وتار
ئەمانەتەكەی مام جەلال لە مەترسیدایە

بورهان حاجى سليمان*




هەندێك جار نوشتانەوەیەكی كاتی لەبەردەم رەشەبای گۆڕانكارییەكاندا لە شكانێكی یەكجارەكی دەتپارێزێت، ئەگەر لەم روانگەیەوە دوور لە سۆز و هاژوهوژ بڕوانینە رووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان، ئەوە 16ی ئۆكتۆبەر بە هەموو دەرهاویشتەو ئاكامەكانیەوە، ئەو رۆژە بوو كە كەركوكی لە شكانێكی هەمیشەیی پاراست و كوردەكانی شارەكەی لە ئاوارەیی و ماڵوێرانی دوورخستەوە، تا ئێرە دیوە سەربازییەكەی رێكەوتنەكە مەبەستی خۆی پێكا، بەڵام كێشەی گەورە لە تەمومژاوی دیوە سیاسی و ئیدارییەكەی ئەو رێكەوتنەیە، كە بەهۆیەوە رۆژ بە رۆژ كورد لە كەركوك پێگەی لاوازو كاریگەری بچوك دەبێتەوە.
دەبوایە یەكێتی لە دوای ئەو گۆڕانكاریانەوە هەموو قورسایی حیزبی و سیاسی خۆی بدایە كەركوك و بەشێوەیەكی توندترو پێداگرانەتر مامەڵەی لەگەڵ پێشێلكردنی مافەكانی خۆیدا بكرادایە لە دواین قەڵای خۆی، چونكە لە بەرانبەر شارەكە بەرپرسی یەكەمە ، لە هەمان كاتدا لە بەردەوامی ئەو دۆخەی ئێستاشدا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت. 
كەركوك ئێستا بە دۆخێكی زۆر نەشازدا تێدەپەڕێت، پۆستی پارێزگار مافی هەڵبژاردنی كوردە، بەڵام ئەم پۆستە هاوشێوەی ژمارەیەكی زۆر لە پۆستی ئیداری، تا ئێستا عەرەبێك بەوەكالەت بەڕێوەی دەبات و هەموو هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە لە بووژانەوەی پرۆسەی تەعریب و گەڕانەوەی مستەوتەنە شێرپەنجییەكانی بەعس، هەرچەندە ئەم دۆخە جگە لە خۆدزینەوەكانی حكومەتی ناوەند، دەستی خودی كوردیشی تیادایەو پەیوەندی بە ململانێی ناتەندروستی حیزبیەوە هەیە، بەڵام دەبێت یەكێتی ئەڵتەرناتیفی هەبێت و بەزووترین كات ئەو پۆستە یەكلایی بكاتەوەو سنوورێك بۆ زیادڕەوییەكانی پارێزگارە سەپێنراوەكە دابنێت.
وێڕای ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەو بەڵێنەكان، هێشتا مەلەفی ئەمنی شارەكە نەدراوەتەوە دەستی پۆلیسی ناوخۆ، ئەمەش سیما مەدەنیەكەی شارەكەی شاردووەتەوەو رێگریشە لەبەردەم گەڕانەوەی ئەوانەی تا ئێستا لە ژێر كاریگەری جەنگی دەروونی فشارو پڕۆپاگەندەدا ئاوارەییان هەڵبژاردووە.  
بڕیاری گەڕانەوەی ئاسایش بۆ شارەكە لەگەڵ ئەوەی ئەو دەزگایە شارەزایی تەواوی هەیە لە مەلەفی ئەمنی كەركوك بەتەواوی پشتگوێخراوەو باسی لێوە ناكرێت، بەپێچەوانەوە بارەگا چۆڵەكانیان رووبەڕووی هەڵكوتانەسەر دەبنەوە، ئەمەش خروقاتی ئەمنی و دیاردەی دزی و چوونەسەر ماڵانی زیادكردووەو گروپی چەكداری نەناسراو لەگەڕەكەكان راوەڕووت دەكەن.
لە زۆبەی فەرمانگە حكومی و دەزگا پەروەردییەكاندا بڕیاری دژ بە كورد دەردەكرێت و كەس نییە بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی بكات، سوكایەتی بە پیرۆزییەكانیشی دەكرێت، وەكو كەركوكییەكان دەڵێن “پای مامرێكی بۆ ناكرێتەوە لە كەركوك”.. واتا پێی مریشكێكی پێ ناكرێتەوە!
لەگەڵ ئەوەی دەستووری عێراق دان بە فرە حیزبی و ئازادی رادەڕبڕیندا ناوە، بەڵام تا ئێستا كاری حیزبی بۆ كورد لە كەركوك تەنانەت بۆ یەكێتیش، چەندین كوسپی لەبەردەمە، قەبارەی باجی ئەمەش لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا دەردەكەوێت. 
ئێستا سەركردایەتی یەكێتی هەموو بارەكەی داوە بە كۆڵی دوو سێ پەرلەمانتاردا، كە بەهۆی كێشەكانی ناو كەركوكەوە خەریكە ئەركە پەرلەمانییەكەی خۆیان بیردەچێـەوە، بۆیە تا لەوە زیاتر دۆخەكە خراپتر نەبووە، دەبێت یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا دانوستان بكات بۆ گەڕانەوەی مافەكان، یان لە پرۆسەكە بكشێتەوە، چونكە كەركوك ئەمانەتی مام جلالەو لە مەترسیدایە.


‌ 99 جار بینراوه‌
02/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved