وتار
كەركوك و گوتاری بارگاوی بەتوڕەیی

عەدنان كۆچەر


دوا پەیامی توڕەیی ئەمەریكا كە دوێنێ لەرێگەی باڵیۆزەوە گەیەنراوەتە بەرپرسانی كوردو دەنگۆی ئامادەبوونی وەفدێكی باڵای ئێرانیو دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمو هاتنی ئەمینداری كۆمكاری عەرەبیو ئەگەری سەردانی (مایكڵ فالۆن)ی وەزیری بەرگری شانشینی بەریتانیاش، كە (لاهور تاڵەبانی) لەدیدارەكەی لەگەڵ رادیۆی BBC ئاماژەی پێكردووە، هەمووی نیشانەی ئەوەیە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڕی نوێی فشارەكانیان نایانەوێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، پێشیانوایە ئەو پرۆسەیە ئەگەری تەقینەوەی لێدەكرێت، چونكە وەك میدیاكان دەیڵێن هەڕەشەی ئەمەریكا پچڕانی پەیوەندییەكان دەبێتو ئێرانیش رەنگە كارتی هەمە چەشنە بەكاربێنێو هێزە عێراقییەكانیش وەك ئەوەی لەمەندەلی رویدا لەشوێنی دیكە تاقی بكەنەوە، رەنگە لێدوانی پەرلەمانتارە شیعەكەی عێراق، كە بە ئەندازیاری بیرۆكەی فیدڕاڵی بەسرە ناسراوە، زۆر راستگۆیانە بێت، كە داوایكرد هەموو كوردەكان بەهاوڵاتیو دەسەڵاتەوە هەرچی زووە بەغداد جێ بهێڵن، چونكە كەس گرەنتی پاراستنیان ناكات.
بارزانییش لەكەركوك شتێكی تازەی لە گوتارەكەی لەگەڵ پێكهاتە نەتەوەییەكانی دیكە نەوت جگە لە جەختكردنەوەی لێدوانێكی هەفتەی رابردوو خۆی كە لە پەیامێكدا داوای كرد لە بانگەشەدا لایەنگرانی لەو دروشمانە دووربكەونەوە كە جیاكاریی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووەو سوكایەتی بەنەتەوەو ئاینەكانی تر تێدایە، بەڵام هێشتاش پارتییەكان چ لەسەر ئاستی تاكەكەسو ئۆرگان، چ لەسەر ئاستی دامەزراوە میدیاییەكانیش درێژە بەو گوتارە هەستیارە دەدەن كە دەشێت رقی میللی لەبەرامبەر ئەوانی دیكە بگەیەنێتە ترۆپك، هەروەك ئەوەی دوێنێ پۆستەری پێشمەرگە شەهیدە سەربڕدراوەكانی دەستی داعشیان لەكەركوك هەڵواسیوە، لەكاتێكدا بەكارهێنانی ئەو وێنانە لە بانگەشەدا نە رەهەندێكی ئەخلاقی هەیەو نە قازانجیش بە پرسەكە دەگەیەنێت، چونكە رقی نەوەی نوێ دەرهەق بە داعش پەرە پێنادات، بەڵكو بوغزاندنو كینە لەبەرامبەر عەرەب گەورە دەكاتو ئەگەری بەیەكدادان گەورە  دەكات.
لەراستیدا دۆخێكی خراپ چاوەڕێمانە بە تایبەتی دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەمووان بەكورد خۆشییەوە زەنگی شەڕو پێكدادان لەگەڵ هێزە شیعەكان بەتایبەت حەشدی شەعبی بڵاودەكەنەوە، میدیاكانی پارتی بەردەوام لەرێی هەوڵەكانیان بۆ جوانكردنی ریفراندۆم دەیانەوێت ناشرینیو مەترسییەكانی حەشد لەسەر كورد دەربخەن، ئەو هەوڵە میدیاییە رقێكی گەورەی لەنێوان شەقامی كوردیو هێزە شیعەكان دروستكردووە، لەوەشدا باری قورسی ئەو مەترسیانە بۆ سەر یەكێتییە، چونكە ئەو جوگرافیایەی كورد لەگەڵ حەشدی شەعبی لەتەماسە، ئەو ناوچانەن كە وەك جێ نفوزی یەكێتی حسابیان لەسەر دەكرێت.
ریفراندۆم دوادەخرێت یان نا پرسێكی دیكەیە، بەڵام جەوهەری مەترسییەكە ئێستا لە هەڵایسانی جەنگە، ئەو جەنگەی سەرباری ئازایەتی رۆڵەكانی ئێمە رەنگە بەرگەی نەگرین، ئاخر ئێستا زۆربەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەركێشیەكانی هەرێم نیگەرانەو پشتیوانی عێراق دەكەن، ئیدی ئەوەی پێویست بێت لەسەری لەو جەنگە خۆی لابدات كوردە، چونكە ئیدی ئەو شەڕە میللیەی كە ئێستا زۆر كەس خەونی پێوەدەبینن ماڵوێڕانیو ئافاتێكی گەورە دەبێت بۆ هەمووان، هەر لەبەرئەوەشە گوتاری بارگاوی بەرقو مامەڵەی نابەرپرسانەی میدیا لەگەڵ ئەگەرەكان وایكردووە مەترسییەكان لەسەرمان گەورەتر بكەن.
ئێستا كەركوكو ناوچەكە لەهەموو شوێنێك پتر یەكێتی دەبێت ئاگاداری بێت، چونكە سەرباری ئەوەی ئەوێ جوگرافیای نفوزی یەكێتییە، هەروەها قوڵایی رێكخستنو باڵانسی هێزەكەیەتی، هەربۆیەش یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی ئەو ئەگەرانە لەسەریەتی بە ئەجێنداو دنیابینی خۆی مامەڵە لەگەڵ كەركوك بكات نەك بەناوی ریفراندۆمەوە ئەجێنداو گوتاری پارتی تێیدا باڵادەستو بڕیار دەربێت، چونكە تا دەست بەحیكمەتی یەكێتییەوە بگرین دەرهەق بە كەركوك، هێندەش لەبەیەكدادانو ئافات دوور دەكەوینەوەو چەندیش سیاسەتو مامەڵەی بارگاوی بەرقی پارتی لەو زۆنەدا بێتە رۆژەڤەوە هێندە ئەگەری ناكۆكییەكان قوڵتر دەبنو سەقامگیرییەكەی تێك دەچێت.


‌ 1346 جار بینراوه‌
16/09/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved