وتار
توركیا و ئەردۆگان لە پاشەكشەی بەردەوامدان

نەوزادی موهەندیس



نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر كودەتایەكی سەربازی سەرنەكوتوو لە شەوی 15-16/7/2016دا لەتوركیادا روویدا كە لەدواتردا زۆر كەس و لایەن وای بۆ دەچوون كە (( تەنها نمایشێكی دروستكراوی دەستی دەزگای هەواڵگری توركی و بەسەر پەرشتی و ئاگاداری خودی ئەردۆگانیش رێكخرابێت))،چونكە لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا توانرا ئەو هەوڵی كودەتایە پوچەڵبكرێتەوە .
كارەساتە گەورە و شكستەكانی توركیا و ئەردۆگان لێرەوە دەستیان پێكردوە و تائێستا بەردەوامن و ئەردۆگان و توركیایان خستۆتە سەر دووڕیانێكی گرنگ و هەستیار و مێژووییەوە، چونكە ئەردۆگان وایبۆدەچوو بە شكستپێهێنانی هەوڵی كودەتا سەربازیەكە ئیدی توركیای بۆ دەبێتەماستی مەیوو تەواوی ئۆرگانەكانی حكومەت و پەڕلەمان و دادگا و باڵی سەربازی و هەواڵگری دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و حیزبەكەیەوە و بە بێ‌ سەر ئێشە و كێشە و گرفت تا دوا تەمەنی خۆی لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، بەڵام خەونەكانی ئەردۆگان هەر زوو بونە بڵقی سەرئاو،چونكە ئەردۆگان وەك تاكڕەو و دیكتاتۆرێك و بەعەقلێەتی سوڵتانەكانی سەدەی ناوەڕاستەوە هەنگاوی دەناو و كەوتە جێگەو پێگە قایمكردنی خۆی لەڕێگەی گرتن و راوەدوونان و دەركردنی سەدان هەزار لە فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی و دادوەر و ئەفسەر و مامۆستایانی زانكۆ كە رۆڵی گەورە و كاریگەریان هەبوە لە زانكۆ و فەرمانبەران و دكتۆر و ئەندازیار و پارێزەران و تەواوی چین و توێژەكانی توركیا و داخستنی دەیان زانكۆ و خوێندنگە بەبیانووی ئەوەی هەموانیان یان سەر بە رێكخراوی خزمەتی فەتۆچیەكانن(( فەتحوڵا گویلەن)) یانیش سەر بە پەكەكەن، بەم شێوەیە كاردانەوە هەڵەكانی ئەردۆگان توركیایان بەرەو ئاقاری لێكترازانی كۆمەڵگەی توركی برد لەسەرەوە بۆ خوارەوە نەك وەك ئەوەی ئەردۆگان دەیویست كە توركیایەكی ئارام و هێمنی بۆ بمێنێتەوە.
توركیا لە سەر هەموو ئاستەكان لە پاشەكشە و شكستی بەردەوامدایە لە ناوخۆ و ناوچەكە و دونیاشدا، لەسەر ئاستی سیاسی ئەردۆگان لەماوەی ئەم ساڵەدا و لە ئەنجانی سیاسەت و پەرچە كردارە هەڵەكانیەوە سەرتاپای دیموكراسیەت و ئازادیەكانی قەتیسكردوە و مافەكانی مرۆڤی پێشێلكردوە و كاری سیاسی حیزب و سەركردە سیاسیەكانی لە مەنگەنە داوە و رۆڵ و كاریگەریانی پشتگوێخستوە و ژیانی سیاسی و حیزبایەتی بەرتەسككردۆتەوە و چەندین دەزگای راگەیاندن لە تەلەفزیۆن و رۆژنامە و گۆڤاری داخستوە و بەدەیان رۆژنامەنوسی لە بەندیخانە توندكردوە.لەئێستادا لەتوركیادا هیچ كەس و لایەنێك هەست بە ئەمان ناكات لەدوای گرتنی دەیان ئەندام پەڕلەمان و لابردنی دەیان سەرۆكی شارەوانی لە كورد و كوردستان و حیزبی هەدەپە و تێكدانی پڕۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ كوردا،لەسەر ئاستی ناوچەكەش توركیا لەماوەی ئەم ساڵی رابووردودا چەندین بڕیار و هەنگاوی سیاسی شكستخواردوی هەڵناوە و هەموو جارەكانیش داوای لێبوردنی كردوە و پەشیمانبۆتەوە بەهۆی دەستێوەردانە بەردەوامەكانی لە سوریا و عێراق و یەمەن و میسر و بەم دواییانەش لە كێشەی نێوان قەتەر و وڵاتانی كەنداو و میسردا، توركیا لە ئێستادا لەسەر ئاستی ناوچەكە بۆتە وڵاتێكی بەدناو و بەدڕەفتار و سەنگ و قورسایی خۆی لەدەستداوە بەتێكدانی پەیوەندیە سیاسیەكانی لەگەڵ هەریەكە لە میسر و سعودیە و ئێران و عێراق و وڵاتانی تر كە وڵاتانێكی گەورە و كاریگەری ناوچەكەن، هەر لەسەر ئەم هەڵوێستە تاكڕە و نادیموكراسیانەی پەیوەندیەكانیشی لەگەڵ ئەوروپیەكان و ئەمریكا و تەنانەت روسیاشدا تێكداوە و بۆتە وڵاتێكی گەمارۆدراوی سیاسی و لەدواترین هەڵوێستی ئەوروپیەكانیشدا بە 477 دەنگ بەبەڵێ‌ بۆ راگرتنی گفتوگۆكانیان لەگەڵ توركیا بۆ بونە ئەندام لەیەكێتی ئەوروپا دژ بە تەنها 64 دەنگ. بۆیە ئەمە دوا شكستی ئەرۆدگان و سیاسەتەكانی بوو وبەڵام هێشتاش زۆری تر ماوە كە چاوەڕوانی ئەردۆگان دەكات و پێدەچێت نەگاتە ساڵی 2019 كە بەنیازە ببێتە تاكڕەو و تاكە پیاوی بەدەسەڵاتی تاك حیزب لە توركیادا لەئەنجامی ریفراندۆمە ساختەكەیەوە كە لە مانگی 4 /2016دا رێكیخست.و ئەو ریفراندۆمەش وەك كودەتا شكستخواردوەكەی هێندەی تر خەونەكانی توركیا و ئەردۆگانیان لە چاڵنا چونكە رووی راستەقینە و مەرام و بیانوەكانی بە راستەقینە دەرخست لەبەردەم ئەوروپیەكان و ئەمریكا و دونیای دیموكراسیدا.كە تەنها گەرەكی بەردەوامبونە لەدەسەڵات و چەسپاندنی حوكمی خۆی و حیزب و بنەماڵەكشێتی دوور لە دیموكراسیەت و ئازادیەكان.
لەسەر ئاستی ئابوریش،توركیا بەرەو داتەپینی زیاتر دەڕوات لە ئەنجامی ئەم هەموو كێشە و گرفتانەوە كە ئەردۆگان دروستیان دەكات، توركیا لە بنچینەدا خاوەنی ئابوریەكی بەهێز نیە و ژێرخانی ئابوریەكی بەهێزیشی نیە لە رووی سەرچاوەكانی وزە لەنەوت و غازی سروشتی كە زۆر پێویستی پێیانە، توركیا تەنها لەڕووی گەشتیاریەوە بەهێزە و خاوەن داهاتێكی گەورەیە،بەڵام ئەم كەرتەش بەهۆی ناجێگیری سیاسی و تەقینەوە و كرداری تیرۆریستی و بەردەوامبوونی شەڕ و جەنگ لە كوردستانی باكوردا زیانی گەورەی پێگەیشتوە و بەڕێژەی 50% زیانی بەركەوتوە. لە ئێستادا نرخی لیرەی توركی بۆ نزمترین ئاستی دابەزیوە لە بەرامبەر دۆرلا و یۆرۆدا و بێكاری و هەڵاوسان و راوەستانی گەشەی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازیشی لێكەوتۆتەوە. لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازیش توركیا لەهەموو بەرەكاندا توشی شكست و نسكۆی گەورە بۆتەوە، لەسوریادا دۆڕاوی تەواوە لەبەرامبەر كورد و هێزە هاوپەیمانەكان بەڕابەرایەتی ئەمریكا و لەگەڵ ئەمریكا و ئەورپیەكاندا ناكۆكە و هەموانیان ناڕازین لەسیاسەتی پشتیوانی توركیا لە تیرۆریستان و رێگەی پێنادەن كە بچوكترین هەنگاو بنێت و بچێتە ناو خاكی سوریا و بەئارەزووی خۆی تەراتێنی سەربازی بكات و هەڕەشەی جدیان ئامادەیە بۆی، لەگەڵ روسیاشدا و لەئەنجامی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی روسی پەیوەندیەكانیان تێكچوە و روسیا بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی توركیا و مەرامەكانی ناكات دژ بە رژێمی بەشار ئەسەد و دژ بە كوردیش لە رۆژئاوا.
هەموو ئەم سیاسەت و هەنگاوە شكستخواردوانەی ئەردۆگان توركیایان بەرەو پەراوێزخستنی سیاسی و ئابوری و سەربازی بردوە و هاوپەیمانێتیە مێژوویەكانی 80 ساڵەی خستۆتە بەر مەترسی هەڵوەشانەوە. هەمووشی بەهۆی دژایەتیكردنی كوردەوەیە لە باكور و رۆژئاوادا و گەرەكێتی كورد هیچ كات نەگاتە خواست و مافە رەواكانی و لەبەرامبەریشدا پشتیوانی تیرۆریستان دەكات لە سوریا و عێراقدا و دەیەوێت خەونە زڕە دێرینەكانی لە بوژاندنەوەی خەلافەتی عوسمانیدا بێنێتەوە دی.
بەڵام ئەردۆگان و عەقڵیەت و بیركردنەوەی لە زەمەنێكی زۆر جیاوازدان،چونكە هەموو هاوكێشە و هاوسەنگیە سیاسی و ئابوری و جیۆپۆلەتیكیەكان لەناوچەكە و دونیاشدا گۆڕاون و كاراكتەری نوێ وەك كورد و لایەنی تر هاتونەتە گۆڕەپانەكەوە و ئەوانیش لەهەوڵی وەدەستهێنانی سەربەخۆی و ئازادی و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆیانن لەناوچەكەدا، هەروەها بەرژەوەندی زلهێزەكانیش وەك جاران نەماون و گۆڕانیان بەسەرداهاتوە و دەگەڕێن بۆ جێگە و لایەنی تر بۆ درێژەدان بە بەرژوەندیەكانیان و پاراستنیان لەم ناوچەیەدا،و باشترین و بەهێزترین كاراكتەریش بۆ بینینی ئەو رۆڵە لەناوچەكەدا كوردە چ لە باشور بێت یان لە رۆژئاوا و باكور بێت.
لەكۆتایدا ئەو كودەتا و ریفراندۆمە ساختە و دروستكراوەی ئەردۆگان نەك بوە مایەی خۆشبەختی و زیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەردۆگان و توركیایەكی هێمن و ئارام بەڵكو بوە لێكترازانی ناوخۆی توركیا لەسەر هەموو ئاستەكان و تەنانەت لەناو حیزبی ئاكپارتیشدا و لەناوچەكە و نێودەوڵەتیشدا توركیا و ئەردۆگان لەخراپترین پێگە و كەناردا گیریان خواردوە.و پێدەچێت سەركێشیەكانی ئەردۆگان نەك سەریبخات بەڵكو سەری بخوات.

‌ 1544 جار بینراوه‌
15/07/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved