وتار
هەتا دەمرم هەر پێشمەرگەم!

كوردۆ رەفعەت عەبدوڵڵا


"پێشمەرگایەتیم لە هەموو پلەو پۆستێك پێ گرنگتربووە و هەتا مردنیش هەر پێشمەرگەم"... ئەمە یەكێكە لە وتەكانی بارزانی كە زۆر جار لە كۆڕو كۆبونەوەكان بەم دوایانەش لە بانگەشاكانی ریفراندۆم زۆر بەكاری دەهێنا.
ئەگەر لێكدانەوەیەك بۆ ئەم وتەیەی بارزانی بكەین دەرهەق بە پێشمەرگە ئەوا دەبینین لەپشت ئەم وتانەوە چەند ئامانجێكی شاراوە هەیە كە ئەویش بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیەتی لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا، هەر ئەمەشە وادەكات وەكو سیاسەتێكی وروژاندن و یاریكردن بەهەست و سۆزی خەڵكی و تەنانەت پێشمەرگەش بەكاری بێنێت، بەڵام ئەوەی لە راستیدا بەدیار دەكەوێت لەروی پراكتیكەوە نەك هەر پێشمەرگە نییە، بەڵكو نەیتوانیووە وەك پێشمەرگەش بژێت و ژیان گوزەرانی پێشمەرگەش باشتر بكات ئەمە لەكاتێكدایە كە تاكە پارێزەری ئەم نیشتیمانە پێشمەرگەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی یەكسانی كۆمەڵایەتی نەتوانراوە ئەم چینە بەش مەینەتەی كۆمەلگا لە ئاستێكی مام ناوەندیش ژیانێكی شایستەتریان بۆ دابین بكرێت بەڵام بەراورد بە هەموو پێشمەرگەكانی تر كەسێك هەیە كە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت كەچی ژیان و گوزەرانی لە هەموو پێشمەرگەكانی تر خۆشترە و تەنانەت رۆژێكیش بۆ گەڕانەوە بۆ ئەركەكەی ( ئەگەر بریار وابێت پێشمەرگە بێت) موبایلەكەی دەستی نەفرۆشت یان قەرزی لە دراوسێكەی وەرنەگرت.
ئەم پێشمەرگەیە خاوەن ملیارەها دۆلارە و ئەو پێشمەرگەیەش خانوەكەی بەسەریدا ئەڕوخێت، ئەو پێشمەرگەیە كوڕو باوك چلەیەكیان بەینە كەچی ئەم پێشمەرگەیەش بۆنی خوێنشیان نەكردوە! پێشمەرگەیەك كوڕو كوڕەزاكانی لە واشنتۆنەوە بڕوانامە دێننەوە پێشمەرگەیەكیش مندالەكانی هەر لەقۆناخی یەكەمەوە فێری دەسگێری و كرێكاری ئەبێت و هەر لەبەر هەژاریش ناتوانێت بەردەوام بێت لە خوێندن.
بەدەر لەمانەش ئەگەر بێین لەروی سەربازیشەوە سەیری پێگەی پێشمەرگە بكەین ئەوا نەتوانراوە ئەم هێزە لە حیزب و تاقمەكانی ناو حیزب و بنەماڵە داببڕێنرێت بە هەمان شێوەی كەسایەتیەكەی بارزانی كە نەیتوانیوە خۆی لەو كەسایەتیە بنەماڵەییە رزگار بكات و وەك پێشمەرگەیەك و هەموو پێشمەرگەی حیزبەكانی تریش بە هی خۆی بزانێت، لەم رووە نەیتوانیوە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە لە حیزب و تاقمەكانی ناو حیزب داماڵێت، سەرۆك لە ئاستی خەونە نیشتیمانیەكانیش هەڵگری دروشمی قەبەو مەزن بووە، بەڵام لەروی پراكتیكەوە نەیتوانیوە لە ئاست خوێنە رژاوەكانی پێشمەرگە ببێتە بەرگریكارێك لەو خاكەی كە پێشمەرگە خوێنی بۆ رشتووەو سەرباری هە موو سەختیەكانی ژیانی پێشمەرگایەتیش لە ئاست پاراستنی خاكی كوردستان سارد نەبۆتەوە، بەراورد بەمە لەرابردوو بینیومان كە چۆن لەسەر دەستی سەرۆك ئەم خاكانەیان پێ چۆلكراو هەر لە شنگالەوە بگرە تادەگاتە مخمورو شوێنەكانی تریش بێگومان ئەگەر سیفەتی نیشتیمانپەروەری نەبنە سیفەتی ناو گەوهەری مرۆڤ ئەوا لە دروشم و هاش و هوش زیاتر توانای تێپەراندنی هیچی تری نیە لەروی تاكتیكەوەش وەك ئەزانرێت لە هەر هێزێكدا تاكتیك بەشادەماری بەهێزبونی ئەو هێزە دادەنرێت، كەچی لەگەل  ئەوەی بارزانی پێشمەرگەیەكی دێرینەوە لە تەمێنێكی مندالیەوە پێشمەرگەیە، بەڵام  تائێستا لەرووی تاكتیكی شەڕەوە نەیتوانیوە هیچ داهێنانێك بۆ هێزەكەی لەو بوارەدا بكات و لەرووی مەیدانیشەوە لەگەلیان بێت، ئەگەر جاران بە بیانووی سەرۆكی هەرێم نەتوانیبێت لەگەل پیشمەرگە بمێنێتەوە شەوان لەسەنگەردابێت خۆ ئیستا ئەتوانێت ئەو  پیشەی كە بەلایەوە لەهەموو شت موقەدەسترە لە خۆیدا بەرجەستەی بكات و دەربازی پراكتیكی ژیانی خۆی بكات.

‌ 132 جار بینراوه‌
02/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved