وتار
بارزانی و ریفراندۆم

لەتیف فاتیح فەرەج


 سەرەتا : 
بە پێی ھەموو ئەو بە دواداچوون و پرس و جۆیانەی کردومە ، بارزانی دەیەوێت ریفراندۆم بکات و ئەوەشی دەوێت کە ھەر خۆی خاوەنی ئەو تێزو پڕۆژە رانەگەیەنراوە نەنوسراوە بێت ، بارزانی سورەلە سەر ئەم کارەو بۆ ئەمەش ھەموو رێگەیەک تاقیدەکاتەوە، ئاخۆ بارزانی دەیەوێت ھەمان رچەرێگاکەی بنگۆریۆن بگرێ یان نا ، ئەوەیان دیار نیە ، بەڵام بنگۆریۆنیش لە کاتی خۆیدا سەرەڕای نەیاریە دەرەکیەکان و فشارەکان ئەو ھەنگاوەی نا ، جیاوازیەکە ئەوەیە بنگۆریۆن توانیبووی لە ناوخۆدا کۆکەرەوەیەکی باش بێت و کارەکەیشی ھێندەی بۆ جولەکە بوو ، ھێندە بۆخۆی نەبوو ، ھەر بۆیە بۆ سەرۆکی دەوڵەتەکە ئەیزنھاوەری بانگکرد ، جگە لەوەش لۆبیەکی گەورەی جولەکە لە ئەمەریکاو شوێنانی دیکە پاڵپشتی بوون ، جیاوازیەکی دیکەش ئەوە بوو بنگۆریۆن ھیچ پارەو سامانێکی نەبردبووە ، دەرەوەی وڵات و لە ھەموو دنیاوە پارەی جولەکەی کۆدەکردەوە بۆ بونیادنانی دەوڵەتەکە ، بە جیاوازیەکی دیکەشەوە کە بنگۆریۆن بە ھیچ شێوەیەک خەمی کوڕو مناڵ و کەسی خۆی نەبوو ، ئەو خەمی جولەکەی بوو، بەگشتی ، بۆ ئەوەش دەوڵەتی دروست دەکرد تا جولەکە لە سوکایەتی و برسێتی و بێماڵی رزگار بکات و بیکاتە خاوەن تاج و تەخت و بەخت ، دەبوو بارزانی ھەموو ئەم ھەنگاوانەی ناباو لە ئەزمونی بنگۆریۆن و ماندێلاو مەھاتیر محەمەدو ئەوانی تر سودی وەرگرتبا، مەھاتیر محەمەد مالیزیای لە گوندێکی گەورەوە کردە وڵاتێکی نمونەیی ، ئەگەر چی زیاتر لە بیست ساڵ حوکمی مالیزیای کرد ، بەڵام مالیزیای لە ریشەوە گۆڕی و کردی بە وڵاتێکی پێشکەوتوو، بارزانی دەیەوێت بەر لەوەی مەرگ یەخەی بگرێت کارێکی گەورە بکات ، بەڵام کێشە ئەوەیە بۆ ئەم کارە ئەو ھەنگاوانەی پێویستن نەیناوە ، بە تایبەت لە ناوخۆدا ، بارزانی لە ناوخۆدا نایەوێ گوێ لە کەس بگرێ ، کە توڕە دەبێت یارو نەیار نازانێ ، ھەرچەندە زوو چاک دەبێت ، بەڵام لە ماوەی کەمی توڕە بوونیدا زۆر جار کاری ئەو تۆ دەکات کە دەگاتە ئاستی ھەڵوەشانەوەی کۆمەڵگە ، چ ئەو قسانەی لە شەنگال کردی و خواست و داوای خەڵکی بە ھەڵپەڕین و جوندان ناوبرد ، چ ئەو قسانەی لە برۆکسل دەرھەق بە گۆڕان کردی ، دەچنە ئەو چوار چێوەیەوە ، راستی دەبوو بارزانی لەم قۆناغەدا لە ھەمووان دڵفراوانترو لە ھەمووان نەرم و نیانتر و لە سەر خۆ تر بوایە ، دەبوو گوێی بۆ زۆرترین رەخنە شلکردباو ، بەرلەوە ی گوێ لە پارتیەکان بگرێت ، دەبوو گوێ لە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانە بگرێ کە رەخنەو قسەی جیاوازیان ھەیە .لەم وتارەدا دەمانەوێ بە ھێمنی ئەو بارو دۆخەی پێش گشتپرسی بخەینە بەر دید و مەترسی و ئەگەرەکان بە بارزانی بگەیەنین ، ئەمە ئەگەر حەوسەڵەی بینین و بیستنی جیاوازیەکانی ھەبێت .

بارزانی و ناوچە دابڕێنراوەکان : 
بارزانی لە فەرمانە ھەرێمێکەیدا ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکانی خستوەتە چوار چێوەی ریفراندۆمەوەو دەقی نوسراوەکەش وەڵامە بە بەڵێ و نەخێر ، بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، لە راستیدا ئەمە لە ناوەڕۆکدا کارێکی پیرۆزەو خەونی ١٠٠ساڵە گەلی کوردە لە باشوری کوردستان ، بەڵام کێشە ئەوەیە ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە بۆ ئەوەی ئەمە چۆن دەکرێت و ناوچە دابڕێنراوەکان چۆن ریفراندۆمیان تیا دەکرێت ، ھەروەھا چۆن دەکرێ لەو ناوچانە دڵنیابین لە ئەگەری بردنەوە ، ئایە بە چ شێوازێک ریفراندۆم لەو ناوچانە بەڕێوە دەچێت ، چی کراوە بۆ ئەوەی عەرەب و تورکمان بە بەڵێ دەنگ بدەن ، ئەگەر بۆ نمونە لە شارێکدا دەنگی نەخێر سەرکەوت کاردانەوەمان چۆن دەبێت ، ھەمووئەمانە پێویستیان بە خوێندنەوەو ھەنگاوی وردە ،با وا دابنەین، ھەمووباشوری کوردستان یەک بازنەی ھەڵبژاردنە ، کە ئەمە ئەگەری دۆڕان زۆر لاواز دەکات ، ئایە حکومەتی عێراقی و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەوەدا ھاوکار دەبن ، یان رێگر ، ئەگەر رێگر بوون چی بکرێت ، ھەڵبەت لە دۆخی ئاواشدا ئەگەر حکومەتی عێراقیش رازی بێت رێژەی بەڵێ لە زۆر شارو شارۆکەی ئەو ناوچانە زۆر کەمدەبێت و لە ھەندێ شوێن نەخێر زیاتر دەبێت ، راستی ئێمە لە داھاتوودا بە وردی ئەو داتایانە باس دەکەین و مەترسیەکان دەخەینە ڕوو، پێشتریش ئەوەمان باس کردووە ، بەڵام ئەگەر ھەمو کوردستانی باشور بە دیاری کردنی سنورەکانیەوە یەک بازنەبێت ، ھەڵبەت بەڵێ زۆرترەو ئەگەری ئەوەھەیە لە ٦٠%زیاتر بێت ، بەڵام لەو دۆخەدا رێژەی نەخێریش کەم نیە .
خۆ ئەگەر دوو بازنە بێت بۆ نمونە ھەرێمی کوردستان بازنەیەک و ناوچە دابڕێنراوەکان بازنەیەک ، بڕوام وایە ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی ئەو تۆمان نابێ ، بەڵام ناوچە دابڕێنراوەکان کێشەو گرفتی زۆرمان توش دەبێت و رەنگە ھەرە زۆری لە دەست بدەین بۆ نمونە لە خورماتوو ناوشارەکە کورد ڕەنگە بە ئەگەرێکی لاواز بەڵێ سەرکەوێت ، بەڵام بە گوندەکان و ناحێکانیەوە نەخێر ٦٠%دەبێت ، ئەمە بۆ داقوقیش وایە ، بۆ لەیلانیش وایە بۆ تازە خورماتوو خراپترە ، بۆ قەرەتەپەو جەلەولاو سەعدیەو جەبارەو زۆربەی ناوچەکانی دەشتی نەینەواش ھەر وایە ، راستی دەبێ لەم ڕوەوە دیراسەی ورد تر بکرێت ، خۆ ئەگەر ھە پارێزگایەکیش بازنەیەک بێت دیسان گرفتی ئیداری و سیاسی زۆرمان بۆ دروست دەبێ ، بۆ نمونە چەمچەماڵ وکەلارو شوێنەکانی تر نەگەڕێنراونەتەوە سەر کەرکوک ، خورماتوو لە سەر تکریت دەدۆڕێنین ، خانەقین لە سەر دیالەیە ، ھەموو ناوچەکانی دەشتی نەینەواو شەنگال لە سەر موسڵن ، راستی ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوەو خوێندنەوەی زیاترە ، ھەڵبەت ئەوە جگە لە لەمپەرە ئیداری و سیاسیەکان . 

بارزانی و گۆڕان :
لەم بارو دۆخە ھەستیارو ناسکەدا ، کە لەلایەکەوە بارزانی بێ رەوایی یاسایی لە سەر کورسی سەرۆکی ھەرێمەو زیاتر لە دوو ساڵە وادەکەی بەسەر چووە ، بێ ئەوەی لابچێت و دان بەوەدا بنێت کە لێرەدا پێچەوانەی ئەقسەیەی خۆی کە دەڵێ کەس لە سەروی یاساوە نیە ، بە بڕیارێکی ناجۆرو نائاوەزیانەی ئەنجومەنی شورا ماوەتەوە ، دەبوو لانی کەم لەبەر ئەم ھۆیە بارزانی لە ھەر کات زیاتر وەک کۆکەرەوەیەک دەرکەوتبا ، ، کۆکەرەوەیەک لە پێناوی ئامانجێکی گەورەدا کە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانە ، بەڵام وا دەرنەکەوت ، نەک ئەوە بەو ھەنگاوە توندانەی بەرانبەر بزوتنەوەی گۆڕان نای دەرکەوت بارزانی خۆی و رەنگە کوڕەکەی و بازنەیەکی زۆر بچوک بن کە دژایەتی ھەر جۆرە جیاوازیەک دەکەن و کەسیش ناتوانێ لە ناو حزبەکەی خۆشیاندا بەرچاو ڕوونیان بداتێ بە سکرتێرو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەو جێگرەکەشیەوە ، ئاخر بارزانی زۆر سەرسەختانە دژایەتی نیو ملیۆن زیاتر دەنگدەری کوردستان دەکات کە دەنگیان بە گۆڕان داوە ، ئەم دژایەتیە بە جۆرێک رەنگی داوەتەوە ، وەک ئەوە وایە دژایەتی ھەموو سلێمانی بێت ، نەک ئەوە کار گەیشتە ئەوەی بارزانی ئامادە نەبێت بۆ پرسەی نەوشیروان مستەفاش سەردانی ئەو بزوتنەوەیە بکات ، کە من لام وایە ھەر بیانویەک بۆ ئەو نەھاتنە بیانویەکی ناجۆرە و ناکرێ بە ھەند بگیرێ ، بارزانی دەیتوانی ھەر ئەو کاتە بێت گردەکەو بەستەڵەکی ئەو نەگونجان و دوریە بتوێنێتەوە ، دڵنیام بە ڕێزەوە پێشوازی لێدەکرا ، ئێستاش ئەگەر بارزانی پڕۆژەی دەوڵەتی ھەبێت دەبێ ئەو ھەنگاوە بنات ، ئەمە کاری بارزانیە نەک کەسی تر ، گریمان بزوتنەوەی گۆڕان خەڵکانی توندو تیژو ھەڵەشەیان تیایە وەک ئەوەی میدیای پارتی شەوورۆژ ئەم تەنبورە لێدەدەن ، بەڵام ئاخر بارزانی ئەگەر کۆکەرەوەی راستی بێت ، چۆن ناتوانێ ئەمە چارەسەر بکات ، خۆ دەکرا لە ھەنگاوی یەکەمدا کوڕەکەی واتە مەسرور بارزانی ناردبا بۆ لای چیاو نمای نەوشیروان مستەفا و دواتر بزوتنەوەی گۆڕان ، بۆ ئەمەی نەکرد ، واتە خودی بارزانی نەیتوانیوە کۆکەرەوەیەکی سەرکەوتوو بێت ، بزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت لە شێوازی پرسەنامەی بارزانیش پەستن بۆ مەرگی نەوشیروان مستەفا ، ئاخر پرسە نامەکە ھیچ قوڵی و مانایەکی تیا نەبوو ، لە ئاستی  گەورەیی نەوشیروان مستەفادا نەبوو، خۆ بارزانی لە سەر پرسی دەستوری عێراقی و زۆر بابەتی دیکە زۆر جار پەسەنی ھەڵوێست و جوامێری نەوشیروان مستەفای داوە ، تەنانەنەوشیروان مستەفا چەندین جار داکۆکی لێکردووە ، ئەدی بۆ بارزانی بەو ساردو سڕیە لە گەڵ مەرگی نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕان مامەڵەی کرد ، ئەمە پێویستی بە پرسیار کردنە لە خودی مەسعود بارزانی ، ھەڵبەت بێئەوەی وەڵامەکە گرێبدا بەو قسانەی کە لە برۆکسل لە بارەی گۆڕانەوە وتی ، کە دیارە خۆیشی زۆر لە گەڵیان نیەودەشیکات .
یەکەمین کاری مەسعود بارزانی لە ناوخۆدا ھەنگاو نانە بۆ ئاشتکردنەوەو ساڕێژکردنی برینەکانی گۆڕان ، ئەمە ئەرکی کۆکەرەوەیە، ئەرکی کەسێکە کە بانگەشەی دەوڵەت دەکات و کاری بۆ دەکات .

 بارزانی خۆی یان پارتی :
ئێمە چەندین جاری تر بێچەندو چوون باسی ئەوەمان کردووە ، بارزانی کە مادام خۆی بە سەرۆکی ھەرێم دەزانێ و لانی کەم لە٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ بە یاسایی سەرۆکی ھەرێم بووە و لە ٢٠١٣ پارلەمان  دوو ساڵی دیکەی داوەتێ و لە ٢٠١٥شەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی شوراو بێ ڕەوایی پارلەمان و دەنگی خەڵک لەسەر ئەو کورسیە ماوەتەوە ، دەبوو لە فۆڕمی پارتی بێتە دەرەوەو وەک سەرۆکی ھەرێم دەرکەوێت ، وەک سەرۆکی ھەرێم بەو مانایەی چەند خاوەنی ئەودیوی دێگەڵەیە، ئەوەندەش خاوەنی ئەم دیوی دێگەڵە بوایە ، واتە بارزانی لە سەر کورسی سەرۆکایەتی ھەرێم وەک نوێنەری ھەموو کورد دەرکەوتایە نەک وەک پارتیەک ، کە ھەمیشە وەک پارتیەک دەرکەوتوە ، من زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبم کە گوایە بارزانی تا دێگەڵە بڕیاری  دەیخواو لەدێگەڵە بەم دیودا نایخوا ، راستی گریمان سەت لە سەت ئەمە راستە ، بەڵام کێماسی ئەمە بۆ خودی بارزانی و بۆ پارتی دەگەڕێتەوە نەک کەسی تر ، ئاخر بارزانی لە دەنگدانی خەڵکا بە دەنگی ئێرە نزیکەی لە ٧٠%ی دەنگەکانی ھێناو تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ و شوێن بە شوێن بانگەشەیان بۆ دەکرد ، تەنانەت تاڵەبانی دەیگوت سەرۆکی ئێستاو داھاتوی کوردستان ، ھەروەک دەیگوت دەنگدان بە بارزانی دەنگدانە بە مام جەلال ، دواتر پارتیەکان دەیانگوت ئەوە بۆ خۆی وادەکات ، تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانیش خەڵکانی خۆی ئازاد کرد لە دەنگدان بە بارزانی و بە ھیچ شێوەیەک کە ناڵە میدیاییەکەی نەخستە بەردەست رکابەرەکانی بارزانی بەتایبەت " دکتۆر کەمال میراودەلی  " کە لە ھیچ شارو شارۆکەیەکی سنوری سلێمانی و ھەڵەبجە حکومەت ھۆڵ و شوێنی نەدایە بۆ بانگەشەو بەردەوام گلەیی ھەبوو لەو بارو دۆخە ، نەک ئەوە یەکێتی لەبەر ئەو ھەڵۆی برایم ئەحمەدیان سزا دا ، کەچی بارزانی نەیتوانی نوێنەری ئەم ناوچانە بێت ، نەیتوانی یەک مانگ لە ١٢ساڵدا لە گەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی ئەم ناوچانە دابنیشێ، ئەو ھەمیشە وەک پارتیەک دەرکەوت ، پارتیەک بە ھەمان بیرو بۆچون و جلو بەرگەوە .
بۆچی بارزانی ناتوانێ ئەو چوار چێوەو کۆتی پارتی بوونە بشکێنێ ،بۆچی لە ١٢ ساڵدا نەیشکان ئەمە پەیوەستە بە پارتی و بارزانیەوە نەک کەسی تر .

 بارزانی و راوێژ: 
یەکێک لە کێشەکانی دیکەی بارزانی بۆ ھەر ھەنگاوێک راوێژنەکردنە بە وانی تر ، راوێژنەکردنە بە لایەنەکانی تر ، زیاتر ھەوڵدانە بۆ کۆکردنەوە لە دەوری بڕیارو قسەی بارزانی ، نەک راوێژکردن ، بڕوام وایە بۆ کارەکتەری وەک بارزانی ، بۆ کەسێک کە دەویەوێ دەوڵەت دروست کات و پارتیەکان دەڵێن ئەویش وەک مارتن لۆسەر کینگ خەونێکی ھەیە ، پێویستە بۆ ھەر ھەنگاوێک زۆرترین راوێژ بکات ، ئەو تەنانەت لە کۆبونەوەی ١٦ حزبەکەی حەوتی حوزەیرانیشدا کە ٢٥-٩-٢٠١٧یان دانا کۆکردنەوەی حزبەکانی بۆ راگەیاندنی فەرمانەکەی بوو نەک راوێژو پرس و ڕا ، بە بڕوای من ئەمە بۆ کۆکەرەوە کارێکی دروست نیە و باشترین کار بۆ بارزانی تا لەو شوێنە بێت و تا رۆژی ریفراندۆم ئەگەر بکرێ ، پرس و راوێژی بەردەوامە بە تەواوی چین و توێژەکان ، بەوانەی کە لە گەڵ ریفراندۆم نین و سەرنج و رەخنەیان ھەیە ، دەبوو بارزانی ئێستا رۆژانە لە گەڵ رۆشنبیران ، پیاوانی ئاینی ، رۆژنامەنووسان ، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ، دەستەو گروپە جیاجیاکان دیداری کردباو رێ و شوێنە قورسەکانی گەیشتن بە بارزانی لادابا و ھەمیشە دەرگای واز با ، ئاخر بارزانی ھیچ پرس و راوێژی بە مامۆستایانی زانکۆ ، رۆشنبیرانی خاوەن قسەو ھەڵوێست ، کەسانی پسپۆڕی بواری راپرسی و ریفراندۆم کرد ، ئاخۆ پرسیاری ئەوەی کردووە بۆ دەبێ نمونەی پیاوانی خوێنەواری وەک ئاراس فەتاح ، مەریوانی وریا قانع ترس و نیگەرانیان لەم بابەتە ھەیە ، پرسیاری کردوە بۆ دەبێ ئەوانەی جیاواز بیر دەکەنەوە تەخوین بکرێن ، ئاخر کەسێک بیەوێت ببێتە مارتن لۆسەر کینگ دەبێ گوێ لە ھەموو راو بۆچونەکان بگرێت و بە ھەندیان وەربگرێت نەک بە گژیاندا بچێتەوەو سوپایەک لە میدیاکاری موچە خۆر بخاتە گەڕ بۆ لێدانی جیاوازیەکان .
ناکرێ بارزانی بۆ پرسێکی وا گەورەو چارەنوسساز راوێژ بە ھەموان نەکات ، بە بڕوای من ئەو پرس و راوێژانە لانی کەم لە ئەرک و بەرپرسیارەتی بارزانی کەمدەکەنەوەو ھاوبەشی بۆ پەیدا دەکەن ، ئەمەش لە دۆخی سەرکەوتن و شکستا ھەر یەک کەس خاوەنی نابێت .

بارزانی و فەیلەیەکان و کوردانی ناوشارەکانی عێراق:
ئێستا لە ھەر کات زیاتر پێویستە بارزانی لە گەڵ کوردە فەیلیەکان و نوێنەری کوردە فەیلیەکان و کوردەکانی دانیشتوی بەغداو بەسرەو کوت و شوێنەکانی تر کۆبێتەوەو قسەو باسی ئەو چارەنووسەیان لە گەڵ بکات ، ئایە چارەنووسی ئەوان بە کوێ دەگات،  چیان بەسەر دێ ، حکومەتی عێراقی چۆن ھەست و کەوتیان لە گەڵ دەکات ، من تێناگەم بارزانی چۆن بێ دانیشتن لە گەڵ ئەوان ، چۆن بێ گوێ گرتن لەوان ھەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێت ، ئایە ئایندەی ئەوان چۆن دەبێ چ ڕێ و شوێنێک دەگیرێتە بەر لە ئەگەری بە رێوە چوونی ریفراندۆما ، پشتگوێ خستنی زیاتر لە یەک ملیۆن ھاوڵاتی کورد ، بە ھیچ شێوەیەک ناکرێ ھەڵوەستەی لە سەر نەکرێت ، بە تایبەتی کوردانی فەیلی کە لە رابردودا زۆرترین ستەمیان لێکراوەو لە سەر کورد بون  جینۆسایدکراون و ئازاری زۆریان چەشتوە ، ھەروەھا لە رابردودا لە شۆڕش و بە گژاچونەوەو بزوتنەوەکانی کوردا قوربانی زۆریان داوە ، رەنگە نمونەیەکی وەک لەیلا قاسم بەس بێ بۆ ئەوەی بارزانی فەیلێکان بە تەنیا جێنەھێلێت .
ئەگەر بارزانی بیەوێت لە ئازارو کێشەی کوردە فەیلیەکان بگات من ئێستا دۆسیەیەکی گەورەی ئەوانم لە بەردەستەو ئامادەم بۆبارزانی و راوێژکارەکانی بنێرم ئەگەر بیانەوێت ،راستی ئەگەر بارزانی سورە لە سەر ریفراندۆم و ئەو کارەیشی بۆ دروستکردنی دەوڵەتە ، دەبێ بەر لەوە کار بۆ چارەسەری کێشەی کوردەکانی بەغداو شوێنەکانی تری عێراق بکات ، بە تایبەت ئەو کوردانەی لە پارێزگای کوتن و لە بەلەدروزو بەدرەو جەسان دادەنیشن و لەوە ناچێ ریفراندۆم لە ناوچەکانیان بکرێت .

ریفراندۆم گێژاوە یان دەرچە: 
دوا قسەی من لەم نوسینەدا ھەڵوەستەیە لە سەر ریفراندۆم ، کە ئایە دەرچەیە یان گێژاو ، من ھەست دەکەم خودی بارزانی خۆیشی نازانێ چارەنوسی باشوری کوردستان دوای ئەو ھەنگاوە چی دەبێت ، ئاخۆ بەو ھەنگاوە باشوری کوردستان ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە چەند شوێن و ناوچە لە دەست دەدەین ، کە ئەمجارە خۆمان ھۆکارین بۆ لە دەستدانیان نەک داگیرکەران و ستەمکاران ، من بۆ ھەموو ئەو نیگەرانی و مەترسیانە بەردەوام دەبم لە نوسین و رەخنە کردنی بارو دۆخەکە ، ئەمەش بەنەک لەبەر ئەوەی دژی ریفراندۆمم ، یان بە نەخێر دەنگ دەدەم ، لەبەر چارەنووسی باشوری کوردستان کە رەنگە بخرێتە گێژاوەوە ، ئاخۆ ئەگەر بارزانی لە بری ریفراندۆم لە رۆژێکی دیرۆکیدا لە سەر قەڵای کەرکوک پاش رونکردنەوەی تەواوی بارو دۆخی کوردستان و ستەمکاری دەسەڵاتدارانی ھەمیشەیی عێراق ، بە ئامادە بوونی ھەموو لایەنە کوردیەکان و کونسڵگەری و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دابا گەورە تر نەبوو ، وەک ئەوەی ئێستا بەشێکی زۆری باشوری کوردستان دەخاتە بەردەم بڕیاری لە گەڵ یا لە دژی پێکھاتەکانی تر بە تایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکان . 

‌ 1446 جار بینراوه‌
20/07/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved