وتار
قسـەیـەكی تر لەسـەر 16ی ئـۆكتـۆبەر

لەتیف فاتیح فەرەج

بەرلەوەی لە سەر 16ی ئۆكتۆبەر بوەستین، دەكرێ‌ ئاوڕێك لە پێش ئەو رۆژە بدەینەوە، روداوەكانی دوو مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەم، زۆر پەیوەستن بە یەكەوە ناكرێ‌ تەواوی سەرنجەكانمان لەسەر 16ی 10 دابنەین و نەگەڕێینەوە بۆ پێشتر، مانگی 9 بۆ باشوری كوردستان سەرلەبەری مانگی قەیران و ململانێی سەخت بوو، لەناوخۆدا لایەنی بەڵێی ریفرەندۆم، بەردەوام لەهەوڵی ناشرینكردن و تەخوین كردنی ئەوانەدا بوون، كەسەرنج و تێبینیان لەسەر خودی راپرسیەكەو كاتەكەی هەبوو، كار بگاتە تەخوین ئیدی هیچ بوارێك بۆ گفتوگۆ نامێنێتەوە، لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، توركیاو ئێران زۆر سەرسەختانە لەسەر خەت بوون بۆ شكستی هەنگاوەكانی كورد، هەڕەشەی جدی ئەوان بەڕادەیەك بوو كەمرۆڤ گومانی دەكرد ئەوان پێش سوپای عێراق پەلامار دەدەن، لەهەموو ئەو ماوانەدا توركیا هیچ نەما بەبارزانی و هەرێمی كوردستانی نەڵێت، پەیتا پەیتاش توركیاو ئێران نامەی هەڕەشە ئامێزیان دەنارد، لەسەر ئاستی دەرەوەو جیهان كەس نەبوو پشتگیری لە هەنگاوەكانی بارزانی و دەستەو دایەرەكەی بكات،ئەمەریكاو بەریتانیا و وڵاتانی دیكە هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی كورد ریسك نەكات، لەدوا هەوڵدا تیلەرسن نامەیەكی پڕ لە بەڵێنی بۆ بارزانی ناردو نامەكەش بەرپەرچدرایەوە، 25ی 9 ریفرەندۆم كرا، پرۆسەكە بە زۆری زۆردارەكی لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیش بەڕێوەچوو، بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی، هەڵبەت خەڵكیش هەبووە لە ناو پارتیدا ئەو كارەیان زۆر پێ‌ ئەستەم و پڕ مەترسی بوو، لەدوای 25ی 9 ەوە هەڕەشەكان زۆر زیادیان كرد، ئێرانیەكان بە پارتی و یەكێتیان وت تەمبێتان دەكەین، هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كرا، توركیا لەتەك سوپای عێراقدا ئۆپراسیۆنێكی شەق و شڕیان كرد، توركەكان لەسەر ئاستی سەرۆكی دەوڵەت كەوتنە سوكایەتی كردن بەكورد، هەموو پێداگریەكەش بۆ پاشگەزبوونەوە بوو لەڕیفرەندۆم، ئەو بابەتەی ئێمە پێشتر زۆرمان لەسەر نووسی و مەترسیەكانمان باسكردو كەس گوێی نەگرت، لەپێش ریفرەندۆمدا جارێك لەهەولێر بەهمەن حوسێنم بینی و بە وردی باسی مەترسیەكانم كردو ئەو وتی بڕوامەكە وابێت، هەمان ئەو بابەتەم لەگەڵ دكتۆر نەجمەدین كەریمیش باس كرد وتی شتی وانیە، بارزانی وتی بەهیچ شێوەیەك پاشگەزبوونەوە نییە، توركەكان وتیان دەوڵەتداری بەسەرۆكی عەشیرەت ناكرێت، رۆژانی 1تا 15ی ئۆكتۆبەر هەڕەشەی جدی لەسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بوو، سەركردایەتی سیاسی كورد وەك هەمیشە بڕوای بەهێرش و پەلاماری حكومەتی عێراقی بە پاڵپشتی ئێران و توركیا نەدەكرد، لە رابردوشدا سەركردایەتی سیاسی كورد پێی وابوو هەرگیز لە 31ی ئابی 1996 سوپای عێراق ناتوانێ‌ هەولێر داگیر بكات، پەیامەكەی رۆژی 15ی ئۆكتۆبەری دوكانی یەكێتی و پارتی، كەدەبوو دكتۆر فواد مەعسوم بیباتەوە بۆ عەبادی، جگە لەوەی پەیامێكی ڕوون نەبوو، بەڵام ئامادەی هەمووشتێكی تیابوو، بەر لەوەی پەیامەكە بگاتە عەبادی نیوەی شەو بە دواوەی 16ی مانگ پەلاماری سوپاو حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركوك و خورماتوو شوێنەكانی تر دەستی پێكرد، هێزەكانی پارتی لە كەركوك هیچ شەڕێكیان نەكرد، لە كاتێكا كەناڵەكانی پارتی بەردەوام قسەی ئەو فەرماندانەیان دەگوازتەوە كە دەیانگوت، دەبێت بەسەر لاشەی ئێمەدا تێپەڕن و ناتوانن یەك بست بێنە پێشەوە، هێزەكەی یەكێتی لە سەعات دووی شەو بە دواوە تا بەرەبەیان شەڕیان كرد،تەنانەت تا سەعات 6ی بەیانیش كەم و زۆر شەڕ مابوو، بەڵام ئیدی حەشد كەوتبووە پشتی هێزەكەوە لە هەندێ‌ شوێنەوە، ئێران پێشتر بە یەكێتیان وتبوو هەركەس ڕووبەڕووی حەشدو سوپا بێتەوە زەرەر دەكات، ئەمە بە پارتیش وترابوو، بۆیە پارتی شەڕی خۆی بردە پردێ‌ و دەستبەرداری كەركوك بوو، من 16ی مانگ لە كەركوك بووم جگە لەو چەند سەعاتە كەمەی شەڕی شەو هیچ شەڕێك لە ناو شار نەكرا، تەنانەت ئاسایش و چەكدارەكانی فەیلەق بێتەقە كشانەوە و شارەكەبۆ حەشدو سوپا چۆڵكرا .
شەڕنەكردن و هەڵاتنی بەو جۆرە وەك ئەوە وابوو بیانەوێت زۆرترین خەڵك ڕەو بكات و دواتر سودی پێچەوانە لەم پرسە ببینرێت، بەڵام ڕوداوەكانی خورماتوو وایان كرد حەشدو سوپا لە كەركوك پێشێلكاری نەكەن و بەشێكیش لە ئاسایش و پۆلیسی یەكێتی لە شارەكە مانەوە، تەنانەت بەرپرسی گشتی پۆلیس كە كوردەو پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیە بۆیەك چركە شارەكەی چۆڵنەكرد، هەندێك لە پارلەمانتارەكانی یەكێتیش “ حەمەسور دووشیوانی و رێبوار تەها “ لە كەركوك مانەوە،ئەوە جگە لەو چەند كەسەی كە تا ئێستا چەند مەكتەب سیاسیەكی یەكێتی و پارتیش بە گشتی بە هۆكاری كەوتنی كەركوكیان دەزانن، بە تایبەت ئاراسی شێخ جەنگی و بافڵی جەلال تاڵەبانی، پارتی زۆر مەبەستێتی كۆی روداوەكان لە 16ی ئۆكتۆبەرو لەسەر ئەوناوانە چڕكاتەوەو وەك خیانەتی نیشتمانی وێنای بكات، بۆئەمە لەناو یەكێتیدا كۆسرەت ڕەسوڵ و نەجمەدین كەریم و لەسەرەتاشەوە مەلا بەختیار هاوڕایان بوون، بەڵام دواتر مەلا بەختیار بەرەبەرە هاتە دەرەوەو وتارێكیشی وەك جۆرێك لە پەشیوانی نووسی، مەسعود بارزانی كەچەند جارێك باسی خیانەتی ئەو گروپەی كردووە، پێشتر لە كۆبونەوەی دوكان كاتێ‌ پرسیاری ئەوەی لێكراوە چەند دەتوانرێت شەڕی عێراق بكرێت، وتویەتی لای زۆری سێ‌ مانگ، بۆ خۆیشی یەك دوو جار باسی ئەوەی كرد كە دەمێكە ئەوە دەزانن كە حكومەتی عێراق بە نیازی هێرش كردنە سەر ناوچە دابڕێنراوەكانە، واتە مەبەستی ئەوەیە بڵێت ریفراندۆم بكرایە یان نا ئەوە ڕوویدەدا، لە كاتێكا پێشتر ئەوان لەگەڵ حكومەتی عێراقی رێكەوتبوون دوای شەڕی موسڵ لەهەندێ‌ ناوچە بكشێنەوە، ئەوانەی مەبەستیانە بڵێن ریفرەندۆم بكرایە یان نا سوپاو حەشد شەڕی كەركوك و ئەو ناوچانەیان دەكرد،ئەوە گەرەكیانە بڵێن ریفرەندۆم هۆكاری گەورە بوونەوەی قەیرانەكان نیە،هەرچەند مەسعود بارزانی جارێك گوتی پێشبینی ئەو كاردانەوە زۆرەمان نەكرد.
16ی ئۆكتۆبەر بە تەنێ‌ لە 16ی ئۆكتۆبەردا لە دایك نەبوو،لە راستیدا ئەگەر خەڵكێك هەبێت لە پشت فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە بتوانێ‌ فەرمان بە كشانەوەی پێشمەرگە بكات، كەواتە ئێستا دەبێت لە بنچینەی كەم و كوڕیەكە بكۆڵینەوە نەك ئەوەی كێ‌ خیانەتی كردوە، ئەها ئێمە دەمانگوت میلیشیامان هەیە و سوپای یەكگرتومان نیە، ئێستا كەم و كوڕیەكە ڕوونتر دەركەوت، بۆ نەبوونی سوپای یەكگرتوو دەبێت لێپرسینەوە لە مەسعود بارزانی بكرێت مەسەلەی خەنجەری ژاراوی و ئەو شتانە كەم كەس ئامادەیە هەڵوەستەی لە سەر بكات، پارتی و یەكێتیش زۆر باش دەیانزانی ئەو ناوچانە دوای ئەنجامدانی ریفرەندۆم لە چنگی كورد دەردەكرێت، لەڕاستیدا لەگەرمەی پەلاماری داعشدا لەكەركوكیش لەسەر دەستی پارتی و یەكێتی چەندین سەربازگەی سوپای عێراقی تاڵانكرا، ئەمە بەبەر چاوی عێراق و ئەمەریكاوە كرا، هەربۆیە دەبووپێشبینی هەموو كاردانەوەیەك كرابا پاش روخانی داعش و پاش ریفرەندۆم .
بەرلەوەی لەوە بكۆڵینەوە كە 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو یان نا پێویستە لە كێماسیە زۆرو زەوەندەكانی دیكە بكۆڵینەوە، ئەگەر هەڵەو كەم و كوڕی و ناجۆری لە پێش ئەو مێژووە، بە 25ی 9 شەوە نەبا هەرگیز 16ی ئۆكتۆبەر رووینادا، ئەمە بە هیچ شێوەیەك داكۆكی نیە لەو كەسانەی كە 18ی ئۆكتۆبەر كۆسرەت عەلی بە”كاڵفام” ناوی بردن .

‌ 934 جار بینراوه‌
09/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved