وتار
سێوە دوو كەرتەكە

عەدنان كۆچەر

بارزانی دواجار سێوەكەی دووكەرتكرد، بەڵام پێدەچێت هەر خۆشی لە بەیەكەوە لكاندنەوەی ببێتەوە ئەندازیارو بەهۆی لێكەوتەكانی ئەو پرۆسەیەش ئەوەی بە چەقۆكە دەستی دەبڕێت، هاوڵاتییە ئاساییەكانی هەرێم بن، چونكە پەرچەكردارەكانی دوای سێو بڕینەكە پێناچێت هێندە بە ئاسانیی لە توڕەیی‌و دڕدۆنگی خاڵی ببنەوە.
بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی بارزانی، كە هاوڕێ لەگەڵ كۆمەڵێك باڵیۆزو دبلۆماتكاری خانەنشینكراوی خۆرئاوایی سەرقاڵی دووكەرتكردنی سێوێكە، زیاد لەمانایەكی هەیە، بەڵام مانا سیمبولیەكەی بریتییە لەو مەسجەی كە بارزانی دەیەوێت نیشانی دنیای بدات كە ئیدی "سێوی عێراق" بە "چەقۆ"ی ریفراندۆم دەكرێتە دوو پارچەوە، هەر خواستی ئەو پارچەكردنەش بوو، دواجار پاڵنەری سەرخستنی ریفراندۆم‌و بەتەنگەوەچوونی خەڵك بوو، بەڵام ئاماژەكانی ئێستا بە پێچەوانەی ئەو مەسجەوە دەردەكەون‌و پێدەچێت هەر بارزانی‌و هاوەڵەكانی لەژێر فشارو پەرچەكرداری عێراق‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سێوە دوو پارچەكە بە یەكەوە بلكێننەوە، ئەوەش رێك ئەو خەمە بوو كە بەشی زۆری بژارەی سیاسیی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر زەمینەو زەمانی ریفراندۆم لەدڵ‌و خەیاڵیان ببووە گرێ.
سپاردنی چارەنوسی نەتەوەیەك، لكاندنی داهاتووی نشتیمانێك بە بڕیارێكی كەسی‌و لەژێر كاریگەری پەرچەكرداردا هەر ئەوەی لێدەچنرێتەوە كە ئێستا هەیە، ئاخر ئێستا هەرێمی كوردستان لەژێر سایەی ئەو سەركێشیەی بارزانی‌و هاوەڵەكانیدا تادێت روبەڕووی گەمارۆی سیاسیی‌و ئابووری گەورە دەبێتەوە، لەسەرێكدا پەرلەمانی عێراق لەرێگەی دوانزە بڕیاری سزادانەوە دەیهەوێت كوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی حوكمی زاتی‌و فرۆكەخانەكان كەلەپچە دەخرێتە ئاسمانیان‌و دەروازە سنوورییەكانیش بەسەربازی عێراقی بتەنرێن، ئەوەی ئێستا دەیبینین لە جوڵەی سەربازی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم نیشانیدەدات كە ئەو سەركێشییە ماڵی پەرتی عەرەب بە شیعەو سوننەوە سەرقاڵی یەكگرتنەوەن، بۆ ئەوەی ئەو دیفاكتۆیەی بەخوێن لەشەڕی داعشدا بەدەستهاتووە لەدەست بدرێت، بەشێك لەسوننەكانی ناوچە جێ ناكۆكەكان، ئەوانەی دوێنێ حەشدی شەعبی راوەدوی دەنان، ئێستا ناونوس دەكرێن بۆ ئەوەی بەگژ كورددا بچنەوە، ئاخر باجەكان كەم نین، لەسایەی ئەو سەركێشیە عێراق سەرقاڵی رێككەوتنە لەگەڵ توركیا بۆ ئەوەی ئەو سەربەخۆییە ئابوریەی لەسایەی هەرزانفرۆشكردنی نەوتەوە پارتی شانازی پێوەدەكرد لەژێر دەستی كورددا دەربهێنرێت، هەنگاوە دژە كوردییەكان زۆرن‌و خەمساردی بارزانی‌و هاوەڵەكانیشی خەریكە نەتەوەیەك رەنج بە خەسار بكەن.
ئەو نەوەیەی كوردایەتی كە خۆیان وەك عەرابی دەوڵەتی سەربەخۆیی دێتە پێش چاو، هێشتاش نازانن كە پرسە ستراتیژییەكان دەبێت بە پلانی ستراتیژییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ‌و لەو هەڵچوون‌و پەرچەكردارە دەربچن كە بۆتە رواڵەتە سەرەكییەكانی تێفكرین، ئاخر ئەوان، كە نەیانتوانیووە ئێستا بخوێننەوە، چۆن دوێنێ ئەو سەركێشییە گەورەیان بە ئەزموونی باشوورو مێژووی بیست ساڵەی رابردووەوە كرد، ئەوە پرسیارێكە كە لەگوتاری ئێستایاندا وەڵامێكمان لێ دەستناكەوێت.
لەراستیدا هیچ هێزێك بە ئەندازەی پارتی لەگەڵ ریفراندۆم راستگۆ نەبوو، چونكە ئەوە هێزەكانی دیكەن پاساو بۆ ریفراندۆم دێننەوەو وا لەخەیاڵی خۆیان لێكیدەدەنەوە كە لەپێناو سەربەخۆییە، كەچی پارتی بە ئاشكرا لەپێش پرۆسەكەوەو لەدوای پرۆسەكەش دوپاتیدەكاتەوە، كە ریفراندۆم بۆ زانینی ئیرادەی خەڵكە نەك راگەیاندنی دەوڵەت، ئەمەش لەپەیامەكەی پێرێ شەوی مەسعود بارزانی بە تەواوی خۆی بەرجەستەكرد، ئێستاش كە ئیدی تێگەیشتین ریفراندۆم لە پێناو ریفراندۆم بووەو دەشێت بەهۆی ئەو سەركێشیەوەش بەشێك لەشتەكانمان لەدەست بدەین، كاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو بكرێت، لەوەشدا ئۆباڵی راستكردنەوەی ئەو هەڵە لە ئەستۆی یەكێتییە، بەو پێیەی لەرووی سیاسییەوە دەشێت یەكێتی لەهەمووان زیاتر بە ئامانج بگیرێت. لەبەرئەوەش پێویستە:
ـ هێزو لایەنە سیاسییەكان چیدیكە ئەو پرسە رادەستی تاكە كەسێك نەكەن‌و رێگەنەدەن پەرچەكرداری زیاتر ببێتە رواڵەتی سەرەكی سیاسەتی هەرێم لەگەڵ دەرەوەی خۆی.
ـ یەكێتی پێویستە لەرێگەی سەرۆك كۆمارەوە، دۆخەكە هێور بكاتەوەو ئەو گوتارە نا پەسەندەی بەشێك لە شەقامی شیعە دەرهەق بە كوردستان پەیڕەوی دەكەن لەكاریگەرییەكانی خاڵی بكرێتەوە.
ـ دەبێت یەكێتی لەرێگەی دواكارتی بێدەنگكردنی نوخبەی سیاسیی عێراقی، پەیوەندی‌و سەردانی گەورە مەرجەع سیستانی بكات‌و لەرێگەی نفوزی ئەو گەورە مەرجەعەوە رێ لەوە بگیرێت سەركێشییەكان بە زیانی ئەزموونی كوردستان تەواو نەبێت.
ـ پێویستە یەكێتی بەرۆڵی خۆی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەستێ‌و شوێنەوارەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو ناوچانە بسڕێتەوە، چونكە بەهۆی ریفراندۆمەوە گرژییەكی زۆر دەركەوتووەو هێوركردنەوەی ئەركی یەكێتی نشتیمانیە.
سەرباری ئەو رێكارانەش، دەبێت یەك گوتاری هەرێم‌و یەكخستنی لایەنە سیاسییەكان دەبێت لەرواڵەتە موزەیفەكەی ئێستای دەرچێ‌و بەكردەوە هەمووان خۆیان بۆ دۆخی ناجۆرو چاوەڕێ نەكراو ئامادە بكەن، چونكە دواجار ئەگەر سەركێشیەكەش هی پارتی بێت، بەڵام باجەكە هەمووان دەگرێتەوە.

‌ 397 جار بینراوه‌
28/09/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved