وتار
له‌نێوان خۆفرۆشی و كۆیلایه‌تیدا وه‌ڵامێکی سه‌رپێیانه‌ بۆ دڵشاد شه‌عبان

كاروان عه‌لی شامار



له‌ مێژووی حوکمرانی حزبه‌ سیاسیه‌کانی باشوردا، پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر له‌ هه‌موو پارتێکی‌ سیاسی دژ به‌ خاکو نیشتیمانو خه‌ڵکه‌که‌ی بووه‌، سه‌یره‌ وێرای ده‌یان ئه‌کشنی مێژووی شه‌رمه‌زارکه‌رو ئابڕوبه‌ر له‌هه‌مبه‌ر‌ پارته‌ سیاسیه‌کانی باشورو باکورو ڕۆژئاواو ڕۆژهه‌ڵات، په‌رله‌مانتارێكی پارتی باس له‌ خیانه‌ت و خۆفرۆشی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان بکات که‌ ته‌نها خه‌بات و قوربانیدان و شه‌هیدبوونی زیاتر له‌ بیست هه‌زار رۆڵه‌ی به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ئاست مێژوه‌ زێرینیه‌که‌یدا هه‌موو مرۆڤێک وچانێک بوه‌ستێت بۆ رێزگرتن له‌ به‌رخودان و زیاتر له‌چل ساڵ خه‌باتی ئه‌و حیزبه‌دا. 
 لێره‌یا  مشتێک له‌ خه‌رواری خیانه‌ت و خۆفرۆشی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌خه‌مه‌ڕوو وه‌ک وه‌ڵامێکی خێراو سه‌رپێیانه‌ی‌ دڵشاد شه‌عبان بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌لک باش بزانن پارتی خاین و خۆفرۆشه‌ یاخود یه‌کێتی؟!

(1)
قیاده‌ مۆقه‌ته‌ و خیانه‌ته‌کانی

نسکۆی شۆڕش و ئاشبه‌تاڵو چه‌کدانانو ته‌سلیم بونه‌وه‌ی زیاتر له‌ 100 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رپه‌ره‌شتی راسته‌وخۆی مه‌لا مسته‌فا، له‌ ساده‌ترین مانادا واته‌ كوژانه‌وه‌ی چرای ئومیێدی هه‌موو كوردستان، ئاشبه‌تاڵ هیچ ئومێدێکی بۆ زیندوبونه‌وه‌ی شۆڕش له‌نێو خه‌ڵکی کوردستاندا نه‌هێشت، وێرای  لێکه‌وته‌ی خراپی سایکۆلۆجی بۆ سه‌ر هاوڵاتیان،‌ لێ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو به‌ ئه‌سته‌م و ئاسته‌نگی کرد به‌ڕاستی و دوای ساڵێک به‌سه‌ر دروستبونیدا گروپی چه‌کداری گه‌یانده‌ ناوچه‌کانی کوردستانو شلگێرانه‌ جارێکی تر به‌دروستبونی شۆڕشی نوێ ئومێدێکی دایه‌وه‌ به‌خه‌لك و خه‌باتی چه‌کدار ده‌ستپێکردو مه‌فره‌زه‌کانی  دابه‌شکرد به‌سه‌ر ناوچه‌کاندا له‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌ختو پڕ له‌نه‌هامه‌تیه‌دا پارتی سێجار له‌خۆڕا شه‌ر له‌گه‌ل یه‌کێتی ده‌کات و کار بۆ ته‌فرو توناکردنی هێزه‌کانی (ی.ن.ک) ده‌کات به‌م شیوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ ....
یه‌که‌م: شه‌هیدکردنی ئیبرایم عه‌زۆو عیزه‌ت شه‌نگاری
له‌دوای ئه‌وه‌ی ئیبرایم عه‌زۆ خۆی و مه‌فره‌زه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ کوردستان که‌ ژماره‌یان نزیکه‌ی 40 که‌س ده‌بێت و له‌نێو ئه‌و کادیرانه‌شدا خه‌لکی ژیرو وریا هه‌بو وه‌ک عه‌بدولره‌حمان شه‌نگالی و قاسم محه‌مه‌د عه‌لی که‌ توانیان له‌ ناوچه‌کانی خۆیان (بادینان) په‌یوه‌ندی به‌خه‌لكه‌وه‌ بکه‌ن خه‌ریکی دروستکردنی مه‌فره‌زه‌ بوون به‌داخه‌وه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌ قیاده‌ مۆقه‌ته‌ی سه‌ر به‌باڵی مه‌لا مسته‌فا که‌وتنه‌ پیلانگێران لێیان له‌کاتێکدا ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ هێشتا شوێنی خۆیان نه‌گرتبوو به‌فێڵ هه‌ندێکیان لێده‌گرنو شه‌هیدیان ده‌که‌ن، ئیبرایم عه‌زۆ له‌گه‌ڵ سێ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڕۆنه‌ گونده‌کانی کوردستانی تورکیا بۆ سۆراغکردنی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ له‌و کاته‌دا‌ قیاده‌ مۆقه‌ته‌ به‌هۆی هه‌ندێ عه‌شایه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ زۆر ناجوامێرانه‌ ده‌یانگرن و شه‌هدیان ده‌که‌ن، دواتریش عیزه‌ت شه‌نگاری یه‌کێک بووه‌ له‌ کادیره‌ باشه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی یه‌کێتی له‌گه‌ل 18 ئه‌ندامی یه‌کێتی ده‌چنه‌ گوندێکی تورکیا ئه‌وانیش ده‌گرن و ده‌یانبه‌نه‌ ئه‌شکه‌وتی پاڤێ له‌وێ هه‌مویان شه‌هید ده‌که‌ن که‌ ئه‌مه‌ش له‌بری هاوکاری، به‌ره‌نگاری شۆڕشی تازه‌ی کوردی بونه‌وه‌ که‌وتنه‌ له‌ناوبردنو کوشتنی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانویست شۆڕش هه‌ڵگیرسێنن ئه‌و کاره‌ ناجوامێرانه‌ش به‌هاوکاری ده‌ره‌به‌گه‌ خائینه‌کانی تورکیا ئه‌نجامدرا، له‌و کاته‌یا پارتی له‌بری به‌رخودانو شۆڕشکردن فه‌لسفه‌که‌ی (ئیدریس بارزانی)یان په‌یڕه‌و ده‌کرد که‌ وتبووی ( ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێ نه‌کرێ، شۆڕشمان پێ تێک ده‌درێ!)
دووه‌م: شه‌هیدکردنی حه‌سه‌ن خۆشناو هاوڕێکانی
پاش ئه‌وه‌ی ئیبرایم عه‌زۆ و هاوڕێکانی شه‌هید ده‌کرێن ڕێکه‌وتنێک له‌ نێوان مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانی ده‌کرێ تا روداوی هاوشێوه‌ی پێشوو له‌نێوانیان رونه‌داته‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌وێش جارێکی تر ناپاکیه‌کی تر به‌رامبه‌ر یه‌کێتی ده‌که‌نه‌وه‌  که ئه‌ویش‌ حه‌سه‌ن خۆشناو مه‌فره‌زه‌ نۆ که‌سیه‌که‌ی له‌ که‌مینێکی قیاده‌ مۆقه‌ته‌دا شه‌هید ده‌کر‌ێن و چه‌که‌کانیش به‌تاڵان ده‌برێن، که‌ ئه‌وێ ڕۆژێ یه‌كێتی ناردبونی بۆ وه‌رگرتنی چه‌ک و کۆمه‌ک بۆ شۆڕش که‌ له‌لایه‌ن چه‌ن که‌سێکی کوردستانی تورکیاوه‌ کۆکرابۆوه‌.
سێ یه‌م: کاره‌ساتی هه‌کاری
کاره‌ساتی هه‌کاریش یه‌کێکه‌ له‌و کاره‌ساته‌ نامرۆڤانه‌ی که‌ پارتی له‌ هاوینی 1978 به‌رامبه‌ر یه‌کێتی کردوێتی که‌ وه‌ک تاوانێکی قێزه‌ون مێژوو ده‌یگێڕێته‌وه‌ چون له‌‌و کاره‌ساته‌دا (ی.ن.ک) ده‌یان سه‌رکرده‌ی وه‌ک (عه‌لی عه‌سکه‌ری)و کادیری سیاسی و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵکه‌وتو سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی دلێرو ئازای له‌ده‌ستدا، ده‌یانیان شه‌هیدو برینداربوون، ده‌یانیان لێگیرانو دورخرانه‌وه‌، سه‌دان پارچه‌ چه‌کیش فه‌وتا،  کاره‌ساتی هه‌کاری کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ جه‌رگبڕو دڵته‌زێن بوو، سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساته‌ش مام جه‌لال له‌ په‌ره‌ی 97 ی کتێبه‌که‌ی دیداری ته‌مه‌ن ده‌ڵێ(له‌دوای کاره‌ساتی هه‌کاری ته‌نها 42 که‌سمان لێ مایه‌وه‌ له‌نێو ئه‌وانه‌ش ته‌نها دوو چه‌کدار، نانمان نه‌بوو پاره‌مان نه‌بوو، له‌م دیوه‌وه‌ ئێران به‌ هه‌لیکۆپته‌ر بۆردمانی ده‌کردین، له‌ودیوه‌وه‌ عێراق تۆپی پێوه‌ده‌ناین، که‌وتبوینه‌و نێوان دوو ئاگره‌وه‌ پارتیش که‌وتبوه‌ شه‌هید کردنو گرتنی کادیره‌کانمان)، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ئه‌نجامی ئه‌و کاره‌ساته‌ رژێمی فاشی توانی بێئه‌وه‌ی توشی هیچ به‌رگریه‌ک بێت هه‌موو ناوچه‌کانی سنور رابگوێزێو دانیشتوانی گونده‌کانی سنور له‌ ئۆردوگای زۆره‌ملێدا کۆبکاته‌وه‌و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدابوو  قیاده‌ مۆقه‌ته‌  به‌ئاشکراو بێپه‌رده‌ ده‌ستی له‌گه‌ڵ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان بۆ له‌ناوبردنی یه‌کێتی تێکه‌ڵاوکرد.  

(2)

رادەستکردنی شۆڕشگێرانی رۆژهەڵات بەرژێمی ئێران

بنەماڵەی بارزانی بۆ مانەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، هەموو جۆرە هاوپەیمانییەک و دەست بردن بۆ ژیانی کەسانی تر و کوشتن و بڕین و تیرۆر و رادەستکردنیان کردووە. مێژوو شاهێدە کە سلەیمانی موعینی و خەلیل شەوباش، ئەحمەد تۆفیفق و چەندین سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان پەنایان بۆ بارزانی هێنا، تا لەسایەی ئەودا وەک سەرۆکی حزبێک بحەسێنەوە و درێژە بەکاری سیاسیی خۆیان بدەن، لێ مەخابن بۆ رازیکردنی دڵی ئێران و رژێمەکەی، بارزانی سلێمانی موعینی و شەوباشی بەکوژراوی رادەستی ئێران کردەوە و ئەحمەد توفیقیشی رادەستی ئەمنی بەغدا کرد تا مرد لەژێر رەحمەتی بەعسییەکان دابوو، ئەمە خیانەتە یا حزبێک بارتەقای خیانەتی حزبەکەی بەرامبەری خزمەتی کردووە. 

(3) 

31ی ئاب

 31 ئابیش وه‌ک روداوه‌کانی پێشوو، مێژوو وه‌ک خیانه‌تێکی نیشتیمانی تۆماری کردووه‌ و هیچ کات ره‌حم له‌ ناو‌هێنانی ئه‌نجامده‌رانی ناکات، چون له‌و سه‌رده‌مه‌یا چانسێکی باش هاتبووه‌ پێشه‌وه‌ بۆ کورد به‌تایبه‌ت له‌ دوای پرۆسه‌ی ئه‌نفالو کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و ڕاپه‌رینه‌مه‌زنه‌که‌ی به‌هاری 1991 ئه‌زمونێکی جوان نیشانی ده‌ره‌وه‌ درابوو، وڵا‌ته‌ زلهێزه‌کانی دونیا به‌گرنگه‌وه‌ له‌ کوردستانیان ده‌ڕوانی، لێ پارتی جارێکی تر ده‌ستی چوه‌ خوێنی هاونیشتیمانیان و شه‌ری براکوژی هه‌ڵگیرساند وه‌ک نه‌ریتی هه‌میشه‌یی گاردی كۆماری و ده‌بابه‌ی به‌عس و میتی تورکی هێنایه‌ هه‌ولێرو تا ئێشتاش به‌شێک له‌باره‌گاکانی میت له‌ناوچه‌کانی شیلادزێو بادینان ماونه‌ته‌وه‌و ئاماده‌نین خاکی هه‌رێم جێبهێڵن، وێڕای ئه‌وه‌ی پارتی تا پرۆسه‌ی ئازادی عێراقو ڕوخانی ڕژێمی فاشی په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵی له‌گه‌ل سه‌رانی رژێمی به‌عسو به‌تایبه‌ت (سه‌دام حسێن) هه‌بوو ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کوردا هیچ پارتێکی سیاسی بارته‌قای پارتی هێزی بێگانه‌و دوژمنی نه‌هێناوه‌ته‌ سه‌ر خاکه‌که‌ی،‌ بۆیه‌ زۆر ئاسایه‌ گه‌ربڵێین له‌هه‌رسه‌رده‌م و زه‌مه‌نێکدا پارتی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبی و خێله‌کیه‌کانی که‌وتبێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ئه‌وا هێنانی هێزی بێگانه‌و نه‌یارانی کورد بۆسه‌ر خاکی هه‌رێم ئه‌گه‌رێکی زۆر کراوه‌و به‌هێزه‌.

 (4) 

هێنانی داعش و ته‌سلیمکردنی شه‌نگال

یه‌کێکی تر له‌و خیانه‌تانه‌ی پارتی به‌رامبه‌ر به‌ برا کورده‌ ئیزیدیه‌کان ئه‌نجامیداوه‌ ته‌سلیم کردنی بێبه‌رگری شه‌نگال بوو که‌ تیایدا هه‌زاران له‌ براو خوشک و ئیزیدیه‌کان شه‌هید کران و ئافره‌ته‌کانیان له‌لا‌یه‌ن چه‌ته‌کانی داعشه‌وه‌ تا هه‌نوکه‌ ئه‌تک ده‌کرێن و به‌شێکیشیان هێشتا هه‌ر له‌ژێڕ ده‌سه‌ڵاتی داعشدان، زۆرێکیش له‌ چاودێرانی سیاسی یه‌قینن له‌وه‌ی داعش به‌ هاوکاری تورکیاو پارتی و سونه‌کان هاتۆته‌ نێو خاکی هه‌رێـمو ئه‌جندای پارتی له‌ناوچه‌که‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن. ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێستا پێشمه‌رگه‌ ده‌یکا له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ شه‌ڕی کورد نه‌بووه‌ چون زۆر ئاشکرایه‌ که‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ داعش نه‌یده‌زانی له‌ جیهاندا چوارچێوه‌یه‌کی جوگرافیا هه‌یه‌ به‌ ناوی کوردستان، داگیرکردنی عێراق و شه‌رکردن له‌گه‌ڵ هێزه‌ شیعه‌کان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تیان بوو نه‌ک کوردستان.

(5) 

قه‌یرانی دارایی و بڕینی قوتی هاونیشتیمانیان

گومان له‌وه‌دا نییه‌ به‌شێکی زۆر له‌ قه‌یرانی دارایی و خراپی دۆخی سیاسی هه‌رێم به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی پارتی و شکست خواردنێتی له‌به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی هه‌رێمدا، لای هاونیشتیمانیان رونه‌ شتێک نیه‌ به‌ ناوی قه‌یرانی دارایی و ئه‌وه‌ی هه‌نوکه‌ ده‌گوزه‌رێ پارتی دروستیکردوه‌ بۆ سزادانی هاوڵاتیان. دوو ساڵه‌ زیاتره‌  پلانی برسیکردن و کۆیله‌کردنی هاوڵاتیان جێبه‌جێ ده‌کات، ئه‌م مۆراڵو ئه‌کشنه‌ سیاسیانه‌ی پارتی له‌ رژێمه‌ فاشی و دیکتاتۆریه‌کانی جیهان نه‌بێ له‌هیچ وڵاتێکی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ نمونه‌ی نیه‌.

(6)

کوده‌تای سه‌ر په‌رله‌مان

‌له‌ رۆژی 12-10-2015 پارتی کوده‌تای کرده‌ سه‌ر په‌رله‌مان و رێگری کرد  یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراو و یاسایی په‌رله‌مان بچێته‌وه‌ سه‌ر کاره‌که‌ی و ئاودیوی پردێی کرده‌وه.‌ دوا به‌دوای ئه‌وه‌ش وه‌زیره‌کانی گۆرانی یه‌ک له‌ دوای یه‌ک نارده‌وه‌ ماڵه‌وه‌، له‌کاتێکدا ئه‌م خوله‌ی یوسف محه‌مه‌د  باشترین و ئه‌کتیڤترین په‌رله‌ما‌ن بووه‌ چونکه‌ له‌ ڕابردودا پارتی وه‌ک دیوه‌ خان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ په‌رله‌ما‌ن کردووه‌‌ و هه‌موو بریاره‌کانی به‌میزاجو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبه‌که‌ی ده‌رکردووه‌، به‌ڵام له‌م خوله‌دا ده‌ست برا‌ بۆ هه‌ستیارترین بابه‌ت ئه‌ویش گۆرینی سیستیمی سیاسی و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بووه‌ که‌ خۆی له‌ خۆیدا چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و پرسانه‌ کۆتایی به‌ کێشه‌ی له‌ مێژینه‌ی ئه‌م وڵاته‌ی ده‌هێناو هه‌رێمیش به‌دامه‌زروه‌ بوون هه‌نگاوی ده‌ناو هاوشێوه‌ی به‌غدای درواسێمان ده‌بوین به‌خاوه‌ن ده‌ستورو سیستمی سیاسی په‌رله‌مانی و دیموکراتی خۆمان له‌بری ده‌ستورێکی خێله‌کی وتایبه‌ت به‌ دیوه‌خانه‌کان. داخستنی په‌رله‌مان وا‌ی له‌ پارتی کرد ده‌یان پرس و بڕیاری گرنگو چاره‌نوساز به‌ بێ په‌رله‌مان ده‌ربکات له‌بۆ سودی حیزبه‌که‌ی و دژ به‌سودی گشتی و هاونیشتیمانیان.

(7)

کۆتایی

ئه‌و نمونانه‌ی له ‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکردون مشتێكن له‌ خه‌رواری خیانه‌ت و خۆفرۆشی پارتی که‌ ده‌یانه‌‌وێ به‌ته‌خوینکردنی یه‌کێتیی نیشتیمانیی ڕووی ڕه‌شی خۆیان سپیکه‌نه‌وه‌، له‌ کاتێکدا گه‌ر یه‌کێتی نه‌بوایه‌ ئیستا داعش ته‌رانتێنی ده‌کرد له‌شاره‌کانی کوردستان و له‌ کۆی 1800 شه‌هیدی شه‌ری داعش، یه‌كێتی پشکی شێری به‌رکه‌وتوه‌و نه‌یهێشتوه‌ بستێك له‌ خاکی کوردستان ده‌ست ده‌گیرکه‌ران که‌وێت.
به‌داخه‌وه‌ ده‌بوو یه‌کێتی له‌ ئاستی باڵا وه‌ڵامی دڵشاد شه‌عبانی بدایه‌ته‌وه‌ چۆن دڵشاد به‌هۆی پێگه‌ی سیاسی و نزیکی له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی یه‌قینم قسه‌کان ته‌عبیر له‌ڕای خۆی ناکات و وه‌لێ قسه‌ی ناخ و دڵی حزبه‌که‌یه‌تی، هیوادارم ده‌سته‌ی کارگێر چۆن  لێپرسینه‌وه و سزای ئه‌و که‌سانه‌ ده‌دا که‌ له‌نێو یه‌کێتیدا دژ به‌ پارتی لێدوانیان داوه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ میکانیزمێک بۆ ئه‌و سوکایه‌تیه‌ دابنێن که‌ له‌هه‌مبه‌ر حزبی شه‌هیدان له‌لایه‌ن که‌‌ره‌چیه‌کانه‌وه‌ ده‌کرێت!
له‌ کۆتایدا سه‌یره‌ حزبێک ئه‌و هه‌موو نه‌نگی و ده‌لاقه‌ی له‌سه‌ربێ چۆن ڕووی دێت باسی خیانه‌ت و خۆفرۆشی بکات، ده‌بوو هه‌رکه‌س و لایه‌نێک  قسه‌یه‌ی کردایه‌ پارتی واینه‌گوتایه‌، پێشینان جوانیان وتووه‌ (که‌ ماڵی خۆتان و حزبه‌که‌تان له‌ شوشه‌یه‌ ئیدی به‌رد مه‌گرنه‌ په‌نجه‌ره‌ی که‌س، ئه‌گه‌رنا زۆر نه‌نگی و په‌ڵه‌ی ره‌شی تر هه‌یه‌ باسکردنی لێره‌دا ناشێو جێدێڵم بۆ مێژوو که‌ له‌ زبڵدانه‌که‌ی خۆیدا رۆژگارێک وه‌ک په‌له‌یه‌کی ره‌شی ئه‌به‌دی به‌نێوچاوتانه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانی داهاتووی بگێرێته‌وه‌).


‌ 1892 جار بینراوه‌
07/07/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved