وتار
توركیا و دیمۆكراتیەت !

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


ئێمە هەمیشە لە نوسین وچاوپێكەوتنەكانماندا سەبارەت بەدۆخی توركیا لەسەر دوو مەسەلە پێداگریمان كردووە .
یەكەمیان : ئاكپارتی خۆی ڕێگرو لەمپەرە لە پێش هەر بەرەو پێشەوەچوونێكی توركیا وچەقبەستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا.
دووەمیان: خودی ئەردۆگان خۆی ڕێگرو لەمپەرە لە پێش هەر بەرەو پێشەوەچوونێكی ئاكپارتی لە پەیوەندیەكانیدا لەگەڵ حیزب ولایەنەسیاسیەكانی تری توركیادا ... تاكڕەوی خودی ئەردۆگان بۆتە هۆی دابڕانی حیزبەكەیان.
 ئەو دو خاڵەی سەرەوە پێناسە و ڕەچەتەی نەگۆڕن، تا ئەوكاتەی ، كە ئەردۆگان لە دەسەڵاتدا بمێنێت .
سەبارەت بەمەسەلە دێمۆكراتیەكان توركیا لەساڵی ١٩٢٣ بەدەستورو رەچەتە دەوڵەتێكی عەلمانی و دێمۆكراتی و فرەحیزبی و بەسیستەم پەرلەمانیە، بەڵام بەپراكتیك هەرگیز نەیتوانیوە، نە عەلمانی بێت، نە دێمۆكراتی و نەپەرلەمانیش بێت... ئەگەر توركیا دەوڵەتێكی عەلمانی بوایە ئێستا فاشیزمی دینی ناگەیشتە ترۆپكی دەسەڵات، دین دەبوایە وەكو مەسەلەیەكی تاكە كەسی ڕێگەی خۆی بگرتایە، نەك ببێتە ئامرازی حوكمڕانی وبەڕیوەبردنی سیاسەتكردن.
تا هاتنی دەسەڵاتی ئەردۆگانیەكانیش توركیا تەنها بەناوە پەرلەمانی بووە، چونكە جەنەڕاڵێكی سوپا حوكمی دەكرد نەك پەرلەمان وپەرلەمانتاران... ئێستاش پەرلەمان كارتۆنییە، چونكە جەنەڕاڵەكە گۆڕاوە بە ئەردۆگان و جلی مەدەنی لەبەردایە !
بۆ مەسەلەی دێمۆكراتیەت هێشتا زۆری ماوە، چونكە هێشتا ئەندام پەرلەمانەكانی ئاكەپەو مەهەپە لە نێو هۆڵی پەرلەمان تەماشای ئەو ڕیزەكورسییە ناكەن، كە پەرلەمانتارەكانی (هەدەپە)ـی لەسەر دانیشتوان لە هاتوچۆدا خۆیان لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكان بەدوور دەگرن بۆ ئەوەی سڵاویان لێنەكەن، كە یەكێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكانی هەدەپەش نۆرەی وتەو وتاریان دێت ...، نزیكەی ٣٩٠ ئەندام پەرلەمان گەشكەگرتوو دەبن! ئەمە پەرلەمانە كە بەرزترین ناوەندی یاسادانان و نوێنەران و بڕیاردەری چارەنوسی خەڵكی توركیایە؟ ، كە قەبوڵیان نیە نوێنەرانی نەتەوەیەكی وەكو كورد لە تەنیشتی خۆیانەوە لە نێو هۆڵی پەڕلەماندا ببینن، كە وەكو خۆیان لە پرۆسەیەكی دێمۆكراسیدا بەدەنگی پاكی خەڵكی خۆیان گەیشتونەتە ئێرە ! نەك بەتەزویر و زۆرەملێ ! بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین توركیا بە دەستووری نوسراوی لە نێو كتێبدا هەڵگیراودا عەلمانی و دێمۆكراتی و پەرلەمانیە... بەپراكتیك دەوڵەتێكی دیكتاتۆری كۆدەتاچی سەربازی ومەدەنیە، لە ڕابردودا عەسكەر بەشێوەیەكی هەمیشەیی كۆدەتای كردووە بەسەر حكومەتە مەدەنیەكاندا، لە ئێستاشدا بەپێچەوانەوە ئەردۆگان كۆدەتای كردووە بەسەر سەرجەم بوارەكانی ژیانی تاكی توركدا بەحیزبەكەی خۆشیەوە، لە توركیادا كەس ئازاد نیە بەخودی (ماریۆنێتە*) ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆكی سێبەری ئێستای ئاكپارتیشەوە .
خاڵێكی تر، كە ڕووی ڕەشی دێمۆكراتیەتی ئەردۆگان بەرجەستە دەكات رەفتاری حكومەتەكەیانە لە باكوری كوردستان، كە رۆژانە بە پێی بەرنامە شارو شارۆچكە كوردنشینەكانی كردۆتە گۆمی خوێن و كۆمەڵكوژی دانیشتوانەكەی دەكات لە جزرەی بۆتانەوە بۆ گەڤەڕ و گوچلو پینارو شەمدینان و شڕناخ و سیلڤان و سیلۆپی و نوسەیبین و ئیمڕۆش شارەكانی (لیجە) و( خان)ـی سنوری گەورە شاری ئامەد كەوتنە بەر فشارو توندوتیژی و قەدەغەكردنی هاتوچۆ، دوای ئەویش نۆرەی شارەكانی تر دێت.
سەبارەت بە ئازادی بیروڕادەربڕین و ئازادی رۆژنامەوانیش لە مێژووی توركیادا بەسەردەمی كۆدەتاكەی كەنعان ئێڤەرەنیشەوە رۆژگاری رەشی وەكو ئێستای بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوەی رۆژێك رەخنەیەكی لە دەسەڵاتی حكومەتەكەی ئاكپارتی گرتبێ ئێستا لە زینداندایە... لەم بارەیەوە كێشەكە لەوەدایە، كە دەبێ لە ئێستا بەدواوە لەهەمو دامودەزگاو دامەزراوەیەكدا كەسێكی ڕامكراوی ئاكپارتی بوونی هەبێت!
بەتاكڕەوی و دیكتاتۆریەت :
سەبارەت بەتاكڕەوی ودیكتاتۆریەت، ئەتاتورك بەو هەموو كاریزمایەیەی خۆیەوە وەكو پاڵەوانی رزگاركەرو پێكەوەنانەوەی توركیای دوای داڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ١٥ بەسەریەكەوە دەسەڵاتی بەڕێكردو دوای مردنی ئەتاتورك عیسمەت ئینۆنۆش ١٢ واتا بەسەریەكەوە ٢٧ ساڵ حوكمی توركیایان كردووە، بەڵام پێدەچێت حوكمداری ئەردۆگان زۆر لەوەی كەمالیستە كۆمارییەكان درێژتر بێت، چونكە هەر لە ئێستاوە تا ساڵی ٢٠٢٣ یان مسۆگەر كردووەو بەجۆرێك توركیایان پاوانی خۆیان كردووە... حیزبەكان و دەنگدەرەكانیان لەقاڵبداوە، كەلە مێژوی توركیادا وێنەكەی دووبارە نەبۆتەوە... واتا ئەردۆگان و ئاكپارتی جگە لەوەی كۆمەڵگایان دابەشكردووە بەسەر یار ونەیارا، حیزبە نەیارەكانی خۆشیان لە جەهەپەو هەدەپەو مەهەپە بێئومێد كردووە، ئەوەتا لە هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرۆكی نوێی پەرلەماندا، جگە لەئاكپارتی هیچ كام لە حیزبەكان یەك دەنگی زیاتریان لەژمارەی نوێنەرەكانی خۆیان بەدەست نەهێناوە، كەواتە ئۆپۆزۆسیۆنێكی پەرتەوازەش هۆكارە بۆ سەركەوتن و مانەوەی زیاتری ئاكپارتی لە دەسەڵاتدا ؟



‌ 2714 جار بینراوه‌
29/11/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved