وتار
كوردستانی پاش ریفراندۆم

فەرید ئەسەسەرد

پێشبینی نەدەكرا توركیا ئەو هەڵوێستە توندەی بەرامبەر بە ریفراندۆمەكەی كوردستان هەبێ‌، بەڕادەیەك كە ئەو تیۆرییە لەناو دەستەبژێری حوكمڕانی هەرێم باو بوو كە توركیا بەرژەوەندییەكی ئابووریی زۆری لە هەرێمدا هەیەو بەهیچ شێوەیەك بەهۆی ریفراندۆمەوە بە فیڕۆی نادا، بەتایبەتی بەرژەوەندییەكانی لەبواری وزەدا. هەڵوێستی توندی توركیا ئەم تیۆرییەی هەڵتەكاندو دەری خست كە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئابووری تاكە هاندەر نییە، بەڵكو فاكتەری دیكەش هەیە كە كاریگەرییان لە كاریگەریی فاكتەری ئابووری كەمتر نییە. نكۆڵی لە رۆڵی ئابووری وەك دروستكەری بڕیار ناكرێ‌، بەڵام مەرج نییە ئابووری لەهەموو دۆخەكاندا لەپێشی پێشەوە بێ‌. لە هەلومەرجی تایبەتدا ئاسایشی ستراتیجی نەك ئابووری لە پێشی پێشەوەیەو فاكتەری سەرەكیشە لەدروستكردنی بڕیاردا. هەڵوێستی توندی توركیا، كە لە هەندێ‌ رووەوە لە هەڵوێستی ئێران توندترو كاریگەرترە، رەنگدانەوەی پێداویستییەكانی ئاسایشی ستراتیجییە. جیاوازیی نێوان پێداویستییە ئابوورییەكان ‌و پێداویستییەكانی ئاسایشی ستراتیجی لەوە دایە كە ئابووری قەرەبوو دەكرێتەوە، لەكاتێكدا زۆر ئەستەمە ئاسایشی ستراتیجی قەرەبوو بكرێتەوە.
لەڕاستیدا توركیا رۆڵێكی گەورەی لە تەنگهەڵچنین بە ریفراندۆمەكەی كوردستان هەیە. ئەگەر تەنها ئێران پشتگیریی بەغدای بكردایە، دەرفەتێكی زۆر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكە دەبوو، بەڵام كاتێك توركیاش دەچێتە پاڵ بەغدا، دەرفەتی تێپەڕاندنی قەیرانەكە زۆر تەنگەبەر دەبێ‌.
بەدڵنیاییەوە توركیا ئومێدەوارە بتوانێ‌ بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم بپارێزێ‌، بەڵام بەقەد ئەوەی كە توركیا دەیەوێ‌ بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ‌و لەناو هەرێمی كوردستان بپارێزێ‌، بەقەد ئەوەش نایەوێ‌ دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەهەرێمی كوردستان ببینێ‌، چونكە ئاسایشی ستراتیجیی توركیا لەگەڵ كوردستانێكی سەربەخۆ وێك نایەتەوە.
توركیا جیا لەهەر چوار دەوڵەتەكەی كە كوردیان تێدا دەژی، لەهەموویان زیاتر تێكەڵ بە مەسەلەی كورد بووە، هەم لە باكووردا هەم لە باشوورداو هەم لە رۆژئاوا. ترسی لە ئەگەری پەیدابونی كوردستانێكی ئۆتۆنۆم یان فیدرال یان سەربەخۆ لە رۆژئاوا، ئەوەندەی تر تۆقاندویەتی ‌و هانی داوە زۆرتر مشوری ئاسایشی ستراتیجیی خۆی بخواو ئەو بۆچونەی لەلا بەبرەوتر بێ‌ كە كورد لە سێ‌ لاوە هەڕەشەی لەسەر دروست كردووە.
هەڵەی سەركردایەتیی كورد لەوە دایە كە وا تێدەگا دروستكردنی بەرژەوەندیی ئابووری (بەتایبەتی لە بواری وزەدا) بۆ وڵاتان، بەسە بۆ هاندانی ئەو وڵاتانە بۆ گۆڕینی میتۆدی بیركردنەوەی ستراتیجییان. هەر ئەم سەركردایەتییەشە كە خەریكە هەڵەیەكی تر دەكا، ئەویش دروست كردنی بەرژەوەندیی ستراتیجییە لەبواری گازی سروشتیدا بۆ روسیا. بە ئاشكرا باس كردنی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێڕەوێك بۆ گازی سروشتیی كوردستان كە بەناو خاكی توركیادا تێنەپەڕێ‌، خۆی لەخۆیدا پەیامێكە بۆ توركیا. ئەگەری هەڵبژاردنی سوریا وەك رێڕەو لە ئایندەدا، بەم مانایە دێت كە هەرێم سەنگەری خۆی دەگۆڕێ‌ ‌و لە ئەكتەرێكی دۆستی رۆژئاواوە دەبێتە ئەكتەرێكی دۆستی روسیا، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا چەردەیەك كێشەی دیكە بۆ هەرێم دروست دەكا. بە زۆر بردنی هەرێم بۆ ناو ململانێ‌ نێودەوڵەتییەكان داناییەكی زۆری تێدا نیە چونكە هەرێم تێوەدەگلێنێ‌ ‌و ئەگەری زۆرتر ئەوەیە كە زیانیشی پێ‌ بگەیەنێ‌.
لەناوەندە سیاسیەكانی ناوچەكەو نێودەوڵەتاندا خەریكە ئەو بیرۆكەیە سەر دەردێنێ‌ كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەستەبژێرێكی حوكمڕانی وایە كە میانڕەوتر بێ‌ ‌و باشتر بتوانێ‌ خۆی لەگەڵ پێداویستییەكانی سەقامگیریدا بگونجێنێ‌ ‌و تەباتر لەگەڵ تێڕوانینی ئاشتییانەو خواستی دراوسێكانیدا هەڵسوكەوت بكات. ئەمەش بەم مانایە دێت كە هەرێم پێویستی بە گۆڕانێكی بنیاتنەرە، هەروەك پێویستی بە پەیوەندییەكی سەقامگیرترو تەباترە لەگەڵ بەغداو دراوسێكاندا.

‌ 119 جار بینراوه‌
09/10/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved