وتار
توركیا لە دۆخێكی دژواردایە

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان



پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و توركیا :
 توركیا لەسەر سێ مەسەلەی سەرەكی و چەند مەسەلەیەكی لاوەكی دڕدۆنگە بەرانبەر ئەمەریكا، ئەمەریكاش بەهەمان شێوە كۆمەڵیك بەڵگەی مەترسیداری لەسەر ئاكپارتی و خودی ئەردۆغان لەبەردەستدایە، كە :-
یەكەم : كێشەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكادا.
دوهەم : مەسەلەی كۆدەتاكەی ١٥ /٧ /٢٠١٦
سێهەم : مەسەلەی هاوكاری كوردانی رۆژئاوا
چوارەم : مەسەلەی گولەن 
پێنجەم : رەزا (سەراف) زەڕاب
شەشەم : كوردستانی باشور

هەڵكشانی كێشەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەسەڵات گرتنەدەستی ئاكپارتی و پاشان ڕێگریكردنەكەی پەڕلەمانی توركیا بۆ بەكارهێنانی خاكی توركیا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام، ئەگەرچی پێشتر كۆی پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكادا لە ڕێگەی دامەزراوەی سەربازیەوە بو، كە راستەوخۆ لەگەڵ (پنتاگۆن) دا دانوستاندنیان دەكرد، بەڵام بەهاتنە سەردەسەڵاتی ئیسلامیەكان ڕایەڵەی ئەو پەیوەندیانە هەڵوەشانەوە و، كە ئەكتەرەكانی جەنراڵەكانی سوپابون پاش بەهێزبونی دەسەڵاتی ئیسلامیەكان كەوتنە بەر ڕاوەدونانی ئەردۆگان و لە ڕیزەكانی سوپادا وەدەرنران و بەوجۆرەش كۆتایی بە پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و ناتۆ هات لەگەڵ جەنراڵەكانی سوپادا... لە ئێستادا توركیا لە ژیرسایەی ئەمەریكا وناتۆدا نەماوە و دەستلەملانێ دەولەتانی تر بوە ، بەتایبەتی روسیا وئیران، كە بە پێی لێكدانەوەی شارەزایان ئەمە هەڵەیەكی خۆكوژیە، چونكە توركیا ئابوریەكەی بەندە بەیەكێتی ئەوروپا وئەمەریكاوە. سیاسەتی ئەردۆغان سیاسەتێكی چەوت وناتەندروستە بەرانبەر بەئەمەریكا ویەكێتی ئەوروپا، لەكاتێكدا باری ئابوری توركیا لەگیانەڵادایە و ٤٠ ملیۆن تورك لەدۆخی هەژاریدا ژیانی كولەمەرگی بەسەردەبەن. .. شارەكان خەریكە زبڵ دایدەپۆشی، بۆیە پێدەچێت ئەم وڵاتە نەزانێك بیبابەڕێوە، چونكە توركیا تا دێت لەئەوروپا دوردەكەوێتەوە وتەرە دەبێ و بەتایبەتی كێشەكانی لەگەڵ ئەڵمانیادا تا دێت قوڵتر وئالۆزتر دەبێ، لەگەڵ ئەمەریكاشدا گەیشتۆتە مریشكە ڕەشە و قەدەغەكردنی پێنەدانی ڤیزا بەهاوڵاتیانی یەكتری، كە ڕەنگە تەنها لەڕوی ئابوریەوە ڕێگری لەهاوڵاتیان توركیا بەرەو ئەمەریكا زیانەكانی خۆی بدات لە ٥٠ ملیارد دۆلار ساڵانە، جگە لەوەی، كە لەڕوی سیاسیشەوە بەواتای شكاندنی ئیعتیبار وشكۆمەندی* توركیا دێت لە ڕیزی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. لەراستیشدا روسیا وئێران هەرگیز ناتوانن جیگەی ئەمەریكا ویەكێتی ئەوروپا بۆ توركیا پڕبكەنەوە، بۆیە ئەم كێشانە ناسەقامگیریەكی ئابوری وسیاسی وگەورە بۆ توركیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كەباجەكەی زۆر بەقورسی لەسەر ڕژێمەكەی ئەردۆغان دەكەوێت.

رەزا زەڕاب : 
مەسەلەی سكانداڵی گەندەڵی رەزا زەراب وخەڵك بانق بەیەكێك لەگەورەترین سكانداڵی دزی وگەندەڵی وقاچاغچێتی* دەریتەقەلەم لەمێژوی كۆن ونوێی حكومەتەكانی توركیادا، كە خیزانی ئەردۆگان وبەشێك لەوەزیرەكانی ومناڵەكانی تێوەی گلاون. سەرەتای دەركەوتنی سكاندالەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٢، كە ٧١ كەس بەتاوانی تێوەگلان لەدزی وبەرتیل وەرگرتن لە ١٧ و ٢٥ ی ساڵی ٢٠١٣ دا هاتنە گرتن و هەر لە لێپرسینەوەی یەكەمدا ٣٨ كەسیان ئازادكران وئەوانیتریش بەهۆی ئەوەی لەوەزیرە نزیكەكانی بنەماڵەی ئەردۆغان بون وەكو وەزیری ناوخۆ معمر گولەر ووەزیری ئابوری زافەر چاڵیان و وەزیری ژینگە ئەردۆغان بەیرەقدار و وەزیری كاروباری یەكێتی ئەوروپا ئەگەمەن باغش دۆسیەكانیان ڕەوانەی پەڕلەمانی توركیا كران، چونكە بیلالی كوڕی ئەردۆغانیش تیوەگلابو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی توركیادا سەلامی ئاڵتینۆك... لەكۆتاییدا بەهۆی هەوڵەكانی ئەردۆغانەوە تەنها كاڕاكتەرە سەرەكیەكانی سكانداڵەكە مانەوە، كە بریتین لە رەزا زەراب وجێگری بەڕێوەبەری گشتی بانقی خەڵك، كەلە ئێستادا لە دادگاكانی فیدراڵی ئەمەریكا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، چونكە ئەم سكانداڵە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەئەمبارگۆی ئەمەریكا و نەتەوەیەكگرتوەكانەوە هەیە لەسەر ئێران و زەڕابی بیزنسمانیش بەرەگەز ئێرانیە...ئەم كێشەیە زۆر مەترسیدارە بۆ توركیا وبنەماڵەی ئەردۆغان، ئەگەر لەوكاتەدا حكومەتی ئاكپارتی تاكە دەسەلات نەبوایا، زۆر ئەستەم بو، كە خۆی لەبەرانبەر ئەم سكانداڵە گەورەیەدا بەپێوە ڕابگرێ، بەڵام ئەردۆغان لە پێناوی خۆی وحیزبەكەیدا هەڵسا بەگۆڕینی كۆی دادوەری داگاكان و داواكارەگشتیەكانی كۆمارەكەو كاریگەری سكاندالەكەی بۆ ماوەیەكی كورتیش بیت هێوركردۆتەوە، بەڵام دانپیانەكانی ئەم دواییەی زەڕاب لەدادگاكانی ئەمەریكا حكومەتی ئەردۆغانی هێناوەتە لەرزین، چونكە تەنها تا ئێستا ئەردۆغان و بیلالی كوڕی بۆ چەندەمین جار لە كۆی دانیشتنەكاندا ناویان هاتوە و پێدەچێت تێوەگلابێتن. 

كۆدەتاكەی ١٥ ی تەموز :
 یەكێك لە سیماو تایبەتمەندیەكانی ڕژێمە رۆژهەڵاتیە توتالیتێرەكان ئەوەیە، كە هەمیشە بۆ مانەوەیان لەدەسەلاتدا، پێویستیان بە چەند دوژمنێكی وەهمیە، ، ، ئەردۆغان وڕژێمی ئاكپارتیش جگە لەكورد كە دوژمنێكی هەمیشەییە وهەڕەشەیە لەسەرئاسایشی نەتەوەیی تورك بەلۆژیكی نەگۆڕی زیهنیەتی نەژادپەرستی توركی، ئەردۆغان پێویستی چەند دوژمنێكی تریش هەیە، لەوانە گولەنیەكان چەورترین دوژمنی وەهمین بۆ دارودەستەكەی ئەردۆغان، ئەگەرچی سەرەتا ئەردۆغان وهەڤاڵەكانی بزوتنەوەی گولەنیەكانیان وەكو پەیژە بەكارهێنا بۆ گەیشتنە دەسەڵات وسودیان لەپێگە وپارەكەیان وەرگرت، بەڵام لەساڵی ٢٠١٣ كۆدەتایان بەسەر گولەنیەكاندا كرد وبەشێكی زۆری سەروەت سامانەكانی ئەو بزوتنەوەیەیان وەكو تاڵانی دەست بەسەراگرت ولەهەوڵیشدا بون لەدەرەوەی توركیاش ئەو گورزیان تێسرەوێنن، بەڵام بەهۆی تێكچونی پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ زۆربەی وڵاتاندا نەیتوانی كاریگەری گولەنیەكان كەمبكاتەوە، كە توركیا بەپلەی یەكەم فتح اللە گولەن تاوانبار دەكات، كەلەپشتی كۆدەتاكەوە بوبێت، كە پاشان ئاراستەكەی گۆراو بوبە كۆدەتای ئەردۆغانیەكان بەسەرنەیارەكانیدا لەگولەنی و هەدەپە وچەپەكان. یەكێك لەو خاڵانەی كە توركیای دڕدۆنگ كردوە، ئەویە كە ئەردۆغان لە پێش هاتنەسەركاری ترەمپەوە داوای رادەستكردنەوەی فتح اللە گولەن دەكاتەوە، كە لە ئێستادا دانیشتوی ولایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریكایە، من پێموایە ئەو داوایەی توركیا لەئەمەریكا هێنانەدی لەسەر ئەمەریكا ودێمۆكراتی وشكۆمەندی دەستورەكەی دەكەوێ. ئەگەرچی توركیاش وەكو پەرچەكردارێك بەرانبەر بەهەڵوێستی ئەمەریكا هەندێك خەڵكی زایندانی كردوە بەتاوانی جاسوسیكردن بۆ ئەمەریكا لە كونسولخانەی ئەمەریكا. 

هاوكاری كوردانی رۆژئاوا لەلایەن ئەمەریكاوە :
ئەمەریكا سەرەتا هاوكاری هێزەكانی سوریای ئازادی كرد، كەدەسەندەخۆری ئەردۆغان بون، بەڵام پاشان ئەمەریكا لەوهاوكاریانە پەژیوانی هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی ئەو هێزە هیچ جیاوازیەكی نەبو لەگەڵ گروپە ئیسلامیە رادیكالەكانی بەرەی نوسرە وئەحرار الشام وداعشدا، بۆیە ئەمەریكا لەسەروبەری هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانی وگرەسپی، كەلەسەرەتای ساڵی ٢٠١١ كوردەكان بەهاوكاری پێكهاتەكانی باكوری سوریا ئازادیان كردبو، بۆیدەركەوت كە كوردەكان وهێزە چەكدارەكەیان تاكە هێزن، كەبەراستی شەر دژی داعش دەكەن... لێرەوە كێچ كەوتە كەوڵی ئەردۆغانەوە وكەوتە ماخۆلان وپەنابردن بۆ ناتۆ ویەكێتی ئەوروپا و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان، كە ڕێگەی پێبدەن چەند ناوچەیەكی لەخاكی سوریا بەناوی ناوچەی (بێلایەن) بۆ خۆی دابڕێ وبۆئەو مەبەستەش سازشێكی زۆری كرد بۆ روسیا وئێران و یەكێتی ئەوروپا. ئامانجی سەرەكی توركیا لەدروستكردنی ئەو ناوچەیە تەنها بۆ ڕێگری بو لەیەكگرتنەوەی كانتۆنەكان... ماوەی چەند ساڵێك وڕكی لەئەمەریكا گرت، كە یا توركیا یا كوردەكان هەڵبژێرە وەكو هاوپەیمان، بەڵام لە كۆتاییدا ئەمەریكا كورد وپێكهاتەكانی باكوری سوریای هەڵبژارد، نەك توركیا و كۆی ئۆپەراسیۆنەكانیشی لەگەڵ یەپەگە وهەدەسە دا ئەنجام دا، بۆیە لێرەدا جارێكیتر توركیا زۆر بەپەلە بایدایەوە بەلای روسیاداو لەبەرانبەر كشانەوەی هێزەدەسەندەخۆرەكانی لە حەڵەب بەناچاری پەلاماری شارۆچكەی سنوری جەرابلوسیدا، كەئەوكاتە لەژێركۆنترۆڵی داعشدا بو، داعشیش بەبێ هیچ جۆرەبەرگریەك شارەكەی بۆ بەجێهێشتن... ئەمەریكا بەئاشكرا درێژەیدا بە هاوكاری یەپەگە وهەدەسە و مەبەستیشی بو، كە توركیا بەشداری پێنەكات لە ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنەوەی پایتەختی خەلافەتی داعشدا... لە ئێستاشدا ڕژێمی ئەردۆغان هەر چۆن لە حەڵەب هێزەدەسەندەخۆرەكانی كشاندەوە لەبەرانبەر جەرابلوس وعزاز و البابدا لەداهاتویەكی نزیكیشدا ئامادە دەبێ، كە ئیدلیب وشوێنەكانی تریش لەناوچەی سەهبا رادەستی ڕژێمی ئەسەد بكات لەبەرانبەر ڕێگری لە بالادەستی و پێشڕەوی هێزەكانی رۆژئاوا بەرەو كانتۆنی عفرین.... سەردانەكەی ئێستای بیناڵی یوڵدرمیش ئەگەرچی بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە دانپیانەكانی رەزا سەرافەوە هەیە، كە حكومەتی ئەردۆغان زۆر دەترسێ كە مەسەلەكە بگاتە ئەوئاستەی، كە ئەندامانی نێو خێزانەكەی ئەردۆغانیش بگرێتەوە.. ئەگەرچی هاوكات مەسەلەی هاوكاری رۆژئاواش لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیەوە لە نەخشەو خشتەی كارەكانیدایە، وەلی ئەوەی من بیزانم ئەوەیە، كە ئەمەریكا وەكو پێویست پێشوازی لەم شاندەی حكومەتی توركی ناكات وتا ئێستا پاش هەوڵێكی زۆر تەنها جێگری سەرۆكی ئەمەریكایان بینیوە.

فەتحوڵا گولەن :
گولەن بە خاوەن و رێبەری بزوتنەوەی خزمەتگوزاری لەتوركیادا ناسراوە وئەم بزوتنەوەیە بدیع الزمان زانای كورد( سعیدی نورسی) بەڕێبازی خۆیان دەزانن ولەتوركیا ودەرەوەی توركیادا خاوەنی سەدان خویندنگە وزانكۆی ناودارن، هاوكات خاوەنی دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری گەورەن لەولاتانی رۆژئاوا وئاسیای ناوەڕاست وئەمەریكا... گولەنیەكان حیزب نین، بەڵام هەمیشە وەكو لایەنێكی ئایینی دەوڵەمەند و كاریگەر دەردەكەون وموریدو هەواداریان لەتوركیا ودەرەوەیدا زۆرن، بۆیە حیزبە ئیسلامیەكانی توركیا لە نجم الدین ئەربەكانەوە تا ئەردۆغان سودیان لەتواناو كارامەیی گولەنیەكان وەرگرتوە، بەتایبەتی ئەردۆگان وحیزبەكەی سودیان لەتوانامادیەكانی گولەنیەكان وەرگرتوە و وەكو پەیژە بەكاریان بردون بۆ گەیشتنە دەسەڵات.سەرانی ئاكپارتی بەتایبەتی خودی ئەردۆغان هەمیشە فتح اللە گولەنی بەمامۆستای گەورە ناودەبرد، بەڵام كە هەستیان بەبەهێزی خۆیان كرد دوای دامركاندنەوەی دەسەلاتی جەنراڵەكانی سوپا كەوتنە وێزەی گولەنیەكان وئامانجی سەرەكیشیان لەو هەڵگەڕانەوەیە دژ بەگولەنیەكان بریتی بو لەدەستبەسەراگرتنی دامەزراوە وسەرمایەكەیان...بۆ ئەو مەبەستەش دەیان دۆسیەی جۆراوجۆریان بۆ گولەنیەكان هەڵبەست و جارێ بەناوی تاوانی دامەزراندنی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا وجارێكی تربەچاوساغی داگیركەران وهاوكاری پارتی كرێكارانی كوردستان ودەیان قسەوقسەڵۆكی تر. ..ئێستاش پاكتاوكردنی پاشماوەی دامەزراوەی سوپا لەدوای كۆدەتاكەی ساڵی پار لە ژێرناوی پەیوەندی بەگولەنیەكانەوە دوردەخرێنەوە وزیندانی دەكرێن. .. ئێستاش لەهەوڵی ئەوەدان، كە ئەمەریكا گولەنیان ڕادەست بكاتەوە، ئەگەینا لە ڕێگەی كەنالەتایبەتیەكانی خۆیانەوە دەیڕفێنن. لە ڕاستیشدا گولەن دوژمنی راستەقینەی توركیا نین، بەڵام ئەردۆگان بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بەدوژمنێكی هەمیشەیی هەیە وگولەنیەكانیش چەورترین دوژمنی نمونەیین بۆ دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان و ئەنجامدانی مانۆڕی جۆراوجۆر لەهەر كاتێكدا، كە بەرژەوەندیان بیخوازێت.
كوردستانی باشور :
حكومەتی ئاكپارتی تاساڵانی ٢٠٠٨ مامەلەو ناوهێنانی حكومەت وهەرێمی باشور هێڵی سور بو، هەمیشە هەڕەشەی لەشكركێشی لەپێشەوەی بەرنامەكانی حكومەتی توركیدا بو، بەڵام لەگەڵ زاڵبونی ئاكپارتی بەسەردامەزراوەی سەربازیدا پەیوەندیەكان گۆڕانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی وپاش جەند ساڵێك توانیان كوردستانی باشور بكەنە لەبارترین بازاڕی ساغكردنەوەی شت ومەك وكەلوپەلی توركی، كەلە ئێستادا ١٣٥٢ كۆمپانیای جیاجیای توركی لەم هەرێمەدا بونیان هەیە وساڵانە چەندین ملیارد دۆلار لەهەناردەكردن و نەوتی هەرزان دەچننەوە ولەلایەكی تریشەوە ئەم پەیوەندییانە نەیانتوانیوە هەڕەشە ولەشكركێشیەكانی توركیا لەسەر باشور كەمبكەنەوە ولەسەروبەری ڕیفراندومیشدا بەهەمان شێوە توركیا ڕۆڵێكی خەراپی گێڕا، چ لەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لەبەغدا و لەگەڵ ئێرانیشدا بەهەمان شێوە كەوتنە وێزەی گەلی كورد وگاڵدانی كەمەنەتەوەكانی توركمان وئەوانی تر دژ بەخەڵكی كوردستان لەكاتێكدا حكومەتی توركی خۆی سودمەندی یەكەم بو لەم هەرێمە وگرێبەستەكانیشی بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەند ئەنجامداوە... لە ئێستاشدا كە توركیا بەپلەی یەكەم پشت بەسەرچاوەكانی وزەی كوردستان دەبەستا ئێستا نرخی نەوت و بەنزین بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرزبۆتەوە، كە دیسانەوە توركیا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت، چونكە حكومەتی ناوەند لە عێراق دەتوانێ نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەسرە و هێڵەكۆنەكانی بانیاس و تەنانەت ئێرانیشەوە هەناردە بكات، ئەمە جگە لەوەی، كەهەناردەكردنی نەوت بەرەو توركیا كاتێك مسۆگەر دەبێت، كە كێشەی حكومەتی هەریم وبەغدا ئارامی وسەقامگیری بۆ فەراهەم بكرێت.

*شكۆمەندی توركیا شكاوە :
سەرانی ئاكپارتی، كە ساڵێك دوای دامەزراندنی پارتەكەیان لەیەكەم هەڵبژاردنێكی پێشوەختدا دەسەڵاتیان گرتە دەست تا ساڵی ٢٠٠٩ توانیان توركیا لەهەمو ڕویەكەوە بگۆڕن وباری دەرامەت وداهاتی نەتەوەیی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبكەنەوە وتەنانەت توانیان توركیا بەدور بگرن لەو كێشەئابوریەی ئەو رۆژگارە، كەئەمەریكا ووڵاتانی رۆژئاوای هەراسان كردبو، جگەلەوەی توركیا لەسەردەستی ئاكپارتی ڕیفۆرگەلێكی زۆری كرد لەسەرئاستەكانی ناوخۆ ودەرەوەدا بەئەندازەیەك لە كۆی ١٩٢ دەوڵەتی جیهان ١٥١ دەوڵەت دەنگیاندا بەتوركیا، كە دەوڵەتێكە دەتوانێ ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا و ڕیز لەمافی مرۆڤ دەگرێت ودێمۆكراتیەتیش لەو وڵاتەدا هەنگاوی باشی ناوە ودەسەلاتەكانیش تا رادەیەكی چاك سەربەخۆ كاردەكەن، بەڵام پاش جەند ساڵێك لەو مێژوە واتا لە سەرەتای بەهاری عەرەبیەوە توركیا بەرەو دواوە چوە و بۆتە دایكەدزانە و پەناگە و حەشارگەی تیرۆرستانی گروپە رادیكالە ئیسلامیەكانی ئاسیای ناوەراست وداعش، بۆیە لە هەڵنانی ئەمساڵدا توركیا لەكۆی ٢٠٠ دەوڵەت تەنها ٦٠ دەنگی هێناوە، ئەویش بەهۆی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆی چەوتی ئەردۆغانەوە، كە تەنها زمانی كوشتن وگرتن وداپڵۆسینی پەیڕەوكردوە، بێ گوێدانە سیاسەتی نەرم و ڕێگەی دیبلۆماسی نەرم وتەنها (هارد پاوەر) ی لەسیاسەتی دەرەوە وناوەوەدا بەكاربردوە. 

سكانداڵی ١٧/١٢ / ٢٠١٣:
قاچاغچێتی نەوت و ئاڵتون و شتنەوەی دروای ڕەش (دۆلار) ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەرگرتنی هەرچی پرۆژەی ستراتیژی هەیە لە توركیادا بۆ بیلالی كوڕی ئەردۆغان وكوڕی بیناڵی یڵدرم ووەزیرەكانی تر دەرچوە، كە سەرەداوی ئەم گەندەڵیانە گەیشتۆتە دادگاكانی ئەمەریكا و دورگەی (ماڵتا) ی بەهەشتی دراوە نەختینەكان.





‌ 1497 جار بینراوه‌
18/11/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved