وتار
نهێنیەكانی شەڕەنگێزی ئەردۆگان هەموو شتێك لە پێناوی شەڕدا، شەڕیش لە پێناوی مانەوەدا!

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


ئەمڕۆ لە توركیادا هەموو شتێك وابەستەی سەركەوتنی ئەردۆگان وحیزبەكەی كراوە، بۆیە ئەردۆگان دەڵێ ( یا دەبێ دەنگم بدەنێ و بمكەن بەسەرۆكی ئەبەدی خۆتان، یا ژیانتان لێ تاڵدەكەم و هەموو رۆژێك جەنازەی كوڕەكانتان لە خوارووی رۆژهەڵاتی وڵاتەوە بەدیاری بۆ دەنێرمەوە).
سوڵتان ئەردۆگان لەدوای شكستەكەی ٧ ی حوزەیرانەوە بیر لە تۆڵەسەندنەوە دەكاتەوە و سەرەتا ئەو شوێنانە كەوتنە بەرشاڵاوەكەی، كە لە ١٠٠% دەنگیان دابوو بەهەدەپە وەكو شارەكانی گەڤەڕ و جزرەو باتمان وپڕسوس و سیلڤان وسیلۆپی شڕناخ و چخورجە، كەلە هەندێك لەو شارو شارۆچكانەدا هێشتا هاتوچۆ و دەرچوون لەماڵان قەدەغەكراوە.. ئەم شەڕەی ئەردۆگان لەگەڵ كورددا دەیكات رێكەوت نیە و پلان بۆ داڕێژراوە، نهێنییەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بڕگە مادەی *٧٨ ی یاسای سەرەكی توركیا سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆك لە هەڵبژاردنەكاندا.. لەو یاسایەدا هاتووە، كە سەرۆك كۆمار دەتوانێت هەڵبژاردن دوابخات بەو شێوەیەی كە خۆی دەیخوازێت بەمەرجێك وڵات لە دۆخی نائاسایی و شەڕدا بێت.. سەرۆك كۆمار دەتوانێت هەڵبژاردن بۆ ساڵێكی تر دوابخات ودرێژەش بەتەمەنی حكومەتە كاتییەكان بدات لە مانگێكەوە بۆ چوار ساڵ !
سوڵتان ئەردۆگان پەنادەباتە بەر ئەو بڕیارانە لەم ئەگەر وسیناریۆیانەی خوارەوەدا :
١ - ئەگەر ئاكەپە دەنگەكانی كەمی كردو كورسییەكانی جەهەپە + مەهەپە بەشی پێكهێنانی حكومەتێكی كوالیسیۆنی كرد.
٢ - ئەگەر دەنگەكانی ئاكەپە كەمی كردو كورسیەكانی جەهەپە + هەدەپە بەشی پێكهێنانی حكومەتێكی كوالیسیۆنی كرد .
٣ - ئەگەر دەنگەكانی ئاكەپە كەمی كرد و كوالیسیۆن لە نێوان جەهەپە + مەهەپە، هەدەپە پێكهات .
٤ ئەگەر دەنگەكانی ئاكەپە لە ٣٥% كەمبكاتەوە .
٥ - ئەگەر ئاكەپە نەتوانێت لە ١/١١ بیست ئەندام پەڕلەمانی تر بخاتە سەر ئەوەی ئێستا هەیەتی .
٦ - بەڵام ئەگەر ئاكەپە بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا یەكەمێتی خۆی لە سەروی لە ٤٢% بپارێزیت، ئەوا دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەسەرۆكایەتی چارەكە سەرۆك وەزیران ئەحمەد داود ئۆغڵو دەستپێدەكاتەوە، ئەگەر لە هەنگاوی یەكەمدا سەرۆكی پەرلەمان بدەن بەجەهەپە، ئەوا ئەگەری پێكهێنانی حكومەتێكی بنكە فراوانی نیوان ئاكەپە + جەهەپە توركیا بەرەو كەنارێكی ئارام دەباتەوە . بەڵام ئەگەر ئاكەپە لە ٣٥% كەمتر دەنگی بەدەستهێنا ئەوا جاڕی كۆتایی تەمەنی سیاسی ئاكەپە دێت.. بە هەمو پێوەرو پێودانگەكان و ئەزمونی رابردووی توركیا ئاكەپە دەبێتە حیزبی دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەی داهاتوو، چونكە لە مێژووی دورودرێژی توركیادا لەساڵی ١٩٥٧ تا ساڵی ٢٠٠١ لە هەموو هەڵبژاردنە (دووبارەكراوەكان)ـو پێشوەختەكاندا حیزبی یەكەم دۆڕاوی یەكەم بووە! هەڵبژاردنی رێگەچارەی شەڕیش لەلایەن ئەردۆگانەوە توركیای بردۆتەوە بۆ ناو تۆنێلێكی داخراو و توركیای كردۆتە زیندانی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری وئازادی رادەربڕین توركیا بەرادەیەك بەدەیان ساڵ بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە بەهەزاران نوسەرو رۆژنامەنوسی لە كونجی زیندانەكان ئاخێنراون تەنها لەبەر ئەوەی رەخنەیان لەئاكەپە وئەردۆگان گرتووە، رووداوەكانی كۆنگرەی پێنچەمی ئاكەپە بەهێزترین گەواهی ئەو راستیەن، كە ئەم كۆنگرەیەی ئاكەپە لەسەر ویستی ئەردۆگان بەڕێوەچووە و ئەوەی رۆژێك لە رۆژان گلەیی و گازندەیەكی لە ئەردۆگان سیاسەتەكانی كردبێت پێشتریش لە هەر پلە پایەیەكدابوبێت لەم كۆنگرەیەدا بەسەركردایەتیش دەرنەچون عەبدوڵڵا گوڵ و نولەند ئارینج بە نمونە كە هەردوكیان كەسی یەكەم ودووەمی ئاكەپە بوون لە پێشی پێشەوەی دەستەی دامەزرێنەری پارتەكە بوون یەكێكیان دەرنەچوو، ئەویتریشیان تەنانەت وەكو میوانێكیش بانگێشت نەكرا... دەیان كەسیتر لەمەكتەبی تەنفیزی ئاكەپە و دەستەی دامەزرێنەری حیزبەكە لەسەرداوای ئەردۆگان وەدەرنران، بۆیە ئاكەپە تا دێت لە كۆتایی تەمەنی سیاسی خۆی نزیك دەبێتەوە پڕیشكی شەڕی ئەردۆگان تەنها كوردی نەگرتۆتەوە، بەڵكو یەكەم كەس پالاماری نزیكترین هاوكارانی خۆیدا لە بزوتنەوەی خزمەتگوزاری ( گولەنیەكان)، گروپە مێدیاكانی (دۆغان) ، بویداك هۆڵدینگ ، رۆژنامەی حوڕیەت ، رۆژنامەو دامەزراوەی زەمان ، بوگوین.. بەو پییەی خێری ئەردۆگان لە شەڕدایە، لەولاشەوە یەكێتی ئەوروپا هەڕەشە لە توركیا دەكەن، كەهەرچی زووترە دەستبەرداری توندو تیژی بێت ومیزی گفتوگۆ هەڵبژێرێت لەگەڵ كورد دا و لەلایەكی ترەوە رۆیتەرز و واشنتۆن پۆست لەسەردەستەخوشكەكانیان داكۆكی دەكەن وسەرزەنشتی رەفتاری شەڕخوازانەی ئەردۆگان دەكەن.


‌ 4097 جار بینراوه‌
04/10/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved