وتار
كڵاوی دۆست و راوێژكارەكانی بارزانی

لەتیف فاتیح فەرەج

 
وتارێكی" بێرناردهێنری  لێڤی" م خوێندەوە كە كرابوو بە كوردی، لە روكەشدا وتارەكە رەخنە گرتنە لەو بێدەنگیەی دنیای ئەوروپاو ئەمەریكا بەرانبەر بە كاردانەوەكانی عێراق و ئێران و توركیادژی ریفراندۆمی باشوری كوردستان، لێ لە ناوەڕۆكدا هەوڵدانێكە بۆ ئەوەی سەرزەمینی كوردستانی باشوربكرێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا، یان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا، لێڤی كە لە ماوەكانی رابردودا فیلمی لە سەر پێشمەرگە دەردەكردو لە كۆشكی ئەلیزێ بە تەنیشت بەرپرسانی پێشمەرگەوە وێنەی دەگرت، خۆی وەك خەمخۆری پرسی كورد نیشاندەدات، چ ئەم كە ئێستا وتارەكەی بۆنی شەڕێكی نەگریسی لێدێت، چ راوێژكارە بیانیەكانی دیكەی بارزانی كە هەندێكیان ناوی زۆر دیارن،لە شكستی باشوری كوردستاندا نەیانتوانی بەر بە هاتنی هەمەرێك بگرن، ئەوان ئیدی رەنگە هەر ئەوەندەی لێڤی بكەن یان نا، بانگەشە بۆ ئەوەی  ئێرانیەكان و حەشدی شەعبی بە یەكەوە شەڕی كورد دەكەن، وەك دنە دانی ئیسرائیل و ئەمەریكا وایە، دەنا هەر ئەو ئێرانەو هەر قاسم سلێمانی و ئەفسەرە باڵاكانی دیكەی ئێران بوو، كە دەیانگوت ئێمە نەباین داعش هەولێریان دەگرت، كێشە ئەوە نیە، كێشە ئەوەیە كورد لە ئێستادا لە باشوری كوردستان سەیری كام دەم و راوێژ بكات هی لێڤی كە لە دوای 26ی مانگی 9ەوە كەس نازانێ لە كوێیە، یان قاسمی سلێمانی كە رەنگە ئێستا زۆر لە هەولێرەوە نزیك بێت، لێڤی لە وتارەكەیدا لە سەر گریمانەوە گوایە زانیاری باسی بوونی ئەفسەری ئێرانی لە كەركوك و باسی پەیوەندی چەند كەسێكی یەكێتیش دەكات بە پیلانەكەوە، ئەو پێشتر بە روونی باسی پیلانە گەورەكە دەكات، بەڵام ئەوەی كارەكتەرەكانی یەكێتی، وە ك خۆ خافڵاندن وایە بە پرسی لاوەكیەوە، راوێژكارەكەی بارزانی و ئەوانی دیكەش بە راوێژكارە كوردەكانیشەوە بارزانیان لە خشتە برد، كە نەیانهێشت گوێ لە دەنگەكانی دیكەش بگرێت بە خوێندنەوەی نامەكەی تیلەرسنیشەوە، جگە لە پەیامی بەردەوامی دەرەوە و ئەو هاوپەیمانانەی لە شەڕی داعشدا كوردستانیان پاراست، لیڤی باش دەزانێ ئەوە ئەو نەبوو كوردستانی دەپاراست، ئەوە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بوون،پێشمەرگەش ئازایانە بە هاوكاری ئەوان قوربانی دەداو شەڕی دەكرد، ئەوەی لیڤی دەیەوێت وەك خائین نیشانیان دات،پێشتر سیان لە ژەنەڕاڵە ئازاكانیان لە كەركوك شەهید بووە" شێركۆ شوانی و حوسێن مەنسورو سەلاح دیلمانی " لە قوربانی تر مەپرسە، ئەم وتارە وڵام نیە بەو برادەرە، هێندەی هەڵوەستەیە لە سەر ئەوەی چی رویداو بۆ ؟ 
لە ماوەیەكی زۆر كەمدا نزیكەی 35هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشەمان لە دەست داو حەشدی شەعبی لە بەر لوتمان قوت بونەوە، حەشدی شەعبی میلیشیایەكی دانپیانراوی پارلەمانی عێراقیەو لە شەڕەكانی داعشدا نزیكەی 100 هەزار چەكداری كوژراوەو هەر یەك لە پارێزگاكانی ئەنبار، تكریت، موسڵ،لە سەر دەستی ئەوان ئازاد كراوەتەوە، بەڵام رێكخراوێكی مەزهەبی توندڕەوەو جگە لە شیعە گەرایی بڕوای بە پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو پێكەوە هەڵكردن نیە، ئەم میلیشیایە، ئەگەر چی لە رابردودا لە خورماتوو پارێزگای دیلە زۆر جار بوونەتە هۆی سەر هێشە بۆ كوردو وردە شەڕ لە نێواندا روویداوە، بەڵام وا نیشاندەدەن كە ئەوان نایانەوێ شەڕی كورد بكەن، لە دوای 16-10ەوە ئیدی ئەو نمایشە بووبەبڵقی سەر ئاو، بەڵام كێن ئەوانەی ئەمەیان دروست كردو ئەم دۆخەیان ئاوە ژووكردەوە، ئایە هەر ئەوەیە كە ئێران چەند كارەكتەرێكی یەكێتی ناچار كردبێت، یان قیرسیچمەیی و ملنەدانی بەردەوام بە ئاگادار كردنەوەكانی دەرو دراوسێ و دنیا، رۆژی 2-7 بە ئاگاداری هاوڕێی نوسەرم سمكۆ محەمەد لە كافێیەكی هەولێر لە گەڵ یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دانیشتم و هەموو ئەم مەترسیانەم بۆ باس كرد، لێ ئەو گوتی بارزانی ئەو ریفراندۆمە هەر دەكات، من بڕواناكەم زۆر كەم كورد هەن لە دنیادا نەیانەوێت دەوڵەتی كوردی ببینن، بە هاوڕێیەكی فەڕەنسیم وت ئەگەر بۆ هیچ دەوڵەتم نەوێت، بۆ ئەوە دەمەوێت تیپی تۆپێنی كوردستان ببینم لە بەرانبەر كەڵەشێرەكانی فەڕەنسا یاری بكات، خەونی دەوڵەت بە یاخی بوون و نەبینینی ئایندە نایەتە دی، ئێمە لە بەر دەم گازینۆی مەچكۆ دەماننووسی " بای بای سایكس بیكۆ " ئێستا هاتوینەتەوە ئەو شوێنەی بارزانی دەیگوت تۆپ لێوەی دەگاتە هەولێر .  
راوێژكارو دۆستەكانی بارزانی لە كاتێكی زۆر هەستیاردا بارزانیان بە تەنیا بە جێهێشت و ئێستا هەر یەك بە جۆرێك خۆیان لە بابەتەكە دەدزنەوە، ئێمە وەك ئەرمەنەكان، وەك جولەكە، جگە لە نەوت رێگەی تر هەبوو بۆ ئەوەی لێوەی بچینە دیرۆكەوە، پرسی جینۆسایدو ئەنفال و هەڵەبجە، ئەو دەرگایە بوو، بەڵام راوێژكارو دۆستەكانی بارزانی لە بەر رەنگی دۆلارو بۆنی نەوت پرسی جینۆسایدی كوردیان لە بیر بارزانی بردەوە، تا ئەوەی ئێستا هیومان رایست وهۆچ  و رێكخراو گەلی دیكە باسی كوشت و بڕی خورماتوو بكەن، وەك ئەوەی جۆرێك لە جینۆسایدی تر بە رێوە بێت .
هەوڵدان بۆ ئەوەی سەرزەمینی كوردستان ببێتە مەیدانی شەڕی ئێران و خەڵكانی تر، جگە لە ماڵ وێرانی هیچی تر بۆ كوردستان ناهێنێت، شەڕی قاسمی سولەیمانی و ناتانیاهۆ لە هەركوێ دەبێت با ببێت، لێ لە كوردستان نا، تەنانەت راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستانیش كەوتوەتە هەڵەیەكی قورسەوە كە دەیەوێت بڵێ لە گەڵ حشدی شەعبی و حكومەتی عێراقیدا سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی شەڕی پێشمەرگە دەكەن، تۆ بۆ ئەمە دەبێت بەڵگەو دەكۆمێنتت هەبێت، بەڵگەو دەكۆمێنت نەك قسەی رووت .
جەهلێكی گەورەیە دۆخەكە بەرەو ئاقارێك بەرین كە ئەوەی ماویشە لە دەستی بدەین، هەرچەند من بڕوام وایە دۆستەكانمان، ئەوانەی نرخی شەڕوان و پێشمەرگە دەزانن، ناهێڵن بگەڕێینەوە خاڵی سفر، كورد دەڵێت زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە قازانجە، درێژە دان بەم شەڕە رەنگە ببێتە هۆیەك بۆ ئەوەی نەك هەر لە باشوری كوردستان، لە رۆژئاوای كوردستانیش زیانی زۆرمان بەر بكەوێت، ئێستا ئێمە لە بەر دەم زیانی گەورەداین، چۆن دەتوانین ئەمە رابگرین .

‌ 1324 جار بینراوه‌
26/10/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved