وتار
سووتاندنی ئاڵاكان... كەلتورێكی دواكەوتوو

نەوزادی موهەندیس


سووتاندنی ئاڵای هەر وڵاتێك بریتیە لە بێڕێزیكردن بەرامبەر شكۆی نەتەوە و ئەو وڵاتە، چونكە ئەو پارچە قوماشە ڕەنگاوڕەنگە بۆتە نیشانە و پەرچەمی ئەو وڵات و كۆمەڵگایە و هەمیشەش لەجێگەی بەرز و لە سەرووی سەرەكانەوە دەشەكێتەوە، بۆیە داگرتن یان دڕاندن و سووتاندنی كارێكی ئەوپەڕی بێڕێزی و شكۆشكاندن وسەروەری خاوەنی ئەو ئاڵایەیە و كەمكردنە و گاڵتەكردنە بەسەروەری ئەو وڵاتە.
سووتاندنی ئاڵاش لە كەلتوری كۆمەڵگا دواكەوتوەكانەوە سەریهەڵداوەو هەمیشە ئەو كۆمەڵگا و وڵاتانە ئەو كارە پیادە دەكەن كە بێدەسەڵات و دواكەوتوون و توانای بەرگریكردن و ڕوبەڕووبونەوەیان نیە لەگەڵ بەرامبەرەكانیاندا و هەمیشەش خۆیان بە سەركەوتوو دەزانن لەو كارەیاندا، لەكاتێكدا سووتاندنی پارچە پەڕۆیەكی بێ‌ گیان هیچ ئازایەتیەكی ناوێت، بەڵكو تەنها ئاماژەیەكە بۆ دەمارگیری و دواكەوتوویی و بێدەسەڵاتی.نمونەی ئەم كارانەشمان زۆر بینیوە لە سەردەمی بەعسی سەدامیدا لە كاتی جەنگ و ناكۆیەكانیدا لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و وڵاتانی تری عەرەبیدا كە وێنەی سەرۆك و پادشا و ئاڵاكانیان دەسووتاندن و دەیانخستنە ژێر پێیانەوە.
لەهەفتەی ڕابردوودا دووجار و لەبەرچاوی كامێراكان و میدیادا لە شارێكی پیرۆزی شیعەكان ( كەربەلا ) و لە پایتەختی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیشدا(( بەغداد)) لەلایەن چەند كەسێكەوە سوكایەتی و بێڕێزی بەرامبەر ئاڵای شەكاوەی كوردستان كرا، ئەو ئاڵایەی كە بە هەزاران شەهیدی قارەمان لە پێناویدا گیانی خۆیان بەختكردوە و بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە لە سایەی ئەو ئاڵا پیرۆزەدا دژایەتی و مقاوەمەتی شۆڕشگێڕی ڕەوای نەتەوەیەكیان درێژە پێداوە دژی داگیركارانی ناوخۆی و دەرەكی، ئەو ئاڵایەی كوردستان خوێنی لێدەچۆڕێت لە پێناو ئازادی و دیموكراسی كوردستان و عێراقدا، بۆیە هەرگیز ڕەوا نیە كە هیچ كەس و لایەنێك بوێری ئەوە بكات بێڕێزی بەرامبەر بكات.
ئاشكراشە لەوەڵامی كردارێكی وا بێ‌ ئەرزش و سەرەڕۆیی و كاڵفامانەی عەرەبیدا ، حەماس و خوێنگەرمی گەنجەكانی كوردیش پەرچەكردارێكی ئاوهایان هەبێت و ئاڵای عێراق بسوتێنن وەك وەڵامدانەوەیەكی ئەو كارە قێزەونە، ئێمەی كورد هیچ كات بێڕێزیمان تەنانەت بەرامبەر دوژمنەكانیشمان نەكردوە چ جای هاو نیشتیمانان و بەناو براكانمان لە عەرەبی سونە و شیعە كە بە خۆشی بێت یان بەشەقی زەمانە لەیەك وڵاتدا پێكەوە دەژین، بۆیە لەلایەك ئەركی دەسەڵاتدارانی كوردە و لەولاشەوە دەسەڵاتدارانی عێراقە كە ڕێگە نەدەن بەهیچ گێرەشێوێنیەكی سەرەڕۆیی بۆ دووبارەكردنەوەی ئەو كارانە.
عەرەبەكان دەڵێن بەپێی یاسا (( سووتاندنی ئاڵای عێراق حوكمی 10-15 ساڵی زیندانی و جەزای 10 ملیۆن دیناری عێراقی هەیە))، ئێمەش دەپرسین ئەرێ‌ سووتاندنی ئاڵای كوردستان سزا و جەزاكەی چەندە؟ كە ناكرێت ئاڵایەكی پاشماوەی عەرەبی شۆڤێنی و بەخوێن سووری ڕۆڵەكانی كورد و عەرەب(( كە تائێستاش جێگەی مشتومڕە و هەموان لەسەری كۆك نین)) ئەوەندە بەڕێز بێت و ئاڵای كوردستانیش بەخوێن سووری ڕۆڵەكانی بەبێ‌ هیچ سزایەك تێپەڕ ببێت، بۆیە هەق وایە لە پەڕلەمانی كوردستانیشەوە یاسایەك دەربچێت و ڕێز و سەروەری ئاڵای كوردستان بپارێزێت و سزای سووتاندن و بێڕێزیكردنیشی دیاریبكات.
ئەم كەلتورە بەداخەوە لەلایەن عەرەبەكانەوە زۆر دووپاتدەكرێتەوە هەر لە سووتاندنی ئاڵای ئیسڕائیل و ئەمریكا و بەریتانیاو فەڕەنساو ئێران و تەنانەت لەناوخۆی خۆشیاندا بەدەیان جار ئاڵای وڵاتە عەرەبیەكانیان سووتاندوە و بێڕێزیان بەرامبەر كردوە. بۆیە ئەركی دەسەڵاتدارانی كورد و ڕۆشنبیران و نوسەران و نوخبەی كۆمەڵگای كوردەواریە كە ڕێگە نەدەن ئەو كەلتورە قێزەون و دواكەوتووە و مایەی بێدەسەڵاتیە لە عەرەبەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو كورد و كوردستان، ئێمەی كورد ئەوەندە بوێریمان تیادایە كە بتوانین ڕاستەوخۆ و بە ئاشكرا ڕووبەڕووی ناحەزان و دوژمنانمان ببینەوە ئیدی چ پێویست دەكات كە پەنا بەرینە بەر ترسنۆكی و سووتاندنی ئاڵای وڵات و كۆمەڵگایەك كە مەرج نیە ئەو كردارە جێگەی ڕەزامەندی هەموانیان بێت، بۆیە ئێمەی كورد نابێت هەڵەی سەرەڕۆیی چەند كەسێك بە هەڵەیەكی هاوشێوە وەڵام بدەینەوە و سۆز و خۆشەویستی زۆرینەیان لەدەست بدەین.
چونكە بەردەوام بوونی ئەم جۆرە كارانە و بەتایبەتیش لەم كۆمەڵگا دواكەوتوەی عێراقدا سەر دەكێشێت بۆ نانەوە و هەڵایسانی فیتنە و شەڕەنگێزی و توندوتیژی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی كە ئێمەی كورد لە ئێستادا پێویستمان پێی نیە كە لەلایەكی ترەوە سەرقاڵی بەرگریكردنین لە خاك و ئاڵاكەمان لەدژی چەتەكانی داعش لە باشوور و ڕۆژئاوادا، با ئێمە دەرگای شەڕێكی نەخوازراوی تر لەسەرخۆمان نەكەینەوە بەكردار و پەرچەكرداری هەڵە و وڵات و گەلەكەمان دووچاری مەینەتی و قەیرانێكی تر نەكەینەوەو بە عەقڵ و حیكمەت و گفتوگۆ و لە ڕێگەی یاساوە كێشە و قەیرانەكان چارەسەر بكەین.




‌ 2703 جار بینراوه‌
29/11/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved