وتار
توركیا چی دەوێ لە موسڵ ؟

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


لەوەتی كۆماری  توركیا لە ساڵی ١٩٢٣ داتاشراوە وتا مۆركردنی پەیمانی ئەنقەرەش لەساڵی ١٩٢٦، كە تێدا ئەتاتورك دەستبەرداری ولایەتی موسڵ بوو بۆبەریتانیا.. ئەتاتورك و هاوەڵەكانی وەكو عیسیمەت ئینونو و كازم قەرەبەكر و فوزی چەخماخ  (Yurtta sulh . cıhanda sulh) ئاشتی لە نیشتمان و ئاشتی لە جیهاندا وێردی سەرزمانیان بوو. دوێنێش ئەحمەد داود ئۆغڵو سەبارەت بەپێشڕەوی سوپاكەیان بەرەو موسڵ وپێشێلكردنی  بۆسەر سەروەرییەكانی كوردستان وعێراق دەڵێ güzümüz yok) Kımsenın Toprağıne  واتا چاومان لە خاكی كەس نیە ! لەبەرانبەریشدا حكومەتی ناوەندی و زۆربەی خەڵكی كوردستانیش سەرزەنشتی ئەو لەشكركێشیەی توركیایان لەم كاتەداو لە شوێنێكی وەكو شاری موسڵی كێشە لەسەركرد، چونكە خەڵكی كوردستان ناتوانن متمانە بەدەوڵەتێكی وەكو توركیا بكەن بەتایبەتی حكومەتەكەی ئاكپارتی، كە پێناچێت پابەندی ئەو دروشمە لەمێژینەی كۆمارەكەیان بن ! لەبەر ئەوەی  بەپراكتیك وا ساڵ ونیوێكە حكومەتەكەی ئەردۆگان نەیتوانیوە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەداعش وگروپە تیرۆرستەكانیتر ساغبكاتەوە.. دوای ئەوە ئەم حكومەتەی ئەردۆگان لەسوریا لەگەڵ داعشە وهاوكار و هەماهەنگێتی دەكات و چۆن دەبێت لە كوردستانیش دژی بوەستێتەوە! حكومەتی ناوەندی عێراق و بەتایبەتی سەرۆك وكۆمار و سەرۆك وەزیران لەكاتی خۆیدا دژی ئەم لەشكركێشیەی توركیا وەستانەوە، تەنها حكومەتی هەرێم هەڵوێستەكەی ناڕوونە و دڕدۆنگیەكی بێزاركەری دروست كردووە، چونكە دەمێكە ناوەناوە مەسەلەی بوونی ئەو هێزەی توركیا لەسەر خاكی كوردستان جێگەی نیگەرانییە، كە لەساڵانی نەوەدەكانەوە هێزێكی تایبەتی هەواڵگری توركیا لە ناوچەی بامەڕنی وشیلادزێ جێگیركراوە وەكو هێزی ئامادە بەرانبەر بەپارتی كرێكارانی كوردستان، كە لەئێستادا هیچ بیانوو پاساوێك بۆ مانەوەی هێزەكۆنەكەو هێنانی هێزی نوێش نەماوە، هێنانی ئەوهێزەش بۆ باشیك بۆ چەند ئامانجێكە، كە هیچ پەیوەندییەكی بەداعشەوە نیە، بەڵكو بەپلەی یەكەم هاتووە بۆ تێكدانی یەكڕیزی نێوان هیزەسیاسییەكانی باشور وباكور و رۆژئاوا ورۆژهەڵات، بەپلەی دووەم هاتووە بۆ پشێوی نانەوە، ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت ..ئامانجی سێیەمی ناردنەدەرەوەی قەیرانە نێوخۆییەكانی توركیاوە بەرەو دەرەوە..ئامانجی چوارەمی بریتی دەبێت لەدروستكردنی لەمپەڕێك لە نێوان رۆژئاواو باشورو بەتاڵكردنەوەی سەركەوتنەكانی پەیەدە لە كۆبانێ و گردەسپی و خاوكردنەوەی پلانی گرتنەوەی جەرابلوس ماڕرە وعزاز، ئەگینا ئەو هێزە بەهیچ شێوەیەك بۆ داگیركردنی خاك نەهاتووەو ناشتوانێ بستێك لەخاكی كوردستان داگیر بكات، بەڵكو دەتوانێت وەكو مانەوەی ‌هێزەكەی بامەڕنی دڵەڕاوكێ لەلای خەڵكی كوردستان دروست بكات، جگە لەوەی، كەهاتنی ئەم هێزە لەم كاتەدا لێكدانەوەی شرۆڤەی جیاجیای بۆ دەكرێت لە هەمووی بەرچاوتر ئیحراج  (روزەرد)ـیەكی گەورەی لیكەوتۆتەوە بۆحكومەتی هەرێم، بۆیە دەڵێم هاتنی ئەو هێزە هەندێك ئامانجەكانی خۆی پێكاوە  و هەندێكیشی هەڵپەساردووە.
  ئێستا حكومەتی ناوەندی لەبەغداد دەتوانێ خۆی یا  لە رێگەی وڵاتێكی زلهێزەوە پەلاماری  ئەو هێزە سەركەشەی حكومەتی ئەردۆگان بدات.
ئەم هێزە گەورەیەی سوپای تورك  بەتانك و جبەخانەكەیەوە هیچ تایبەمەندێتی یەكەیەكی راهێنەری تێدا نییە، چونكە وا بۆ دوساڵ دەچێت هاوپەیمانان مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكەن بێ ئەوەی پێویستی بەهێنانی هێز بێت، تەنها چەند پسپۆڕێك بەسە بۆ ئەو مەبەستە ، ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانان لە دوای روخانی ڕژێمی پێشوی عێراقەوە بەشێوەیەكی هەمیشەیی مەشق بەهێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق دەكەن لەناوەوەی كوردستان و عێراق و ئوردن و هەندێك لە دەوڵەتە ئەوروپیەكان، بەڵام هەرگیز بەبێ پرس وەكو تورك سوپایان بەقاچاغی نەهێناوەتە سەرخاكەكەمان، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ، كە ئەم جۆرە بڕیارە سەركەشیانە تەنها لەكەسایەتی  مەغروری ئەردۆگان دەوەشێتەوە! كە لەدوای هەڵبژاردنە زۆرەملێكانەوە حكومەتەكەی ئاكپارتی بێ پشوودان لەشەڕو ئاژاوەگێریدا دەتلێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرهەمەكەی دەچنێتەوە تابلۆی هەڵبژاردنەكەی ٧ ی حوزەیرانی بەشەڕوتوندوتیژی گۆڕی، ئێستاش دەستدرێژی كردۆتە سەر زلهێزێكی وەكو روسیا ئەگەر بە رواڵەتیش ئەمەی روسیای بۆ بچێتە سەر ئەوا مەسەلەی سیستەمی سەرۆكایەتیەكەشی بەزۆرەملێ وكڕینی ویژدانی هەندێكیتر لە نوێنەرانی مەهەپە لەپەرلەمان تێدەپەڕێنێت، چونكە ئەردۆگان شەڕی دەرەوەی سنوری بۆ بەهێزكردنی خۆیەتی بەرانبەر نەیارەكانی ناوخۆی توركیا، بۆیە دەشێ و زۆر لە گوینە، كە هێنانی بەقاچاغی ئەم لەشكرەش بۆ ناوخاكی كوردستان تەكانێكی تر بدات  بۆبەدەستهێنانی سیستەمی سەرۆكایەتیەكەی ئەردۆگان، بەڵام دوای ئەوە دەبێ ئەو لەشكرە بەسەر شۆڕی بگەڕێتەوە، چونكە لە عێراق  نە حیزبەسیاسییەكانی كوردستان و نەهاوپەیمانان رێگەنادەن بە مانەوەی ئەو هێزە قاچاغەی سوپای تورك .

‌ 2803 جار بینراوه‌
13/12/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved