری سەربازی گەیاندۆتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە گرنگترینیان قەڵغانی مووشەكی و زریپۆشی ستانداردی نوێباون. ئەگەری هەیە لە كەشتی جۆرج بۆشەوە مۆڵگەكانی داعش لە سوریا بۆردومان بكرێن، دواتر بەشێك لەو كاروانە دەگاتە كەنداوو هاوشانی گەمی پێنجەمی سوپای ئەمریكی دەوەستێت و ئەگەری هەیە دیسانەوە لە پاشماوەكانی داعش لە سوریاو چەند شوێنێكی تری عێراق لەناو ببات، رەنگە رووەو یەمەنیش وەرچەرخێت و حوسییەكانی یەمەنیش كە تا ئێستا چەندین هێرشی تێكدەرانەیان كردۆتە سەر كەشتییەكانی ئەمریكاو هاوكات حوسییەكان لایەنگرێكی بێ هاوتای حكومەتی ئیسلامی ئێرانن لە بەندەری (باب المندب)ـەوە هێرش دەكەنە سەر ئامانجە ئەمریكییەكان.
لێپرسراوانی كۆشكی سپی جەختدەكەنەوە جووڵەی سەربازی ئەمریكی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو ئامانجیان پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكایە لە ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی پەیمانی ناتۆو هاوپەیمانانی واشنتۆنە لەناوچەكە بە تایبەت ئەو هێزانەی دژی داعش دەجەنگن، لە بەرانبەردا هەڵوێستی دژایەتیكردنی ئەمریكایە بۆ ئێران بەوەی گەمەیەكی سیاسی خۆهەڵقورتێنەر لەناوچەكە دەگێرێت و هەڕەشە لە ئاسایشی  ناوچەكەو بەرژەوەندیی جیهانی دەكات.
هەر لە بەرەوپێشچوونەكانی دۆخی سیاسی ناوچەكە فەرماندەیەكی باڵا لە (سوپای پاسداران)ـی ئێرانی هەڕەشە دەكات و دەڵێت هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ئێران لە بەرامبەردا مووشەكی كیشوەربڕ بەكاردەهێنێت، هاوكات ئاژانسەكانی (رۆیتەر) بەپێی ئاژانسی (تەنسیم)ـی ئێرانی وتەی ئەمیر عەلی حاجی زادەی فەرماندەی هێزەكانی ئاسمانی ئێران دەڵێت: “ئەگەر دوژمنانمان هەر هەڵەیەك بكەن مووشەكی ئێرانییان بەسەردا دەبارێت”. هەر بۆیە ئەگەری هەیە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوان ئەمریكاو ئێران لە ناوەختەو بەكتوپڕ سەرهەڵبدات بە تایبەت ئەگەر لە توێژینەوەی ستراتیژیی سیاسەتی ئەمریكیدا لە كۆشكی سپی سوپای پاسدارانی ئێران بە كۆمەڵەیەكی تیرۆرستی لە قەڵەم بدرێت و هاوشێوەی داعش یان هەر رێكخراوێكی تیرۆرستی تر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
لەلایەكی ترەوە بەپێی بەرپرسانی ئەمریكی نزیك لە دۆناڵد ترامپەوە بە تایبەت مایكڵ فلینی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی: هەر هەموو هاوران لەسەر ئەوەی: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران زۆر نەرمونیان بوونەو ئیدارەی نوێی ترامپ ئەم رێوشوێنە بەسەرچووە ناگیرێتەبەر”. هەروەك بەرپرسانی ئێران هەڵوێستی گرژ دەردەبڕن و هەمیشە ئامادەن روبەروی ئەمریكا ببنەوە،  وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاماژەی داوە بەوەی لەداهاتوویەكی نزیكدا روبەروی رۆژانێكی سەخت دەبنەوە، هەر بەو هۆیەشەوە رووسیا نیگەرانەو لە تێكچوونی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریكا تەواوی خەمی لێنیشتووە، بە تایبەت ئەگەر بڵێسەی ئاگری شەڕ لەناكاو بكەوێتەوە، چونكە ئەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی وڵاتانی گەورەو بچوك بەو شەڕەوە بگڵێنن، هەر بۆیە لە پەیوەندی هەمیشەدایە لەنێوان  هەردوولاو داودەكات كە خۆڕاگربن و كێشەكان بە دانوستان و سیاسەتی ئاشتیانە چارەسەربكەن و ناوچەكە نەخەنە هەڵدێرێكەوە لە ئاكامدا كۆنترڵ نەكرێتەوە.
كوردستان یەكێكە لەو ناوچانەی لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ سەر ناوچەكە تووشی گەورەترین كێشە دەبێتەوەو ئەگەرەكەش تا درێژە بكێشێت و ناوچەكە زیاتر روو لە وێرانی دەكات و كوردستانیش بەو هۆیەوە دووچاری گرفتی زۆرتر دەبێتەوە، كوردستان كەوتۆتە نێوان سێ هێزی خەتەرناكی هەرێمایەتی”شیعەی ئێران، ئیخوانی تورك، داعشی تیرۆرستی” كە لەگەڵ هەر ئەگەرێك لە بەرگێكی ترو بە ستراتیژێكی تر هەڕەشە لەناوچەكە دەكات و ئاكامەكانی دەبێتە پیلانێكی چەند قۆڵی بۆ دژایەتیكردنی كوردستان بە مەبەستی نەهێشتنی لەناوچەكە چەندین فرت و فێڵ وگەمەی قێزەونی سیاسی و سازش و سازشكاری دەگرنە بەر.
ئەمریكا وڵاتێكی زلهێزەو لەو ئەگەرەدا زیاتر كار بۆ داهاتوو دەكات و رابردوو ناخوێنێتەوەو مافی بەوەوە نییە كورد یان هەر كێیەك تا چەند هاوپەیمانی بووە، وەك بینیمان لە گۆنگرەی دژ بە هێزە تیرۆرستیەكان كوردستان بێ بەشكراو تاكە كوردێكیش بۆ دەرمان بەشداری پێنەكرا، پێشبینی دەكرێت ئێران وەك پەرچەوەڵامێك بۆ هەر هێرشێك گورز لە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا بدات لەناوچەكەو عەرەبستانی سعودی و بەحرێن و یەمەن و تەنانەت ئیسرائیلیش بە مووشەك بۆردمان بكات.
كوردستان بە بەراورد بەو كێشانە هێزێكی بچووكەو هێشتا لەناوخۆی خۆیدا قەیرانەكانی پێ چارەسەر ناكرێت، ئەگەر جەنگ رووبدات قەیرانی دارایی دەبێتە كێشەیەكی ئابووری قورس و میللەت تووشی فەتارەتی درێژخایەن دەكات، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە دەبین بە ناوچەیەكی جەنگڵ ئاساو نەبوونی یاسا ئەوكات دەبێتە هۆیەك بۆخوڵقاندنی گرووپی كوشتن و تیرۆركردن كە دەستی دەرەكی رۆڵی گەورە دەگیڕێت لەكڕینی خەڵكی نەفسنزم و بەكارهێنانیان لەدژی بەرەو پێشەوەچوونی رەوتەكەو چەندین دەرهاویشتەی تر كە لە خوێنەرەوە دیارن و پێویست بە باسكردنیان ناكات.
 بەڵكو ئەوەی گرنگە كورد بچێتە ناو قۆناغێكی نوێی تاقیكردنەوەی سیاسی و تا زووەو كاتی بەدەستەوە ماوە نێوماڵی خۆی رێكبخاتەوەو بەشی پەیوەندییە سیاسیەكان لە هەموو شارەكاندا بكرێتەوەو هەوڵ بۆ هێوڕ كردنەوەی دۆخەكە بدرێت و بەرژەوەندی حیزبی و كەسی وەلاوە بنرێت و كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە مەبەستی دەربازبوون لەو گەرداوە ئاگرینەی روو لە ناوچەكە دەكات هەر هەموو بە یەك ئاراستە كاربكەن و ئامانجە نەتەوەییەكان بخەنە بەردیدو لێكۆڵینەوە.. ئەگینا ئەم ئەزموونەی كە ئێستا لە بەشێكی بچوكی جوگرافی ناوچەكەدا هەیەو بارگاوییە لە قەیران بە دەردەكەی كۆماری كوردستان لە مەهاباد دەچێت و دەبێتە رابردوو ، ئەوسا دادی چییە مەگەر گەورەو بچووكمان هەر بڵێین “ئەم نانە بەو رۆنە”و لە رۆژگارە سەختەكانی داهاتووش گومان لە دۆزینەوەی نان و رۆنیش دەكرێت.

‌ 772 جار بینراوه‌
18/02/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved